سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » محه‌مه‌د نوری تۆفیق،درەختێکی بەرھەمدار

محه‌مه‌د نوری تۆفیق،درەختێکی بەرھەمدار

خەلیل عەبدوڵڵا

مامۆستا محه‌مه‌د نوری تۆفیق كه‌سایه‌تیەکی سیاسی‌و په‌روه‌رده‌یی‌و ئه‌ده‌بی‌و رۆژنامه‌نووسی‌و روناكبیریی کوردستانە‌.
‎ساڵی ١٩٣٤ له‌ئامێزی خێزانێکی نیشته‌جێی یەكێك له‌خانووه‌ قوڕینه‌كانی دامێنی بانی مه‌قانی چەمچەماڵ له‌دایك بووە، لەوێ سه‌رده‌می منداڵی‌و گه‌نجی‌و خوێندكاری گوزه‌راند‌و تابووه‌ مامۆستا‌و وانه‌كانی خوێندنی به‌مناڵانی شاره‌كه‌ی وتۆتەوه‌.هه‌ر لەوێ ‌ چۆتە‌ نێو كۆڕی خه‌باتی كوردایه‌تی له‌لایه‌ك‌و دنیای ئه‌ده‌ب‌و رۆژنامه‌نووسی له‌لایه‌كی تره‌وه‌، تا بووه‌ ئه‌و ئه‌ستێره‌ گه‌ش‌و دره‌وشاوه‌یه‌ی هه‌موو كوردستانی رۆشن كرده‌وه‌.
‎كه‌ لاپه‌ڕه‌ دره‌وشاوه‌كانی ژیانی مامۆستا حه‌مه‌ نووری هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه‌ ده‌بینی له‌چه‌ند رشته‌‌و بواری جیا جیادا ماندونه‌ناسانه‌‌و دڵسۆزانه‌ كاری كردووه‌، ئه‌و هه‌ر زوو و له‌تافی لاویدا بووه‌ رێبواری دڵسۆزو به‌ئه‌مه‌كی رێبازی كوردایه‌تیی هاوچه‌رخ‌و زیاتر له‌نیو سه‌ده‌ له‌كۆڕی تێكۆشانی شانه‌ نهێنیه‌كانی شارو سه‌نگه‌ری ئاشكرای پێشمه‌رگایه‌تیدا بوو، زیندانیكردن‌و نه‌فیكردن‌و دورخستنه‌وه‌ كۆڵی پێنه‌دا‌و به‌ره‌ی گه‌ل‌و نیشتمانی به‌رنه‌دا، شكست‌و پاشه‌كشه‌ی شۆڕشه‌كان، له‌كاروانی كوردایه‌تیی راسته‌قینه‌ی دانه‌بڕی‌و به‌رده‌وام بوو، له‌رۆژه‌ ره‌ش‌و سه‌خت‌و دژواره‌كاندا چرای ئومێد‌و هیوای داده‌گیرساند‌و گیانی مقاوه‌مه‌ت‌و وره‌ به‌رزی ئه‌به‌خشی‌و ته‌نانه‌ت له‌دوای رۆژه‌ ره‌شه‌كانی ئه‌نفال ماڵه‌كه‌ی مه‌ڵبه‌ندی تێكۆشه‌ران‌و شوێنی ئیختیفای پێشمه‌رگه‌ بوو.
‎مامۆستا حه‌مه‌ نووری سه‌رباری خه‌باتی سیاسی‌و پێشمه‌رگانه‌، له‌ مه‌یدانێكی دیكه‌شدا خه‌باتی ئه‌كرد ئه‌ویش خه‌باتی په‌روه‌رده‌و فێركردن بوو، مامۆستایه‌كی كوردپه‌روه‌ر‌و به‌هه‌ڵویست بوو، خوێندكارانی به‌گیانی به‌رگری‌و خۆشه‌ویستی نیشتمان گۆش ده‌كرد، تارژێمی به‌عس ناچاری خانه‌نشینكردنی كرد له‌خزمه‌ت به‌رده‌وام بوو.
‎بوارێكی دیكه‌ی كارو خزمه‌ت‌و به‌خششی مامۆستا حه‌مه‌ نووری بواری ئه‌ده‌ب‌و رۆژنامه‌گه‌ری‌و روناكبیری بوو، كه‌ زیاتر له‌نیو سه‌ده‌ له‌و كایه‌ كه‌لتوورییه‌دا خزمه‌تی كرد‌و خاوه‌نی خه‌رمانێك له‌وشه‌ی نوسراوو چاپكراوه‌‌و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی كردووه‌‌و شوێن په‌نجه‌ی به‌كاروانی ئه‌ده‌بی‌و رۆشنبیری‌و رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ دیاره‌.
‎بێله‌وانه‌ش مامۆستا حه‌مه‌ نوری له‌چه‌ندین رۆژنامه‌و گۆڤاردا كاری كردووه‌، یاخود ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردن‌و سه‌رنووسه‌ری له‌خۆگرتووه‌.
‎مامۆستا حه‌مه‌ نووری یه‌كێك له‌و نووسه‌ره‌ ئازا‌و به‌هه‌ڵویستانه‌ بووه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا، له‌شاره‌وه‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌كانی بۆ بڵاوكراوه‌كانی شۆڕشی نوێ‌ له‌ شاخ ناردووه‌‌وبه‌ناوی خوازراوه‌وه‌ بڵاو بونه‌ته‌وە ،بەداخەوە شەوی ٨ لەسەر ٩ی حوزەیرانی ٢٠١١ کۆچی دوایی کرد.ه‌.
‎.سڵاوی رێز‌و وه‌فا بۆ گیانی پاكی مامۆستا حه‌مه‌ نووری تێكۆشه‌ر‌و په‌روه‌رده‌كارو ئه‌دیب‌و رۆژنامه‌نوس‌و وه‌رگێڕ، ئه‌و پیاوه‌ی له‌چه‌مچه‌ماڵه‌وه‌ به‌هه‌وڵ‌و ماندوو بوون‌وشه‌ونخوونی‌و تێكۆشانی نه‌پساوه‌ هاته‌ مه‌یدان‌و خۆی پێگه‌یاند‌و تا بوو به‌و كه‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌ی له‌سه‌رانسه‌ری كوردستاندا شانازی پێوه‌ ده‌كرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆزه‌كانی خه‌یاڵ

حه‌سه‌ن نازدار گۆزه‌گه‌ره‌كه‌ ‌به‌ ته‌واوی ئاره‌زوه‌وه‌ ‌به‌ قاچه‌كانی بزوێنه‌ری ئامێری ...