سەرەکی » وتار » فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌ » پارانۆیای كورسیی دەسەڵات

ئاماژە

پارانۆیای كورسیی دەسەڵات

كودەتا بێدەنگەكەی سوپای زیمبابۆی لە دژی سەرۆكی وڵات رۆبەرت مۆگابی كە 37 ساڵە كورسیی دەسەڵاتی قۆرخ كردووە‌و ئامادە نیە واز لە دەسەڵات بێنێ، مشتومرێكی گەرم‌و گوڕی دەربارەی سایكۆلۆژیای فەرمانڕەوا دەسەڵات پەرستەكان‌و نەخۆشیی پارانۆیای كورسیی دەسەڵات ناوەتەوە. هەرچەند تاوتوێ كردنی ئەم بابەتە لە ناوەندە كۆمەڵناسی‌و دەرونناسییەكاندا شتێكی تازە نیە، بەڵام ناوبەناو سەرهەڵدانی مۆدێلێكی تازە لەم بارەیەوە، تیشك دەخاتەوە سەر بابەتەكە‌و پرسیارەكان كۆنەكان دەوروژێنێتەوە.
لەنمونەی مۆگابی دا كە تەمەنی 93 ساڵە‌و ئامادە نیە بۆ یەك ساڵیش دەست لە دەسەڵات هەڵگرێ، دەردەكەوێ كە لێپرسراوی دەسەڵات پەرست كەس لە خۆی بەشایستەتر بۆ پۆستەكە نازانێ‌و هەموان بەبچوكتر لە خۆی دادەنێ. بەشێوەیەكی گشتی،خۆی بە مەزن‌و خاوەن پەیام دەزانێ‌و بەهیچ شێوەیەك دان بە پێداویستییەكانی تەمەندا نانێ. مۆگابی گەیشتبوە ئەو رادەیەی كە لە كۆبونەوەكاندا خەوی لێ دەكەوت. مۆگابی‌و پێشتریش سەرۆكی تونس حەبیب بورقێبە، پێیان وابوو رابردووی شۆڕشگێڕانەیان ئەو مافەیان دەداتێ بۆ هەتاهەتایە لەسەر كورسیی دەسەڵات بمێننەوە. مۆگابی یەكەم سەرۆكی زیمبابۆیە‌و ژیانی سیاسی لە ساڵی 1962 دەست پێدەكا، لەكاتێكدا بۆرقێبە تێكۆشەری سەردەمی خەباتە لەدژی داگیركەرە فەرەنسییەكان، هەورەها پاڵەوانی سەربەخۆییشە. لەساڵی 1955 دا گەلی تونس وەك پاڵەوانی ئەفسانەكان پێشوازییان لە بۆرقێبە كرد، كەچی لە ساڵی 1987دا، دوا بەدوای 30 ساڵ حوكمڕانی، بە كودەتایەكی بێدەنگ‌و بە ڕاپۆرتێكی پزیشكی لەكار خرا. بورقێبەش، وەك موگابی، خۆی بە مەزن‌و رۆشنبیر‌و خاوەن پەیام دەزانی. مۆگابی‌و بورقێبە هەموو ساڵانی گەنجێتیی خۆیان بۆ رزگاركردنی نیشتمان لە داگیركەر تەرخان كردوە، بەڵام نەیانتوانیوە خۆیان لە هەژمونی كورسیی دەسەڵات رزگار بكەن. یەكەمیان 39%ی تەمەنی لە دەسەڵات بەسەر بردووە‌و ئەوی تر 30%ی تەمەنی لەسەر كورسیی دەسەڵات بووە. هەردوكیشیان بە كودەتایەكی بێدەنگ لابراون.
هەموو ئەوانەی ناتوانن دەستبەرداری دەسەڵات بن، نەخۆشیی خۆبەزلزانین‌و خۆ بەمەزن زانییان هەیە كە لە دەرونناسیدا پێی دەوترێ میگالۆمانیا. گرفتارانی میگالۆمانیا لەخودی خۆیانەوە سەیری هەموو شتێك دەكەن‌و بەها كۆمەڵایەتییەكان هیچ نرخێكیان لە میتۆدی بیركردنەوەیاندا نیە. خۆیان بە سەنتەری هەموو شتێك دادەنێن‌و ئەوانی تر بە پاشكۆ‌و كاڵفام‌و لەهیچ تێنەگەیشتوو. خۆبەزلزانین بەشێكە لە كەسایەتییە پارانۆیاییەكەی ئەم نەخۆشییە كە لایەنێكی جەستەییشی هەیە‌و توشی مێشك دەبێ. یەكەم زانا لێی كۆڵیبێتەوە ریچاردفۆن كرافیبینگە، ئەویش لە ساڵی 1879دا.
گرفتار بەهرەكانی خۆی بۆ قەبەكردنی كەسایەتیی خۆی‌و سەلماندنی ژیری‌و شایستەیی خۆی بەشێوەی جیاواز دردەبرێ لەوانە بەنوسین‌و خۆنواندن‌و دەنگ هەڵبڕین‌و لەبەركردنی جلوبەرگی گرانبەها‌و لەم رووەوە چێژێكی بێ ئەندازە لەوە وەردەگرێ كە خۆی بە بڕیاردەری یەكەم‌و گەورە زانا‌و فەیلەسوف‌و داهێنەری مۆدێرنێتە‌و دروستكەری رۆشنگەری‌و پارێزەری بەهاكان پیشان بدات. گرفتارەكان بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆیان یان بۆ مانەوە لە پۆستەكانیان سڵ لە هیچ شتێك ناكەنەوە. زۆربەی جاریش، بە وتاری درێژدادڕ توانای خۆیان دەردەخەن‌و بەزۆریش دەستەواژەی بریقەدار‌و رەوانبێژییەكی درۆزنانە بۆ شاردنەوەی رۆشنبیرییە كاڵەكەیان بەكار دێنن.
گرفتارەكانی پارانۆیا دوژمنی وەهمی بۆ خۆیان دروست دەكەن‌و شەڕی دۆن كیشۆتییانە دەنێنەوە. دنیایەك بۆ خۆیان دادەهێنن كە تێیدا ئەوان هەمیشە براوەن‌و نەیارەكانیان دۆراو‌و شەرمەزار.
تیۆریی پیلانگێڕان لە میتۆدی بیركردنەوەی گرفتارانی پارانۆیا جێیەكی شیاوی هەیە. ژیان بەلایەوە لە پیلانگێریی نەیاران‌و پوچەڵ كردنەوەی پیلانەكان بەولاوە هیچی تر نیە. گرفتار بەقەد ئەوەی كە حەزی لە دەسەڵاتە، خۆپەرستیشە تا ئەو رادەیەی كە هەموو شتێكی بۆ خۆی دەوێ. لە زۆربەی نمونەكاندا گرفتار زۆر بەخۆیەوە دەنازێ. لەم سەروبەندەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێ كە ئینریش هۆفمان، وێنەگری تایبەتی هتلەر، باسی كردووە كە هتلەر ئەوەندە بە خۆی سەرسام بوو كە رۆژانە داوای لێ كردووە وێنەی بگرێ. هۆفمان دەڵێ ئەو دەوروبەری دوو ملیۆن وێنەی هتلەری گرتووە. گرفتاری پارانۆیا كێشەیەكی قووڵی لەگەڵ خودی خۆی یان لەگەڵ رابردووی یان لەگەڵ رەچەڵەكی یان لەگەڵ خێزانی‌و هەروەها، بەدڵنیاییەوە، لەگەڵ دەوروبەری خۆی هەیە، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا دۆخێكی وای بۆ پێكدێنێ كە هەمیشە هەست بە گەمارۆدراوی‌و تەنگ پێ هەڵچنراوی بكات، بۆیە زۆر بەدەگمەن لێبوردەیی دەنوێنێ‌و بەزۆری لە ڕەفتاردا توندوتیژ دەبێ‌و بە هەڵچونەوە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەرەكەیدا دەكات. گرفتاری پارانۆیا هەمیشە نیگەران‌و هەستیارە‌و زۆر لە ڕەخنە‌و بیروڕای جیاواز دەترسێ.
هەموو ئەوەی لێرە باس كرا، نیشانی دەدا كە گرفتارنی پانۆرایای كورسیی دەسەڵات، نابێ لەسەر كورسیی دەسەڵات بن، بەڵكو دەبێ لە نەخۆشخانە بن، وەك لە نمونەكانی بۆرقێبە‌و مۆگابی‌و فڵان‌و فیساردا دەردەكەوێ.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*