سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » نوێنەران متمانەی بەخشییە وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و داد

نوێنەران متمانەی بەخشییە وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و داد

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا بە زۆرینەی دەنگ متمانە بەخشرایە وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و داد، كاندید بۆ وەزیری پەروەردەش رەتكرایەوە.

״دەنگی كاندید بۆ وەزیری داد لە دەنگی كاندیدەكانی دیكە زیاتر بوو״
د.بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا دەنگ لەسەر سێ كاندید درا بۆ پڕكردنەوەی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگریی و داد و كاندیدی وەزارەتی پەروەردەش دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا، وتیشی: كاندیدەكان بەمشێوەیە بوون؛ یاسین یاسری وەك كاندیدی لایەنە شیعەكان بۆ وەزیری ناوخۆ، نەجاح شەمەری لە پێكهاتەی سوننە بۆ وەزیری بەرگریی، حاكم فاروق ئەمین شوانی وەك كاندیدی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ وەزیری داد متمانەیان پێبەخشرا، سەفانە حەمدانیش وەك كاندیدی وەزارەتی پەروەردە دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنا. راشیگەیاند: دەنگی كاندید بۆ پۆستی وەزیری داد لە دەنگی كاندیدەكانی دیكە زیاتر بوو، ئەمەش سەربەرزییە بۆ یەكێتی، كە دادوەرێكی كوردی پارێزگای كەركوك ئەو متمانەیەی وەرگرت.

״پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان كاریگەریی باشی دەبێت״
بەبۆچوونی ئەو پەرلەمانتارە «پڕكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان و تەواوكردنی پێكهاتەی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، وادەكات لێكتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان فراكسیۆنەكاندا هەبێت، چونكە هەریەك لە پێكهاتەكانی كورد و سوننە و شیعە گرفتیان لەسەر یەكلاكردنەوەی ئەو وەزارەتانە هەبوو، هاوكات هەڵبژاردنی كاندیدەكەی یەكێتی بۆ وەزیری دادی عیراق، كاریگەریی باشی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت». راشیگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت پێنجشەممەی داهاتوو ناوێكی دیكە بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە بنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، چونكە ئەنجومەنی نوێنەران دەخوازێ بەر لە هاتنی مانگی داهاتوو و وەرگرتنی پشووی هاوینە، ئەو پرسە یەكلابكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدەدات هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق پەسەند بكات.

پەیامی مەڵبەندی كەركوك
لەلایەكی دیكەوە، مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا بەناوی مەڵبەندی كەركوكەوە پیرۆزبایی لە حاكم فاروق ئەمین عوسمان شوانی دەكات كە بە زۆرینەی دەنگ وەك وەزیری دادی عیراق متمانەی پێبەخشرا. لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: ئومێد دەكەین بە شارەزایی و ئەزموونە دەوڵەمەندەكەی لە بواری داد، لەم ئەركەشدا سەركەوتوو بێت و خزمەتی بەرچاو بە بەرقەراربوون و سەروەربوونی یاسا بكات لە تەواوی عیراقدا. ئاماژەبەوەشدراوە «وەك مەڵبەندی كەركوك، هەر لە سەرەتای پێشكەشكردنی سیڤییەكەیەوە، بە رەچاوكردنی توانا و لێوەشاوەیی حاكم فاروق بۆ بەڕێوەبردنی ئەو وەزارەتە، وەك كەسایەتییەكی تەكنۆكرات، پشتیوانی بووین و كارئاسانیمان بۆ كردووە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێشانگایەكی تایبەت بە بیناسازی و وەزە و كارەبا لە هەولێر دەکرێتەوە

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا – هەولێر لەڕۆژی 26ی 6ی 2019 بە ...