سەرەکی » وتار » مستەفا محەمەد » دواهه‌ڵوێستی یه‌كێتی و چه‌ند سه‌رنجێك

شەن و كەو

دواهه‌ڵوێستی یه‌كێتی و چه‌ند سه‌رنجێك

دوا هه‌ڵوێستی یه‌كێتی و به‌شداریكردنی له‌ رێوه‌رسمی سوێند خواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمدا ده‌رخه‌ری راستییه‌كه‌ كه‌ یه‌كێتی به‌وپه‌ڕی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ له‌خه‌می پارێزگاریكردندایه‌ له‌ ده‌سكه‌وته‌كان و نایه‌وێت به‌ قووڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌ دۆخێكی نه‌خوازراودا به‌خواسته‌كانی بگات، به‌ڵكو بنه‌مای سه‌ره‌كی لای یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ له‌پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌كاندا سه‌قامگیریی سیاسی و زه‌مینه‌ی ئاشتی و كاری پێكه‌ویی پێویست بڕه‌خسێنرێ، پاشانیش ده‌ست له‌سه‌ر خاڵ و به‌ندی رێكه‌وتنه‌كان گیربكرێ و له‌ دانوستانێكی متمانه‌ پێدراودا ستراتیژبێ.
بۆ پرسی كه‌ركوكیش، یه‌كێتی هه‌ر سووره‌ له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌و تێپه‌ڕاندنی دۆخه‌ شڵه‌ژاوه‌كه‌ی وه‌ك زۆر ناوچه‌ی هاوشێوه‌ی تری، دوای به‌شداریی یه‌كێتیش له‌ رێوره‌سمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمدا، جارێكی تر گرنگه‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و له‌پێشیشیانه‌وه‌ كه‌ركوكییه‌كان له‌و راستییه‌ تێگه‌یشتبن كه‌ كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی خاڵی گرنگ و به‌هێزه‌، چونكه‌ ئه‌م پرسه‌ بۆته‌ به‌شێكی گرنگی ئه‌ده‌بیات و ئه‌خلاقیاتی سیاسیی یه‌كێتی و سازشكردن له‌سه‌ری له‌ بابی مه‌حاڵدایه‌!
له‌ولاشه‌وه‌ ئه‌وه‌ی جێی خۆشحاڵییه‌، پارتی هه‌نگاوی ئه‌رێنی هه‌ڵگرتووه‌، په‌یوه‌ندیكردنی بارزانی به‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی و داواكردنی بۆ به‌شداریی یه‌كێتی له‌ رێوڕه‌سمی سه‌رۆكی هه‌رێمدا، ئاماژه‌یه‌كی باشه‌ و پێده‌چێت له‌دوا خاڵدا له‌باره‌ی دانانی پارێزگارێكی كورد « كه‌ دڵخوازی یه‌كێتی بێ» ، گه‌یشتبنه‌ رێكه‌وتن و له‌گه‌ڵ راسپاردنی مه‌سرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆ ، راسته‌وخۆش كاندیدی یه‌كێتی بۆ پارێزگاری كه‌ركوك راده‌گه‌یه‌نرێت.
له‌دوای ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ش ده‌بێ دۆست و كادر و ئه‌ندامانی یه‌كێتیش له‌وه‌ تێبگه‌ن ؛ یه‌كێتی به‌ بایكۆتكردنی دانیشتنی ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم، په‌یامه‌ گرنگ و روونه‌كه‌ی گه‌یانده‌ هه‌مووان كه‌ ئه‌م حزبه‌ خاوه‌نی ستراتیژیی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی، خۆ ئه‌گه‌ر له‌رابردووشدا سازشی له‌سه‌ر هه‌ندێ مافی خۆی كردبێ، بۆ له‌مه‌ودوا هه‌رگیز ده‌ست بۆ بژارده‌ی له‌و شێوه‌یه‌ نابا، ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه‌یه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغێكی ته‌واو جیاوازدایه‌ به‌راورد به‌ رابردوو و به‌هیچ كلۆجێك له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسیدا ئاماده‌نییه‌، هه‌موو گۆره‌پانه‌كه‌ نه‌ بۆ پارتی و نه‌ بۆ هیچ حزبێكی تر جێ بهێڵێ، به‌ڵكو دواجار وه‌ك هێزێكی به‌رپرسیار گه‌ره‌كییه‌تی چاره‌سه‌ری كۆی پرسه‌كان و سارێژی زامه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ره‌سه‌نه‌كاندا بگرێته‌ ئه‌ستۆ.
به‌واتایه‌كی تر یه‌كێتی وه‌ك چۆن له‌ڕێگه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی ده‌نگدان به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌و په‌یامه‌ گرنگه‌ی گه‌یاند، هه‌مدیسان به‌ به‌شداریكردنیشی له‌ رێوره‌سمی سوێندخوارنی بارزانی برازادا، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و حزبه‌ چه‌نده‌ له‌خه‌می یه‌كڕیزیی و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی كورددایه‌ و زیاتر له‌ هه‌مووانیش ده‌زانێت دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌ له‌ كوردستاندا له‌ قازانجی هیچ لایه‌كدا نییه‌ و به‌ره‌هه‌مه‌كه‌شی ته‌نها بریتی ده‌بێت له‌ تیژكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان و قوڵتركردنه‌وه‌ی ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كان له‌ جوغزێكی پڕ له‌گوماندا كه‌ دواجار تاك به‌تاكی ئه‌م هه‌رێمه‌ باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن و زه‌ره‌رمه‌ندی سه‌ره‌كیش ده‌بن، دروست پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش راسته‌ كه‌ خاوكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌نێوانیانداو هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ جارێكی تر چانسێكه‌ بۆ پارتی تا وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن پێویسته‌ نرخ و به‌های به‌رزی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ بداته‌وه‌ یه‌كێتی و هاوشانی یه‌ك كوردستان بگوازنه‌وه‌ به‌ره‌و كه‌نارێكی ئارام و ئاوه‌دان و پێكه‌وه‌ شان بده‌نه‌وه‌ به‌ر به‌رپرسیارێتی ئه‌م قۆناغه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

خوێندنەوەیەك بۆ دۆخی دوای رێكەوتنەكان

دوای تێپەڕینی زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر وادەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ...