سەرەکی » وتار » خەڵەف غەفور‌ » دیپلۆماسییەتی تەماتە

کەمین پۆڵەتیک

دیپلۆماسییەتی تەماتە

رۆژی 24ی نۆڤەمبەری 2015، هێزە ئاسمانییەكانی توركیا فڕۆكەیەكی جەنگی روسی لە جۆری سۆخۆ- یان خستە خوارەوە، دواتریش وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاند بەهۆی بەزاندنی سنووری ئاسمانی وڵاتەكەیەوە فڕۆكەكەیان خستووەتە خوارەوە.
ئەو رووداوە بەشێوەیەكی سادە تێنەپەڕی، دوای كەمتر لە هەفتەیەك ڤلادمیر پوتین، سەرۆكی روسیا كۆمەڵێك سزای بەسەر توركیادا سەپاند و حكومەتی وڵاتەكەیشی بۆ گرتنەبەری ریۆشوێنی جێبەجێكردنی ئەو سزایانە دەست ئاوەڵاكرد.
توركیا و روسیا ساڵانە بەبڕی 27 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوانیاندا هەیە بەتایبەت لە بواری بەرهەمەكانی كشتوكاڵ، بەپێی یەكێك لە بڕگەكانی ئەو سزایەش هاوردەكردنی تەماتە لە 1ی یەنایەری 2016ەوە لە توركیاوە قەدەغەكرا. بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵیش ساڵی 2015 بڕی 350 هەزار تۆن تەماتە كە بەهاكەی 260 ملیۆن دۆلار بووە لە توركیاوە هەناردەی روسیا كراوە.
پێش چەند رۆژێك رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی روسیای كرد، لەنێو تەوەر و باسە سیاسییەكانی نێوانیان لەگەڵ ڤلادمیر پوتین باسكردن لە هەڵگرتنی سزای هەناردەكردنی تەماتە بۆ روسیا كراوە، دەرەنجامی ئەو بڕیارەش روسیا لە سەرەتای 2018ەوە رێگە بەهاوردەكردنی تەماتە بۆ وڵاتەكەی لەلایەن بازرگانەكانییەوە دەدات.
لە سەروەختی فەرمانڕەوایی ئەردۆغانەوە لە 2013 باشتركردنی دۆخی ئابووری توركیا یەكێك لەو پرسانە بووە بەوردی كاری لەسەر كراوە، سەركەوتن لەدوای سەركەوتن بۆ خۆی و حزبەكەی، هەڵكشانی غروری سیاسی و شەڕە دەنوك لەگەڵ ئیسرائیل،ئەمەریكا،ئەڵمانیا و وڵاتانی دەوروبەر تا خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییە روسییەكە ئیستێكی كرد و دواجار ئەردۆغان بۆ بەرژەوەندی خۆی و حزب و حكومەت و گەلەكەی لەبەردەم قەیسەری روس چۆكی دادا.
پرۆژەی ئەردۆغان لە زۆر لاوە شكستی هێناوە، لە توركیا بە نەیاری ناوخۆیی دەورە دراوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مۆدیلە سیاسییەكەی كەوتووەتە ژێر گومان و پرسیاری جدییەوە، لەسەر ئاستی هەرێمایەتیش چاوی خستووەتە سەر دوو پرس كە پەیوەندی نزیكیان بەیەكەوە هەیە:
یەكەم: بەپێی رۆژنامەی «كۆمیرسانت»ی روسی یەكێك لە ئامانجەكانی روسیا هەوڵدان بۆ رازیكردنی پوتین بووە بۆ كشانەوەی هێزەكانی روسیا و ئەمەریكا لە سوریا و لەوەشدا سەركەوتووە نەبووە، بەڵام قەدەغەی سەر هەناردەكردنی تەماتەی وڵاتەكەی لابردووە.
دووەم: هەڕەشەكانی ئەردۆغان لەسەر رۆژئاوای كوردستان و قەندیل دەمەزەرد بووەتەوە، لە رۆژئاوا فشارەكانی زیاتر كردووە و لە قەندیل بۆردومانەكانی چڕتر كردوونەتەوە، راستییەكەی ئەوەی قەندیل بێ ئامانج دەبێت، بەڵام دڵنیایی بۆ سەرنەكەوتنی ئەردۆغان لە رۆژئاوای كوردستان و زیانگەیاندنی زۆر بە پارتی یەكێتی دیموكراتیك «پەیەدە» نییە.
سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆغان تا ئەندازەیەكی زۆر شكستی هێناوە، نزیكبوونەوەی لە روسیا و خۆدوورگرتن لە ئەمەریكا و ئیسرائیل زیانی لە قازانج زیاترە، ئەو دەیەوێت بۆ وێنە شكستهێنانی وڵاتەكەی لە هێنانەوەی فەتحوڵڵا گویلەن و سزادانی بە لابردنی سزای سەر هەناردەی تەماتەی توركی بۆ روسیا قەرەبوو بكاتەوە، ئەمەش بۆ ئابووری باش و بۆ سیاسەتیش خوڵقێنەری لاسەنگی هێزی ناوخۆییە.
هەرچی سەبارەت بە پەیەدەیە توركیا سوورە لەسەر لەناوبردن یان بێ هێزكردنی، خاڵی لاوازی پەیەدەش ئەوەیە بەتەواوی رەنگی پەكەكەی گرتووە و ئەوەش وادەكات لە ئەگەری سازشی توركیا بۆ ئەمەریكا شانسی ئەردۆغان بۆ هێرش و فشاری زیاتر بۆ سەر پەیەدە زیاتر بكات.

توركیا دەوڵەتێكی گرنگی ناوچەكەیە و كارتی زۆری لەدەستە، توانای پێ بەخشینی بەرژەوەندیی زۆرتری بە هاوپەیمانەكانی كورد هەیە، پەیەدەش لە ئەگەری كاڵنەكردنەوەی رەنگی پەكەكە لەسەر خۆی تەنیا شتێك كە دەستیدەكەوێت زیاتركردنی مەترسییەكانە لەسەر ئەزموونەكەی. دوور نییە هاوشێوەی دیپلۆماسییەتی تەماتە ئەردۆغان بۆ پشتكردنە پەیەدەش هەنگاوی جدی بنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*