سەرەکی » ئابووری » گـۆڕانـكاریـی لـە رووبـەڕووبـوونـەوەی..پەڕە 2

گـۆڕانـكاریـی لـە رووبـەڕووبـوونـەوەی..

گـۆڕانـكاریـی لـە رووبـەڕووبـوونـەوەی
بـازرگانیـی نێـوان ئـەمریكـا و چیـندا

فەیسەل عەلی*

لەكاتێكدا هێشتا پەیوەندیی‌و دانوستانی نێوان ئەمریكاو چین بەردەوامی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە ئاڵۆزەكانی نێوانیان، بازنەی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریكاو چین روو لە فراوانبوونە، ئەو رێوشوێنانەی ئیدارەی واشنتن دژ بە چین گرتوویەتیەبەر، كاریگەریی لەسەر ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانە كردووە كە لە چین وەبەرهێنان دەكەن، هەروەها ئەو رێوشوێنانەی چین وەك پەرچەكردار دژ بە ئەمریكا گرتویەتیەبەر، وایكردووە هەموو جیهان لە چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو دانوستانەی نێوان ئەو دوو ئابوورییە بەهێزەی جیهان بن تا بزانرێت بە چ ئاستێك دەگات.
لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكانی نێوانیانیش، هێشتا قەیرانەكە وەك خۆی ماوە، ئەو شەڕانە دەكرێ بگەنە ئاستی جەنگی بازرگانی، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەردوولا رەسمی گومرگی زیاتریان بەسەر یەكدا سەپاند.

بە خاڵێكی وەرچەرخان دادەنرێت
ئەو پەرەسەندنەی لە پەیوەندیی نێوان هەردوو ئابووری دروست بوونە، ترسێكی بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی دروست كردووە، كاتێك قەیرانی كۆمپانیای «هواوی» چین گەورەتر دەبێت، هۆكاری دژایەتیكردنی ئەمریكا بۆ ئەم كۆمپانیایە وەك دەڵێن پەیوەندیی بە نهێنی تایبەت بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاوە هەیە، هەڵوێستەكەی دۆناڵد ترامپ لەسەر كۆمپانیای هواوی كاریگەری دیاری لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی كرد، هێندەی نەبرد ژاپۆن نیەتی خۆی سەبارەت بە راگرتنی فرۆشتنی هواوی راگەیاند، لەكاتێكدا هێشتا ناكۆكییەكان لە ناو بریتانیا سەبارەت بەم كۆمپانیایە بەردەوامی هەیە، لەنێوان ئەوانەی پشتیوانی بەرهەمهێنانی نەوەی پێنجەمی هواوی لە بریتانیا و ئەوانەی دژی ئەو هەنگاوەن. هۆكارەكان هەمان ئەوانەن كە ئەمریكا رایگەیاندبوو، بەڵام دەرچوونی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە چین بە خاڵێكی وەرچەرخان دادەنرێت. كۆمپانیا ئەمریكییەكان ئاسانكارییەكی زۆریان لەلایەن حكومەتی چینەوە پێدرا بوو، وێڕای هەرزانی دەستیكار لە چین.

250 كۆمپانیای ئەمریكا
لە چین وەبەرهێنان دەكەن
كۆمپانیاكان بەرەو ئەمریكای وڵاتی دایكیان ناگەڕێنەوە، واتە پڕۆژەكانیان لە چینەوە بەرەو ئەمریكا نابەنەوە، هۆكارەكانیشی دیارن، كە پەیوەندیی بە باج و دەستی كار و قازانج‌و هەموو ئەو فاكتەرانەی بە پڕۆسەی بەرهەمهێنانەوە پەیوەستن هەیە. زیاتر لە 250 كۆمپانیای ئەمریكا كە لە چین وەبەرهێنان دەكەن، پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن كە بەهۆی رێوشوێنە تۆڵەسەندنەوەكانی نێوان ئەمریكاو چین ناتوانن بەهەمان ریتمی جاران درێژە بە كارەكانیان بدەن، وێڕای ئەوەی دووچاری دواكەوتن لە هەناردنە دەرەوەی بەرهەمەكانیان دەبنەوە، وێڕای ئەوەی پشكنینێكی نائاساییان بۆ دەكرێن، ئەوەش رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئەدای كاركردنیان كردووە.
لێرەوە دەردەكەوێت، كە شەڕە بازرگانییەكانی نێوان دوو گەورە ئابوورییەكەی جیهان كاریگەریی نەرێنی لەسەر هەموو لایەنەكان هەبووە. لەناوخۆی ئەمریكا هاووڵاتیانی وڵاتەكە بەدەست هەڵكشانی نرخی ئەو كەلوپەلانەی لە چینەوە هاوردە دەكرێن دەناڵێنن، بەتایبەتی ئەوانەی بۆ بواری سپێر ‌و پاتری ئۆتۆمبێل‌و كارگەكاندا بەكاردەهێنرێن.

هەموو چاوەكان روو لە هەردوو پایتەخت
هێشتا پرسەكانی ئەوەی لە نێوان ئەمریكاو چین روو دەدەن روون نین، هەردوولا هەڵوێستی توندیان بەرامبەر بە یەك وەرگرتووە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیی بە گرتنەبەری رێوشوێنی رەسمی گومرگییەوە هەیە، جیهانیش لەم بارەوە ئاگاداری سەبارەت بەكەوتنەوەی جەنگێكی بازرگانیی كراوە دەدات، ئەمە لەكاتێكدایە ئابووریی جیهان بەرگەی ئەم شەڕە بازرگانییانە ناگرێت چ جای ئەو جەنگەی كە باسی لێوە دەكرێت. ئابووریی جیهان بەدەست خاوبوونێكی مەترسیدارەوە دەناڵێنێت، ناوەندە ئابوورییەكانی جیهان لەو بڕوایەدان ئەگەر بتوانرێ پارێزگاری لەم ئاستە نزمەی گەشەی ئابووریی جیهان بكرێت، ئەوا بۆ خۆی سەركەوتنێكی گەورەیە، چونكە چاوەڕێ ناكرێ تاكۆتایی ساڵی 2019 ئابووریی جیهان گوڕێكی باش بەخۆیەوە ببینێت. ئێستا هەموو چاوەكان رووی لەهەردوو پایتەختی ئەو دوو دەوڵەتە كردووە، بەتایبەتی كۆمپانیا ئەمریكییەكان، ئەوانەی لە چین وەبەرهێنان دەكەن، باجەكانیان بە ئەمریكا دەدەن.ئەو كێشەیەی كە ئێستا رووی لەئیدارەی واشنتن كردووە، ئەو كۆمپانیا ئەمریكییانەی چین بەجێ دەهێڵن روو لە مەكسیك و دەوڵەتانی تری ئاسیا دەكەن، ئەمەش پێچەوانەی پلانەكەی دۆناڵد ترامپە كە بەو هەنگاوەی دەیویست كۆمپانیاكان بگەڕێنەوە ناو ئابووریی ئەمریكا.

* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئێران به‌ ره‌سمی مه‌رزی شوشمێ ده‌ناسێنێت

جــێگری پارێزگاری هـــه‌ڵه‌بجه‌ بۆ كاروباری هــونه‌ری له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ره‌زامه‌ندیی كۆماری ...