سەرەکی » دۆسێ » رانیە و پشدەر له‌ سه‌فه‌رنــــامه‌ی ریچ دا (1820)

رانیە و پشدەر له‌ سه‌فه‌رنــــامه‌ی ریچ دا (1820)

ئاوات سه‌ید ئه‌حمه‌د _ پشده‌ر

ڕۆژهەڵاتناس و گەڕیدەی بەریتانی ریچ (١٧٨٧ _ ١٨٢١)زاینی، لەماوەی نێوان ساڵانی (١٨٠٨ _ ١٨٢١) لە عێراق نیشتەجێ بووە، نوێنەری کۆمپانیای هیندی رۆژهەڵاتی بووە لە بەغدا، لەساڵی ١٨٢٠ بەهاوڕێیەتی مەنشی بەغدادی سەردانی کوردستانی کردووە، کە بەشی زۆری گەشتنامەکەی بۆ میرنشینی بابان و پایتەختەکەیان (سلێمانی) بەتایبەتی و میرنشینی ئەردەلان پایتەختەکەیان (سنە) بەگشتی تەرخان کردووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی بۆی کرابێ چ لەڕێگەی سەردان یان وەرگرتنی زانیاری هەوڵی داوە کە زۆرترین زانیاری لەسەر ناوچەکانی کوردستان کۆکاتەوە، یەکێک لەو دوو ناوچەیەش ناوچەکانی (ڕانیەو پشدەر)ن.
لەکاتی سەردانی ریچ دا بۆ میرنشینی بابان، ناوچەی پشدەر بەشێک بوو لە سنوری ئیداری و کاڕگێری میرنشینی بابان، هەربۆیەش هەوڵی داوە چ لەڕێگەی سەردان چ لەڕێگەی ئەو کەسانەی لە پشدەرەوە سەردانی سلێمانی دەکەن زانیاری لەسەر ناوچەی پشدەر کۆبکاتەوە. بەتایبەت ئەوەی کە بنەچەکەی دامەزرێنەرانی پێنجەمین بنەماڵەی بابان (١٦١٠ _ ١٦٦٠) دەگەڕیتەوە بۆ فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە کە گوندی (دارەشمانە)ی پشدەر پایتەختەکەی بووە.

عەشیرەتەکانی ڕانیەو پشدەر لە سەفەرنامەی ڕیچ دا:
١_ بڵباس:

هۆزی بڵباس یەکێک بوو لە هۆزە گەورەو دیارەکانی کوردستان، لە سەدەی شازدەو لە کاتی نوسینی(شەرفنامە)دا بڵباسەکان وەک هۆزێکی سەربەخۆ ناویان هاتووە، (شەرەفخانی بەدلیسی)بنەچەی هۆزی بڵباس دەباتەوە سەر هۆزی ڕۆژەکی و دەڵێت:>>بیست وچوار تیرەی سەرەکی لەبەرەبابی ڕۆژەکی لەناوچەی(تاب)کە سەر بەناوچەی(خۆیتە)کۆبوونەوە، بوونە دوو بەش، دوانزەیان یەکیان گرت و ناویان لەخۆیاننا(بڵباس)، دوانزە هۆزو تیرەکەی تر بە(قەوالیسی)ناسران، بەو پێیەش بێت دەبێت بڵباسەکان لەناوچەی(بەدلیسی)کوردستانی تورکیاوە کۆچیان کردبێ بۆ ناوچەکانی سلێمانی و هەولێر لەکوردستانی عێراق و ئەو هەرێم و ناوچانەی کە کەوتوونەتە نێوان سابڵاغ و سنەو ڕەواندز و کۆیە، ئەو هۆزە لەبنەڕەتدا فیداسیۆنەکی خێڵەکییە وەک لەوەی هۆزێکی دیاریکراوبێت، بەگوێرەی ڕیچ لەساڵی (١٨٢٠) لقەکانی ئەو کۆنفدراسیۆنە بریتین لە:>>کابایز _ مەنزور(مەنگوڕ) _ مامەش _ پیران _ ڕەمک _ سن)>>. ، سنورەکانی(بڵباس)ی لە ڕانیەو پشدەرەوە تا کۆیەو دەورووبەری(ڕەواندز)درێژکردۆتەوە، ناوچە کوێستانیەکانیشیان دەکەونە سەر چیا بڵندەکانی سنەو سەقزو سەردەشت، هەروەها سنورەکانیان لە(دەریاچەی ورمێ)وە تا سابڵاغ و شنۆ وسەردەشت درێژبۆتەوە، بەناوبانگترین کوێستانیشیان(وەزنێ)یە.
لەبەرگرنگی و پێگەی بڵباسەکان وەک یەکێک لەهۆزە کاریگەرەکانی سنوری میرنشینی بابان، ریچ هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاری داوە لەسەر بڵباسەکان، و بەم شێوەیە باسیان دەکات:>> هەموو پیاوێکی بڵباس پلەو پایەی هەرچییەک بێتم دەتوانێت بیروڕای خۆی سەبارەت بە هەموو کاروبارێکی گشتی دەربڕێ، جاری وادەبێ سەرۆکێکی بڵباسی لەسەر شتێکی بازرگانی، ڕێکەوتننامەیەک بکات، کەچی یەکێک لەپیاوەکانی هۆزەکەی ڕادەپەڕێت و دەڵێ: من بەمە رازی نیم، ئیتر هەر ئەو قسەیە بەسە بۆ هەڵوەشانەوەی تێکڕای ڕێکککەوتنەکە، بۆ وێنە، جارێکیان دوای ئەوی ئەورەحمان پاشا شەڕێک لەگەڵ بڵباسەکان دەکات، دوایی لەگەڵیان ئاشت دەبێتەوەو ڕێک دەکەونەوەم بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت (کاکە حەسەن)یا براحەسەنی سەرۆکی بڵباسەکان سەردانی سلێمانی بکات، بەرامبەر بەم سەردانەش (سەلیم بەگ)ی برای ئەورەحمان پاشا لای بڵباسەکان بارمتەبێ، ئیتر کاکە حەسەن خەریک دەبێ بڕوات، پیاوێکی هۆزەکە دەست دەخاتە سەر خەنجەرەکەیی و زۆر لەسەرخۆ دەڵێت، ئەگەر کاکە حەسەن بگرن، بێ چەندوو چون دەیکوژن و دوایش شانازی دەکەن بەوەوە کە سەرۆکێکی بڵباسیان کوشتووە، لەبەر ئەوە چاکتر وایە هەر لێرە خۆن بیکوژم، تەقەللایەکی زۆر لەگەڵ کابرا دەدەن بێ کەلك دەبێ و لەکەلی شەیتان نایەتە خوارەوە، لەسەر ئەمە سەلیم بەگ سواری ئەسپەکە دەبێ و بڕیار دەدا بۆ جێگاکەی خۆی بگەڕێتەوەم بێ ئەوەی بەپێویستی بزانێ قسە لەگەڵ کاکە حەسەندا بکات، دوای ئەوەی سەلیم بەگ کەمێک دوردەکەوێتەوە، کابرای دڕندە پەشیمان دەبێتەوەو هاواری لێدەکات کە بگەڕێتەوەو دەڵێ: کاکە حەسەنیش لەگەڵ خۆت ببەو پێکەوە بڕۆن، ئێمە بارمتەشمان ناوێت، ئەگەر پیاوبن لەگەڵیدا چاک دەبن، ئیتر بڵباسەکان ئەم قسەیە پەسەند دەکەن و سەلیم بەگ و کاکە حەسەن پێکەوە بۆ سلێمانی دێن>>.
لەناو بڵباسەکاندا خەڵکی گوندنشین، یان دەست و پێوەندیش هەن، مافی بیروڕا دەڕبڕینیان نییە لەکاروباری هۆزەکەداو هۆزەکەش بەچاوێکی سوک سەیریان دەکەن، ئەم جۆرە کەسانە لەهەموو ناوچەیەکی کوردستان هەن و ئەمانە سەر نە بە خێڵێکن و نە سەر بە تیرەیەکن، خەڵکی ناو خێڵەکانیش بە (کڵاو سپی) و (گۆران) ناویان دەبەن.
٢_ ریچ لە پۆڵێنکردنی ئەو هۆزانەی کەلەناوچەیەکی دیاریکراودا نیشتەجێن تەنها ناوی هۆزی سەکر و نورەدینی هێناوە بەم شێوەیە:
هۆزی سەککیر (سەکر)و نورەدینی: ئەم دوو هۆزە نزیکەی (١٠٠) گوندیان دەبێ و دەشتوانن نزیکەی هەزار کەسێک چەکدار بکەن.
بەم پێیەش لەکاتی سەردانی ریچ دا هەردوو هۆزی سەکرو نورەدینی خاوەنی دەسەڵات و هێزی پشدەر بوون و وەک دوو لە هۆزە گەورەکانی کوردستان ئەژمارکراون.

گوندی دارەشمانە:
ریچ لەسەفەرنامەکەیدا فەرمانڕەوایکردنی بابانەکان بۆ پشدەر دەگێڕێتەوە دەڵێت:>> بابانەیش کاتی خۆی سەرۆک و دەرەبەگەکانی پشدەر بوون و پایتەختەکەشیان (دارەشمانە) بووە>>، لەسەرەتای گەشتەکەی ریچ دا دارەشمانە گوندێکی بچوک بووەو نزیک بە ١٨ ماڵێک بووە وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، دارەشمانە گوندێکی بچووک بووە لە پشدەر کاتی خۆی مەڵبەندی بابەنەکان بووە، دانیشتوانی ئێستای ئەو گوندە هەموویان لەو بنەماڵەیەن، یان بەواتایەکی تر بنەماڵەی بابانی لەوانن و شانازیشی پێوە دەکەن، چونکە ناوبەناو هەندێکیان سەردانی سلێمانی دەکەن و ئەو ڕەحـمان پاشای میری میرنشینی بابان پێشوازی لەو ئامزایانەی خۆی دەکات، لەگەڕانەوەشیاندا ئەو دیاری و پێویستیانەیان دەداتێ کەلەگەڵ گوزەرانیاندا دەگونجێ و ئاتاجیان پێیەتی، ئەوانیش بەپێی ئەوەی لقەسەرەکیەکەی خێزانەکەن، بێ پەردە دەچنە لای و لەگەڵی دادەنیشن، لەبەر ئەوە زۆرجار دەبینی لادێ ییەک لەگوندەکەی خۆیەوە بە سواری گوێدرێژێک شۆڕدەبێتەوەو بەرەو سلێمانی دێت و ڕوودەکاتە لای میر، میریش پێش ئەوەی فەرمووی لێبکات خۆی دەچێتە تەنیشتیەوەو قەننەیەکی کورتی پیس دەردەهێنێ و دایدەگیرسێنێ و پاش ئەوەی مژێکی لێدەدات دەڵێ: ئێ ئامۆزا، پێم بڵێ حاڵت چۆنە؟

پشدەر لەگەڕانی ڕیچ دا:
یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ریچ، دەتوانین بڵێن گەڕان بووە بەناوچەکانی سنوری میرنشینی باباندا، ئامانجیش لەوە کۆکردنەوەو تۆمارکردنی زۆرترین زانیاری بووە، هەربۆیەش دوای دەرچوونی لەسڵیمانی بە چیاکان و هەوارو ڕەشماڵی عەشیرەتەکاندا گەڕاوە، لەیەکێک لە گەڕانەکانیشیدا دوای ئەوەی سەردانی قەلاچوالان دەکات، بە زنجیرە چیاکانی دەوروبەریدا هەڵگەراوەو دەڵێت:>> سەرکەوتینە سەر بەرزاییەکەی بەرامبەرمان و بەڵاپاڵەکانیدا هەڵگەڕاین، چەند چینە بەردێکمان بینین ئەستوراییان دوو گرێ یان سێ گرێ دەبوون و لەو گوێ خەرەندانە بوون کە ئاوەڕۆ دروستی کردوون، بەڵام ئەوەندە سەیرو لوول بەیەکدا ئاڵابوون، دەتووت پارچە خشڵی زاخاودراوی دایڕدابڕەو لەسەر شێوەی کۆن دروستکراوەم گەیشتینە گوندی مەڕوێ لەناوچەی ئالان، ئیتر لێرەوە کوردی ڕستەقینە پێشوازییان لێکردین، گوندەکە لە جێگایەکی جواندا بە لاپاڵی شاخێکەوەیەو بە جێگایەکەوەیە زۆر لەچەمەکەوە بەرز نییە، لەو بەریشەوە کێوی (بێ لوو)مان دەدی، کە ڕووەو باکورو کەمێکیش بەلای خۆرئاوادا کشابوو، لەوێوە خەرەندێک بەردەلانی ڕووت هەبوو پێی دەوترا (بڕی) و پیاو لەو دەلاقەو کەلێنی ئەو خەرەندەوە سەرووی گوندەکەی دەبینی، کە دیمەنێکی بەردەڵانی جوانتری بوو، کێوەکە لەپشت کەلێنێکەوە بەرزتریش دەبووەوە، شاری (بێ توش)یش لەژێر کێوەکەدا دەبینرا، کە دەکەوێتە باکوری خۆرهەڵات و سێ سەعاتە ڕێیەک دەبوو، نەک لەبەر دوری ماوەکە بەڵکو لەبەر ناخۆشی ڕێگاکە، ڕوبەروی شاخەکە و بەرامبەر (بێ توش)یش ناوچەی (پشدەر)هەبوو، لای خۆرئاوای ئێمەشەوە زنجیرەچیایەک هەیە پێی دەگوترێت (کوڕکوڕ)، کەلەوە دەچێت بلکێتەوە بەو شاخەی ئێستا باسم کرد)، لەو تەنیشتەشیەوە کە لەئێمەوە نزیکە گوندی (شینک) هەیە، کە پێنج سەعاتە ڕێ دەبێ، (گەڵاڵە)ش لەنزیک (شینک)ە، کەلای ڕاست واتا لای باکورەوەیە، هەروەها (مەرگە)ش دەکەوێتە شانی ئەو دیوی زنجیرەکەوە، کە ڕوبارێک لە (بیتوێن) جیایی دەکاتەوەو دە سەعاتە ڕێ یەک دوور دەبێ.
وەک دەردەکەوێ (ریچ) بۆی نەگونجاوە سەردانی ناو پشدەر و بیتوێن بکات بەڵام وەک لەبینینی خەڵکی ناوچەکەو لەڕێگەی ڕوانینەکانیەوە لەسەر زنجیرە چیای کوڕکوڕەوە زانیاری لەسەر ناوچەکانی پشدەرو بیتوێن و مەرگە کۆکردۆتەوە.

لایەنی ئابوری:
وەک ریچ تێبینی کردووە لەکاتی گەشتەکەیدا دانیشتوانی ناوچەکە بەمەبەستی دابینکردنی بژێوی ژیانیان زیاتر پشتیان بە لایەنی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری بەستووە، توتن یەکێک بووە لەو بەرهەمانە کە بەشێوەیەکی بەربڵاوو لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەو کراوەو بە بەنەوە کراوەو وشکیان کردۆتەوە، تەنانەت ریچ توتنەکەی تاقیکردۆتەوەو کێشاویەتی، هەروەها (ماش) لەلایەن جوتیارەکانی ناوچەکەوە بەرهەم هێنراوە بەشێوەیەکی بەربڵاوو کراوە وەک ئاماژەی پێداوە جگە لەمەسەلەی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریش گژوگیا کێویەکانیش مەزراکانی ناوچەکەیان داپۆشیوەو وەکو نەخش بەسەر رووی زەوییەوەن.

فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە لەسەفەرنامەی ڕیچ دا:
چیرۆکی گێرانەوەی داستانی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە کاتێک پیاوێک لە گوندی دارەشمانەی پشدەرەوە سەردانی سلێمانی دەکات و ڕیچ لەسلێمانی چاوی پێدەکەوێت و لەدەمی ئەوەوە داستانی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە دەگێڕێتەوە:
<> لە دارەشمانە دوو برا هەبوون، ناویان فەقێ ئەحمەد و خدر بووە، ئەوانە دەردەسەریەکی زۆریان بەدەست ئەو بڵباسانەوە چەشتووە، کەکاتی خۆی لە پشدەردا بەدەسەڵاتترین خێڵ بوون، فەقێ ئەحمەدیان ئازاو کارامە بووەو بە توڕەیی گوندەکەی جێدەهێڵێ و سوێند دەخوات تا دەسەڵاتی ئەوەی نەبێ تۆڵەی خۆی بکاتەوە، نەگەڕێتەوە.
چۆتە ئەستەمبوڵ و لەدامودەزگای میری دا خۆی دامەزراندووە، ڕێکەوتەب سەیرەکەش وابووە، سوڵتان لە فەرمانگەکاندا لە جەنگدا بووە، کابرای سەرگوزەشتە گێڕایەوەو وتی ئەم فەرمانگانە ئینگلیزن، لەوکاتەشدا جەنگ لەشێوەی زۆران و دەستەویەخەدا بووە، بۆیە جارێکیان پاڵەوانێکی فەرەنگی هاتۆتە مەیدانەوەو ماوەی پێنج ڕۆژ، زۆرانی لەگەڵ ئازاترین سوارەی تورکدا گرتووەو هەمویانی بەزاندووە و کوشتوونی، ئیتر فەقێ ئەحمەد داوا دەکات زۆران لەگەڵ ئەو پاڵەوانە بوێرەدا بگرێ، سوڵتانیش بەشوێنیدا دەنێرێ و لیی دەپرسێ خەڵکی کوێی؟ دوای ئەوەی بەسەرو سیمای قایل دەبێ، ڕێگای دەدا زۆرانەکە بگرێ و ئەسپێک و هەموو پێداویستیەکی دەداتێ، ئەویش دەچێتە مەیدانەوەو کابرای فەڕەنگی دەبەزێنێ و کاتێ دادەبەزێ سوارە بەزیوەکە سەرببڕێ، دەبینێ دوژمنەکەی کچەو دەست دەکات بە تکاو پاڕانەوە لێی و پەیمانی دەداتێ ئەگەر نەیکوژێت شوی پێ ناکت، ئیتر وەک بەڵگەیەکی سەرکەوتن لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ ناو هۆردوی تورک و لەوێ سوڵتان پێی دەڵێ: حەز بە چ پاداشتێک دەکەی بەرامبەر بەو کارە بت دەمێ، ئەویش تکای لێدەکات نازناوی (بەگ)ی پێببەخشێ و لەگوندەکەی دایبنێ و دارەشمانەشی بۆ هەمیشە بداتێ، کە ئەمە داواکاریەکی بچوک و چاوتێرانەیە، یان کورت بین بووە، چونکە هەر بەڕاستی ئەگەر داوای هەموو کوردستانیشی بکردایە، بێ سێ و دوو دەیدایە، ئیتر دوای ئەوە تەواو بەو دەسکەوتانە قایل دەبێ و بە دەوڵەمەندی و شانازییەوە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بۆ نیشتیمانەکەی خۆی دەگەڕێتەوە، خواش دوو کوڕیان پێدەبەخشێت کە بابا سلێمان و (بوداغ کێخان)ن، لێرەدا دەبێ ئەوەش بڵێم کە کچەکە ناوی (کەیخان)بووە، دوای ئەمە فەقێ ئەحمەد دەکەوێتە بەربەرەکانی بەردەوامی بڵباسەکان و دەسەڵاتیان لێوەردەگرێتەوەو پلەو پایەشیان زۆر دادەبەزێنێ.
ڕۆژێک لە ڕۆژان فەقێ ئەحمەد لەوێ نابێ و چوارسەد، پێنج سەد بڵباسی بەسەریاندا دەدەن و (کەیخان)یش سواری ئەسپەکەی دەبێ و هەموویان پەرشوبڵاودەکات و پێیان دەڵێ؟ هۆ پیاوگەلی دارەشمانە، کاتی خۆی فەقێ ئەحمەد ژیانی پێبەخشیمەوەو من لەدەست ئەودابووم و هەرچاوەڕێی ئەو ڕۆژە بووم چاکەکەی بدەمەوە، ئەمەش هەموو ئاوات و چاوەڕوانیم بوو، ئێستاش ئێوە هەرچیتان بەچاوی خۆتان دیوە بۆ فەقێ ئەحمەدی بگێڕنەوە، چونکە من جێگایەک دەچـم، کە جارێکی تر چاوی پێم ناکەوێتەوە، پێشی بڵێن تکادەکەم بەدوامدا نەگوڕێ، چونکە دادی نادات، ئەگەرواش نەکات ئازاری پێدەگەیەنم، کەخوا ئاگای لێیە حەز بەوە ناکەم، ئەمەی وت و جڵەوی ئەسپەکەی وەسوراندو ئاوزنگی لێداو دەستبەجێ لەچاو گوم بوو.
لە فەقێ ئەحمەد دەگەڕێتەوە سەری لەڕوداوەکە سوڕدەمێنێ، هەرچەند چاوەڕێشی دەکرد ئەمە ڕوبدات، بەڵام بۆ لەدەست چونی (کەیخان) خەم دایدەگرێ، سەرەڕای ئەوەش کە وتویەتی شوێنم نەکەوێت، بڕیاردەدات هەر شوێنی بکەوێ، ئیتر شوێنی دەکەوێ و لە دۆڵی (خەردان) توشی دەبێ، تکای لێدەکات بگەڕێتەوە، ئەویش پێی دەڵێت شتی وا نەبووەو نابێ، چونکە تۆ مسوڵمانیت و من فەرەنگی دەچمەوە بۆ نیشتیمانی باب و باۆیرانم، لەبەر ئەوە تکات لێدەکەم نزیک مەبەرەوەم ئەگینا ئازارت دەدەم و مالئاوا.
بەڵام فەقێ ئەحمەدی شەیدا هەر سوردەبێ لەسەر شوێن کەوتنی، ئەویش نێزەکەی بەرزدەکاتەوەو دەیدا لە شانی و بەری دەکوێت و ژنەش بۆ دەردەچێ، ئیتر ئەوەندە دورناکەوێتەوە کە هەست دەکاتبەرامبەر ئەو دڵنەرمیەی ئەو، کاتێ ژیانی لەناو دەستی ئەودابوو، ئەو دڵ رەقی لەگەل نەندواندووە، جگە لەوە ئەگەرچی مێردەکەی مسوڵمانیشە، لەهەمان کاتیشدا باوکی منداڵەکانێتی، لەبەرئەوە بەزەیی پێدادێتەوەو دەگەرێتەوە سەری دەبینێ هێشتا زیندووە، ئەویش هەتوانێکی بەهێز لە زامەکەی دەدات و ترسی مردنی لێ دوردەخاتەوەو پێویستیەکانی چارەسەرەکەیشی بۆ جێدێڵێت و دەڕوات.
بەڵام مێردی ئازاو ئەوین دار ، دوای ئەوەی زامەکەی گۆشتەوزوون دەبێتەوەو چاک دەبێتەوە، ئارامی لەبەر دەبڕێ بۆ ئەو هەڵوێستە ڕەقەی هاوسەرەکەی لەگەڵیدا کردووەیەتی، بۆیە شوێنی دەکەوێ تادەگاتە فەرەنگستان، لەوێ لە ئێوارەیەکدا ڕێی دەکەوێتە شارێکی گەورەو لە(مەهتەرخانە) گوێی لەدەنگی بەزم و گۆرانی دەبێ و مۆزیک دەژەنرێ و چراش هەڵکراوەو ئەو شتە ئاساییانەش ئامادەکراوە کە بۆ ئاهەنگ و زەماوەند سازدەکرێ.
ماوەیەک دادەمێنێ و مینەی شوێنێک دەکات تێیدا بمێنێتەوە، تا لەدواییدا بڕیاردەدات خۆی بداتە دەست قەدەرو ئەسپەکەی لەکوێ ڕاوەستا لەوێ دابەزێ، ئیتر جڵەوی بۆ شل دەکات و دوای ئەوەی هەندێ سێ و دوو دڵی خۆی دەکات، هەوالێ ئەو ئاهەنگەی لێ دەپرسێ کە دیتویەتی، ئەویش دەڵێ: کچە شازادە، لەجەنگی مسوڵمانەکان گەڕاوەتەوەو ئێستا دەیدەن بە ئامۆزای خۆی.
فەقێ ئەحمەدیش تکا لە پیرەژن دەکات کارێ بکات ڕێی بدەن بۆ سەیری زەماوەندەکە بچێت، پیرەژنە ڕازی دەبێت، بە مەرجێ جلی ژنانە لەبەر بکات، بەمجۆرە توانی بووی لەیەکەم دیدەنی (کەیخان)ی شۆخ و مێردەکەی خۆی تەیارکردوودا، خۆی بگەیەنێتە نزیکیان.
ئا لەم کاتەدا کە کچەشادە دەچێتە بەردەم میردەکەی، مێردەی دڵرەقیش کوتوپڕ شەقازلەیەک بەبنا گوێدا دەداو پێی دەڵێ: تۆ هەر ئەوە نەبوویت لای مسوڵمانەکان دیل بویت، ئەی تۆ ئابڕوت نەتکاوە؟ چۆن زات دەکەیت خۆتم پیشان دەدەیت؟ بوکیش لەتاو ئازاری شەقازلەکەو چونکە چاکیش فێری کوردی بووە، بەکوردی هاوار دەکات: (ئای فەقێ؟ لەکوێت بهێنم؟).
لەم هەلەدا فەقێ ئەحمەد دەردەپەڕێ و زاوای دڵرەق دەکوژێ و لەگەڵ بوکەشەنگەکەیدا دەگەڕێتەوە ئەستەمبوڵ و لەوێ سوڵتان لەجاری پێشوو زیاتر خەڵاتی دەکات…
ئەمجارەش فەقێ ئەحمەد و بووکە هۆگرەکەی بۆ پشدەر دەگەڕینەوەو تا مردن پێکەوە بەخۆشی و کامەرانی بەسەری دەبەن، لەپێش مردنیشیدا دەستی بەسەر ناوچەکانی پشدەر و مەرگەو ماوەت دا گرتووە، لەدوای خۆیشی (بابا سلێمان)ی کوڕە گەورەی لەجێی دانیشتووە، ئەمیش پاشماوەی پارچەکانی تری کوردستانی داگیرکردووەو تا ئێستاش لەژێر دەسەڵاتیاندایە، بەڵام (بوداغ کەیخان)ی کوڕی دووەمی بە وەجاخ کوێری سەری نایەوە.
پوختەی هەندێ شتی ئەم سەرگوزەشتەیەم بیست و پیشتریش میر، بەشێوەیەکی ئاڵۆز هەر بۆی گێرابوومەوەو شانازیشی بەوەوە دەکرد کە وەچەی (کەیخان)ی ئەوروپاییەو پێشی وتم ڕەنگە بە دووری نەزانێ، بەخزم بەمن بگاتەوە. بەڵام ڕووداوەکەی بەباپیری بابا سلێمانەوە بەستەوە، ژنانی بنەماڵەکەش هەمان سەرگوزەشتەیان بەجۆرێکی نزیک لەم گێڕانەوەیەی ئێمە، بۆ هاوسەرەکەم گێڕابووەوە.
لەم سەرگوزەشتەیەدا کە لەحیکایەت خوانەکەم بیستووە، بێ زیادو کەم، وەکو خۆی نوسیوەمەوە، گیانی سوارچاکیی و جوامێریەکی زۆری تێدایە، کە ئەمە شتێکە بەلای کەمەوە تا ئێستاش خەڵکی خۆرهەڵات کەمتر گرنگییان پێداوە، ڕوداوەکەش خۆی لەخۆیدا لەجۆری بیرکردنەوەیانەوە زۆر دوورە، دیارە سەرگوزەشتەکە ڕوداوی ڕاستی تێدایەو ڕەنگە لەڕۆژگارێکی زۆر لەوە دورتریشدا ڕویدابێ، کە حیکایەت خوانەکە بۆمی دەستنیشان کرد، شتێکی باشیش دەبوو یان جێی سەرسوڕمان دەبوو، ئەگەر بتوانرایە پێوەندییەک لەنێوان ئەم ڕوداوەو سەرگوزەشتەکانی جوامێریی و سوارچاکی ڕۆژگاریی خاچپەرستان ، یان ڕۆژگاری سەلاحەدینی ئەیوبی دا بدۆزرایتەوە، چونکە سەلاحەدینیش هەر میرێکی کورد بوو، ڕێشی تێناچێ حیکایەتخوانانی کورد، ئەوانەی جگە لەئەستەمبوڵ ناتوانن سوڵتانێکی تر بهێننە پێش چاوی خۆیان، حەزدەکەن ئەمجۆرە سەرگوزەشتەی شایستەن و ناوبانگیان هەیەم هەر بیلکێنن بە (بابا سلێمان)ی یەکەم باپیرەو پاڵەوانە خۆشەویستەکەیانەوە، کە لەلای ئەوان ژیانی ئاشكرایەو ئەوەندەش ناوبانگی هەیە ئەمجۆرە بۆ هەڵبەستنانە بگرێتەخۆ.
من ئامادەم نمونەیەکی زۆر بخەمە ڕوو لەسەر ئەو ئاڵۆزییە، لەیەکچوانەی لەو ڕۆژگارو مێژوانەدا حیکاتخوانانی خۆرهەڵات باسیان کردووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...