سەرەکی » ئاراستە » له‌ یادی‌ دووساڵه‌ی مه‌رگی‌ مه‌لاحسێن..

له‌ یادی‌ دووساڵه‌ی مه‌رگی‌ مه‌لاحسێن..

له‌ یادی‌ دووساڵه‌ی مه‌رگی‌ مه‌لاحسێن- ی پێشمه‌رگه‌ و هاوسه‌رم

دڵسۆز مه‌حمود*

ئێواره‌یه‌و له‌ گۆشه‌یه‌كی‌ ماڵه‌كه‌مدا له‌ناو بێده‌نگییه‌كی‌ سه‌یردا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌و یادگاریه‌كانم مێژووی‌ ژیانم ده‌هێنم و ده‌به‌م، ئه‌م ئێواره‌یه‌ حه‌زده‌كه‌م هه‌موو گڵۆپی‌ ماڵه‌كه‌م هه‌ڵبكه‌م هه‌موو گوڵه‌كانی‌ ئینجانه‌و باخه‌كه‌م ئاوبده‌م بۆن و به‌رامه‌ی‌ ڕێحانه‌و گوڵ بگاته‌ قوڵایی‌ ڕۆحم، به‌ڵێ‌ حه‌زده‌كه‌م ماڵه‌كه‌م ڕێك بخه‌م و سفره‌ی‌ ئێواره‌ خوان دابخه‌م، نه‌وه‌كا میوانه‌كه‌م له‌ ده‌رگای‌ ڕۆحم بدا، نه‌وه‌ك سه‌رێك بداته‌وه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ تا له‌ ئه‌حواڵمان بپرسێت تا بزانێت منداڵه‌كان چۆنن به‌ چییه‌وه‌ خه‌ریكن، ئاخر ئه‌و له‌ سه‌فه‌رێكی‌ دووره‌ نه‌وه‌كو بێته‌وه‌و هه‌واڵی‌ خزمان و هاوڕێیانی‌ بپرسێت. له‌ گۆشه‌ی‌ ماڵه‌كه‌مه‌وه‌ به‌رده‌وام چاوم له‌سه‌ر ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌رگای‌ حه‌وشه‌ی‌ لێوه‌ دیاره‌ نه‌وه‌ك میوانه‌كه‌ بێت زۆر له‌ ده‌رگا بدات چونكه‌ ئه‌و ئازیزه‌كه‌ی‌ دڵمه‌و دوو ساڵه‌.. به‌ڵێ‌ دوو ساڵه‌.. سه‌فه‌ری‌ كردووه‌، بۆیه‌ له‌ گۆشه‌ی‌ ماڵه‌كه‌مه‌وه‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ زۆر چاوه‌ڕێی‌ ده‌كه‌م ئه‌ترسم هه‌رنه‌یه‌ت، بۆیه‌ به‌ناچاری‌ ده‌چمه‌وه‌ ناو ڕۆحی‌ خۆم و باخچه‌ی‌ یادگاریه‌كانم ئاو ده‌ده‌م ئه‌و هه‌ر نه‌هات بۆیه‌ به‌ناچاری‌ ده‌بێت گڵۆپی‌ ناخم داگیرسێنم بۆ ئه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ ده‌روونم و یاده‌وه‌رییه‌كان ڕوونكه‌مه‌وه‌و تۆزێك بۆ ئارامی‌ ڕۆحم له‌گه‌ڵ هاوسه‌رم و پێشمه‌رگه‌یه‌كی‌ كوردستان بۆ ساتێك گفتوگۆ بكه‌ین، بۆیه‌ له‌م یاده‌داو له‌ هه‌موو كاته‌كان و چركه‌ ساته‌كانی‌ ژیاندا تۆ پاڵه‌وانی‌ ژیان و یاده‌وه‌ریه‌كانمیت تۆ هه‌ر له‌گه‌ڵمدا ده‌ژیی‌ و ڕۆحت فریشته‌یه‌كه‌ له‌سه‌ر سه‌رمان تۆ هه‌موو به‌یانیه‌ك هێزوو توانامان پێده‌به‌خشیت و ڕێگه‌ی‌ ژیانمان ڕووناك ده‌كه‌یته‌وه‌ من و منداڵه‌كانیش هه‌موو ڕۆژێك هێزو وزه‌و توانا له‌ تۆوه‌ وه‌رده‌گرین، منیش ده‌زانم تۆ به‌رده‌وام پاسه‌وانی‌ ڕۆحمانیت چاوت له‌سه‌رمانه‌ بۆیه‌ له‌ناو یادگاریی‌ و بیره‌وه‌ریه‌كانما ده‌گه‌ڕێم و دێم و ده‌چم چ پرسیارێكم هه‌بێت بۆ وه‌ڵامه‌كه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێم لای‌ تۆ، تاكو به‌ ئاسووده‌یی‌ بتوانم هه‌ناسه‌یه‌ك هه‌ڵمژم كه‌ تۆ له‌ ناخماندا هه‌ر زیندووی‌ و به‌ زیندوویی‌ ده‌مێنیته‌وه‌ .


هه‌موو ساڵێك له‌م كات و وه‌خته‌دا ناخم ده‌بێته‌ پشكۆیه‌كی‌ ئاگرو ده‌مه‌وێت به‌م گفتگۆیه‌ی‌ ناو ده‌روونم، به‌ یاده‌وه‌ریه‌كانم، ئه‌م سوتاویه‌ی‌ ناخم ساڕێژكه‌م و خۆم ئارام بكه‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام بم، به‌رده‌وام بم..
هه‌موو ساڵێك له‌م ڕۆژه‌دا ڕۆحت په‌روانه‌ی‌ عیشقی‌ چه‌ندین ساڵه‌ی‌ هاوسه‌ریمان دێته‌ ئامێزی‌ بیره‌وه‌ریه‌كانم و جارێكی‌ تر ئه‌ڵقه‌ی‌ بووكێنی‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ ده‌ستم.
ئه‌زیزه‌كه‌م هه‌موو ساڵێك له‌م ڕۆژه‌دا مێژووی‌ جۆگه‌ی‌ ئازاره‌كانمان، نه‌بوونییه‌كانمان ده‌ربه‌ده‌رییه‌كانمان، له‌ بیره‌وه‌ریمدا عه‌شق دایپۆشیوه‌و هیچ ئازارێك نابینم چونكه‌ تۆ خه‌باتكارێك بوویت دژی‌ هه‌موو جۆره‌ ئازارو چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك، بۆیه‌ هه‌موو ساڵێك له‌م ڕۆژه‌دا ئارام ناگرم نه‌یه‌مه‌ سه‌رگۆڕت و چاوێك به‌ حاڵ و باڵی‌ گۆڕه‌كه‌تدا نه‌گێڕم تێر تێر به‌ باڵای‌ هه‌وارگه‌كه‌تدا نه‌ڕوانم ڕۆحم ئارام ناگرێت هه‌رچه‌نده‌ تۆ بۆ ساتێكیش لێم دوورنیت چونكه‌ تۆ به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ ژیان و یاده‌وه‌ریی‌ و داهاتووم.
یادت به‌خێرو جێگه‌ت به‌هه‌شت بێت، ئیتر تاریكی‌ كرد و وه‌ختی‌ ئێواره‌ خوانه‌و نه‌هاتیته‌وه‌، منداڵه‌كان چاوه‌ڕێی‌ نانن.
یادت به‌خێرو جێگه‌ت به‌هه‌شت بێت.

*هاوسه‌ری کۆچکردوو

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ كورتناكرێته‌وه‌

ئاسۆ مه‌مه‌ند* كه‌ باس له‌ مێژووی پڕ سه‌روه‌ری بزاڤی رزگاریخوازی ...