سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » نۆرەی ئەمەیە!

نۆرەی ئەمەیە!

لە سەرەتای مانگی شەشدا، ڤیدیۆی شێرێك لە فەیسبووكدا بڵاوبۆوە و لە ڤیدیۆكەدا كۆمەڵێك كەس لە دەوری شێرێكن، گوایە ئاهەنگی لەدایكبوونی بۆ دەگێڕن و لە ناكاو یەكێك لەوانە كێكی ئاهەنگەكە دەدات بە سەر دەموچاوی شێرەكەدا، بێ ئەوەی شێری داماو هیچ كاردانەوەیەكی هەبێ و دەبێت بە بابەتی گاڵتەی جەماعەت.
پار ساڵیش و لە چەند ڤیدیۆیەكدا و تەنانەت سەرەتای ئەمساڵیش، ئازاردانی سەگ، سووتاندنی، زیندەبەچاڵ كردنی، سەربڕینی، ببووە بابەتێك بە شێوەیەكی بەربڵاو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان تەشەنەی سەند و خاوەن ئەو ڤیدیۆیانەش، زۆر ئازا و جوامێر خۆیان دەردەخست و وەك پاڵەوان خۆیان دەنوواند.
جێی داخ و حەسرەتە مرۆڤایەتی، یان راستتر مرۆڤی لای خۆمان گەیشتبێتە ئەو ئاستە لە دڕندەیی. من دەپرسم، ئاژەڵێكی بێ دەسەڵاتی بێ زمان چ گوناهێكی كردووە وای لێدەكرێت؟ بۆ مرۆڤ دەبێت خۆشی لە ئازاردان و كوشتنی ئەو ئاژەڵانە ببینێ؟ بۆ دەبێت كوشتن و ئازاردانیان ببێتە ئازایەتی و خۆ پێوە بادان؟
لە پاڵ ئەو جۆرە هەڵسوكەوت و بوونی مرۆڤی لەو شێوەیەدا، دەیان كەس، ژن و پیاو، كوڕ و كچ، چەندین رێكخراویان دروست كردووە، كە گرنگی بە ئاژەڵ و باڵندەی بەرەڵا و كێوی دەدەن و لە دەست مرۆڤەكان دەیانپارێزن و شوێنی حەوانەوە و خواردن و چارەسەری پزیشكییان بۆ دابین دەكەن، كە جێی پێزانین و دڵخۆشین.
لەم دوو حاڵەتەدا، پێویستە، لایەنی بەرپرس لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە توندی بەرامبەر تاقمی یەكەم بووەستێتەوە و رووبەرووی یاسایان بكاتەوە لە كاتی ناسینەوەیاندا، بۆ تاقمی دووەمیش هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكیان بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رێگه‌وبانه‌كانی هه‌رێم و چه‌ند راستییه‌ك

رێگه‌وبان پایه‌یه‌كی گرنگی ژێرخانی هه‌ر وڵاتێكه‌ و بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیی پێشكه‌وتنی ...