سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » پێشانگایەكی تایبەت بە بیناسازی و وەزە و كارەبا لە هەولێر دەکرێتەوە

بە بەشداری 100 كۆمپانیا لە شەش وڵات

پێشانگایەكی تایبەت بە بیناسازی و وەزە و كارەبا لە هەولێر دەکرێتەوە

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا – هەولێر

لەڕۆژی 26ی 6ی 2019 بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومی‌و خاوەن كۆمپانیاو پیاوانی كار پێشانگایەكی تایبەت بە بیناسازی‌و وزەو كارەبا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر كرایەوەو بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، لەو پێشانگایەدا 100 كۆمپانیا لە شەش وڵاتی جیاواز بەشداریان تێدا كرد.

هەماهەنگی لەنێوان كۆمپانیاكانی ناوخۆ و بیانی
ئەحمەد خەلیل وەك یەكێك لەڕێكخەرانی پێشانگاكە سەبارەت بە گرنگی كردنەوەی پێشانگای لەو جۆرە بەڕۆژنامەنوسانی راگەیاند: ساڵانە پێشانگایەكی تایبەت بە بیناسازی‌و وزە لەهەولێر دەكرێتەوە، بۆ ئەمجارەش 100 كۆمپانیا لە شەش وڵات بەشداریان تێدا كردوە، كە پەنجا لەوانە لەناوخۆی هەرێمی كوردستانن.
وتیشی: «كردنەوەی پێشانگای بیناسازی‌و وزە لەهەولێر لەم كاتانە گرنگی زۆری هەیە، بەتایبەتی بەشێكی زۆر لەپارێزگاكانی عیراق بەهۆی شەڕی داعش زیانی زۆریان پێكەوتوەو پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بۆیە ئەو كۆمپانیایانەی بەشداریان لەو پێشانگایە كردوە دەتوانن كاری ئاوەدانكردنەوەو بیناسازی لەو ناوچانە بكەن».
ئاماژەی بەوەشكرد، سودێكی تری پێشانگای لەو جۆرە وادەكات هەماهەنگی باش لەنێوان كۆمپانیاكانی ناوخۆ و بیانی دروست بێت، كە ئەمەش هەمووی لە خزمەت ئاوەدانكردنەوەو بۆژانەوی كوردستان تەواو دەبێت، بۆیە بەڕێوەچوونی چالاكی لەو جۆرە دەرفەتێكە بۆ راكێشانی كۆمپانیا بیانیەكان‌و سوود وەرگرتن لە تواناكانیان.

جێگای متمانەی كۆمپانیاكانی ناوخۆ
ئیبراهیم داود نوێنەری یەكێك لەكۆمپانیا بەشداربووەكانی توركیا، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هاتووین كەلوپلەكانمان نمایش بكەین كە تایبەتە بە كەلوپەلی بیناسازی، تا لای كۆمپانیاكانی عیراق بناسرێین، ئەگەر پێویست بكات كار لەو ناوچانە بكەین كە بەهۆی رووداوەكانەوە كەموكوڕییان هەیە.
وتیشی: «پێشانگاكە بەشێوەیەكی باش رێكخراوەو هیوادارین ببینە جێگای متمانەی كۆمپانیاكانی ناوخۆی عیراق، تا بتوانین كار لەو ناوچانە بكەین كە بەهۆی رووداوەكانەوە زیانیان بەركەوتووە، چونكە ئێمە ئەزمونێكی باشمان هەیە لەبواری بیناسازی، پێشتریش كۆمپانیا توركییەكان رۆڵی گرنگیان هەبووە لە ئاوەدانكردنەوەی هەولێر و شارەكانی دیكە».

دەرفەتێكە بۆ ناساندنی تواناكانمان
هاوكات، بەختیار فارس ئەویش نوێنەری كۆمپانیایەكی ناوخۆیە لەبواری كارەباو وەزە بۆ كوردستانی نوێ وتی: «بە كەلوپەلی فێنككەرەوە بەشداریمان لەو پێشانگایە كردوە، بابەتەكانمان جۆرێكی تایبەتەو ئێمە تەنیا بریكارین لەكوردستان، بۆیە كاتێك بەشداری لەپێشانگایەكی لەو جۆرە دەكەین خەڵكی زیاتر ئاشنای بەرهەمەكانمان دەبێت، ئەمەش دەرفەتێكە بۆ ناساندنی تواناكانمان كە دەڵنیاین خەڵكی پێویستیان پێی هەیە».
پێشیوابوو، كردنەوەی پێشانگای لەو جۆرە تەنیا بۆ راكێشانی كۆمپانیا بیانیەكان گرنگ نییە، بەڵكو گرنگی زۆری بۆ كۆمپانیا ناوخۆكانیش هەیە، چونكە وەك ئاماژەمان بۆ كرد، زۆر كەس نازانێ‌ بەرهەمەكانی ئێمە چییە، كاتێك لێرە دەبینرێن هەنگاوێكی زۆر دەچینە پێش تا خەڵكی ناوخۆی هەرێم‌و دەرەوە ئاشنای بەرهەمەكانمان دەبن.

ماوەكەی لە چوار رۆژ زیاتر بێت
سەمیر عومران خاوەنی كۆمپانیایەكی تایبەت لەبواری بیناسازیش وتی: «پێمباشە كاتی كردنەوەو راگەیاندنی پێشانگای لەو جۆرە رەچاو بكرێت، من لەگەڵ ئەوەم كاتی پێشانگاكە لەسەرەتای ساڵ بێت، چونكە لەو كاتانە بودجەی وڵات خەرج دەكرێت‌و بڕیار لەسەر ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتوەكان دەدرێت».
راشیگەیاند، جگە لەوەش پێمباشبوو ماوەكەی لە چوار رۆژ زیاتر بوایە، بەتایبەتە رۆژێك لەو چوار رۆژە دەكەوێتە هەینی‌و رۆژێكیش شەممە، كە هەردوو رۆژەكە پشووە، چونكە جگە لەكۆمپانیاكان، زۆرجار بەرپرسانی حكومی‌و دەوڵەتیش سەردانی پێشانگاكە دەكەن، ئەمەش زیاتر لەكاتی دەوامی رەسمی دەتوانن ئەو سەردانانە بكەن.

دەرفەتی كار بۆ ناوخۆ بڕەخسێنێ
لای خۆیەوە، محەمەد ئەرشەد وەك ئابووریناسێك لەبارەی كردنەوەی پێشانگای لەو جۆرە بەكوردستانی نوێی راگەیاند، هەموو جموجۆڵێكی بازرگانیی كاریگەری باشی دەبێت بۆ ئابووریی وڵات‌و توانای ئەو كۆمپانیانە دەردەخات كە لەبواری ئاوەدانكردنەوەو ووزە كار دەكەن، ناوچەكەش لەڕابردوو رووبەڕوی كارەساتی زۆر بۆتەوە، بۆیە پێویستی بە كۆمپانیای بیانی‌و پسپۆڕیی جیاواز هەیە كە هەندێك لەوانە لە ناوخۆی عیراق نییە.
پێشیوابوو، گرنگە سیاسەتی حكومەتی هەرێم هاوشێوەی وڵاتان بە جۆرێك بێت لە ئەنجامی هاتنی كۆمپانیای بیانی دەرفەتی كار بۆ ناوخۆ بڕەخسێنێ، واتا جگە لەو پسپۆڕیانەی لەناوخۆدا نییە، ئەوانە تر لەلایەن هێزو بازووی ناوخۆ ئەنجامبدرێ، بۆ ئەمش دەكرێ حكومەت ئەوە بكاتە مەرج لەسەر ئەو كۆمپانیانە، چونكە دیارە ئێمە ژمارەیەكی زۆر لە دەرچووانی زانكۆمان هەیەو بێكارن، ئەمەش وادەكات فشاری دامەزراندن لەسەر حكومەت كەمبێتەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

نوێنەران متمانەی بەخشییە وەزیرانی بەرگریی و ناوخۆ و داد

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا لە دانیشتنی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا بە ...