سەرەکی » راپۆرت » سعودیە: جگە لە ئێران هەمووان..

سعودیە: جگە لە ئێران هەمووان..

سعودیە: جگە لە ئێران هەمووان خۆیان لە جەنگ لادەدەن

رەوتەكان-

وەزیری دەرەوەی سعودیە دەڵێت، ئێران لە پشت هێرشەكەی ئەم دواییەی ناوچەكەیە، و بە بۆچوونی ئەو، هەموان خۆیان لە جەنگ لادەدەن، جگە لە ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش هێرشەكەی كەنداوی عوممان بە مایەی نیگەرانی دادەنێت و پێیوایە هەوڵەكە دەستی شاردراوەی لە پشتەوەیە.
عادل جوبێر، وەزیری دەرەوەی سعودیە بە تۆڕی (CNN)ی ئەمریكایی ڕاگەیاندووە»پێموایە هەموان دەیانەوێت خۆیان لە جەنگ لابدەن جگە لە ئێران، ئەوان دەیانەوێت دیپلۆماسی و سزاكان بەكاربهێنن، تا ئێران ناچار بكەن كاریی دروست بكات و بۆ ئێرانی ڕونبكەنەوە كە هەڵسوكەوتەكانی قبوڵ ناكرێن».
سەبارەت بە هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش كە ئێرانی بە هێرشی سەر كەشتییە نەوتییەكانی كەنداوی عوممان تۆمەتبار كردبوو، جوبێر دەڵێت»هیچ ناكۆكی و جیاوازییەكیان لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نییە و لەگەڵیدا كۆكن، ئێران مێژوویەكی هەیە لەو دەستدرێژیانە، چونكە بینیان كە پەلاماری كەشتییە نەوتهەڵگرەكانیدا و لەڕێی حوسییەكانەوە بە موشەك بۆردومانی شانشینی عەرەبی سعودیەی كرد و هێرشی كردە سەر بۆرییە نەوتییەكان لە سعودیە، بینییان كە موشەكی بالیستی ڕادەستی حوسییەكان كرد و تائێستاش 225 موشەك لەو موشەكانە بەرەو شارەكانی سعودیە هەڵدراون».
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی سعودیە»چەندان جار دووپاتیان كردۆتەوە كە ئێرانی ئەتۆمی مایەی قبوڵ نییە، چونكە دەبێتە مەترسی بۆسەر ناوچەكە و جیهان و شانشینی عەرەبی سعودیە، بۆیە بە هەموو توانایەكەوە هەوڵ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان دەدەن، وەك پێشتریش باسیان كردووە، دوو لایەن هەیە كە سازشی لەسەر ناكەن، یەكەم بڕوا و دووەم ئاسایشی وڵاتەكەیان، هەموو ڕێڕەوێك بۆ پاراستنی دەوڵەت و گەلەكەیان دەگرنەبەر».
سەبارەت بە هەوڵەكانی سعودیەش بۆ دەستەبەركردنی چەكی ئەتۆمی، جوبێر پێیوایە»هەموو ڕێڕەوێك بۆ پاراستنی دەوڵەتەكەیان دەگرنەبەر، گەر ئێران توانای ئەتۆی دەستەبەر بكات، ئەوا شانشینی عەرەبی سعودیەش بە هەمان شێوەی ئەو وڵاتانەی كار بۆ بەدەستهێنانی ئەو تاوانایە دەكەن، ئەوانیش هەوڵ بۆ دەستبەركردنی دەدەن».

پۆمپیۆ ئێران تۆمەتبار دەكات
پێشتر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەرپرسیارێتی هێرشەكەی 13ی حوزەیرانی سەر دوو كەشتییەكەی دەریای عوممانی خستە ئەستۆی كۆماری ئیسلامی ئێران.
مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەناوان رایگەیاندبوو، بەرپرسیارییەتی هێرشكردنە سەر دوو كەشتییەكەی نەوتی دەریای عوممان لە ئەستۆی كۆماری ئیسلامی ئێران، چونكە تائێستا ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر جوڵەی دەریاوانی لە ناوچەكە.
بە بۆچوونی پۆمپیۆ» ئێران كار دەكات بۆ راگرتنی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێی گەرووی هورمزەوە».
سەر لەبەیانی 13/6/2019 لە كەنداوی عوممان دوو كەشتی نەوتهەڵگر هێرشیان كرایەسەر. بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵیش، دەستەی دەریایی بەریتانیا زانیاریی پێشوەختی لەسەر روودانی هێرشەكەوە هەبووە.

هەڵوێستی ئێران
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئێران بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی نۆكەندی گەرووی هورمز، ئاماژە بە بوونی دەستە شاردراوەكان دەكات كە «دەیانەوێت بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانیان»، ئەو جۆرە كارانە ئەنجام بدەن.
عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی ڕایگەیاندوون»كەشتییەكانی ئێران بە زووترین كات گەیشتە شوێنی ڕوودانی هێرشكردنە سەر دوو كەشتییەكە لە كەنداوی عوممان و دەستییان كرد بە ڕزگاركردنی دەریاوانەكان»، هێرشی سەر كەشتییەكانیشی بە نیگەرانبەخش دانا.
بە وتەی موسەوی»دەستە شاردراوەكان، هەوڵ دەدەن كاریگەریی لەسەر هەوڵە ئیقلیمییەكان دروست بكەن كە لەپێناو كەمكردنەوەی تەنگەژەكان خراونەتەگەڕ، و دەیانەوێت لەڕێی ئەو ڕووداوەوە بەرژەوەندییەكانیان بهێننەدی».
سەبارەت بە هەڵوێستی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش، وتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند»تۆمەتەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە تۆمەتباركردنی تاران بە ئەنجامدانی هێرشەكەی كەنداوی عوممان، نیگەرانبەخشە و مایەی داخە، پێدەچێت ئەوە ئاسانترین كار بێت بۆ پۆمپیۆ و بەرپرسانی ئەمریكایی».
موسەوی لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بە بوونی ئەو «دەستە نادیارانە كردبوو كە هەوڵیانداوە كاریگەریی لەسەر چاوپێكەوتنەكەی عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای كۆماری ئیسلامی و شینزۆ ئابێ‌ سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن دروست بكەن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

داوێنی‌ هاجه‌ر گه‌ڕان به‌ دوای‌ به‌ڵگه‌یه‌كدا له‌سه‌ر شۆڕشه‌كه‌ی‌

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید ده‌ستگیر كردن‌و حوكمدانی‌ هاجه‌ر ئه‌لریسۆنی‌ رۆژنامه‌نووس ...