سەرەکی » زانست » مانوكا هه‌نگوینێكی گران و..

مانوكا هه‌نگوینێكی گران و..

مانوكا هه‌نگوینێكی گران و چه‌ندین تایبه‌تمه‌ندیی ناوازه‌

هه‌نگوینی مانوكای نیوزله‌ندیی به‌چاره‌سه‌رێكی باش داده‌نرێت بۆ زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌كان چونكه‌ به‌ دژه‌ میكرۆبێكی زۆر باش داده‌نرێت.
توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێی زانایانی نیوزله‌ندیی ئه‌وه‌ی سه‌ماندووه‌ كه‌ هه‌نگوینی مانوكا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌ چاره‌سه‌رێكی باش داده‌نرێت بۆ زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ هه‌ندێك له‌ نه‌خۆشه‌كان به‌ بێ ڕاوێژی پزیشك به‌ كارینه‌هێنن .
هه‌نگوینی مانوكا چییه‌؟
ئه‌م هه‌نگوینه‌ جۆره‌ هه‌نگێكی نیوزله‌ندیی و ئوستورالیی به‌رهه‌می ده‌هێنن كه‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵاڵه‌ی گوڵی ( دارچا) كه‌ پێشی ده‌وترێت ( ده‌وه‌نی مانوكا) ده‌ژین.
تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و هه‌نگوینه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگێكی قاوه‌یی تۆخی هه‌یه‌ و تامێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ و به‌وه‌ش له‌ هه‌نگوینی سروشتیی دیكه‌ جیا ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ بڕێكی زۆری مادده‌ی (میتیل گلیۆكسال)ی تێدایه‌ كه‌ چڕییه‌كه‌ی 100 هێنده‌ی چڕی هه‌مان مادده‌یه‌ له‌ هه‌نگوینی دیكه‌دا و كاریگه‌ریی زۆری هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك دژه‌ به‌كتریا به‌كار بهێنرێت، هه‌روه‌ها هه‌زاران ساڵه‌ بۆ چاره‌سه‌ری پزیشكیی به‌كارده‌هێنرێت.
به‌گوێره‌ی ئه‌و توێژینه‌وه‌ نوێیه‌ی زانایانی نیوزله‌ندییش هه‌نگوینی مانوكا ده‌توانێت بۆ له‌ ناوبردنی به‌كتریا و وه‌ك دژه‌ میكرۆب بۆ هه‌ندێك برین به‌كار بهێنرێت و چاره‌سه‌رێكی زۆر باشیشه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی تووشی هه‌وكردنی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان بوون.
هه‌ر له‌وچوارچێوه‌یه‌دا ئه‌و زانایانه‌ چه‌ندین تاقیكردنه‌وه‌یان كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ سووده‌كانی ئه‌و جۆره‌ هه‌نگوینه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنی هه‌وكردنی سییه‌كان و كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان .
به‌پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌پێگه‌ی (ساینس ده‌یلی) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیارانی توێژینه‌وه‌كه‌ هه‌وكردنێكی به‌كتریاییان چاندووه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌تووشی كۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌دان ده‌بێت پاشان به‌ هه‌نگوینی مانوكا چاره‌سه‌ریان كردووه‌ ، دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ به‌ ڕێژه‌ی (39%) كاریگه‌ر بووه‌ له‌ كوشتنی به‌كتریاكه‌دا له‌كاتێكدا كوشتنی به‌كتریای ئه‌و جۆره‌ نه‌خۆشییانه‌ به‌دژه‌ به‌كتریا ئاساییه‌كان ته‌نها (29%) بووه‌ و ئه‌وه‌شیان بۆ ئاشكرا بووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌نگوینه‌ و دژه‌ به‌كتریاكان پێكه‌وه‌ به‌كار بهێنرێت ڕێژه‌ی چاكبووه‌نه‌وه‌كه‌ ده‌بێته‌(90%).
هاوكاتیش زاناكان سه‌رقاڵی توێژینه‌وه‌ن له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كارێك بكه‌ن ئه‌و جۆره‌ هه‌نگوینه‌ وه‌ك ده‌رمانێك به‌كار بهێنرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وانه‌ی تووشی هه‌وكردنی گورچیله‌كانیان ده‌بن.
پاككه‌ره‌وه‌ی پێست
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ده‌توانرێت هه‌نگوین وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌ك به‌كاربهێنرێت بۆ پاككردنه‌وه‌ی پێست دوور له‌ ده‌رمانه‌كانی دیكه‌ كه‌ زۆر گرانبه‌هان ، چونكه‌ زۆر كاریگه‌ره‌ بۆ كوشتنی به‌كتریاكانی سه‌ر پێست و نه‌رمی ده‌كاته‌وه‌ و زۆرتریش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ باشه‌ كه‌ پێستیان وشكه‌ و زۆر زیپكه‌ ده‌رده‌كه‌ن.
زانایان له‌و توێژینه‌وه‌یه‌شیاندا ئه‌وه‌یان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ ئه‌و هه‌نگوینه‌ بۆ پاكژكردنه‌وه‌ و سارێژبونه‌وه‌ی برینه‌كان زۆر كه‌ڵكی هه‌یه‌ و هێوركه‌ره‌وه‌یه‌كی باشیشه‌ بۆ ئازاره‌كانی كاتی هه‌ڵامه‌ت گرتن و سه‌رمابوونێكی زۆر، چونكه‌ سیستمی به‌رگریی چالاك و به‌ هێز ده‌كات ، یه‌كێكه‌ له‌ده‌رمانه‌ باشه‌كانیش بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌وكردنی میزه‌ڵدان.
چاودێرانی ته‌ندروستیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌م دواییه‌ ئه‌و هه‌نگوینه‌ی نازناوی (چاره‌سه‌ری جادوویی )لێنراوه‌ و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ خواست له‌سه‌ری به‌ شێوه‌یه‌ك زۆر بووه‌ نرخه‌كه‌ی به‌رز بووه‌ته‌وه‌ به‌ ڕاده‌یه‌ك نرخی یه‌ك قووتوی ئه‌و هه‌نگوینه‌ كه‌ قه‌باره‌كه‌ی به‌ ئه‌ندازه‌كه‌ی كوپێكی بچووكی قاوه‌ خواردنه‌وه‌یه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 100 یۆرۆ.
ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ كاتێكدایه‌ پێگه‌ی (گیزوندهایت)ی ئه‌ڵمانیی له‌زاری چه‌ند ناوه‌ندێكی ته‌ندروستیه‌وه‌ ڕایگه‌یاندووه‌ زۆر به‌ كارهێنانی ئه‌و هه‌نگوینه‌ كاریگه‌ریی لاوه‌كیی خۆی هه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌ندێك نه‌خۆش بێ ڕاوێژكردن به‌ پزیشك به‌كاری نه‌هێنن، به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشییه‌كانی شه‌كره‌یان هه‌یه‌ به‌ هه‌ردوو جۆری یه‌كه‌م و دووه‌م و ئه‌وانه‌ش نابێت به‌كاری بهێنن كه‌ برینی درێژخایه‌نیان هه‌یه‌، چونكه‌ به‌رزیی ڕێژه‌ی مادده‌ی ( میتیل گلیۆكسال) تێیدا وا ده‌كات ئازاری برینه‌كه‌ زیاتر بێت له‌ بری ئه‌وه‌ی كه‌مبێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: CNN

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ توێژینه‌وه‌یه‌كی بێ وێنه‌ زاناكان خۆیان ده‌كه‌نه‌ سه‌هۆڵ

جه‌مسه‌ری باكوور بۆ توێژینه‌وه‌یه‌كی بێ وێنه‌ زاناكان خۆیان ده‌كه‌نه‌ سه‌هۆڵ ...