سەرەکی » وتار » سه‌رۆكی ناو تویته‌ر

سه‌رۆكی ناو تویته‌ر

سدیق سه‌عید رواندزی

به‌ درێژایی مێژووی دروستبوونی ئه‌مریكا وه‌ك وڵاتێك و هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیش له‌و وڵاته‌، هه‌رگیز جیهان و ئه‌مریكا سه‌رۆكێكی وه‌ك تره‌مپیان به‌خۆوه‌ نه‌بینیووه‌. ئه‌م سه‌رۆكه‌، كه‌ به‌ هه‌ڵوێست و گوتاره‌ ساده‌و ساكار و هه‌ندێك جار روو شكێنه‌كانی ده‌ناسرێته‌وه‌، ئێستا به‌ شێوه‌یه‌ك سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتەکەی وه‌ك زلهێزترین وڵاتی دونیا ئاراسته‌ ده‌كات، كه‌ نه‌ك هه‌ر پێشهاته‌كانی ناخوێنرێنه‌وه‌، بگره‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌شن.
تره‌مپ جارێك لێدوان له‌ دژی ره‌شپێسته‌كان ده‌دات و به‌ دواكه‌وتوو و گه‌مژه‌ ناویان ده‌بات، رۆژێك له‌ تویته‌ر ده‌نووسێت ئێران ده‌سڕینه‌وه‌، رۆژی دواتر په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ونه‌ شه‌ڕەوە.
رۆژێكی تر لێدوانێك ده‌دات كه‌ ده‌بێ مه‌كسیك خه‌رجیی تێچوونی دیواری نێوانیان بدات، رۆژێکی دیکە رۆژنامه‌نووسان له‌ كۆشكی سپی ده‌رده‌كات.یان بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات داعشی له‌نێو بردووه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی داعشی تێكشكاند پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و پاڵپشتییه‌كانی ئۆباما بوو له‌ رێگه‌ی هێرشی ئاسمانی هاوپه‌یمانانه‌وه‌.
ئه‌مانه‌ و چه‌ندین لێدوانی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی تر، كه‌ رۆژانه‌ تره‌مپ له‌ تویته‌ر ده‌یاننووسێت، تا ئه‌و ئاسته‌ی خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆكی نێو تویته‌ر.
گومانی تێدا نییه‌ كه‌ تره‌مپ له‌ رێی هه‌ڵبژاردنێكی ئازادەوە و به‌ ده‌نگی ده‌یان ملیۆن ده‌نگده‌ری ئه‌مریكا بووه‌ته‌ سه‌رۆك، به‌ڵام بەگوێرەی زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و نەیارەکانیشی تره‌مپ هه‌رگیز كه‌سێك نییه‌ هاوشێوه‌ی ئۆباماو كه‌نه‌دی و بوش، له‌ سه‌رۆكایه‌تیكردنی ئه‌مریكادا سه‌ركه‌وتووبێت و كاریزمای ئه‌وانی هه‌بێت.
ئەو سەرۆکە به‌هۆی دوو هۆكاری سه‌ره‌كییه‌وه‌ چانسی ئه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌مدا ره‌خسا كه‌ براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت کە سێ ساڵ له‌ مه‌وبه‌ر بەڕێوەچوو. له‌لایه‌كه‌وه‌ كاندیده‌كه‌ی تری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا ژنێك بوو، له‌ مێژووی ئه‌و وڵاته‌شدا نه‌بووه‌ ژنێك ببێته‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا و له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ هاوكاندیده‌كه‌ی تره‌مپ له‌به‌ر ژنبوونی نه‌یتوانی سه‌ركه‌وێت و ده‌ره‌نجام تره‌مپ براوه‌ بوو، له‌لایه‌كی دیكه‌شەوه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، یه‌كێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین سه‌رمایه‌داره‌كانی دنیا، ئه‌وه‌ی ئێستاش سیاسه‌ت ئاراسته‌ ده‌كات لە جیهاندا ئابوورییه‌، بۆیه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیكه‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا.
هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ڵبژاردن بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی دیموكراسییه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ پایه‌كانی دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراسییانه‌ی پشتبەستوو بە چەمکی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون‌، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ هه‌موو كاتێك ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێن كه‌سانی لێهاتووبن و له‌ئاست ئه‌و ئه‌ركه‌دابن.
گه‌لی ئه‌مریكا، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ گه‌لانی وڵاتانی خۆرئاوادا، پاشخانێكی سیاسیی و هزریی گه‌وره‌یان نییه‌ كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ندێك پێوه‌ری دیاریكراو سه‌رۆك هه‌ڵبژێرن. له‌ولاتێكی ئه‌وروپاییدا، سه‌رۆك وه‌زیران یه‌ك لێدوان و یه‌ك هه‌ڵوێستی ناسیاسییانه‌ بنوێنێت كه‌ شكۆی ده‌وڵه‌ت بشكێنێت، هاووڵاتییان ناچاری ده‌كه‌ن ده‌ست له‌ كاربكێشێته‌وه‌. ته‌نانه‌ت له‌و رۆژانه‌ی رابردوودا ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ كافێیه‌كدا له‌گه‌ڵ دوو كچ دانیشتبوو، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی نه‌مسا ناچاركرا ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌. كه‌چی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، به‌شێك له‌ ئه‌مریكاییه‌كان ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌ڵوێست و لێدوانه‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌شدان كه‌ تره‌مپ له‌ دژی وڵاتانی دنیاو كۆچبه‌ران ده‌یدات.
سه‌رۆك ده‌بێت كاریزمایه‌كی هه‌بێت كه‌ دنیا به‌ هه‌ڵوێست و لێدوان و گوتاره‌كانییه‌وه‌ سه‌رسام و شۆك بكات، نه‌ك رۆژانه‌ له‌ رێگه‌ی تویته‌ره‌وه‌ په‌یامی گاڵته‌ ئامێز و پێكه‌نیناوی بدات.
له‌ دوای كۆتایی هاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهان ، ئینگلیزه‌كان ده‌نگیان به‌ چه‌رچڵ نه‌دا بۆئه‌وه‌ی ببێته‌وه‌ بە سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا، له‌كاتێكدا فریادڕه‌سی ئینگلیزه‌كان بوو له‌و جه‌نگه‌دا. پرسیاریان له ‌هاووڵاتیییه‌كی ئینلگیز كردبوو كه‌ بۆچی چه‌رچه‌ڵتان هه‌ڵنه‌بژاردەوە له‌كاتێكدا ئه‌و ئێوه‌ی له‌ده‌ستی نازییه‌كان رزگاركردبوو؟ هاووڵاتییه‌كه‌ له‌ وه‌ڵامدا وتبووی:»له‌ كاتی شه‌ڕدا پێویستیمان به‌ چه‌رچه‌ڵ بوو، ئێستا كه‌ شه‌ڕ نه‌ماوه‌و قۆناغی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هاتۆته‌ پێشەوە، ئێمه‌ پێویستیمان به‌ كه‌سێكی دیكه‌یه‌ وڵاتمان بۆ بینادبنێته‌وه‌). ئه‌مه‌ نموونه‌یه‌كه‌ له‌ ئاگایی هزریی و رۆشنبیریی سیاسییانه‌ی تاكه‌كان، كه‌ ده‌زانن له‌ چ كاتێكدا و كێ به‌ سه‌رۆك هه‌ڵبژێرن!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئه‌حمه‌د شاتوانی

ئازاد سه‌راوی قه‌رسیلی تا ئه‌ژنۆ سه‌وزو باڵا كردوی، تۆ زیندویت ...