سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » گورگێك له‌ فنجانه‌كه‌مدایه‌!

گورگێك له‌ فنجانه‌كه‌مدایه‌!

کەژاڵ ئەحمەد

قاوه‌مان خوارده‌وه‌،
دوو رێبوار و دوو خه‌ونی جیاواز بووین
له‌سه‌ر مێزێك كۆبووینه‌وه‌
هه‌ر سه‌یری یه‌كترمان ده‌كرد.

گورگێك له‌ فنجانه‌كه‌مدایه‌!
خانمه‌كه‌ی هاوڕێم وا ده‌ڵێت.
وه‌ك كتێب فاڵم بۆ ده‌گرێته‌وه‌
عه‌ینه‌كه‌كه‌ی لاده‌بات و دایده‌نێت.
لووته‌وانه‌ بچكۆلانه‌ هاوچه‌رخه‌كه‌ی
وه‌ك ئه‌ستێره‌یه‌كی زۆر دوور
جار و بار ده‌بریسكێته‌وه‌.
ده‌مترسێنیت؟!
ده‌ستم خستبووه‌ سه‌ر دڵم كه‌ وام وت.
كه‌چی ئه‌و سه‌یرم ناكات و ئاینده‌م
ده‌خوێنێته‌وه‌.
گورگێك له‌ بنی فنجانه‌كه‌مدا
لووره‌ی هه‌تا
لای نه‌خشی سووراوه‌ سووره‌كه‌م
له‌سه‌ر لێواری شووشه‌كه‌ هاتووه‌.
چ ره‌شییه‌كی جه‌نجاڵن، ئه‌و وێنه‌ سه‌یرانه‌ی
نیگاركێشێكی جیهانیی
كه‌ ناوی قاوه‌یه‌ دروستی كردوون؟!
لێم مه‌پرسه‌ چی بووه‌؟

فاڵگره‌وه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ هه‌نده‌ران،
ئازیزانم له‌ ده‌ستچوون
جارێكی تر…
شه‌و دره‌نگ نه‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌!
بۆ هیچ بۆنه‌یه‌كیش سووراوی
وا سوور و دڵخۆشم نه‌كرد!
مه‌یلم نه‌ما بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌!!
گورگێك له‌ فنجانه‌كه‌مدا بوو
ئاگرێك له‌ دڵمدا
نیشتمانیشم كاڵتر و دوورتر بوو له‌ ئه‌وسا!!!

چۆله‌كه‌ی هه‌ستم پێم ده‌ڵێت:
خراپییه‌ك
به‌ڕێوه‌یه‌، بۆ ئێره‌ بێت
ره‌شییه‌ك وا داده‌چۆڕێت…
تاڵییه‌ك گازێكی توندی
له‌ زاری شیعر گرتووه‌!
گورگێك له‌ فنجانه‌كه‌مدایه‌ و
ره‌قیبێك ئه‌ی ره‌قیبی دڵداری كوشتووه‌!!
خراپییه‌ك به‌ڕێوه‌یه‌
گورگێك له‌ كوچه‌ و كۆڵان و
له‌باخی گشتییه‌.
سبه‌ی دێته‌
نێو گه‌رمیی پێخه‌فه‌كانمان و
نێو ساردیی هه‌ناسه‌دانمان،
سیزواڵێكی به‌ دره‌ختی
ئومێده‌وه‌ نه‌هێشتووه‌!
دێته‌ نێو گۆڕستانه‌كان و
به‌ لووره‌ ده‌ڵێت به‌ ته‌نیا
مردوووتان زیندووه‌!!!
گورگێك له‌ فنجانی فاڵی
وڵاته‌كه‌مدا ده‌رچووه‌
نه‌ شه‌ره‌فخانی به‌تلیسی
ئاماژه‌ی پێداوه‌
نه‌ مه‌ستووره‌ له‌ كتێبی
مێژووی رووخانی ئیماره‌ته‌كه‌یدا
وه‌ك په‌ندێك باسیكردووه‌.
نه‌ شێخ مه‌حمود
به‌ چمكی ده‌سماڵێك ده‌ستی
بۆ بردووه‌!
گورگێك له‌ نێو ئێستاماندا بێ ئۆقره‌یه‌ و
به‌داخه‌وه‌
گورگێك له‌ فنجانی به‌ختی
ئه‌و خه‌ڵكه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌.
هه‌روه‌ها له‌ فنجانی به‌ختی
منیشدا

2019 سلێمانی

٭ سیزواڵ: زه‌ڕنه‌قووته‌
٭ ئیماره‌ته‌ رووخاوه‌كه‌ی مه‌ستووره‌: مه‌به‌ست له‌ ئیماره‌تی ئه‌رده‌ڵانه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دواین ئه‌فسانه‌ی دونیا

فاروق هومه‌ر رۆژێك لای هاوڕێیه‌كم ئاره‌زوویه‌كی دێرینی خۆمم دركاند، ئه‌و ...