سەرەکی » ئاراستە » دوای11مانگ له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ به‌سێداره‌دا..

له‌ یادی شه‌هید حه‌یده‌ر جوكل دا

دوای11مانگ له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ به‌سێداره‌دا..

دوای 11 مانگ له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ به‌ سێداره‌دا هه‌ڵزنا

حــه‌یده‌ر مه‌نتك

له‌ دوای‌ ده‌رچوونی‌ هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌شاره‌وه‌ بۆ شاخ، یه‌كێك له‌ هێڵه‌كانی رێكخستنی‌ كۆمه‌ڵه‌ له‌ هه‌ولێر ڕاده‌ستی‌ گه‌نجێكی‌ هۆشیارو ئازا، شه‌هید (حه‌یده‌ر جوكل) كرا.
وه‌ك هاوڕیێانی‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ هه‌رگیز حسابی‌ بۆ به‌عسییه‌كان نه‌ده‌كردو ترس لای‌ ئه‌و بوونی‌ نه‌بوو، به‌نوێژی‌ نیوه‌رۆ مهام وراسپارده‌كانی‌ سه‌رووی‌ خۆی‌ له‌و پیره‌ هه‌ولێره‌ جێبه‌جێكردووه‌و باكی‌ به‌ شه‌هید بوون نه‌بووه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌، هه‌ڤاڵ به‌كر ئه‌حمه‌د یه‌عقوب هاوڕێی‌ شه‌هید و پێشمه‌رگه‌ی‌ دێرین، وتی‌: شه‌هید (حه‌یده‌ر جوكل) یه‌كێكه‌ له‌و كه‌ڵه‌ پیاوانه‌ی‌ مێژوو كه‌ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵی‌ هه‌بوو ئه‌م هاوڕێیه‌تییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كۆتایی شه‌سته‌كان له‌ راستیدا نازانم به‌چی‌ ئه‌و پیاوه‌ دا هه‌ڵبڵێم به‌ پیاوه‌تی‌ و ئازایه‌تی‌، یا راستگۆسی‌ و وه‌فاداری‌ و نیشتمانپه‌روه‌ریی‌.
تێكه‌ڵاویمان به‌شێوازێكی‌ فراوان له‌ سیاسه‌تدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكان كاتێ‌ به‌رێز عه‌بدوڵڵا تۆفیق به‌رپرسی‌ هه‌ردووكمان بوو له‌ رێكخستنی‌ نهێنی‌ به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ بوونی‌ كاك (كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی‌) به‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و بوونی‌ به‌ به‌رپرسی‌ مه‌لبه‌ندی‌ 3ی‌ هه‌ولێر و ته‌سلیم كردنی‌ رێكخراوی‌ هه‌ولێری‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستان به‌ پۆلێك خه‌ڵكی‌ تازه‌ كه‌ شه‌هید حه‌یده‌ر جوكل و به‌نده‌شی تێدا بوو.
له‌ راستیدا شه‌هید ده‌وری‌ ئه‌ساسی‌ ده‌گێڕا هه‌موو لایه‌كی‌ سه‌رسام كردبووبه‌ دروستكردنی‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ فراوان له‌گه‌ڵ لایه‌نی‌ جۆراو جۆر، من و ئه‌و زۆر نزیك بوین له‌یه‌كتری‌ له‌ زۆربه‌ی‌ چالاكیه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌بوین.
هه‌روه‌ها لایه‌نی‌ چالاكی‌ پێشمه‌رگایه‌تی‌ باس ناكرێ‌ له‌م سات وكاته‌ باس بكرێ‌، هه‌رئه‌وانه‌ ده‌زانن (جوكل) چی‌ كردووه‌، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بیرمان له‌ رێكخستنێك ده‌كرده‌وه‌ دژی‌ لادان له‌ پرنسیپی‌ كوردایه‌تی‌ و په‌یڕه‌وی‌ كۆمه‌ڵه‌ بوو، شه‌هید له‌ ژیانی‌ سیاسی‌ زۆر سه‌ركه‌وتووبوو بنه‌مای‌ سه‌ركردایه‌تی‌ تیایدا بوو، هاوشێوه‌ی‌ شه‌هید ئارام به‌ڵام وه‌كو پێویست به‌دیار نه‌كه‌وتبوو، هه‌موو خۆی‌ پێش هاوڕێكانی‌ رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كان ده‌بۆوه‌.
رۆژێك من و ئه‌و ده‌چوینه‌ سه‌ركردایه‌تی‌، له‌ دوكان سه‌ركه‌وتین به‌ڕێكه‌وت تووشی‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی‌ ئیستخباراتی‌ عه‌سكه‌ری‌ بووین، رایانگرتین و پێناسه‌كانیان لێوه‌رگرتین، له‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ دووریان خستینه‌وه‌، هه‌رچی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ رێكخراوی‌ هه‌ولێر هه‌بوو له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا بوو، دووجار پشكنییان هیچیان نه‌دۆزیه‌وه‌، له‌وماوه‌یه‌دا شه‌هید حه‌یده‌ر به‌منی‌ وت ئه‌گه‌ر گیراین په‌لاماریان ده‌ده‌ین، چونكه‌ هه‌ر ئیعدامان ده‌كه‌ن، له‌ ئیفاده‌شدا من ده‌ڵێم ئه‌وه‌ هی‌ منه‌ و ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ هی‌ كاك بكره‌ به‌كرێ‌ گرتوومه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر یه‌كێكمان له‌سێداره‌ بدرێت نه‌ك هه‌ردووكمان، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بوو رزگارمان بوو، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م چالاكییه‌و چالاكییه‌كانی‌ تر كه‌وتینه‌ به‌ر چاودێری‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان، رۆژیكیان براده‌رێكمان به‌ناوی‌ (معته‌سه‌م) بانگكرا بۆ دائیره‌ی‌ ئه‌من و چه‌ند پرسیاریكیان لێ‌ كردبوو، له‌ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ ئه‌منه‌كان زۆر شتمان بۆ به‌دیار كه‌وت كه‌ ئێمه‌ وه‌زعمان له‌ خراپی‌ دایه‌، قسه‌مان گه‌ڕاینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیروان كرد، باوه‌ڕی‌ نه‌ده‌كرد دواتر به‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌م ئاشكرا بوین، شه‌هید حه‌یده‌ر جوكل ده‌ستگیركراو ئێمه‌ش هه‌ریه‌كه‌و بۆ لایه‌ك هه‌ڵاتین.
دوا قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌م قاره‌مانه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رچه‌ند له‌سه‌ر شه‌هید حه‌یده‌ر و بنه‌ماڵه‌كه‌یان بنوسین به‌تایبه‌تی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ته‌واو نابێت، راستیان وتووه‌ له‌ پشت هه‌ر پیاوێكی‌ ژیرو سه‌ركرده‌وه‌ ژنێكی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌، به‌ڕاستی‌ (هه‌ڵاله‌)خان له‌و ژنه‌ قاره‌مانانه‌ بوو كه‌ له‌ پشتی‌ ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ بوو، هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی‌ پاكی‌ ئه‌و قاره‌مانه‌.
ژیاننامه‌كه‌ی
شه‌هید حه‌یده‌ر جوكل ئیبراهیم فندی‌ ناسراو به‌ بڕوا، له‌دایكبووی ساڵی‌ 1953ی گوندی‌ (ناسر)ی ناحیه‌ی‌ دیبه‌گه‌ی قه‌زای‌ مه‌خمور.
له‌ رووی خوێندنه‌وه‌ ئاماده‌یی كشتوكاڵی ته‌واوكردووه‌.
ساڵی‌ 1968 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌رێكخستنه‌كانی باڵی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌، به‌رپرسی‌ خوێندكارانی‌ ناوه‌ندی‌ بووه‌ له‌ قوتابخانه‌ی‌ دیبه‌گه‌.
ساڵی‌ 1976 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستانه‌وه‌.
بنه‌ماڵه‌كه‌ی خاوه‌نی پۆلێك شه‌هیده‌، له‌وانه‌: سه‌عید جوكل، سه‌باح جامی‌، جه‌وهه‌ر ره‌حمان، شێرزاد ئیبراهیم ، یونس جامی‌.
له‌ژیانی‌ كاری‌ رێكخراوه‌ی‌ به‌رنامه‌رێژی‌ بۆ ده‌یان چالاكی‌ رێكخستوه‌ بۆ هه‌ڤاڵانی‌ پێشمه‌رگه‌.
ساڵی‌ 1985 له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، له‌ شاری‌ هه‌ولێر، 11مانگ له‌ ژێرئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ بوو به‌ڵام هیچ نهێنییه‌كی رێكخستنی نه‌دركاند.
به‌داخه‌وه‌، رۆژی 18/6/ 1986 له‌ به‌ندینخانه‌ی‌ ئه‌بوغرێب له‌ سێداره‌ دراو گه‌یشته‌ كاروانی سه‌روه‌ران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە رێی كوردستانی «نوێ»وە بەهەمووان رادەگەیشت

دێدەوانی یەعقوب / كۆیە ڕەنگە ئەگەر هەر كەس كە وێنەی ...