سەرەکی » کەلتوور » کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کتێبی بیرەوەرییەکانی ئانا فرانک

کەریم مەلا رەشید

چوارشەممە، ١٠/ ٣ /١٩٤٣
کیتی گیان!
دوێنێ ئێوارێ کارەباکە فیوزی کرد، سەرباری ئەوەش بێ وچان تەقەدەکرا. ترسم لە دەنگی تەقە و فڕۆکە جەنگییەکان هێشتا نەشکاوە، شەوانە، بۆ رەوینەوەی ترسەکەم دەچمە نێو جێگاکەی باوکمەوە. لەوانەیە ئەوە کارێکی زۆر مناڵانە بێت، دەبوایە بۆ جارێکیش بێ تۆم لێرە لەگەڵبایە! دەنگی تۆپەکان هێندە بەرزن، مرۆڤیان پێ کاس دەبێ و گوێی لەدەنگی خۆی نابێت. خاتوو (بیڤەربروک)ی نەبەز، خەریکبوو بگری و بەدەنگێکی لەرزیو گوتی: «ئاە، گرمەی تۆپەکان چەند ناخۆشن!» هەڵبەتە ئەوەش ئاماژەیە بەوەی: کە ئەو زۆر دەترسێ!
رووناکی مۆمەکانم لە تاریکییەکە پێ باشتربوو. دەلەرزم، دەڵێی تام لێیە، لە باوکم پاڕامەوە مۆمەکان داگیرسێنێتەوە. بەڵام ئەو دڵڕەق بوو و مۆمەکانی بەخامۆشی هێشتنەوە. دۆشکەکان بەکتوپڕی دەستیان بە تەقە کرد، ئەوان دە هێندەی تۆپەکان خراپترن. (پێم) زۆر شپرزەبوو، بەهۆیەوە دایکم لەجێگاکەی دەرپەڕی و مۆمەکانی داگیرساندەوە. باوکم دەستی بە پرتەوبۆڵە کرد ودایکیشم وەڵامی دایەوە وگوتی: «خۆ ئانا سەربازی دێرین نییە!» ئیدی بیبڕەوە!
نازانم ئایا باسم لە ترسەکانی دیکەی خاتوو (ڤان دان) بۆکردووی؟ پێموابێ نە‌و. جا بۆ ئەوەی تۆش بەهەموو سەرکەشییەکانی حەشارگە ئاشنابیت، ئەمەت بۆدەگێڕمەوە. شەوێکیان خاتوو (ڤان دان) لەسەربان گوێی لە گاڵەی دز دەبێ، بە پەلەپڕوزکێ دەچێتە لای مێردەکەی بۆ ئەوەی بێداری کاتەوە، لەوکاتەشدا دەنگەکان کپ و دزەکانیش ون دەبن، مێردەکەشی تەنها گوێی لە ترپەی دڵی ژنە ترسنۆکەکەی دەبێت.
<>ئاخ، (پوتی)، (نازناوێکی بەڕێز ڤان دان)ە، دزەکان بەدڵنیایی هەموو سۆسێچ و پاقلەمەنییەکانیان راماڵیوە. ئەی (پیتەر)! ئاە، تۆ بڵێی پیتەر هێشتا لە جێگاکەیدا مابێت؟>>
«هەڵبەتە خۆ (پیتەر)یشیان نەدزیەوە. مەترسە، لێمگەڕێ با بنووم»
پاش ئەوەی هەوڵەکەی بەفیڕۆدەچێ، خاتوو (ڤان دان) لەترسا نەیتوانی بخەوێ.
چەند شەوێک پاش ئەوە، بەهۆی دەنگێکی نەخوازراو، ماڵباتەکەی سەرەوە، بێدار دەبنەوە. (پیتەر) بە لایتێکەوە چووە سەربان، لەپڕ ڕڕڕڕڕڕ…ەی هات و بڕە جرجێکی زل و هەراش رەوینەوە! ئێمەش پاش ئەوەی بەدزەکان ئاشنابووین، (ماوشی)یمان بۆ بردنە سەرەوە بۆ ئەوەی لەوێ بخەوێ، بێگومان ئەوەش میوانە نەخوازراوەکانی تەرەکرد و چیتر نەگەڕانەوە – لانی کەم بەشەوان.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، ئێوارانێک (پیتەر) چوو بۆ سەرەوە بۆ ئەوەی چەند رۆژنامەیەکی کۆن بهێنێ (کاژێر حەوتونیو بوو هێشتا رووناکبوو)، کاتێ لە پەیژەکان هاتەخوارێ دەبوایە خۆی بەچاکی بگرێ، بەبێ ئەوەی تەماشا بکات، دەستی لە کەلێنێکی قەد دیوارەکە گیرکرد … بەڵام لەتاو ئازاری دەستی و لەترسانا خەریک بوو بە پەیژەکاندا بەربێتەوە خوارێ. تۆمەز دەستی لەسەر جرجێک داناوە و ئەویش بەتوندی گازی لێدەگرێ. خوێن بە بیجامەکەیدا دەهاتەخوارێ، وەکوو پێشتەماڵ سپی هەڵگەڕابوو و بەداهێزراوی هاتەلامان. بەلاتەوە سەیرنەبێت، چونکە وروژاندنی جرجێکی گەورە رەنگە گاڵتە نەبێ، چ جای ئەوەی گازێکت لێبگرێ، هەڵبەتە کارێکی مەترسیداریشە.
ئانا-ی تۆ

هەینی، ١٢/ ٣ /١٩٤٣
کیتی گیان!
دەکارم پێت بناسێنم: دایە فرانک، رێبەری خەباتی مناڵان بۆ! کەرەی زیاد بۆ تازەپێگەیشتوان، گرفتە مۆدێرنەکانی لاوان، لەهەموو کێشەکاندا، دایکمان هەردەم تای نەوجوانان دەگرێ، پاش بڕێک ململانێ زۆربەی خواستەکانیان دەهێنێتەدی.
یەکێک لە شووشەکانی قاورمەی گۆشتی زمان بۆگەنی کردبوو، ئەوەش دەبێتە ژەمێکی تاسوقی شاهانە بۆ (ماوشی) و (مۆفی).
تۆ هێشتا (مۆفی) ناناسیت، ئەو پێش ئێمە لێرە بوو و پشیلەی کۆگا و بیرۆیە، لەوێ جرجەکان دەتارێنێ. نازناوە سیاسییەکەی روونکردنەوەی ئاسانە. ئەم کارگەیە بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دوو پشیلەی هەبوو، یەکێکیان بۆ کۆگا ئەوی تریش بۆ نهۆمی سەرەوە. جاروبار رووبەڕوی یەکتر دەبوونەوە و دەبوو بەشەڕیان. مانەندی کاری سیاسی، پشیلەکەی کۆگا هەمیشە هێرش بەر بوو بەڵام پشیلەکەی سەرەوە هەمیشە براوە بوو. بەو جۆرە پشیلەکەی کۆگا ناوێکی ئەڵمانی لێنرا واتە (مۆفی)، پشیلەکەی سەرەوەش ناوێکی ئینگلیزی واتە (تۆمی). دواجار (تۆمی) دوورخرایەوە، (مۆفی)یش، کاتێ دەچوینە خوارێ، دەبوو بە هاودەنگمان.
هێندەیان فاسولیای قاوەیی و سپی دەرخوارد داین، لەبەرچاوم کەوتن. کاتێ بیری لێدەکەمەوە، پێی تێکدەچم.
ژەمە خواردنی شێوان، بەتەواوی راگیرا.
باوکم بێزاری خۆی بۆ دەربڕیم. چاوەکانی زۆر کز و خەماوین، لەهەموان داماوتر!
من زۆر بەپه‌رۆشم بۆ خوێندنەوەی کتێبی: «De Klop op de deur» لە نووسینی «Ina Boudier-Bakker». ئەم رۆمانە زۆر بەچاکی داڕێژراوە. تەنها ئەو بەشەی لێبترازێ کە لەبارەی جەنگ، یا ئازادی ژنان نووسراوە. راستییەکەی من ئەو بابەتانەم بەلاوە زۆر گرینگ نییە.
ئەڵمانیا بەجۆرێکی ترسناک بۆمباباران دەکرێت.
بەرێز (ڤان دان) بەهۆی کەمی جگەرە، زۆر هەراسانە.
وتوویژەکان لەبارەی پرسیاری ئەوەی ئایا خواردنی کۆنسێرڤ بخورێت یا نا، لە بەرژەوەندی ئێمە یەکاڵابۆوە.
پێڵاوەکانم چیتر بەپێم ناکەن، تەنها پێڵاوە بەرزەکانی خلیسکانێ نەبێ، لەپێکردنی ئەوانەش بۆنێوماڵ ناگونجێ. چووتێک سانداڵم بە شەش خولدن و نیو کڕیبوو بەرگەی یەک هەفتەیان گرت و کەلکیان نەما. لەوانەیە (میپ) لە بازاڕی رەشدا سەودای جوتێکم بۆ بکات.
ئێستا دەبێ سەری بابم بتاشم. (پیم) دڵنیایە لەوەی پاش تەواوبوونی جەنگیش، لەمن بەولاوە، باوکم لای هیچ سەرتاشێکی دی قژی چاک ناکا، ئەگەر گوێیەکانی جاروبار بریندار نەکەم، ئەوا کارەکانم بەچاکی ئەنجام دەدەم! ئانا-ی تۆ

پێنجشەممە، ١٨/ ٣ /١٩٤٣
خۆشەویسترین کیتی!
وڵاتی تورکیاش لە جەنگدا تێکهەڵچووە. شڵەژانێکی گەورەیە. بەپەرۆشەوە چاوەروانی هەواڵین لە رادیۆکەوە.

هەینی، ١٩/ ٣ /١٩٤٣
کیتی گیان!
پاش تەنها یەک کاتژمێر ئومێدەواریی، یەکسەر نائومێدی بەسەرداهات و نسکۆی پێهێنا. تورکیا لەجەنگەکەدا تێکهەڵنەچووە، وەزیری ئەو وڵاتە باسی لە جاڕدانی باری نائاسایی کردووە. رۆژنامەفرۆشێک لەبازاڕدا بانگەشەی کردووە گوایە: «تورکیا تای ئینگلستان دەگرێ!» بەوەش خەڵکی رۆژنامەکانیان لەدەستی راپسکاندووە، ئەو دەنگۆیە بەئێمەش گەیشت و دڵی خۆشکردین.
دراوی هەزار خولدنی چیتر بڕناکا. ئەوەش گورزێکی گەورەیە لە سەرجەم بازرگانەکانی بازاڕی رەش و مانەندی ئەوان، لەوان زیاتریش ئەوانەی پارەیان شاردۆتەوە و ئەوکەسانەی خۆیان حەشارداوە. جا ئەوانەی دەیانەوەێ دراوی هەزاری بگۆڕنەوە، دەبێ بەچاکی بیسەلمێنن لەکوێیان پەیدا کردووە. باج و خەراج هێشتا بەو دراوە دەدرێن بەڵام هەفتەی داهاتوو ئەوەش نامێنێ، لەهەمان کاتیشدا کاغەزی پێنج سەد دراویش لەکاردەکەوێ. کۆمپانیای (Gies & Co.) بڕە پارەیەکی زۆری هەزار خولدنی بە ڕەش هەبوو، ماوەیەکی زۆرە پێشەکی باجەکانی پێ دەدان، بەوجۆرەش هەموو سەوداگەریەکانی یاسایین.
(دوسێل) درێلێکی ددان هەڵکۆڵینی بۆهات، من هەر لە ئێستاوە بێ پەروا بەدواداچوونی بۆ دەکەم.
(دۆسێل) بەهیچ جۆرێک پابەند نابێ بە رێنماییەکانی پەناگە. ئەو بەردەوام نامە بۆ ژنەکەی دەنووسێت، زۆر چالاکانە لەگەڵ زۆر کەسی تریش نامە دەگۆڕێتەوە و دەیانداتە (مارگۆت)، کە مامۆستای زمانی هۆڵەندی پەناگەیە، بۆ ئەوەی هەڵەبڕی بۆ بکات. باوکم بەتوندی ئەوەی لێ قەدەغەکرد، بۆیە (مارگۆت) چیتر هەڵەبڕی بۆناکات، بەڵام من پێموایە ئەو بەمزوانە تێهەڵدەچێتەوە و دەیانوسێتەوە.
سەرۆکی سەرجەمی ئەڵمانەکان لەپێش سەربازە بریندارەکان گوتاری پێشکەش کرد. گوێ لێگرتنی خەمهێنەر بوو. پرسیار و وەڵامەکان بەم جۆرە بوون:
من ناوم (هاینریش شێپلە)
لە کوێی بریندار بووی؟
لە ستالینگراد.
بەچی بریندار بوویت؟
هەردوو پێم لەبەفردا رچیان و قۆڵی لای چەپیشم شکاوە.
رادیۆکە کتومت وەکوخۆی شانۆی لەیستۆکەکانی بۆ پەخش دەکردین. پێدەچوو سەربازە بریندارەکان شانازی بە برینەکانیانەوە بکەن، جا هەرچەندە سەخت بێت، چاکترە! یەکێک لە سەربازەکان دەمی داچەقی و ورتەی لێوەنەهات، چونکە بۆی هەبوو تەوقە لەگەڵ سەرۆک بکات (ئەوەش ئەگەر دەستی پێوە مابێ).
سابوونە بۆندارەکەی (دوسێل)م لێکەوتەخوارێ و بەرپێم کەوت و پێخوستم کرد، هەمووی وردبوو. داوام لەباوکم کرد قەرەبووی بکاتەوە، چونکە ئەو مانگی تەنها یەک دانە سابوون وەردەگرێ.
ئانا-ی تۆ

پێنجشەممە، ٢٥/ ٣ /١٩٤٣
کیتی گیان!
دوێنێ ئێوارێ باوکم، دایکم، من و (مارگۆت) زۆر بە خۆشی پێکەوە دانیشتبووین. لەپڕ (پیتەر) خوی کرد بەژوورا و چپاندیە گوێی باوکمەوە. من شتێکی وام بە گوێداهات گوایە لە کۆگاکەدا بەرمیلێک بەربۆتەوە، «کەسێکیش لە بەر دەرگاکەی دیوی سەرشەقام بە دەنگەکەی داچەڵەکیوە»
(مارگۆت)یش تێگەیشت، بەڵام هەوڵیدا، تۆزێک ئارامم بکاتەوە، چونکە من پەشۆکام و شێوەی گەچ سپی هەلگەڕام. ئێمە هەرسێکمان چاوەنوار بووین، کاتێ باوکم و (پیتەر) چوونە خوارێ. دوو خولەکی پێنەچوو خاتوو (ڤان دان) لەرادیۆ بیستن هاتە سەرەوە و گوتی، (پیم) تکای لێکردووم رادیۆکە خامۆش بکەم و بەبێدەنگی بچمەوە سەرێ. بەڵام، کاتێ بتەوێ بێدەنگ بیت، قرچەی پەیژە کۆنەکان دوو هێندە بڵندتر دەنگیان دێ. پێنج خولەک پاش ئەوە (پیتەر) و (پیم) گەڕانەوە، تا نووکی کەپوو سپی هەڵگەڕابوون، باسیان لە پەشۆکانی خۆیان بۆ کردین.
ئەوان بەفیڕۆ لەخوارەوە لەسەر پەیژەکان دانیشتبوون و چاوەڕوانیان دەکرد. بەڵام کتوپڕ گوێیان لە دوو شڵپەی گەورە بووە، وەکوو ئەوەی دوو دەرگا بەدوای یەکتردا دابخرێن. (پیم) یەکسەر هاتە سەرێ، (پیتەر) پێشتر هۆشداری دایە (دوسێل) کە بە گاڵەگاڵ هاتۆتە سەرێ. ئێمەش هەر بە گۆرەوییەکەی پێمانەوە چوینە سەرێ بۆلای ماڵباتی (ڤان دان). بەڕێز (ڤان دان)ی سەرمابردگ لەجێگادا کەوتبوو، بۆیە ئێمە لەدەوری کۆببوینەوە و بە چپەچپ بۆچوونەکانمان دەگۆرییەوە. کاتێ بەڕێز (ڤان دان) دەکۆکی من و ژنەکەی لەترسا سڕدەبووین. ئەوەش بەردەوام بوو تا یەکێک لەئێمە بیرۆکەیەکی پرشنگداری بۆهات، ئەوەش کە دەرمانی کۆداین-ی بدەینێ. بەوەش یەکسەر کۆکەی نەما.
چاوەڕوانی و دووبارە چاوەڕوانی، بەڵام گوێمان لەهیچ نەبوو. ئێمە هەموومان چووینە ژێر باری ئەوەی کە دزەکان، پاش ئەوەی لە خانوویەکی وەها ئارام، کاتێ گوێیان لە ترپەی پێ بووە، هەڵهاتون. بەدبەختی ئێمە لەوەدابوو، لەخوارێ رادیۆکە هێشتا لەسەر پەخشی ئینگلیزی بوو و کورسییەکانیش لەدەوریا ریزکرابوون. جا ئەگەر دەرگاکەیان شکاندبا و چاودێرانی پاراستنی هێزی ئاسمانی ئەوەیان دیتبا و بە پۆلیسیان راگەیاندابایە، ئەوا گرفتێکی زۆر گەورەی بۆ دەخوڵقاندین. بەڕێز (ڤان دان) هەڵستا، پانتۆڵ و قەمسەڵەی لەبەرکرد و کڵاوێکی لەسەر نا و بە وریایی بەدوای باوکمەوە بە پەیژەکاندا چووە خوارێ، (پیتەر)یش بەدوایانەوە، ئەویش بۆ خۆ پاراستن، چەکوچێکی قورسی گرتەدەست. خانمەکانیش (بە من و مارگۆت-ەوە) بە بارگرژیەوە چاوەنواڕ بووین. پاش پێنج خولەک پیاوەکان هاتنەوە سەرێ و گوتیان لە ماڵەوە هەموو شتێک ئارامە. بڕیارماندا ئاو بەرنەدەینەوە و سیفۆنی تەوالێتەکەش رانەکێشین. بەلام نیگەرانی کارێکی وەهای کردە سەر سکی تێکڕای هاولانان، بەجۆرێک بوو دەبوایە دوابەدوای یەکتر بچینە سەرئاو، بێنە بەر چاوت، ئاخۆ چ بۆن و بەرامێکی وەرداوە.
کە رووداوێکی وەها پێشهات، ئەوا هەموو ئەگەرەکان پێکەوە رووت تێدەکەن. ئەمەی ئێستاش وەها بوو. یەکەمجار زەنگوڵەکەی تاوەری رۆژهەڵات لەلێدان کەوت، ئەوەی هەمیشە هەستێکی ئارامی پێ دەبەخشیم، پاشان ئێوارەی پێشتر بەرێز (ڤۆسکیول) زووتر رۆیشت و ئێمە نەمانزانی ئاخۆ کلیلەکانی داوەتە (بیپ) یا لەوانەیە بیری چووبێت دەرگاکە دابخات.
بەڵام ئێستا هیچ لە شتەکە ناگۆڕێت، چونکە جارێ ئێوارەیە و ئێمەش، سەرەڕای ئەوەی خۆمان تۆزێک ئارام کردۆتەوە، هێشتا زۆر دوودڵین، لەبەرئەوەی لە کاتژمێر هەشت و چارەکەوە، کاتێ دزەکە ئارامی ماڵەکەی لێ شێواندین، تاکوو دەونیوی شەو، گوێمان لە هیچی تر نەبوو. پاش لێکدانەوەیەکی زۆر ورد، ئەگەری ئەوەشمان لا نەمایەوە کە ئێوارانێکی وەها زوو، لەوانەیە خەڵکیش بەسەر شەقامەکەوە بن، دزێک دەرگامان لێبشکێنێت. جگە لەوەش یەکێکمان لە کەلکەلەی ئەوەدابوو گوایە سەرکاری کۆگاکەی دراوسێمان، کۆمپانیای (Keg) هێشتا لەسەر کارە و بەهۆی دیوارە تەنکەکەی نێوانمانەوە دەنگەکان هی ئەوێ بن و ئێمەیان هەڵەتە کردبێت و لە هەلومەرجێکی وەها ناسکیشدا پەشۆکان رۆڵێکی باش دەگێڕێ.
سەرئەنجام چووین بنووین، بەڵام خەو رووی تێنەکردین. باوکم، دایکم و بەڕێز (دوسێل) زووبەزوو بەخەبەر دەهاتن، منیش (ئەگەر تۆزێک زێدەڕۆیی نەکەم) دەتوانم بڵێم چاوم لێکنەنان. ئەمڕۆ بەیانی پیاوەکان چوونە خوارێ و دەرگاکەیان راکێشا بۆ ئەوەی بزانن داخراوە یان نا، هەموو شتێک لە جێگای خۆیدابوو!
بەسەرهاتەکان، کە لە هەڵگری نیگەرانی بەولاوە چیتر نەبوون، بێگومان بە دوورودرێژی بۆ تێکڕای کارمەندانی بیرۆ باسکران، ئەوان بزەیان پێدەهات، تەنها (بیپ) نەبێ کە بەهەند وەریگرتین.
ئانا-ی تۆ
تێبینی: ئەمڕۆ بەیانی ئاودەستەکە گیرابوو، باوکم هەموو ئەو کاغەزانەی شلکەکانی تێداهەڵگیرابون بەتێکڕایی (هەڵبەتە ئەو کاغەزانە ئێستا لەبری کلینکسی توالێت بەکاریان دەهێنین) لەگەڵ پیساییەکانی نێو توالێتەکە بە دارێکی درێژ پەستانە خوارێ. دارەکەش دەبوایە بسووتێنرێت.

شەممە، ٢٧/ ٣ /١٩٤٣
کیتی گیان!
کۆرسی فێربوونی ستێنۆگراف کۆتایی پێهات، ئێستا راهێنان لەسەر بەخێرایی نووسین دەکەین. ئەوەش دەبێتە هەوێنی زیرەکی بۆمان! دەمەوێ هەندێک باس لە وانەکانی <>کوشتنی رۆژگار>>ت بۆ بکەم (من بۆیە ئەو ناوەم لێناوە، چونکە هیچی ترمان نییە جگەلەوەی تا بکرێ رۆژەکە بەپەلە بەسەربەرین، سەبارەت بەوەی کاتی خۆشاردنەوەکەمان خێرا کۆتابێت): من زۆر خولیای میتۆلۆژی-م، لەهەموان زیاتریش خوداوەندەکانی یۆنان و رۆم. لێرە هەموویان بڕوایان وایە کە ئەو دۆخەی ئێمە پێدا تێدەپەڕین لادانێکی کورت گوزەرە و شتێکیان بەناوی تەمەنی هەرزەکاریی نەبیستووە کە خوداوەندەکان بەرز رایدەگرن. من ئێستا سەرمەشقی ئەوانم!
بەڕێز (ڤان دان) سەرمابردە بووە، چاکتر وایە بڵێی: قوڕگی هەندێک دەکڕێتەوە. بەهۆیەوە هەرایەکی گەورەی ناوەتەوە. چای گوڵەحاجیلە لەگەروو وەردان، مەرهەمکردنی بنی مەلاشوو، سینە چەورکردنی، لووت، ددان و زمان، سەرەڕای ئەوانەش هێشتا هەر ناقایلە!
(راوتەر) کە پایەبەرزیکی ئەڵمانە، گوتارێکی فەرمووە. «هەموو جووەکان دەبێ تاکوو ١/٧ شارەکانی ئەڵمانیان چۆڵ کردبێ. لە ١/٤ تا ١/٥ ناوچەی (ئوتریش)یان لێ پاکدەکرێتەوە (وەکوو ئەوەی ئەوان سیسرک بن!)، هەروەها لە ١/٥ تا ١/٦ ناوچەکانی باکوور و باشووری هۆڵەند. «مانەندی گاڕانێک کە پەتای تێکەوتبێ، دەستەوسان و بێچارە ئەو مرۆڤە هەژارانە، ئاژەڵ ئاسا، بەرەو جێگایەکی پیس و چەپەڵ بۆ سەربڕین راپێچ دەکرێن. لێمگەڕێ، چاکوایە بێدەنگ بم، بیرۆکەکانم تەنیا دەبنە هەوێن بۆ بینینی خەوی خراپ.
رووداوێکی نوێی بێهاوتا، بەشە ئەڵمانییەکەی فەرمانگەی کارکردن بەر گێرەشێوێنی کەوت و سووتێنرا. چەند رۆژێک پاش ئەو، فەرمانگەی کەسێتیی چووەپاڵ. چەند پێاوێک پۆشاکی پۆلیسی ئەڵمانیان پۆشیوە، بە بیانووی ئەوەی گوایە چەندین دۆکیومێنتی گرینگیان ونکردووە، چاودێرەکانیان دەم و قۆلبەست کردوون وگڕیان تێ بەرداوە.
ئانا-ی تۆ

پێنجشەممە، ١/٤/١٩٤٣
کیتی گیان!
لەراستیدا بەهیچ جۆرێک ئارەزووی گاڵتەوگەپ ناکەم، (تەماشای رێکەوتی ئەمڕۆ بکە). ئەمڕۆ دەتوانم کار بەو گوتەیە بکەم کە دەڵێ: «بەدبەختی ئاستەمە بەتەنیا رووت تێ بکات».
یەکەم: دوێنێ، بەڕێز (کلایمان)ی دڵخۆشکەرمان، گەدەی بەسەختی خوێنی دەردەدا و دەبێ لانیکەم سێ هەفتە لە جێگادا بمێنێتەوە. دەبێ بزانی کە ئەو پیاوە چەندین جار دووچاری خوێن بەربونی گەدە بووە، پێدەچێ ئەو گیایە هێشتا نەڕوابێت کە دەردەکەی تیمار بکات. دووەم: (بیپ) تووشی گریپ بووە. سێهەم: هەفتەی داهاتوو بەڕیز (ڤۆسکیول) دەکەوێتە نەخۆشخانەوە. واپێدەچێت ئەویش گەدەی زامداربێت و پێویستی بە نەشتەرگەری بێت. چوارم: هاتنی بەڕێوەبەرەکانە لە فرانکفۆرتەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر هاوردە و هەناردەی کۆمپانیای (ئۆپێکتا) بکەن. هەموو خاڵەکانی پەیوەست بەو گفتوگۆیە باوکم لەگەڵ (کلایمان) قسەی لەسەرکردوون، بەهۆی پەلەپڕوزێ نەپەرژانە ئەوەی زانیارییەکی ئەوتۆ بە بەڕێز (کوگلەر) بدن.
ئەو پیاوانەی فرانکفۆرت هاتن، لەگەڵ دەستپێکی گفتوگۆکانیان باوکم گوتی: «گەر توانیبام لەگەڵیان بم» «هەر ئێستا دەچوومە خوارێ!»
«جا ئەگەر وایە، گوێت لە سەر زەوییەکە هەڵخە! خۆ پیاوەکان لە بیرۆی تایبەت کۆدەبنەوە، ئەوسا گوێت لەهەموو شتێک دەبێت.»
باوکیشم روخساری بەو قسەیە گەشایەوە. دوێنێ (پیم) و (مارگۆت) لەسەر زەویەکە گوێیان بۆ هەڵخست (جووتێک گوێی لە یەک تاک باشتر گوێیان لێدەبێ). گفتوگۆکانیان تا پێش نیوەڕۆش بێ ئەوەی تەواو بن هەر بەردەوام بوون، پاش نیوەڕۆ باوکم پڕووکابوو و نەیتوانی بەردەوام بێ. لەبەر ناڕێکی دانیشتنەکەی پشتی کووڕببۆوە. بۆیە چوومە جێگاکەی، کاتێ لە کاتژمێر دوو و نیو لە راڕەوەکە گوێمان لە دەنگەدەنگ بوو. (مارگۆت)یشم هاتەپاڵ. گفتوگۆکانیان هێندە درێژدادڕ و ساردبوون، لەسەر ئەو زەوییە ساردوسڕەدا خەوم لێکەوت. مارگۆت، لەترسی ئەوی نەک لەخوارەوە گوێیان لێبێت، نەیوێرا بمجولێنێ. نەشدەکرا بانگم بکا. نیو کاژێریک نوستم، بەداچڵەکینەوە خەبەرم بۆوە، بەڵام ئەوکات قسە گرینگەکانم بیرچووبوونەوە. خۆشبەختانە (مارگۆت) لەمن هوشیارتر بوو.

هەینی، ٢/٤/١٩٤٣
کیتی گیان!
ئاخ، دیسانەوە تاوانێکی زۆر نەگریسم بۆ پەڕاوی تاوانەکانم زیاترکرد. دوینێ ئێوارێ لە جێگاکەمدا راکشابووم، چاوەڕوانی باوکم دەکرد بۆ ئەوەی پێکەوە نوێژ بکەین و شەوشادم لێبکات، دایکم هاتە ژوورەکەم و لەسەر جێگاکەم رۆنیشت، زۆر بە دڵاوایی پێی گوتم: «ئانا، باوکت جارێ نایەت. ئەی ناکرێ من و تۆ جارێک پێکەوە نوێژ بکەین؟»
منیش لە وەڵامدا گوتم «نەخێر، مانزا»
دایکم هەڵسایە سەرپێ، لەتەنیشت جێگاکەمەوە وەستا، بەکاوەخۆ بەرەو دەرگاکە هەنگاوی نا. لەپڕ ئاوڕی دایەوە و بە روخسارێکی گرژەوە گوتی: «من نامەوێ لێت دڵگران بم. ئەوە بە زۆرداری ناکرێ.» کە رۆیشت، چەند فرمێسکێک بەسەر کوڵمەیدا جۆگەڵەیان کردە خوارێ.
من بێ ئەوەی بجوڵێم، راکشام و یەکسەر پەشیمان بوومەوە لەوەی وا بەرەقی بەرپەرچم دایەوە. بەڵام دەشمزانی کە وەڵامێکی ترم پێنادرێتەوە. نەمدەتوانی کلکەسوتەی لەبەر بکەم و دژ بە خواستی خۆم نوێژی لەگەڵ بکەم، ئەوەم پێنەدەکرا. من تا بڵێی بەزەییم پێدەهات. یەکەمین جارە لەژیانمدا هەست دەکەم ئەو هەڵسوکەوتی ناجۆرم ئاوا بەهەند وەردەگرێ. من خەم و پەژارەم لە روخساریدا بەدیکرد، کاتێ گوتی، چاکتر وایە بەزۆرداری ئەوکارە نەکا. راستگۆیی ئەستەمە، بەڵام ئەوە ئەو راستیەیە کە منی لەئاستا رووبەڕوو کردەوە، ئەو بە تانە وتوانجە بەردەوامەکانی هەموو خۆشەویستییەکی لەروومدا کپ کردووە، بەهۆی گەپە رەق و وشکەکانی لەبارەی شتگەلێک کە من پییان پەست دەبم. چۆن من بە قسە رەقەکانی بەتەواوی گرژ دادێم، ئەویش دڵی بەوە گوشرا کاتێ درکی بەو راستییە کرد کە لەنێوانماندا خۆشەویستی نەماوە.
ئەو بەشی نیوەی شەوەکەی بەگریان بەسەربرد و بەشەکەی تری بەچاکی نەنووست. باوکم نیگام لێ هەڵدەبوێرێ، ئەگەریش بیکا ئەوە لە نیگایدا ئەم وشانە دەخوێنمەوە: «چۆن توانیت ئەوا بەدفەڕ بی، چۆن لەخۆت رابینی، دایکت بەو خەمەوە بگلێنی!»
هەموو چاوەڕوانی ئەوەم لێدەکەن داوای لێبوردن بکەم. بەڵام ئەوە شتێکە، من ناتوانم لێبوردنی بۆ بخوازم، چونکە من راستیم درکاندووە، زوو یا درەنگ دایکم هەر دەبێ پێی بزانێت. من دەردەکەوم و خۆم لە فرمێسکەکانی دایکم و نیگاکانی باوکم نەبان دەکم، چونکە ئەوان هەردوکیان یەکەمین جارە هەست بەو شتە دەکەن کە هەمیشە سەرنجی پەلکێش کردووم. لە هاوخەمی بەولاوە چیترم بۆ دایکم پێ نییە، ئەو دەبێ بەخوێدا بچێتەوە. منیش بەش بەحاڵی خۆم بێدەنگ دەبم و لەسەری بەردەوام دەبم و دەستبەرداری ئەو راستییە نابم، چونکە چەند زیاتر بخایەنێت، بەو ئەندازەیەش ئەستەمە بشاردرێتەوە. ئانا-ی تۆ

سێشەممە، ٢٧/ ٤ /١٩٤٣
کیتی گیان!
تێک هەڵچون هەڕشە لە سەراپای ماڵ دەکا. من و دایکم، (ڤان دان) و باوکم، دایکم و ژنەکەی (ڤان دان)، هەریەک تیروشیر لەویتر دەسوێ. بەڕاستی کەشوهەوایەکی لەبارە؟
پەڕاوی تاوانەکانی دیکەی (ئانا) هەڵدرایەوە وخرایە سەر مێزی لێکۆڵینەوە.
شەممەی رابردوو بەڕێزە بیانییەکان دووبارە بۆ سەردانێ هاتنەوە. تا کاتژمێری شەش مانەوە، ئێمەش هەموو لەسەرەوە دانیشتبووین، هیچ کەسێک لەخۆی رانەدیت جووڵەیەک بکا. کاتێ کەس لەماڵەوە نەبێ یا کەسێکی دراوسێکان لەسەرکار نەبێ، لە بیرۆی تایبەت مرۆڤ گوێی لەهەموو سرت و خورتێکی سەرەوە دەبێت. دانیشتن، هەمدیس، هەراسانی کردمەوە. دانیشتنی بێ جووڵە بۆ ماوەیەکی وەها دوورودرێژ، بەڕاستی، دڵخۆشکەر نییە.
بەڕێز (ڤۆکسیول) لەنەخۆشخانەیە، بەڕێز (کلایمان) گەڕاوەتەوە بۆ بیرۆ، خوین بەربوونی گەدەی وەستاوەتەوە و ئاسایی بۆتەوە. ئەو باسی ئەوەی کرد کە فەرمانگەی کەسێتی لەکاتی سوتانی ئەم دواییەیدا لەلایەن ئاگرکوژێنەرەکانەوە تێکەڵ و پێکەڵ کراوە، لەبری ئەوەی ئاگرەکە بکوژێننەوە، هەموویان لەئاودا نوقم کردووە. دیارە ئەوەش مایەی خۆشحاڵییە!
هوتێلی (کارلتۆن)، کە مۆڵگەی ئەفسەرەکان بوو، داڕوخێنرا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئینگلیز بە ژمارەیەکی زۆر بۆمبی سوتێنەر دایانباراند. ئەو سوچەی (ڤیزلشترات-سینگل) بەتەوای گڕی گرت.
هێرشە ئاسمانییەکانی سەر شارەکانی ئەڵمانیا رۆژ بەرۆژ بەهێزتر دەبن. شەوانە هەدادان نەماوە. لە بێداریدا ئەڵقەیەکی رەش لەژێر چاوەکانم کەوانەیان کردووە.
ژەمە خۆراکەکانمان تابڵێی کەساسە. بەیانیان نانی وشک و خواردنەوەیەکی بەناو قاوەیە. نیوەڕوان، ئەوە نزیکەی چواردە رۆژە ئەمانەن: سپێناخ یا کاهوو. پەتاتەیەکی زەبەلاح چواردە سانتیم درێژە، تامەکەی شیرین و گەنیوە. ئەوەی دەیەوێت لاوازبێت، با بێت و لە خانووەکەی پشتەوە بژی! ماڵباتەکەی سەرەوە چەپ و راست هەر گلەیی دەکەن، بەڵام ئێمە ئاساییە بەلامانەوە.
هەموو ئەو پیاوانەی ساڵی ١٩٤٠ لەشەڕدا بوون یا سەرباز بوونە، هەمدیس بانگ کراونەتەوە، بۆ ئەوەی لە سەرپرشتی و راپەڕاندنی کاری دیلەکان، بۆ جەنابی سەرۆک، بکەن. هەڵبەتە ئەوە هەنگاوی ناکاوە و ئامادەباشیە بۆ ئەگەری دەسپێکی هێرشەکان بۆ سەریان.
ئانا-ی تۆ

شەممە، ١/٥/١٩٤٣
کیتی گیان!
رۆژی لەدایکبوونی (دوسێل) بوو. پێشتر وای نواند کە بێ ئاگایە، بەڵام کاتێ (میپ)، بە تەلیسێکی پڕ لە پاکەت ئاخنراو، پەیدابوو، ئەو وەکوو مناڵێکی بچووک شڵەژا. دڵبەرەکەی شتی بۆناردبوو وبریتی بوون لە: هێلکە، کەرە، کێک، ئاوی لیمۆ، نان، کۆنیاک، کێکی سەوزە، گوڵ، پڕتەقاڵ، شۆکۆلاتە، کتێب و کاغەزی نامەنوسین. مێزی لەدایکبوونەکەی سازکرد و تا سێ رۆژ نیشانی داین، ئای لەو پیرە گەوجەیە!
تۆ نابێ بڕوا بەوە بکەی کە ئەو برسی دەبێ. ئێمە لە دۆڵابەکەیدا نان، پەنیر، مڕەبا و هێلکەمان دۆزییەوە. ئەوە لە ئابڕووتکان هەروەترە، چونکە ئێمە لێرە بەدڵێکی فراوان، بۆ ئەوەی لە مردن رزگاری بکەین، وەرمان گرت، بەڵام ئەو بەدزی ئێمەوە سکی خۆی تێردەکا و بەشدارمان ناکا. خۆ ئێمە هەموو شتەکانمان لەگەڵی دابەشکردوە! لەوەش خراپتر بەلامانەوە ئەوەیە کە لەگەڵ (کلایمان)، (ڤۆکسیوڵ) و (بیپ)یش زۆر رژدە و هیچیان ناداتێ. پڕتەقاڵەکان کە بۆ نەخۆشییەکەی (کلایمان) زۆر پێوستن، (دوسێل) تەنها بۆ گەدەی خۆی بە تەندروست وڕەوای دەزانێ.
ئەمشەو لەدەرێ هێندەی گرماند و زرماند، دەبوایە چوارجار هەموو شتەکانم کۆبکەمەوە. ئەمڕۆ جانتایەکم، لە پێداویستییە گرینگەکانم بۆ کاتی هەڵهاتن، پڕ ئاخنی. بەڵام دایکم راست و رەوان پێی گوتم: «جا بۆ کوێی هەڵدێی؟»
سەرجەمی هۆڵەندا سزا دەدرێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران مانیان گرتووە. بەوهۆیەوەش باری ناکامی هاتە راگەیاندن، بەشە کەرەی هەر یەک لەئێمە کەمتر کرا. هێندە کەم بە ئەندازەی ئەوەی مرۆڤ بۆ سزادانی مناڵ بەکاری دێنێ!
ئەم ئێوارەیە سەروقژی دایکمم شۆری. دیارە ئەوەش لەم رۆژەدا کارێکی ئاسان نییە. ئێمە دەبێ بە سابوونێکی سەوزی لینجاوی خۆمان خاوێن بکەینەوە، چونکە شامپۆ قاتە، جگەلەوەی کە مرۆڤ ناتوانێ قژی بەچاکی داهێنێ، چونکە شانەکەمان تەنها دە ددانی پێوە ماوە.
ئانا-ی تۆ

یەکشەممە، ٢/٥/١٩٤٣
جاروبار کە بیر لە ژیانی ئێرەی خۆمان دەکەمەوە، دەگەمە ئەوەی کە ئێمە لەبەهەشت دەژین بە بەراوورد بە جولەکەکانی تر، ئەوانەی خۆیان نەشاردۆتەوە. بەڵام دواتر، کاتێ هەموو شتەکان ئاسایی دەبنەوە، سەیرم پێدێ کە لەماڵەوە هەموو شتێکمان بێ کەموکوڕی هەبوو و خۆمان بەو جۆرە وون کرد، بەڵێ دەتوانێ بڵێی خۆ وونکردن، کارێکی ژیرانەیە.
لەوەتەی لێرەین تەنها یەک دانە مشەما-مان بۆ پۆشینی مێزەکە هەبووە، ئەویش هێندە بەکارهاتووە، پاک وخاوێنی پێوە دیارنیە. هەڵبەتە من زۆرجار دەیسڕمەوە، ئەوەش بە دەسماڵێک، هێنده‌ی کون تێکەوتووە بە دەسماڵ ناچێ، ئەویش هی ئەو دەمەی پێش خۆشارنەوەکەمانە -زۆر دەمێکە هەیە- کاتی خۆی نوێی بوو، ئینجا خۆ زۆر سڕینەوەی مێز وڵات بونیاد نانا. ماڵباتی (ڤان دان) هەموو زستانەکە بە یەک پۆشاکی فانیلەیی نووستن، ئەویش ناشوورێ چونکە پۆدری جلشۆری چاک کە مارکەی هەبێ زۆر کەمە ئەگەریش چنک کەوێ ئەوا زۆر خراپە. باوکم بە پانتۆڵێکی هەڵوەشاوە دەسوڕێتەوە، کەرەواتەکەشی سواوە. کۆرسێتەکەی دایکم لەبەر کۆنی ئەمڕۆ لەبەریەک هەلوەشا و چیتر بەرگەی پینە ناگرێ، (مارگۆت) بە سینە هەڵگریکی دوو نمرە بچووکتر دەسوڕێتەوە. دایکم و (مارگۆت) هەموو زستانەکەیان بە سێ دانە کراس بەسەربرد، هێندە بچووکن، وەک دەڵێن، ناگەنە ئەوەی سکیان داپۆشێ. ئەمانە شتگەلێکن، مرۆڤ دەتوانێ چاوپۆشیان لێبکات، سەرەڕای ئەوەش من جاروبار بەداچڵەکاوی لێکی دەدەمەوە: ئاخۆ ئێمە چۆن دەتوانین، لە پۆشاکی ژێرەوەڕا بگرە تا دەگاتە فڵچەی تراشەکەی باوکم، هەموویان سواون، دواتر، چۆن وەکوو دۆخی جارانی پێش جەنگیان لێ دێتەوە؟

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ژمارەیەکی نوێی (شیعر) چاپ و بڵاوکرایەوە

لەدووتووێی چەندین لاپەڕەدا ژمارە 8ی‌ بڵاوكراوەی‌ (شیعر) وەكو بڵاوكراوەیەكی بەردەوامی ...