سەرەکی » مانشێت » سەرۆك كۆمار: قۆناغێكی نوێی پێشكەوتن‌ و ئاشتەوایی بۆ كوردستان ‌و عیراق

سەرۆك كۆمار: قۆناغێكی نوێی پێشكەوتن‌ و ئاشتەوایی بۆ كوردستان ‌و عیراق

د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، دوای گەیشتنی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڕەسمی لەلایەن نێچیرڤان بارزانی‌و قوباد تاڵەبانی‌و وەفدێكی هەرێمی كوردستانەوە، پێشوازیی لێكرا. پاشان لەهۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بەگەرمی پێشوازیی لێكرا.
لەمیانی بەشداریشی لەدانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا، كە تایبەتبوو بەڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم، سەرۆك بەرهەم ساڵح، وتارێكی پێشكەشكردو تێیدا پیرۆزبایی لەنێچیرڤان بارزانی كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنییەوە بەسەرۆكی هەرێم‌و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست‌و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هاوكاریكردنی لەجێبەجێكردنی ئەركە نوێیەكەیدا. ئەمەش دەقی وتارەكەیەتی:
لەهەولێری پایتەخت كۆبووینەتەوە بەبۆنەی دەستبەكاربوونی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان. بۆنەیەكی مێژوویی‌و گرنگە، وێڕای ئاماژە سیاسییەكانی، هیوادارین ببێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێی پێشكەوتن‌و ئاشتەوایی‌و ئاوەدانی بۆ كوردستان‌و بۆ عیراق.
وێڕای پرۆزبایی گەرم لەبرای بەڕێزم كاك نێچیرڤان بارزانی‌و ئەو چاوەڕوانییە زۆرانەی كە هەمووان لێیمان هەیە، بەڵام بەپێویستی دەزانم بەڕێز‌و پێزانینەوە رۆڵی جەنابی كاك مەسعود بارزانی بەرزبنرخێنین وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەو پێگە‌و سەنگە دیارەی، كاریگەریی گەورەی نواند لەڕێبەرایەتی هەرێمی كوردستان‌و لەقۆناغی سەختی گۆڕانكارییەكاندا نەخشی لەبەرچاو‌و بڕیاردەری هەبووە، لێرەشەوە بەپێویستی دەزانم سوپاس‌و پێزانین بۆ كاك كۆسرەت رەسوڵ جێگری سەرۆكی هەرێم بەهەمان بۆنەوە دووپاتبكەمەوە.
دڵنیام كەسایەتییە گەورە‌و كاریگەرەكان بەپلە‌و پۆستەوە دیاری ناكرێن، بۆیە بەدڵنیاییەوە دەڵێم دەوری كاك مەسعود بۆ قۆناغی ئایندە بەردەوامە، ئەو كاك مەسعودەی سەروو 50 ساڵ لەخەباتی سیاسی‌و پێشمەرگایەتی‌و دەوری گەورەی لەڕەوشی سیاسیی كوردستان‌و عیراق‌و رێبەرایەتی خەڵكی كوردستان، چاوەڕوانی ئەوەمان لە كاك مەسعود دەبێت كە بۆ ئەم قۆناغەی ئایندەش بەدڵنیاییەوە پشتیوانی سەرۆكی هەرێمی تازە‌و حكومەتی هەرێمی تازە، بەڵام هاوكاری ساڕێژبوونی برینەكانی كورد‌و یەكخستنەوەی هێزو تواناكانی خەڵكی كوردستان بێت.
سەردەمانێك كاك مەسعود‌و جەنابی مام جەلال پێكەوە، بۆ ویژدانیش بەهاوكاری‌و پشتیوانی كاك نەوشیروان، توانیان قۆناغێكی سەخت‌و دژوار تێپەڕێنن، كوردستان لەقۆناغی دڵەڕاوكێ‌و ئەگەری جیاجیاوە بۆ قۆناغی ناساندنی دەستووری‌و پێگەی دەستووری لەناو عیراقدا، بسەلمێنن. ئەو دەورە دەورێكی گرنگ بووەو ئەو دەستكەوتانەی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان دەبێت بەرز رابگرین، خەڵكی كوردستان، بزووتنەوە رزگاریخوازەكەی، قوربانی زۆری داوە تا بەم رۆژگارە گەیشتووە، شاڵاوەكانی ئەنفال‌و راگواستن‌و قەڵاچۆكردنی خەڵكی گەرمیان‌و بارزان‌و دۆڵی جافایەتی‌و هەڵەبجە‌و سەدان شارۆچكە‌و هەزاران گوندی وێرانكراو‌و قوربانی‌و خەباتی پێشمەرگە‌و شەهیدە نەمرەكانمان، هەوێنی ئەم دەستكەوت‌و ئەم ئازادییەی ئەمڕۆی كوردستانن، بۆیە دەبێت بەرز ئەم دەستكەوتانە رابگرین، بەهەموو توانامانەوە هەوڵی پاراستنی ئەم دەستكەوتانە بدەین، بەیەكڕیزیی گەلەكەمان، هەروەها بەهاوكاری‌و هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بۆ خزمەتی زیاتری كۆمەڵانی خەڵك‌و چاكسازییەكی بنەڕەت‌و بەرقەراربوونی عەدالەت‌و حوكمڕانییەكی تەندروستتر‌و باشتر، هەم بۆ خەڵكی كوردستان، هەم بۆ كاریگەریی لەسەر ناوچەكانی تری عیراق.
هەموومان دەزانین دۆخی ناوچەكە ئاڵۆزو دژوارە، پێشبینیكردنیش بۆ ئایندە روون نییە، خەڵكی عیراق لەڕابردوودا، تاڵاوی چەندین جەنگی سەپێندراویان چەشتووە‌و شەڕی نەخوازراوی ماڵوێرانكەریان بەسەردا سەپێندراوە، دواینیان شەڕی تیرۆریستانی داعش بوو، كە بەخەباتی پڕ سەروەری‌و هاوكاری‌و هاوسەنگەری سوپای عیراق‌و هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و حەشدی شەعبـی‌و بەپشتیوانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی‌و دۆستان توانرا دوای قوربانیدان‌و خۆبەختكردنێكی زۆر، سەركەوتنێكی مێژوویی بەسەر مرۆڤكوژانی داعشدا تۆماربكرێت، پاراستنی ئەم سەركەوتنە ئەركی گەورەمانە، لەسەر ئاستی عیراق‌و بگرە ناوچەكە‌و جیهانیش، ئەوەش بەپتەوكردنی یەكڕیزیی خەڵكی عیراق، هێزە سیاسییەكان‌و بەڕێگەگرتن لەتێوەگلان لەشەڕێكی تر‌و ئاژاوەیەكی تر دەبێت، ئەوەش بەهەوڵی دوورخستنەوەی وڵاتەكەمانە لەسەنگەربەندییەكانی ململانێكانی ناوچەكە، هەوڵمان بۆ رەواندنەوەی گرژییەكان‌و چارەسەری ناكۆكییەكان‌و لەئاستی ناوچەكە.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەو شەڕ‌و شۆڕ‌و كارەسات‌و شەپۆلی توندڕەوییە، پێویستی بەچارەسەری بنەڕەتییە لەپێكهێنانی سیستەمێكی هاوكاریی سیاسی‌و ئابووری بۆ پێكەوەگرێدانی بەرژەوەندییەكانی گەلان واقیعی ناوچەكە لەئاشتی‌و خۆشگوزەرانی‌و روبەڕوبونەوەی تیرۆر‌و توندڕەوی‌و رێزگرتن لەمافی گەلان لەئازادی‌و دیموكراسی، چەوساندنەوەو زەبروزەنگ‌و شەڕ چارەسەر نییە، چارەسەر دیالۆگ‌و هاوكارییە بۆ ئاشتەوایی‌و خۆشگوزەرانی.
بێگومان ئارامیی رۆژهەڵات، بەبێ رەچاوكردنی مافە رەواكانی گەلی كورد، دابینناكرێت، گەلی كورد وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی‌و رەسەنی ئەم رۆژهەڵاتە لەگەڵ گەلانی عەرەب‌و تورك‌و فارس‌و پێكهاتەكانی تری ئەو ناوچەیە پەیوەندی‌و فەرهەنگی هاوبەش كۆماندەكاتەوە، عیراق ئەو ناوچەیەیە كە دەتوانێت ببێتە هەوێنی پێكهێنانی ئەو سیستەمە نوێیە. لەبری ئەوەی عیراق گۆڕەپانی ململانێ‌و شەڕ‌و ئاشوب بێت، هەوڵبدەین لەعیراقدا بەهاوكاری‌و هەماهەنگی هەموو لایەنەكان، بەهەرێمی كوردستانیشەوە، عیراق بكەینە ناوچەی بەرژەوەندیی هاوبەش، عیراق جارێكی تر دووچاری ململانێ‌و شەڕ‌و ئاشوب نەكەینەوە، بۆ ئەمەش ئەركی لەپێشینەمان پتەوكردنی ریزەكانی ناوخۆی عیراقە، ئەمە كارێكە بەقسە خۆشە، بەڵام پێویستی بەبەرنامەی كرداری هەیە، بەتایبەتی چارەسەركردنی كۆمەڵێك كێشەی بنەڕەتی حوكمڕانی، كە نەك تەنها سەبارەت بەپەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان‌و بەغدا لەئاستی حوكمڕانی لەبەسرە‌و لەموسڵ‌و لەناوچەكانی تری عیراقیش خەڵك پێوەی دەناڵێنێ، چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق بەدەستوورە، بەگەڕانەوەیە بۆ دەستوور، رێككەوتنێكی جددییە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕگە دەستووریانەی كە دەتوانێت ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی‌و حوكمڕانیی تەندروست بۆ گەلانی عیراق دەستەبەربكات، لەهەمانكاتیشدا پەیوەندی تەندروستی نێوان هەرێمی كودستان‌و حكومەتی فیدراڵ، دابین بكات.
كاك نێچیرڤان بارزانی ئەزموونێكی دوور‌ودرێژی حوكمڕانی‌و پەیوەندیی دیپلۆماسی هەیە، چاوەڕوانی ئێمە لەجەنابت دەوری كاریگەرت هەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و عیراقی فیدرال بەرەو ئاقار‌و ئاڕاستەی چارەسەری یەكلاكەرەوە بڕوات، بۆ ئەو مەبەستە بەدڵنیاییەوە دەڵێم د.عادل عەبدولمەهدی‌و برای بەڕێزم كاكە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، بەئامادەبوونی ئەم نوخبە سیاسییە دیارەی عیراق، هاوكار‌و پشتیوانی زۆر هەن لەبەغدا.
راستییەكەی هێزی سەركەوتنی هەرێمی كوردستان، هێزە بۆ بەغدا‌و بۆ بەسرە، پشتوانییە بۆ ئارامی‌و ئەمنیەتی سەرتاسەری عیراق، بەهەمانشێوەش، بەهێزبوونی عیراق‌و بەسرە‌و ئاوەدانی‌و ئارامی موسڵ پشتیوانییە بۆ هەرێمی كوردستان، با لەبری ململانێ‌و ناكۆكی، هەوڵبدەین ئەو خێروبێرەی هەیە، بخرێتە خزمەتی خەڵكەوە بۆ پێشكەوتن‌و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ گەنجەكانمان‌و بۆ گەشەسەندنی كۆمەڵایەتیمان.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: سەكۆیەكی هەڤاڵانەیە

دوێنێ لەسلێمانی، لەڕێوڕەسمێكدا هۆڵی خاك، كرایەوە. لەڕێوڕەسمەكەدا، كە ژمارەیەك لە ...