سەرەکی » ئاراستە » شەهید ئه‌نوه‌ری‌ حاجی‌ عوسمان

شەهید ئه‌نوه‌ری‌ حاجی‌ عوسمان

با دنیا تاریك بپۆشێ‌ هه‌مو وه‌رزه‌كان تاریك بن, ڕێگا هه‌ڵدێر و دژواربێت هه‌موو ڕێگاكان باریك بن، هه‌رگیز ناتوانن شه‌وی‌ تۆ به‌سه‌رپۆشی‌ ڕه‌ش داپۆشن, ڕێگای‌ به‌ره‌و خۆره‌تاوت به‌هێڵێكی‌ ڕه‌ش بكێشن، شه‌وانی‌ تۆ مانگه‌ شه‌ون ڕێگا گه‌وره‌و فراوانه‌ هه‌تا ئاسمانیش ڕه‌شپۆشه‌ له‌ئاست ئه‌و گه‌وره‌ تاوانه‌.
تریفه‌ی‌ مانگی‌ چاوانت به‌تاریكی‌ داناپۆشرێ‌, ڕه‌نگی‌ قوڵی‌ تێكۆشانت به‌ئاسانی‌ هه‌ڵناكێشرێ، تۆ مه‌شخه‌ڵی‌ داگیرساو و هه‌ڵگیرساوی‌ ڕێگه‌ی‌ گه‌لیت، وه‌ك مانگ, كازیوه‌ی‌ ده‌م كه‌لیت، شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌ی‌ تاریكی‌ ناتژاكێنێ‌، هه‌رچی‌ زریان و تۆفانه‌ ناتوه‌ستێنێ, تۆ ئه‌ستێره‌ی‌ ئاسمانێكی‌ ڕون و گه‌شیت به‌یداخێكی‌ هه‌ڵكراوی‌ نیشتمانێكی‌ چوار به‌شیت،
عه‌نه‌ب ئێستا كه‌ به‌ته‌نها گوندێك نیه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئازادی‌، هه‌ر به‌ ته‌نها پردێك نیه‌,یاڵ و شاخ و تاشه‌ به‌ردو هه‌ردێك نیه‌ ,هه‌ر به‌ته‌نها داستان و نه‌به‌ردێك نیی، عه‌نه‌ب قه‌ڵای‌ به‌رزی‌ تێكۆشانه‌ لانه‌و بێشه‌ی‌ ئه‌نوه‌ری‌ حاجی‌ عوسمانه‌.گوندێك, پشتی‌ ناوه‌ به‌ پشتی‌ شاخێكه‌وه‌ له‌سه‌ر پشت لێی‌ ڕاكشاوه‌، به‌ره‌و شاره‌زور ده‌ڕوانێ‌ و ده‌ستی‌ له‌ژێر چه‌نه‌ی‌ ناوه‌, له‌ بێشه‌یدا هه‌ر هه‌ڵۆیه‌و هه‌ڵفڕیوه‌ هه‌ر یه‌كانه‌و به‌وری‌ چاو تیژی‌ داستانه‌ مه‌رگی‌ له‌ مه‌رگ كڕیوه‌, هه‌ر پڵنگ و شێرو وێزه‌ لوتی‌ له‌ هه‌ور ژه‌نیوه‌، هه‌ر له‌شكرێكی‌ داگیركه‌ر له‌گه‌ڵ كوڕانی‌ عه‌نه‌ب دا ده‌ستیان له‌یه‌خه‌ی‌ یه‌ك نابێت, خۆی‌ ڕانه‌گرتوه‌ و به‌زیوه‌, به‌هه‌زاران ده‌ست و په‌نجه‌ و لولاقی‌ ڕان، كه‌لله‌ سه‌رو تاجی‌ سه‌رو سه‌ربازی‌ خان, وردو خاش بوه‌ و په‌ڕیوه‌.
تۆ به‌ته‌مه‌ن بچكۆله‌ بویت, به‌ڵام كێوێك له‌ ناختا بوو، كێڵگه‌یه‌كی‌ بچكۆله‌ بویت هه‌زاران گوڵ له‌ باختا بو، ورده‌ ورده‌ باڵات ده‌كرد له‌پێش خۆته‌وه‌ ده‌ڕۆشتی‌ دره‌ختێك بویت تازه‌ چرۆت ده‌ركردبوو پێش وه‌رزی‌ خۆت پێگه‌یشتی‌، تۆ باڵامبۆ و شنروێ‌ بویت, كانی‌ عاشقان نیگایه‌كی‌ بۆ ده‌كردی‌ و به‌فری‌ میریش چاوه‌كانی‌ بۆ ده‌ڕشتی‌.
دار چناره‌ هه‌زار ساڵه‌ ئه‌ستووره‌ باڵا به‌رزه‌كه‌ی‌ ناو عه‌نه‌ب تۆی‌ ده‌بینی‌ شه‌رم ده‌یگرت, بۆیه‌ ئه‌ویش له‌ تۆوه‌ ده‌رسێك فێر ببوو شه‌وان ئه‌ویش ئێشكی‌ ده‌گرت, كه‌ تۆ هه‌وارت گواستبۆوه‌ چوبویته‌ شاخ بڕیاری‌ یه‌كجاری‌ دابوو ئه‌ویش ببێت به‌پاسه‌وان, به‌ورته‌وه‌ له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌یبۆڵاند ده‌یوت ئاخر پیره‌ داری‌ باپیره‌ی‌ دێ‌, چۆن خه‌و ده‌چێته‌ چاوانی‌, بۆیه‌ تا صوبحی‌ به‌یانی‌ چاوه‌كانی‌ لێك نه‌ ده‌نا, چونكه‌ له‌ تۆوه‌ بیستبوی‌ داگیركه‌ران له‌ بۆسه‌دان، بۆیه‌ ئه‌ویش خۆی‌ كردبووه‌ پاسه‌وانێك بۆ نیشتمان.
وه‌فا, هه‌ر له‌وه‌فای‌ تۆوه‌ جوان بوو, ده‌نا ناوێكی‌ بێ‌ گیان بوو ئه‌و ده‌مانه‌ی‌ كه‌س نه‌یده‌وێرا بنوسێ‌، به‌چرپه‌وه‌ بڵێ‌ جوامێر، تۆی‌ به‌ وه‌فا و نه‌ترس و بوێر كۆرپه‌كه‌ی‌ خۆت ناونا جوامێر, پیاوی‌ جوامێر.
ڕاستگۆیی‌ هه‌ر له‌ تۆ ده‌هات, گومان ده‌كه‌م له‌ دوای‌ تۆوه‌ كه‌س ڕاست بكات، بوێری‌ هه‌ر له‌خۆت ده‌چوو بڕواناكه‌م له‌ دوای‌ تۆوه‌ كه‌س زات بكات.
ئه‌نوه‌ری‌ حاجی‌ عوسمانی‌ عه‌نه‌ب، كوڕی‌ یه‌كێك له‌ بنه‌ماڵه‌ ناسراوو سه‌ر گه‌وره‌كانی‌ سنوری‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌، بنه‌ماڵه‌یه‌ك چاویان به‌تێكۆشان هه‌ڵهێناوه‌و زمانیان به‌ كوردایه‌تی‌ پژاوه‌، شه‌هید حه‌یده‌ری‌ برا گه‌وره‌ی‌ شه‌هید ئه‌نوه‌ر, یه‌كێك له‌ تێكۆشه‌رانی‌ كۆمه‌ڵه‌و یه‌كێتی‌ بوو, شه‌هید ئه‌نوه‌ریش به‌ ته‌مه‌نێكی‌ كه‌مه‌وه‌ چوه‌ ڕیزه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌و دواتریش بوه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕیزه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ نشتمانیی‌ كوردستان دا.
به‌ په‌یژه‌و پله‌كانی‌ پێشمه‌رگایه‌تی و ڕێكخراوه‌یی‌ دا سه‌ر كه‌وتوه‌ و یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌ ئازاو به‌ده‌ست و بوێرو زه‌بر قورس و تێكۆشه‌ره‌كانی‌ سنوری‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان و بوو، له‌ده‌یان هه‌ڵمه‌ت و هێرش و په‌لامارو به‌رگری دا پێشه‌نگ بو فه‌رمانده‌و ده‌سته‌ی‌ پێشه‌وه‌ی‌ هێرش و هه‌ڵمه‌ت بوو.
دوای‌ ڕاپه‌رین لێپرسراوی‌ ده‌سته‌و كۆمه‌ڵه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌، دواتر كراوه‌ته‌ به‌ڕێوبه‌ری‌ ئاسایشی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و دواتریش به‌ڕێوبه‌رایه‌تی‌ ئاسایشی‌ شاره‌زور، تا دواجار له‌ كرده‌وه‌یه‌كی‌ تیرۆرستی‌ دا شه‌هید بوو, گیانی‌ گه‌وره‌و پڕ به‌هاو تێكۆشانی‌ سپارده‌ی‌ خاك كرد

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ كورتناكرێته‌وه‌

ئاسۆ مه‌مه‌ند* كه‌ باس له‌ مێژووی پڕ سه‌روه‌ری بزاڤی رزگاریخوازی ...