سەرەکی » وتار » یه‌كێتی،كۆنگره‌و چه‌قین

ناوه‌ڕاستی هه‌فته‌

یه‌كێتی،كۆنگره‌و چه‌قین

به‌شی دووه‌م

دواكه‌وتنی كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كاریگه‌ریی له‌به‌رده‌م نوێبوونه‌وه‌ی توانای مرۆیی، رێكخراوه‌یی، ستراتیژیی سیاسیی، راگه‌یاندن و دیپلۆماسی و فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی داناوه‌، هاوته‌ریبیش ته‌مه‌نی كاری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بۆ 6 ساڵ درێژكردۆته‌وه‌، كه‌ زۆرجار ناڕه‌زایی به‌شی خواره‌وه‌ی ئۆرگان و كادرانی بڵندو بیستراو كردووه‌، به‌ڵام گوێ لێنه‌گیراوه‌.
هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی-یش كۆمه‌ڵێك رووداوی خێرای له‌ جۆری شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش، پرسی ریفراندۆم، 16ی ئۆكتۆبه‌ری لێكه‌وته‌ی ریفراندۆم و له‌ده‌ستدانی 51% خاكی هه‌رێم، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق و دواتریش په‌رله‌مانی هه‌رێم، شكستی ئابووریی سه‌ربه‌خۆ و قه‌یرانی سه‌ختی دارایی و ئابووریی هه‌رێم، لێكترازانی ماڵی سیاسیی هه‌رێم و داخستنی په‌رله‌مان و زۆری دیكه‌ش، له‌و رووداوانه‌بوون كه‌ به‌سه‌ر دۆخی سیاسیی و حوكمڕانیی هه‌رێم و عیراقیشدا هاتن، تێیدا یه‌كێتی له‌ زۆربه‌ی كه‌یسه‌كاندا یه‌كبڕیار و یه‌كگوتاریی سیاسیی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كردن، هه‌رچونێك بێت مامه‌ڵه‌ كردنه‌كانی، یه‌كێتییانه‌ نه‌بووه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش باجی به‌م هێزه‌ سیاسییه‌ داوه‌، روونتر یه‌كێتی وه‌ك ژماره‌ سیاسییه‌ قورس و كاریگه‌ره‌كه‌ی پێشتر وه‌ك پێویست له‌ناو هاوكێشه‌كاندا نه‌بوو، وه‌ك چۆن هێزی ژماره‌ی سیاسیی یه‌كێتی بۆ هاوكێشه‌ و پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كان یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی بێمه‌رج بوون، قورسایی و كاریگه‌ریی ئه‌م هێزه‌ به‌جۆرێك بووه‌، كه‌ سنووری ناو رێكخراوه‌یی و ناوخۆی گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستانی بڕیووه‌و په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، به‌و چه‌شنه‌ی سكێچی هێزێكی سیاسیی وێناكراوبووه‌، كه‌ نه‌توانراوه‌ به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی سه‌نگ و قورساییه‌كه‌ی هه‌نگاوی گه‌وره‌ بنرێت، بگره‌ جیا له‌ هاوبه‌شێتی، له‌ نه‌یارێتی كردنیشیدا «نادیده‌ نه‌گیراوه‌».
ئه‌م دۆخه‌ شڵه‌ژاوه‌ی یه‌كێتی شاراوه‌ نه‌بووه‌، به‌جۆرێك زۆر له‌ سیاسییه‌كانی له‌ زۆر بۆنه‌دا مژده‌ی ئه‌وه‌یان ده‌دا كه‌ (یه‌كێتی ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی جاران)، كه‌ سه‌لماندنی ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی له‌ ئێستایه‌كی «خراپ»دایه‌ به‌ به‌راورد به‌ یه‌كێتی له‌»رابردوو»دا، هه‌ر خودی مژده‌كه‌ش دڵخۆشكه‌ر نییه‌، به‌و پێیه‌ی یه‌كێتی له‌ 2019 دا ده‌بێت به‌ره‌و ئاینده‌و پڕۆژه‌ی سیاسیی نوێ بۆ داهاتوو بڕوات، نه‌ك بكرێته‌ «یه‌كێتییه‌كه‌ی جاران» كه‌ قۆناغی به‌جێهڵدراوی رابردووه‌!.
گرفتی سه‌ره‌كیی یه‌كێتی، كێشه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بڕیاردانی به‌هێزی هه‌یه‌، هه‌م بۆ دۆخی ناوخۆیی، هه‌میش بۆ ئاستی حوكمڕانیی هه‌رێم و دواتریش عیراق و ناوچه‌كه‌، كێشه‌ی به‌ستنی كۆنگره‌ی هه‌یه‌، كێشه‌ی دارایی و داهات و سه‌رچاوه‌كانی هه‌یه‌، كێشه‌ی راگه‌یاندن و ئۆرگانه‌كانی هه‌یه‌، كێشه‌ی پێشێلی پرانسیپ و په‌یڕه‌وی هه‌یه‌ كه‌ نادادی سیاسیی و بیرۆكراسی و مه‌حسوبیه‌تی زاڵكردووه‌، كێشه‌ چاره‌سه‌نه‌كراوه‌كان هۆكارێكی كاریگه‌ری سلبین كه‌ وای له‌م هێزه‌كردووه‌ له‌ كێبڕكێی سیاسیی و هه‌ڵبژاردن و خه‌باتی دیموكراسیدا كه‌ خۆی داهێنه‌ریه‌تی، خۆی تێیدا هه‌ناسه‌ سواربووه‌!.
مادام ده‌رده‌ سیاسیی و دارایی و حوكمڕانییه‌كانی یه‌كێتی دیارن، چاره‌سه‌ره‌كانیش ده‌دۆزرێنه‌وه‌، كه‌ له‌ پێشه‌وه‌یان به‌ستنی كۆنگره‌یه‌ تا له‌ چه‌قین ده‌ربازی ده‌كات، كه‌ ده‌شێت فۆرمێكی دیكه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی سیاسیی به‌ هه‌یكه‌لێكی هاوچه‌رخی نوێباوی بۆ دابنرێت، هه‌موو هێزه‌ مرۆیی و سیاسیی، راگه‌یاندن و دیپلۆماسیی و دارایی و بازرگانییه‌كان و ته‌واوی ئۆرگانه‌كان بچنه‌وه‌ سه‌ر هێڵی هێزی یه‌كێتی و یه‌كێتیش وه‌به‌رهێنانی سیاسیی و حوكمڕانی به‌و پشتیوانییه‌ بكات بۆ بڕیاردانی سیاسیی كه‌ ژماره‌ قورسه‌كه‌ بۆ كایه‌ی سیاسیی و كێبڕكێ ده‌جوڵێنێت، به‌و واتایه‌ی یه‌كێتی خۆی كارتی گوشار و سیاسیی بێت له‌ نێو پێشهات و هاوكێشه‌كانی هه‌رێم و عیراق و ناوچه‌كه‌، چونكه‌ یه‌كێتی ئێستا ئه‌و ژماره‌ و گوشاره‌ی غائیبه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عوسمان عوزێری

خەلیل عەبدوڵڵا شاعیر‌و نوسەرێكی دیاری كوردستانە‌و لەرێی بەرهەمە ئەدەبییەكانییەوە خزمەتێكی ...