سەرەکی » راپۆرت » شەهید نەجۆ و یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی

شەهید نەجۆ و یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی

ئا: باوکی ئەڤرێست

نەجۆی پێشمەرگە و تێکۆشەر، هاوتەریب لەگەڵ خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا، لە بواری بەڵگەنامە و فەرهەنگیی کوردیشدا خەمخۆرێکی بە سەلیقە و دڵسۆز بووە، وەک نووسەر و سیاسەتمەدار د. کەمال فوئادی خوالێخۆشبوو، لە پێشەکی (کوردستان، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، دەورەی سێ‌یەم ١٩١٧-١٩١٨) دا، باسی دەکات شەهید نەجۆ لە نیوەی دووەمی دەیەی هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، (١١) ژمارەی پێشتر نەبینراوی ڕۆژنامەی «کوردستان»ی لە (شام) وەک گەنجینەیەکی دۆزراوەی بواری ڕۆژنامەوانی کوردیی، داویەتیە بەڕێزیان، د. کەمال خۆی بەوردی و وەفاوە باس لەو چیرۆکە دەکات:
کۆتایی ساڵی ١٩٧٥ بوو، بۆ بەشداربوون لە کۆبوونەوەیەکی (دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) دا ڕێم کەوتە شام، لەوێ لە ماڵەکەی خۆی هەڤاڵی بەڕێز مام جەلال، لاوێکی پێ ناساندم، وتی: «کاک سەلاح یەکێکە لە ڕۆشنبیرە شۆڕشگێڕەکانی کوردستانی باکوور، زۆر دۆستی ئێمەیە، حەزئەکەم بیناسیت» تا لەوێ بووم چەند جارێک یەکترمان بینی و پێکەوە قسەمان کرد.
لە ئەیلولی ساڵی ١٩٧٦ جارێکی تر بۆ هەمان مەبەست ڕێم کەوتەوە شام. هێشتا لەوێ بووم کاک سەلاح پەیدا بوو، کە چاوی بە من کەوت، وتی: «زۆر باشە کە لێرەیت، ئەمجارە لە کوردستانەوە کۆمەڵێک کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەم لەگەڵ خۆم دا هێناوە، کە ئەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی عوسمانی، حەزدەکەم سەیریان بکەیت و لە ناوەرۆکەکانیان ئاگادارم بکەیت». بۆ ڕۆژی دوایی باوڵێکی مام ناوەندیی لەگەڵ خۆی دا هێنا، لە ناو باوڵەکەدا چاوم بە کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامە کەوت، لەوانە ئەم ڕۆژنامەیە کە ئێستا لەبەر دەست خوێنەرانی بڕێزدایە، کە درێژەی هەمان ڕۆژنامەی (کوردستان)ە کە لە ساڵی ١٩٧٢ دا لە بەغدا لە کۆی ٣١ ژمارە، ٢٦ ژمارەیم بەسەریەکەوە لێ بڵاوکردەوە لە ژێر ناوی (کوردستان یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی ١٨٩٨-١٩٠٢) بەڵام کاتی دەرچوونەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩١٧-١٩١٨. تکام لێ کرد ڕێگام بدا فۆتۆکۆپی‌یان بکەم. بە خۆشی‌یەوە هەر یانزە ژمارەکەی خستە بەردەستم. ئەوە بوو کاتی خۆی لە گۆڤاری چریکەی کوردستان دا (ژ-٣ تشرینی دووەم ١٩٨٠ ل ٥٧-٦٨) کە لە لەندەن بەسەرپەرشتی مامۆستای بەڕێز (برایم ئەحمەد) دەرئەچوو، شتێکم لەسەر نووسی لە ژێر ناوی ڕۆژنامەی کوردستان، دەورەی سێ‌یەم ١٩١٧-١٩١٨. ئیتر دەرفەتم نەبوو ژمارەکان وەک خۆی بە چاپ بگەیەنم. ئەمجارە کە لە بەرلین گەڕامەوە کۆپی‌ی هەر یانزە ژمارەکەم لەگەڵ خۆم دا هێنا، بە نیازی ئەوەی فریای سەدەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بخەم. خۆم بە بەختیار ئەزانم کە توانیم ئەم ئاواتە پیرۆزە بهێنمە دی.

سەرچاوە: کوردستان، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی،
دەورەی سێ‌یەم ١٩١٧-١٩١٨، سلێمانی ١٩٩٨.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...