سەرەکی » مانشێت » ژیاننامەی عەبدولڕه‌زاق عه‌زیز میرزا لە ئینسکلۆپیدیای یەکێتی دا

ژیاننامەی عەبدولڕه‌زاق عه‌زیز میرزا لە ئینسکلۆپیدیای یەکێتی دا

ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان، له‌ دایكبوی ساڵی 1945ی به‌غدا، خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ خوێندنگه‌یه‌كی فه‌یلییه‌كان و دواناوه‌ندیی له‌ خوێندنگه‌ی قه‌شه‌ یه‌سوعییه‌ی ئه‌مریكییه‌كان له‌ به‌غدا ته‌واو كردووه‌ و دواتریش له‌ زانكۆی حیكمه‌ له‌ به‌غدا، ئه‌ده‌بی ئینگلیزیی خوێندووه‌.
ژیانی سیاسی له‌ ساڵی 1959دا ده‌ستپێده‌كا، كاتێك له‌ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ رێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كرد و به‌ هۆی بچوكیی ته‌مه‌نییه‌وه‌ وه‌رگرتنی به‌ ئه‌ندام بۆ ساڵی 1961 دواكه‌وت و له‌م سه‌رو به‌نده‌دا وه‌ك خوێندكار كاری له‌ ریزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستاندا كرد. پاش هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ كوردستان له‌ساڵی 1963 و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی قوتابیان، خۆی و (نه‌جاتی حه‌مه‌ ره‌ق و محمد صدیق پێنجوێنی و ره‌مزی ته‌قی و جه‌میله‌ سابیر و نه‌زیره‌ محمد عه‌لی)، سكرتاریه‌تێكی كاتییان له‌ به‌غدا بۆ یه‌كێتی قوتابیان دامه‌زراند.
هاوینی ساڵی 1963 به‌ گومانی ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌كانی پارتیدا هه‌یه‌، ده‌ستگیر كراو‌ به‌هۆی ئه‌مه‌وه‌ ساڵێكی خوێندنی له‌ كیس چوو، ساڵی 1964 دوا به‌دوای كوده‌تاكه‌ی (عه‌بدولسه‌لام عارف)، ئازاد كراو گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر خوێندن، لە ساڵی 1967دا خوێندنی زانكۆی ته‌واو كرد و هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ له‌ رۆژنامه‌ی (نور) كه‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا ده‌ری ده‌كرد، وه‌ك ژمێریار دامه‌زرا.
ساڵی 1970 له‌ فه‌رمانگه‌ی پوخته‌كردنی توتن له‌ به‌غداد به‌ فه‌رمانبه‌ر دامه‌زرا، ساڵی 1971 دوا به‌دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی پارتی دیموكراتی كوردستان، بووه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی لاوانی كوردستان و بۆ ساڵی دواتر بووه‌ سكرتێری گشتی یه‌كێتی لاوانی كوردستان.
ساڵی 1974 له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ نێوان كورد و رژێمی به‌عس، په‌یوه‌ندیی به‌ شۆڕشه‌وه‌ كرد و تا هه‌ره‌سهێنانی شۆڕش له‌ ساڵی 1975 به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی وه‌ك سكرتێری گشتی یه‌كێتی لاوانی كوردستان.
پاش هه‌ره‌سهێنانی شۆڕش لە ساڵی 1975، له‌شاری نه‌غه‌ده‌ گیرسایه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ وه‌ك نوێنه‌ری یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌گه‌ڵ عادل موراد دا چوو بۆ سوریا، له‌وێ هه‌ردووكیان په‌یوه‌ندییان به‌ تاڵه‌بانییه‌وه‌ كرد كه‌ سه‌رگه‌رمی پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان بوو و وه‌ك دوو ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر به‌شدار بوون له‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتی، له‌و ماوه‌یه‌دا لێپرسراوێتیی به‌ڕێوه‌بردنی كا‌مپی قامیشلوی پێ سێردرا كه‌ كه‌مپێك بوو ئه‌ركی سه‌ره‌كی رێكخستن و مه‌شق پێكردنی مه‌فره‌زه‌ی پێشمه‌رگه‌ی پارتیزان بوو له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژەی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خه‌باتی چه‌كداری له‌ كوردستان.
ساڵی 1977 سوریای ‌بەجێهێشت و له‌ به‌ریتانیا گیرسایه‌وه‌، ساڵی 1979 چوو بۆ سوریا له‌وێوه‌ له‌ڕێگه‌ی ئێرانه‌وه‌ گه‌رایه‌وه‌ بۆ كوردستان و له‌ ناوزه‌نگ گیرسایه‌وه‌، هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ له‌گه‌ڵ دكتۆر (فوئاد مه‌عسوم و محسین عه‌لی ئه‌كبه‌ر) به‌شدار بوو له‌به‌ڕێوه‌بردنی ئوفیسی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌ تاران.
ساڵی 1981 دوا به‌دوای گرژبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئێران و یه‌كێتیی نیشتمانی، ئێرانییه‌كان ئۆفیسه‌كه‌یان داخست، عه‌بدولڕه‌زاق عه‌زیز میرزا-یان گرت و بۆ ماوه‌ی نۆ مانگ خستیانه‌ زیندانه‌وه‌، دواتر به‌ هه‌وڵ و ره‌نجی تاڵه‌بانی و ده‌ستتێوه‌ردانی لێپرسراوانی لیبیاو سوریا، ساڵی 1982 ئازاد كرا، له‌ ماوه‌ی سێ رۆژدا ئێرانی به‌جێهێشت و رووی له‌ سوریا كرد تا ساڵی 1984 له‌وێ مایه‌وه‌، دواتر چوو بۆ سویدو له‌وێ نیشته‌جێ بوو.
له‌ كۆتایی ساڵی 1992 گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوردستان و له‌ مه‌ڵبه‌ندی 1ی رێكخستنی سلێمانی پله‌ی كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی پێدراو لێپرسراویه‌تی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی وه‌رگرت، ‌ساڵی 1995 گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ سوید و ‌ساڵی 1999 چوو بۆ به‌ریتانیا و له‌وێ بوو به‌ كارگێڕی مه‌ڵبه‌ندی ده‌ره‌وه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا له‌ رێكخراوی (ئین دایت) كاری كرد كه‌ ئه‌ركه‌كه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ بوو ده‌رباره‌ی تاوانه‌كانی جینۆساید و تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی و تاوانه‌كانی جه‌نگ له‌ كوردستان و عیراق به‌ مه‌به‌ستی دابینكردنی كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆ دادگایی كردنی رژێمی به‌عس.
ساڵی 2002 گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ كوردستان، تا ساڵی 2005 وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكاری بوو له‌ ئیداره‌ی سلێمانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌وه‌ به‌دوا له‌ ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستاندا كاری كرد، ساڵی 2009 بووه‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای مه‌كته‌بی رێكخستن و له‌ساڵی 2010دا لێپرسراوه‌تیی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی له‌ مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی پێ سپێردرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆژنامەكانی ئیسرائیل باس لە بۆردومانكردنی عیراق دەكەن

ڕۆژنامەی (هائارتس)ی ئیسرائیلی، كۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی ئیسرائیل و نوێنەرانی عیراق ...