سەرەکی » زانست » شەڕی ئاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

شەڕی ئاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

(بەشى دووەم)
« هەرێمى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، جگە لەوەى گیرۆدەى کۆمەڵێک پرس و کێشەى سیاسى و ئابووری و کۆمەڵایەتیە،بەدەست کێشەى کەمى ئاو و کێشەى ئاو بۆتەوە، کە بەشێوەیەکە ئایندەیەکى دژوار چاوەڕێى دەکات. بە تایبەت لەو ووڵاتانەى، کە خاوەن سەرچاوەیەکى سروشتى ئاو نین و ئاوى ژێرزەمینیان کەمە».
لەگەنەی ڕوباری ئوردن
ڕوباری ئوردن کە درێژیەکەی ٢٥١ کم دەبێت و تەنها سەرچاوەی ئاوی سەر زەویە کە بە پێنج وڵاتدا تێدەپەڕێ، ئەوانیش وڵاتانی لوبنان و ئیسرائیل و فەڵستین و ئوردن و سوریان.
ڕوباری ئوردن لە خوارووی جیاکانی شێخ ( حرمون ) ەوە هەڵدەقوڵێ و لە دەرئەنجامی توانەوەی بەفری ئەم بەرزاییانە و خوڕە و تەوژمی بەهەژمونی ئاوەکەی ناوی (ئوردنی ) لێ نراوە، ئەم ڕوبارە بە یەکگرتنەوەی ڕوباری بانیاس ( ١٦٠ ملیۆن مەتر سێجا ) کە لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە لە سوریاوە هەڵدەقوڵێ، لەگەڵ ڕوباری الدان ( ٢٥٥ مەتر سێجا ) و ڕوباری حاسبانی (١٦٠ مەتر سێجا ) کە لە قەدپاڵەکانی ڕۆژئاوای چیای حەرمونەوە لە لوبنانەوە هەڵدەقوڵێن، وەکو ڕوبارێکی سەرەکی بەخوڕ بەردەوام دەبێ و بەرەو دەریاچەی الحولە ڕیچکە دەگرێ و پاشان بەرەو دەریاچەی تەبەریە دەڕوات و بەشێکی زۆری ئاوەکەی بەرەو خوار لەگەڵ خۆی دەبات.
دەریاچەی تەبەریە نزیکەی ١٧٠کم٢ یە و قەبارەی ئاوەکەی لە بەرزترین ئاستیدا دەگاتە نزیکەی ٤،٣٠ ملیار م٣ و دەکەوێتە بەرزی ٢٠٨ م لە ئاستی رووی دەریا، وە لە نزمترین ئاستیدا دەگاتە نزیکەی ٣،٦٠ ملیار م٣ ودەکەویتە بەرزی ٢١٣ م لە ئاستی ڕووی دەریا.
ڕوباری یەرموك کە گرنگترین لقی ڕوباری ئوردنە، درێژیەکەی ٥٧ کم و ٤٧ کم دەکەوێتە سوریاوە و بەشێکی سنووری نیوان سوریا و ئوردن پێكدەهێنێ و پاشان بەرەو ئیسرائیل دەڕوات و دەڕژێتە ڕوباری ئوردنەوە و ئەویش دەڕژێتە دەریای مردووەوە.
دەتوانرێ دۆڵی ڕوباری ئوردن دابەشی سێ ناوچە بکرێ، یەکەم ئوردنی سەروو، کە لە هەڵقوڵانیەوە دەست پێ دەکات تا شیوی حۆلە، دووەمیان ئوردنی ناوەند، کە ناوچەی دەریاچەی تەبەریە دەگرێتەوە، سێیەمیان ئوردنی خواروو کە روباری یەرموکی تێدا دەڕژێ تا دەگاتە دەریای مردوو درێژ دەبێتەوە.
بەکاربردنی ئاو لە جیهاندا لەم پەنجا شەست ساڵەی دواییەدا چەندبار زیاتر بووە لە چاو زۆربوونی دانیشتوانەکەی، دیارە بۆ هاتنەکایەوە و باڵاکردنی ئەم دیاردەیە کۆمەڵێ فاکتەری جۆراوجۆر هەن وەکو ناهەمواری دابەشبوونی ئاو لەسەر گۆی زەوی و بەفیڕۆدانی و پیسبوونی ئاو، بەڵام لە هەمان کاتدا گۆڕانی کەش و کەمی باران و بەفربارین و گەرمبوونەوەی گۆی زەویش ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری دەبێ، زۆر جار هەڵوێستی سیاسی و جیۆپۆلیتیك و بوونی هێزیش لەو ناوچانە کەم یا زۆر کاریگەری هەبووە لە سەرهەڵدان و گەشەسەندنی گرفتەکان و لە نائارامی ناسەقامگیری ئاسایشی ناوچەکان.
زیاتر چڕبوونەوە لەم بابەتە و خستنەبەردەستی هۆکار و دەرئەنجام و دوائەنجامی ئەو گرفتانەی ئەمڕۆ لە جیهاندا پێشڕەوی دەکەن، ئەوە دەسەلمێنن کەئاو بووەتە چەقی کێشەکان، تشك خستنەسەر ناوچەی لەگەنەی ڕوباری ئوردن کەمی ئاو لەو ناوچەیە و دەرخستنی ڕۆڵی داد و داگا نێودەوڵەتیەکانە دەرهەق بەو کێشە و تەنگژە درێژخایەنانەی دونیایە، هەر لە ئەزەلیشەەوە، ئاو مەرجی سەرەکی پەرەسەندن و گەشەسندنی شارستانی و جوڵەی ئابووری و بوژانەوە و ئاوەدانی بووە، وەکو لە میزۆپۆتانیا یا دۆڵی ڕافیدەین بۆ نمونە ڕۆڵی گێرا، نەبوونیشی بووەتە هۆی چۆڵکردن و پوکانەوەی شارستانی و بوونە بیابان و نەبوونی هیچ مەرجێکی ژیان تیایدا، ئەوەش لە زۆربەی ناوچە بێ ئاوەکان دەبینرێ کە چڕی دانیشتوانی کەم و پێداویستیە سەرەتایەکانی تێدا بەرجەستە نابێت.

کێشەی ئـــاو لە نێوان فەڵستین و ئیسرائیل :
ئاسایشی ئاو ئاوسایشی خۆراك دابین دەکات، بە هەردوکیانەوەش ئاسایشی نیشتیمان دابین دەکەن، بۆیە ئیسرائیل هەر زوو ویستی جڵەوی ئاو بگرێتە دەست، لە ساڵی ١٩٦٤ پرۆژەی «National Water Carrier» تەواو کرا، ئەم پرۆژەیە بریتی بوو لە دامەزراندنی سیستەمی کەناڵ و ئاوەڕۆیەك بۆ گوازتنەوەی ئاو لە ناوچەی بەرزاییەکانی باکورەوە کە سەرجاوەی پێکهێنانی لقەکانی ڕوباری ئوردنن ، بەرەو بیابان و وشکاییەکەی خواروو لە نێگێف، بەو شێوەیە ساڵانە ٣٢٠ ملیۆن م٣ ئاوی لە دەریاچەی تەبەریەوە بەرەو نێجێف گوازتەوە، کاتێ سوریا و ئوردن و لوبنانیش ویستیان پرۆژەی گلدانەوەی ئاو لەسەر ڕوبار و سەرچاوەکانی ئاو دروست بکەن، لەگەڵ ئیسرائیل تووشی کێشە دەبوون، ئەوە بوو، لە نێوان ساڵی ١٩٦٥ -١٩٦٧ دا ئیسرائیل بۆ دابینکردنی ئاوی خۆی، بناغەی هەموو ئەو پرۆژانەی وێران و تەخت کرد، کە لە ئوردن و سوریا بۆ پرۆژەی ئاو دیاری کرابوون.
لە هێرشە شەش ڕۆژیەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی جۆلان لە ساڵی ١٩٦٧ دا، تەنها مەبەست بۆ داگیرکردنی سەرچاوەکانی ئاو بوو لەو ناوچەیەدا، لەوکاتەوە ئیسرائیل سیستەمی ئاو و سیاسەتی ئاوی گۆڕی، بەجۆرێك چووە ژێر ڕکێفی سەربازیەوە، پاش ئەو شەڕە ٥٧% ی سەرچاوەکانی ئاوی بریتین لەو سەرچاوانەی دەکەونە دەرەوەی سنووری پێش ١٩٦٧ دا، لە پاش داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلان لە سوریا، توانی دەریاچەی تەبەریا و کەناری ڕۆژهەڵاتی ڕوباری ئوردن و سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی لەوێ داگیر بکات.
پاش ئەم داگیرکردنە سێ بڕیاری سەربازی لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ کاروباری سەرچاوەکانی ئاو و لەلایەن دامودەزگای سوپاوە دەرچوو ئەوانیش :
لە ١٥/٨/١٩٦٧ دا هەموو ئاوی بەرزاییەکانی جۆلان کەوتە ژێر دەسەڵاتی سەربازی ئیسرائیلەوە
لە ١٩/١١/١٩٦٧ وە هیچ کارێك بە بێ بوونی مۆڵەت ناکرێ، بە بێ فۆڕمی ڕەزامەندی لە هێزی سەربازی ئیسرائیلەوە جێجەجێ ناکرێت
لە ١٩/١٢/ ١٩٦٨ وە هەموو بڕیارەکانی پێشوو لەبارەی سەرچاوەکانی ئاوەوە ڕەت کرانەوە و خرانە ژێر دەسەڵاتی سوپا و سەربازی ئیسڕائیلەوە.
لەو کاتە بەدواوە داواکردنی مۆڵەت بۆ دەسکاری هەر سەرچاوەیەکی ئاو بووە کارێکی ئاسایی و بەبێ مۆڵەت هیچ گۆڕانکاریەك لە سیستەم و ئاوەڕۆی ئاو ناکرێ، واتە ئەگەر فەلەستینەکان ئاوەڕۆیەك چاك بکەن یا ئەگەر بیر لێدەن ، یا سەرچاوەی کانیەك دەسکاری بکەن، ئەگەر عەمبارێك دانێن بۆ ئاو ، لولەی ئاو بگۆڕن، چاککردنی لولەیەك، بیرێك قوڵتر لێدەن، هەمووی پێویستی بە مۆڵەت و ڕەزامەندی سەربازی هەیە و ئەگەر نەبێ واتە ناشەرعیە، واتە دەسەڵاتی سەربازی فەرمان دەدا و فەرمان دەکا، ئەگەر ڕەزامەندیت نەبێ ئەوە بەپێی یاسای ئیسرائیلی سزا دەدرێ، دەستکەوتنی ئەو ڕەزامەندیەش زۆر سەختە و بە دەگمەن وەردەگیرێ.

*هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ توێژینه‌وه‌یه‌كی بێ وێنه‌ زاناكان خۆیان ده‌كه‌نه‌ سه‌هۆڵ

جه‌مسه‌ری باكوور بۆ توێژینه‌وه‌یه‌كی بێ وێنه‌ زاناكان خۆیان ده‌كه‌نه‌ سه‌هۆڵ ...