سەرەکی » وتار » تەنها كۆنگــــرە دەتوانێ ناوماڵی..

تەنها كۆنگــــرە دەتوانێ ناوماڵی..

تەنها كۆنگــــرە دەتوانێ ناوماڵی یەكێتی رێكبخاتەوە

محەمەد شێخ عەبدولكەریم سۆڵەی

پیرۆت: ئارام تۆ ئاگاداری ئەوە چەند ساڵە لە سەدا سەدی كادیرانی یەكێتی بە بەردەوامی داوای بەستنی كۆنگرە دەكەن؟ بەڵام سەركردایەتی گوێیان لێ خەواندووە‌و سەرەڕای تەئكیدكردنەوەی ئەوانیش بە قسە، بەڵام بەكردەوە هیچ هەنگاوێك نەنراوە؟ سەیرە من لەو بێ باكییەیان سەرم سوڕماوە.
ئارام: پیرۆتی برام، هەفتەی پێشووش لە ساڵیادی یەكێتیدا پەیامێكمان بەگوێدا دان و ئەوەی ئێستا وتت زۆر راستە، دەزانیت سەركردایەتی بۆچی بە عەمەلی خۆیان ناكەن بە خاوەنی؟ چونكە بەشێكیان كە ناوی كۆنگرە دەبیستن لەرزیان لێدێت. لەبەرئەوەی سوور دەزانن دەرناچنەوە، بۆیە خوازیارن تەمەنی ئەم سەركردایەتییە درێژ و درێژتر ببێتەوە.
پیرۆت: ئارام گیان، دەی سا رەوایە لەبەر مانەوەی ئەو بەشە سەركردانە ئەم یەكێتییە تەمەن (44) ساڵە بكەینە قوربانی مێز و كورسی و ئیمتیازاتی ئەوان؟ من (یەكێتی)م بەلاوە گرنگە نەك ئەو سەركردایەتییانەی مانگێك لە پۆستە حزبیەكەیاندا نەمان، بەهەموو بازاڕ و شەقامەكاندا بسووڕێنەوە، كەسێك مەرحەبایان ناكات. برا یەكێتی حزبێكی خاوەن پێگەیەكی زۆر گەورەو فراوانی ناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، مێژوویەكی پڕ سەروەریی و قوربانیدان و سیاسی و پێشمەرگایەتیی هەیە. حزبێكە دوای هەرەس هەرەسی بە هەرەس هێناوە. بە سەدان رۆڵەی تێكۆشەری لە سەنگەرەكانی بەرگریدا شەهیدبوون و سەدان خەباتكاری لە زینداندا سەربەرزانە كۆڵیان بە فاشیستەكان داو بە پەتی سێدارەوە سروودی كەم ژیان و كەڵ ژیانیان چڕیووەو تفیان لە رژێمی بەعس و داگیركەرانی كوردستان كردووە. ئیتر چۆن دەبێت بەم پەرتەوازەیی و بێ سەروبەرییە ئەم هێزە بكرێتە ئاردی ناو دڕك لەبەر ترسی چەند كەسێك لە كۆنگرە ساڵ بە ساڵ دوابخرێت.
لێت ناشارمەوە ئەگەر بە زوویی كۆنگرە نەبەسترێت ئەم بێ حاڵییەی ناو سەركردایەتی و یەكێتی چارەسەر نەكرێت، دواڕۆژێكی تاریك لە پێشمانەوەیە.
ئارام: برای ئازیزم، كێشەی یەكێتی گوێ نەگرتنی بەشێك لە سەركردایەتییەكەیەتی. كە بەشێكیان نەبێت، رۆژنامەكەی كە زمانحاڵی حزبەكەیانە بشچێتە سەر مێزەكانیان، دوو ستوونی لێ ناخوێننەوە. ئەمەش بۆیە دەڵێم، چونكە كوردستانی نوێ رۆژانە بەبەردوامی چەندین بابەت لە بارەی كۆنگرەوە بڵاودەكاتەوە، ئەگەر لە هەفتەیەكدا دوو پەیامی پەرۆشانی یەكێتیان بخوێنداتەوە، ئەوا لە كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیدا یەكەم باسیان باسی بەستنی كۆنگرە دەبوو، یان رۆژانە و شەوانە لێرە و لەوێ سەر بەیەكدا دەكەن و كۆدەبنەوە بۆ رێكەوتن لە نێوانی خۆیاندا بۆئەوەی ئەگەر كۆنگرە بەسترا، بۆ هەڵبژاردنەوەیان ئاگایان لەیەكتریی بێت. ئیتر نازانم بۆ پێداگریی لەسەر بەستنی كۆنگرە ناكەنەوە؟
پیرۆت: ئارام گیان، ئەی تۆ ئاگات لێ نییە هەندێك لەو سەركردایەتییانە لە هەوڵی ئەوەدان كە لەكۆنگرەدا سەركردایەتییە كۆنەكە هەڵبژێردرێتەوەو بۆ ناو كاری دیوارەكە چەند كەسێكی تریش تێكەڵكێش بكرێت؟ زۆرێك رایان وایە كە دەبێت لە كۆنگرەدا رێكەوتن بكرێت و بەپێی رێكەوتنەكە هەر باڵە كەسەكانی سەربە خۆیان بخەنە ناو لیستی هەڵبژاردنی سەركردایەتییەوە.
ئارام: كاكە ئەگەر ئەوەش راست بێت، هەر دەبێت كۆنگرە ببەسترێت. بەلای منەوە تەنها چارەسەر بۆ رێكخستنەوەی ناو ماڵی یەكێتی، بەستنی كۆنگرەیە. هەرچەند رەنگە زۆر قورس و مەترسیدار بێت، چونكە ئێستا زۆر زەحمەتە بزانین كێ بڕیاربەدەستی یەكەمە لەڕووی عەمەلییەوە.
بەشێك لە بەرپرسەكانی ئەم حزبەمان وایلێهاتووە ئەوەندەی سەرقاڵی كۆمپانیاكانیاو بازرگانین، نەك لە خەمی حزبەكەو كۆنگرەدا نین، بگرە وای لێهاتووە كە رێگریش بن لە بەستنی كۆنگرە. تا لە كۆنگرەدا دۆسێی بازرگانییەكانیان هەڵنەدرێتەوە.
پیرۆت.. كەواتە تەنها و تەنها چارەسەر بۆ رێكخستنەوەی ناو ماڵی یەكێتی و كردنەوەی بە یەكێتیەكەی جاران، بەستنی كۆنگرەیە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەڵوێست

عەزیز شەمۆ ئیلیاس چیایێ سەربەرزێ شنگالێ، پشت و پەنا ئێزدیاتیێ، ...