سەرەکی » دۆسێ » لوێچێك لە بیرەوەرییەكانم لەگەڵ خالقی

حیكایەتی من و ئیمپراتۆر!

لوێچێك لە بیرەوەرییەكانم لەگەڵ خالقی

ئارارات ئەحمەد ئەحمەد

كۆتایی 2018 – سلێمانی، گەڕەكی ڕاپەڕین

…(١)
هوزارەكەی باخ بە باخ و
هاوارەكەی دڵ بە دڵی كوردستان و، پەیامبەرو زەعیمەكەی هۆبە و هەوارت لە ئاویەر(٢) !
چت بۆ بنووسم نەنووسرابێ‌
چت بۆ بڵێم نەگوترابێ‌
بە چ زمانێك پێناسەت كەم،
زمانێك پێشتر، هیچی پێ‌ تاریف نەكرابێ‌!
كام مەدالیات بە ملداكەم
مەدالیایەك
نە ئەڵماس بێ، نە گەوهەر بێ، نە تەڵا بێ‌
مەدالیایەك، هەر کتومت لە خۆت بچێ‌…
یەكپارچە نووری خودا بێ‌!
مەدالیایەیك، هەتا ئێستا،
بە ئەستۆی شاهـ و خاقان و
بە سینەی كەسدا نەكرابی!
وەلێ چ بكەم…
لە ئاست وەسفی ئیمپراتۆر
كە دەست، شكاوو
قەڵەم، كۆڵ و
زمانیش لەنگ و گیرابێ‌!
ئاخر چ بكەم…
ئەو خەیاڵەی كە پێی مەستم،
خۆشم بكوژم…
بۆم نەخرێتە نێو چوارچێوەی هەڵبەستم(٣)!
خالقی، دەنگێكی ڕەسەن و لێوانلێو لە سیحر و ئەفسانە، سەرتۆپی یادگارییەكان. دەنگێك، كە لەوەتەی مێژووی هونەر و مۆسیقای كوردی هەبووە و هەیە، نە لە شێوەی هەبووە و نە جارێكی دیكەش دووبارە دەبێتەوە، خەڵاتێكە خوای گەورە بە ئێمەی بەخشیوە، خانەدانی كۆمەڵایەتی، سەردارو خاوەنشكۆی مەملەكەتی هونەر، بەگزادە و تاقانەی (هاواری دڵ)(٤)…

یەكەمجار كە گوێملە ناوی خالقی بوو
بەهاری ساڵی 1968 یان 69 بوو، كە ئەو كات هەشت ساڵان دەبووم و هێشتا نەخرابوومە بەرخوێندن، من و كوڕی ئامۆزایەكم، بە ناوی (لوقمان) لە گوندی (ژاراوێ‌)وە(٥)، چووینە (گربداغ)(٦)، كە ماڵیان لەوێ‌ بوو. عەسر بوو گەیشتین. باش لەبیرمە، پوورە فاتمی دایكی، بە ڕەحمەت بێ‌، ڕادوێیەكی بە دەستەوە گرتبوو و گوێی لە گۆرانییەك دەگرت، زۆر بە تاسوقەوە گوێی بۆ ڕاداشتبوو، پاش كەمێك ڕووی دە من كرد و كوتی: «حەسەن، دەزانی ئەوە كێیە؟»(٧)
ئەمنیش كە هێشتا منداڵ بووم و هیچ زەوق و سەلیقەیەكی وام نەبوو، كە لە گۆرانی بگەم و بزانم چییە و، ئەو گۆرانیبێژەش كێیە، هەر وا سەرێكم بۆ ڕاوەشاند و كوتم: نا…
ئینجا ئەو بە دەربڕینێكی عامیانە كوتی: «ئەوە (مەزەری خالقی)یە»
ئەو كاتە، ئەو وەڵامە و ناوی (مەزەری خالقی)، بۆ من هیچ جێی سەرنج و بایەخ نەبوو، ئەوەی لەو ساتەدا بۆ من زۆر گرنگ بوو، ئەوە بوو كە هەرچی زووترە دەگەڵ (لوقمان)یدا وەدەربكەوین و بچینە دەشتە سەوزەكانی نێوان گربداغ و گوندی (حەسارێ)ێ (٨)، لەوێ‌ بۆ خۆمان هێندێك گاڵتان بكەین و، لە لێواری جۆگا ئاوەكانی، تێر گشتە بخۆین(٩).

دەنگی خالقی چۆنبە ڕوحم ئاشنا بوو؟
وا بزانم ساڵی خوێندنی 1976- 1977 بوو، خوێندنی سەرەتاییم لە ژاراوێ‌ تەواوكرد و بۆ ساڵی خوێندنی 1977- 1978 دەگەڵ هاوپۆلەكانمدا، بۆ درێژەدان بە خوێندنی نێوەندی، چووینە قەڵادزێ‌. من و هاوڕێیەكم لە بەری مام قاسمە(١٠) هۆدەیەكمان بەكرێ‌ گرتبوو. ئێواران دوای نانی شێوان، جار و بارە دەچووینە بازاڕی قەڵادزێ‌، پیاسەیەكمان دەكرد و دەگەڕاینەوە.
قەڵادزێ‌، سینەمایەكی لـێ‌ بوو، كە ناوی (سینەما پشدەر)(١١) بوو، ئێواران دوای نان و نوێژی شێوان، نمایشی دەست پێدەكرد و هەموو جارێكیش، كاتژمێرێك پێش نمایش، لە گۆرانییە ڕەسەنەكانی كوردی، فارسی و عەرەبی، ئاهەنگێكی گۆرانی پەخش دەكرد، لە كوردییەكان بە زۆری ئاهەنگێكی مامۆستا خالقی بڵاودەكردەوە، بەهۆی ئەوەش كە دەنگی بڵندگۆكانی دەدرایە دەرەوەی سینەماكە، لە زۆر شوێن و گەڕەكەكانی قەڵادزێ‌، خەڵك گوێبیستی ئەو ئاهەنگە دەبوون.
هەڵبەتا، ئێمە كە تەلەبەی لادێ‌ و كوڕە جووتیار و هەژار بووین، زۆر دەگمەن نەبێ‌، دەنا نەماندەتوانی بەردەوام بچینە سینەما، تەنها دەچووینە هۆڵەكە و تەماشای وێنەی ئەو فیلمانەمان دەكرد، كە وەك ڕیكلامی نمایش، لەوێ‌ هەڵواسرابوون.
لەو هەموو دەرچوونەی دوای نانی ئێواران و خولانەوە بە دەوری سینەماكەدا و بەردەوام گوێبیستبوونی ئەو ئاهەنگەی خالقی، هێواش هێواش ئەو دەنگە دادەچۆڕایە ناخمەوە، هەستم دەكرد وردە وردە، بەبێ‌ ویستی خۆم، ئەو زاڵمە، هەست و شعوورم داگیردەكا، تا كار بەو جێیە گەیشت، ئێوارە نەبوو نەچمە دەر، بەڵام ئەو جارەیان بۆ پیاسەی بازاڕ و تەماشای پۆستەرە ڕیكلامیەكانی نێو سینەماكە نا، بەڵكو تەنیا و تەنیا، بۆ گوێگرتن لە دەنگی مامۆستا خالقی.
ساڵی خوێندن كۆتایی هات، ئیدی ئێمەی تەلەبە لادێیەكانیش، گەڕاینەوە ماڵی خۆمان. ئەو هاوینە، نازانم بەختی من بوو یان چی، بابم ڕیكۆردەێكی جۆری (سیلڤەر)ی كڕی، كە تەنیا ڕیكۆردەر بوو و ڕادیۆی نەبوو، تەواوێك دڵم پێی خۆش بوو، هەر یەكسەر ئەوەم بە خەیاڵدا هات، كە یەكەم شتم دەبێ‌ ئەوە بێ‌، كاسێتەكانی مامۆستا مەزهەر، چی لە تۆمارگاكان دەست دەكەوێ‌، بیانكڕم و پەیدایانكەم. لە قەڵادزێ‌ دوو سێ‌ دانە تۆمارگای لـێ‌ بوون، یەك لەوانە (تۆمارگای مرواری) بوو، كە خاوەنەكەی ناوی (محەمەد) بوو و دواتر بە محەمەد مرواری ناسرا. ئەو هاوینە، هەر پارەیەكی دەستم دەكەوت، بەرەبەرە و هەر جارەی كاسێتێك، یان دووانم پێدەكڕی، تا وای لێهات، هەرچی بەرهەمی خالقی لەو تۆمارگایەدا هەبوو، كڕیمن و بەردەوام و شەو و ڕۆژ، گوێم لێدەگرتن و نەمدەزانی بۆچی لێیان بێ‌ تاقەت نابم! بەڵام ئەوەی تۆزێك بۆ من كێشە بوو، باش لە هێندێك تێكست و گۆكردنی وشەكانی حاڵی نەدەبووم، زۆر خەفەتم لـێ‌ دەخوارد، وامدەزانی هەر ئەمن وام، كەچی دواتر زانیم كە زۆرێك لە ئاشقانی ئەو دەنگە ئەفسانەییە، وان و، هەر خودی شێوازی چریكە و چڕینی، بەو جۆرەیە.

وێڵبوون بە دوای وێنەیەكی خالقیدا
خالقی، تا ساڵانی دوای ڕاپەڕینی 1991یش، وێنەی بەنێو خەڵكدا بڵاونەبوون، زۆر بە زەحمەت وێنەی چنگ دەكەوتن(١٢). زۆر عەوداڵی ئەوە بووم كە وێنەیەكیم دەست بكەوێ‌.
ئەمن هەر لە پۆلەكانی سەرەتاییمەوە، خوێنەری كتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە بووم، ڕۆژنامەی هاوكاری و گۆڤاری بەیانم بەردەوام دەكڕین. جارێك، ئەوەندەی لەسەر زەین بم، وابزانم هەر لە پۆلی یەكەمی نێوەندی بووم، ژمارەیەكی تازەی (ڕۆژنامەی هاوكاری)م كڕیبوو(١٣)، هەر لەگەڵ خۆشمدا بردمە مەكتەب. لە یەكێك لاپەڕەكانی ئەو ڕۆژنامەیەدا وێنەی چەند هونەرمەندێكی بە تەنیشت یەكەوە بڵاوكردبووەوە، لە ژێر ناوی هەر یەكەشیاندا ناوی هونەرمەندەكە نووسرابوو، بیرمە یەك لەوانە، هونەرمەند (ئەیاز زاخۆیی) بوو. هاوپۆلەكانم هەموویان دەیانزانی كە من تا ئەندازەی عاشقبوون، حەزم لە دەنگی خالقییە، یەكێكیان، كە پاشتر و دوای ڕاپەڕینی 1991 ناوی خۆی گۆڕی بە (كارزان)، ڕۆژنامەكەی لێوەرگرتم و تەماشای كرد، گەیشتە سەر ئەو لاپەڕەیەی كە وێنەی هونەرمەندەكانی تێدا بوو، یەكسەر دەستێكی خستە سەر ناوەكانیان و گوتی: بزانم بەبێ‌ ئەوەی تەماشای ناوەكانیان بكەم، دەیانناسم؟ ئیدی پێداهات و یەك یەك ناوەكانی گوتن و گەیشتە سەر ئەیاز زاخۆیی و گوتی: «مەزهەری خالقی!» ئەمنیش، پێشتر تەماشای ناوەكانیانم كردبوو و دەمزانی كە ئەوە مەزهەری خالقی نییە، گوتم: چۆن دەزانی هەوە؟ بۆ، شێوەی مەزهەری خالقی ئاوایە؟ گوتی: «با، خۆیەتی، پێشتر ڕسمەكەیم دیتوە!» دوایی كە دەستی لەسەر ناوەكان لابرد و تەماشای كرد ئەوە خالقی نییە و ئەیاز زاخۆییە، كوتی: «زۆر سەیرە، ڕێك لە مەزهەری خالقی دەچێ‌!» ئیدی هەر لەوێ‌ تێگەیشتم كە ڕوخسار و ڕواڵەتی خالقی، ئەو شێوەیەی هەیە كە ئەیاز هەیەتی و تا ئەو كاتەی كە بۆ یەكەمجار وێنەكەیم دەستكەوت، ئەو ڕەنگ و ڕووە، بە ڕەنگ و ڕووی خالقی لە مێشكمدا چەسپابوو. پاشانیش بۆ هاوینەكەی، كە بەرهەمەكانیم كڕین، لەگەڵ هەر شریتێكدا بەرگێكی كاغەزی پێوە بوو، كە وێنەی خالقیی لەسەر كۆپی كرابوو، ئەوە بۆ یەكەم جارم بوو كە وێنەی ببینم، وەلـێ‌ بە داخەوە، وێنەكە ڕەش و سپی و، دیققەشی جوان نەبوو.

دەروێشەكانی خالقی، كە پێیان ئاشنا بووم
دەنگی خالقی، بووە هۆی ئەوەی كە دەگەڵ كۆمەڵێك لەوانەی یەكجار یەكجار هۆگر و سەرسامی ئەو نەغمە خوداییەن، یەكتری بناسین، بەڵام لەنێو ئەوانەدا، دوو كەسیان بۆ من زۆر جێی بایەخ و قەدرزانین بوو، لە ئاخیردا، لە ئاشنایەتیی سەرپێی و سەرجادەوە ڕەت بوو و بووە دۆستایەیتییەكی گیانی و ئەدەبی و پەیوەندیی خانەوادەگی، كە خۆشبەختانە تا ساتی نووسینی ئەم یادەوەرییانەیش، هەر بەردەوامە و زۆر شانازییان پێوە دەكەم، ئەوانیش برای نووسەر كاك (بوار نورەدین) لە قەڵادزێ‌ و، كاك (سەباح شوانی)یە لە هەولێر.

بوار نورەدین
پێشتر دوور بە دوور، كاك بوار و خانەوادەكەیم دەناسی، بەڵام تێكەڵی و ئاشنایەتیمان نەبوو. ساڵی 1984 بوو، شەوێك لە ماڵی دۆستێكم بووم لە قەڵادزێ، وێنەیەكیان نیشاندام، وێنەكە دوو كەس بوون، كوتیان بزانین ئەو دوو كەسانە دەناسی؟ كە سەیرم كرد، كوتم: ئەوەیان بوارە و ئەوەشیان ناناسم، گوتیان: ئەوەش مەزهەری خالقییە! گوتم ئەوە لەكوێ‌ ئەو ڕسمەیان گرتووە؟ گوتیان: لە سەرگەڵوو بەرگەڵوو(١٤)… تەواوێك لە وێنەكە ڕامام و لە دڵەوە بەخیلیم بە بوار برد .
چەند ڕۆژێك دوای ئەوە، لەگەڵ كاك بواردا یەكتریمان دی، بە درێژی باسی سەفەرەكەی بۆ كردم، دوو وێنەیشی دامێ‌ كە یەكێكیان خالقی بە تەنیا و ئەوەی دیكە، پێكەوە بوون، وریاییشی دامێ‌ كە ئەو وێنانە بپارێزم و دەست هیچكەس نەكەون! ئەوەش لەبەر دوو هۆكار بوو، یەكیان شاردنەوەی لە دەسەڵاتی حكومەت، نەكا تووشی كێشە و گرفت ببێ‌، دووەمیشیان بوار پێی باش بوو وێنەكان، كە ئەرشیفێكی گرنگی خۆی بوون، لەگەڵ تەواوبوونی كتێی (هاواری دڵ)دا بڵاوبكرێنەوە…
كتێبی (هاواری دڵ)، كتێبی ژیان و گۆرانییەكانی خالقییە، كە كاك بوار لە كۆتایی حەفتاكانەوە پێوەی سەرقاڵ و ماندوو بووە و ئامادەی كردووە و لە 1999وە تا ئێستا، شەش جار چاپ و بڵاوكراوەتەوە. ئەو كاتەی كە یەكتریمان ناسی، سەرگەرمی نووسینەوەی گۆرانییەكانی بوو. ئیدی وای لێهات ئەمن و دوو برادەری دیكەیش تێكەڵ بە ئیشەكەی بووین، زۆر شەوان لە ماڵی بواردا كۆدەبووینەوە و تا بەیانی خەریكی گوێگرتن و بەتاڵكردنەوەی گۆرانییەكانی دەبووین، ئەوەی كە وای دەكرد كاتمان زۆر بگرێ‌ و تا بەرەبەیان لەگەڵ ئیشەكەدا بڕۆین، هێندێك لەو وشانە بوو كە لێیان حاڵی نەدەبووین، ناچار دەبووین كە نزیكەی كاتژمێرێك ئەو وشەیە لـێ‌ بدەینەوە و لـێ‌ بدەینەوە و… چەند فەرهەنگێكی كوردی – كوردی و فارسی – فارسیشمان لای خۆمان دانابوو، بۆ ئەوەی لە كاتی تەنگانەدا پەنای بۆ ببەین، بەڵام دیسان زۆر دەربڕین هەبوون هێشتا تێیان نەدەگەیشتین و لە كۆتاییدا جێمان دەهێشتن بۆ كاتێك، كە شتێك یان سەرچاوەیەكی وا دەست بكەوێ‌ ئەو وشە ناڕۆشنانە، ساغ بكاتەوە.
ساڵی 1988 و، چەند مانگێك پێش ڕاگواستنی پشدەر بوو، هاواری دڵەكەی كاك بوار، بە مەزەندەی خۆی، تا ڕادەیەك گەیشتبووە كۆتایی، مەبەستی بوو كەسێكی گەورە و ناسراوی ئەدەبی، شتێك لەسەر كتێبەكە بنووسێ‌، ئەمن ئەو كاتە ماوەی چەند ساڵێك بوو لەگەڵ ڕەوانشاد مامۆستا محەمەدی مەلا كەریمدا سەروكار و پەیوەندیمان هەبوو، چەند نامەیەك لەبەینماندا هاتبوو و چووبوو، پێشنیاری ئەوەم بۆ كاك بوار كرد كە پێكەوە نامەیەكی بۆ بنووسین و داوای لێ بكەین، وابوو نووسیمان و ڕەوانەمان كرد و بە زوویش وەڵامی داینەوە، وەڵامەكەی نامەیەكی درێژ و و زۆر بە مەنتیقی و ڕاشكاوانە بۆی ڕوون كردبووینەوە كە ئەو كارە وا باشە كەسێكی موسیقی بیكات نەك ئەو. ئیدی ئەوە بوو كە بە هۆی ئاڵۆزیەكانی ڕۆژگار و دواتریش ڕاگواستنی شار و گوندەكانی پشدەرەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی سلێمانی و هەولێر، پرۆژەكەی ڕاوەستا تا دوای ڕاپەڕین.

سەباح شوانی
كاك سەباح، پیاوێكی مەرد و ڕەند، میوانپەروەر، بە دەرك و دڵ و دەروون حاتەمی، ماڵی لە هەولێرە، ئەو كاتە لە گەڕەكی زانیاری و ئێستا لە گەڕەكی كوران نیشتەجێیە. لەگەڵ برایەكم هاوپیشە بوون، برایەكەم كە دەزانێ‌ سەباح زۆر هۆگری خالقییە، باسی منی بۆ دەكا، ئیدی ئەویش نامەیەكی بۆ نووسیم و لەوێوە یەكتریمان ناسی، ئەوە ساڵی 1985 بوو. دوای ئەوەی وەڵامی نامەكەیم دایەوە، پاش ماوەیەكی كەم، بەتایبەتی سەردانی كردم، چم هەبوو خستمە بەردەستی، ئەو دوو وێنەیەی خالقیشم نیشاندان كە بوار دایبومێ‌، بەڵام كوتم ناتوانم بتدەمێ‌ لەبەرئەوەی كە قەولم بە بوار داوە لە كن خۆم زیاتر نەچێتە بەردەستی كەس. شەوێك لای من بوو و ڕۆژی دوایە گەڕایەوە. هەر ئەو دەوروبەرە، بە ڕێكەوت ڕۆژێك دەچێتە سەرتاشخانەیەكی گەڕەكی كورانی هەولێر- ڕێی مەخموو، دەبینێ‌ هەمان ئەو وێنەیەی بوار و خالقی، لەوێ‌ لە ژێر شووشەی سەر مێزەكە نراوە، زۆری پێ‌ سەیر دەبێ‌، دەپرسێ‌: «ئەوە ئەو وێنەیە چ دەكا لێرە؟» سەرتاشەكەش دەڵێ‌: بۆ؟ سەباح دەڵێ‌: «وام زانیووە كە ئەو وێنەیە نابێ‌ بكەوێتە دەستی كەس!» ئیدی باسی من و بواری بۆ دەكات و… سەرتاشەكەیش دەڵێ‌: «كاكە، بوار، برامە، ئەمنیش ناوم سەڵاحە!» بەو جۆرە، یەكتریی دەناسن و دەبنە برادەر، لە نزیكترین وەختیشدا پێكەوە سەفەرێكی قەڵادزێ‌ دەكەن، شەوێ‌ لەكن بواری دەمێننەوە و بۆ سبەینەكەی دێنە ژاراوێ‌ و نیوەڕۆیەكەی، میوانی من دەبن.
ئەوەی كە زۆر گرنگە لەسەر خۆشەویستیی سەباح شوانی بۆ خالقی، بیڵێم، دوو شتن:
یەك: لەو ساڵانەدا، كە وا بزانم نەوەدەكان بوو، ئەدرێسی بریتانیای مامۆستای پەیدا كردبوو، چەند كەڕەتێك نامەی بۆ نووسیبوو، ئەوە بوو مامۆستاش وەڵامی دوایین نامەی دابووەوە، ئێستا نوسخەی ئەو نامەیە لای منیش هەیە.
دوو: كاك سەباح، هەر بە ڕەسمی، كوڕێكی بە ناوی مامۆستاوە ناوناوە (خالقی). هەروەها، جارێكیش كە هەر بۆ هەواڵپرسین، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوسەری مامۆستا كردبوو، هاوسەری مامۆستا، هەر بۆ خۆشی، پێیگویتبوو: «كوڕێكت بە ناوی خالقی كردۆتەوە، ئەدی بۆچی كچێكیشت بە ناوی من ناكەیتەوە؟» كاك سەباحیش، بێ‌ سێ‌ و دوو، كچە چكۆلەكەی، كە هێشتا ساوا بوو، بە ناوی ئەوەوە ناودەنێ‌ (ڕێسان).

دامەزراندنی ئنستیتیووتی كەلەپووری كورد(١٥)
لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە نۆی نیسانی 2003، مامۆستا چەند جارێك بە سەفەر بۆ كوردستان گەڕایەوە. لەو ماوەیەدا، بە هاوكاریی بازێك لە دڵسۆزان (كە بە ڕای من بە پلەی یەكەم، بەهەشتی، جەنابی مام جەلال بووە) و هەروەها بە پشتیوانیی ئیدارەی ئەو كاتەی سلێمانی، (ئنستیتیووتی كەلەپووری كورد)ی لە سلێمانی دامەزراند. یەكێك لەوانەی كە هەر لە ڕۆژانی یەكەمەوە، لە كەوتنە سەرپێ‌ و كەوتنە سەر ڕێی ئنستیتیووت، بە كردار و مەیدانی، هاوكارێكی جەرگسۆز و لەخۆبوردوو بوو، بوار نورەدین بوو، كە بێ‌ درێغ هەوڵی بۆ دەرخستن و سەرخستنی ئەو دەزگایە دەدا و لە هەموو بوارەكانی وەك كتێبخانە، ئەرشیف و دواجاریش وەك بەرپرسی بەشی چاپ و لێكۆڵینەوە، ڕەنجێكی فەرهادی بۆ مامۆستا و ئنستیتیووت برد.
لێرەوە ئینستیتیووت، بە مەبەستی كۆكردنەوەی ئەرشیف و بابەتی كەلەپووری و فۆلكلۆری، پێویستی بەوە بوو كە لە شوێنە دوورەكان، هاوكار و نومایندە پەیدا بكا، بۆ ئەو مەبەستە و دیاریكردنی كەسێك لە نێوچەی بیتوێن، كاك بوار لە كن مامۆستا ئیخباریی منی كردبوو. ئەمن ئەو كاتە لە ڕادوێی مەڵبەندی یەكێتی لە ڕانیە، كارمەند بووم، سێ‌ بەرنامەی هەفتانە و بەرنامەیەكی ڕۆژانەم هەبوو، كە خۆم ئامادەم دەكردن، یەك لەو بەرنامانە (كەلەپووری كوردەواری بوو)، كە هەر بۆ خۆشم پێشكەشم دەكرد. وابوو مامۆستا خالقی بە كاك بواردا پەیامێكی بۆ ناردم كە بچم سەردانێكی بكەم و لەو بارەوە قسەی خۆمان بكەین. 4/9/2003 بوو، چوومە خزمەتیان لە ئنستیتیووت، ئەوە بۆ یەكەمجارم بوو كە خالقی ببینم و بە دیدەنیی شاد ببم، بەس مەگەر خوا خۆی بزانێ‌ كە چەندە دڵخۆش بووم، ڕێك ئەو ڕۆژەم بیركەوتەوە كە پوورە فاتم، غەرقی ڕەحمەتی خوا بێت، پێی گوتم: «ئەوە مەزەری خالقییە!» لە بەرانبەری دانیشتبووم، بەڵام هێشتا باوەڕم نەدەكرد كە ئەوە ئەمنم دەگەڵ خالقیدا دانیشتووم و باس و خواسی فۆلكلۆر و كەلەپوور دەكەین؟! هەر لەگەڵ خۆمدا كامێڕاشم بردبوو، بوار چەند وێنەیەكی گرتین. ئیدی ڕێككەوتین و وەك نوێنەریان لە سنووری بیتوێن و ڕانیە دەست بەكار بووم. بۆ مێژوو ئەوەش بڵێم كە ئەمن لە لای خۆمەوە بڕیارم دابوو كە تا ئەو كاتەی هاوكاریان دەبم، بۆ خاتری مامۆستا، هیچ بیر لە پارە و پاداشتی كارەكانم نەكەمەوە، هەتا ساڵ و نیوێك بەو شێوەیە بوو، دوایی خۆیان لە بەشی ئیدارە بانگیان كردم و گوتیان كە گرێبەستێك هەیە، بچم ئیمزای بكەم. چووم و گرێبەستەكەم بینی كە كۆمەڵێك مەرج و یاسا و ڕێسا و هەروەها لە بەرانبەردا بڕێكی ڕەمزیشی وەك مانگانە، تێدا ئاماژە پێكرابوو، ئەمن هەموو خاڵەكانم قبوڵ بوو، بەڵام كوتم ئەو بڕە پارەیە بكوژێننەوە، چونكە لە نیاز و نیەتمدا نەبووە و نییە بە پارە و مانگانە ئیش بۆ مامۆستا بكەم، بەڵام ئەوان چەندوچونیان زۆر كرد و كوتیان یاسای كار وایە و نابێت! ئەوە بوو قبوڵم كرد.
پێشتریش دەستنووسی كتێبێكم ئامادە‌ بوو، كە هەمەڕەنگی فۆلكلۆر و كەلەپوور بوو، هەر ئەو ڕۆژە لەگەڵ دەستی خۆمدا بردم و دامە دەستیان بۆ ئەوەی تەماشای بكەن و بە چاپی بگەیەنن. كتێبەكە، لەبەر ئەوەی كە لە بەرنامەمدا بوو بە زنجیرە درێژەی پێ‌ بدەم، ناوم نا (قوتووی عەتار – قوتووی یەكەم) و، ئیدی بۆ ساڵی 2004 چاپیان كرد.
هەر ئەو ڕۆژە لە خزمەت مامۆستا، كە كاك بواریش هەر لە حزوور بوو، ناوی ڕەحمەتی (مامۆستا زیاد موحەممەد ئەمین)م هێنا و كوتم كە كەسێكی نووسەر و فۆلكلۆریستێكی زۆر شارەزایە، وە ئاگادارم كە تێكست و بابەتی فۆلكلۆری زۆری نووسیونەتەوە و لای خۆی لە كەشكۆڵاندا هەڵیگرتوون، یەك لەوانە (پرۆژەی دیوانی عەلی بەردەشانی)یە، پێم چاكە نامەیەكی بۆ بنووسی و داوەتی بكەی، بێت و پێكەوە قسە بكەن. مامۆستا مەزهەریش بە نامەی ڕەسمی ئنستیتیووت و بە ئیمزای خۆیەوە، داوەتنامەیەكی بۆ نووسی، ئەوە بوو پاش ماوەیەكی كەم، لەگەڵ خالقیدا وادەیەكمان داناو پاشان لەگەڵ مامۆستا زیاددا پێكەوە چووین و نزیكەی كاتژمێرێك دانیشتین و قسەمان كرد. هەر لەگەڵ دەستی خۆیشیدا دەستنووسەكەی (دیوانی عەلی بەردەشانی)ی هێنابوو، لەوێ‌ دایە دەستی بوار، ئەوانیش پاش پێداچوونەوە و ڕێكخستنی بۆ چاپ، چاپ و بڵاویان كردەوە.
لە ئەیلوولی 2003ـەوە تا حوزەیرانی 2016 وەك هاوكار و نوێنەریان لە بیتوێن، كارم بۆ كردن، لەو ماوەیەدا كۆمەڵێك پرۆژەم پێشنیار كرد و ئنستیتیووت ئەنجامیدان.

گەشتێك بۆ كوێستانی وێزێ‌
پرۆژەی فیلمی دیكۆمینتاری (ژیانی ڕەوەندی) كە كاك (سالار سوڵتانی) دەرهێنەری بوو، لە نیسانی 2005 دەستی پێكرد، پێویست بوو قۆناغ بە قۆناغ ئیشی لەسەر بكرێ‌. چەند قۆناغێكیان دەكەوتنە وەرزی هاوین و دەبوو لە كوێستان و هەواری ماڵەمەڕدارەكان وێنەی بگیرێ‌، كۆتایی حوزەیران بوو كە مامۆستا بڕیاری دا، هەر لەگەڵ ئەو بەشەی ئیشەكەدا، خۆی و دوو برادەری (دانا و توانا) كە تازە بە سەفەر لە هەندەرانەوە هاتبوونەوە، كاك بوار نورەدین، وە لەگەڵ ستافی پرۆژەكەدا گەشتێك بۆ كوێستانی (وێزێ‌) بكەن لە (باڵەكایەتی)ی سەر بە قەزای چۆمان. وابوو ڕۆژی 30ی حوزەیرانیان دیاری كرد. ڕۆژێك پێشتر كاك سالار سوڵتانی و ستافی ئیشەكە، هاتنە ڕانیە و شەوێ‌ لە ماڵی ئێمە بوون. بەیانیەكەیشی مامۆستا خالقی و یاوەرەكانی گەیشتن، نانی بەیانیمان لە ماڵی خۆمان خوارد و پاشان بەڕێكەوتین. سەیارەكەی خۆی لەوێ‌ جێهێشت، پێشتر هاوڕێی دێرینم (فاخیری عەزیز مەرگەیی)م ئاگادار كردبوو كە زەحمەت بكێشێ‌ بۆ ئەو گەشتە، سەیارەكەی خۆی بهێنێ‌ بۆ ئەوەی مامۆستا و برادەرەكانی لەگەڵ ویدا سوار ببن، ئەویش كە یەكێك بوو لە دەروێشەكانی، بە خۆشحاڵییەوە گوتی باشە. بەڕێكەوتین و نزیكی نیوەڕۆ گەیشتیتن، ماوەی دوو شەو و سێ‌ ڕۆژ لەوێ‌ بووین، ماڵە مەڕدارەكانی ئەو هۆبەیە، میواندارییەكی زۆر مەردانە و خزمەتێكی گەورەیان كردین كە بە زمان ناگێڕدرێتەوە و باس ناكرێت!… ڕۆژی 2ی تەمووز گەڕاینەوە، ئێوارەكەی گەیشتینەوە ڕانیە و كەمێك لای ماڵی خۆمان لایاندا و پاشان ئەوان بەرەو سلێمانی گەڕانەوە.

كۆڕێكی كەلتووری لە ڕانیە
سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی 2007یش، (سەنتەری گەنجانی ڕانیە) داوایان لێكردم كە مامۆستا مەزهەر بانگهێشت بكەم تەشریف بێنن بۆ ئەوەی كۆڕێكی كەلتووری هونەری بۆ سازبكەن، بە تەلەفۆن پێشنیارەكەم عەرزی مامۆستا كرد و ئەویش بێ‌ سێ‌ و دوو ڕازی بوو.
كۆڕەكە ئەنجام درا. دوای كۆڕەكە گوتی كە بچینە ماڵێ‌ پشوویەك بدەین. چووینەوە ماڵێ‌، خەڵكانێكی زۆر لە خۆشەویستان و ئاشقانی خالقی، بەر لە ئێمەو بە مەبەستی بینین و وێنەگرتن، لەبەر دەرگای ماڵی ئێمە ئامادەبوون. نزیك بە چل دەقیقە پشوویاندا، چەند وێنەیەكی لەگەڵ ئێمە و ئەوانەی لەوێ‌ بوون، گرت و دواتر بەرەو ماڵەكەی خۆی لە هاوینەهەواری (دوكان)، گەڕانەوە.
پەیوەندیم لەگەڵ مامۆستا و هاوكاریم وەك نوێنەری ئنستیتیووت، بەردەوام بوو تا حوزەیرانی 2016. لەو ماوەیەدا، مانگانە یان بە چەند مانگ جارێك پێویست بوو سەردانی ئنستیتیووت بكەم، هەموو جارێك بە لوتفی باوكانەوە پێشوازی لێدەكردم، ڕێزی زۆری لێدەگرتم، ئەو لوتف و ڕێزەی مامۆستا زۆر خۆشحاڵی دەكردم و زیاتر هانی دەدام كە زۆرتر دڵم هەم بە ئیشەكە و هەم بە پەیوەندییەكەم لەگەڵ مامۆستادا خۆشتر بێت، بەدەر لەوە، كاك بواریش، كە لەوێ‌ بەرپرسی بەشی چاپ و لێكۆڵینەوە بوو، زوو زوو باسی ئەوەی دەكرد كە مامۆستا زۆر باسی تۆ دەكات و حیسابێكی زۆر تایبەتی بۆ تۆ دەكا و هەموو كار و پێشنیارێكی تۆ لە كن وی، ڕەتبوونەوەی نییە و پەسەندە.

كار لە ئنستیتیووت
حوزەیرانی 2016، بە هێندێك هۆكاری تایبەتیی خۆمان، ماڵ و مەسڵەحەتمان گواستەوە بۆ سلێمانی. هەڵبەتا ئەو كاتە كاك بوار لە ئنستیتیووت نەمابوو، لە كۆتایی 2012ـەوە بەجێیهێشتبوو و سەرەتای 2013 لە (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم) كاری دەكرد، مامۆستا ڕێبوار حەمە تۆفیق، كە ئەویش چەند ساڵێك بوو لە ئنستیتووت بوو، دوای ڕۆیشتنی بوار، لە جێیدا كرابوو بە بەرپرسی بەشی چاپ و لێكۆڵینەوە، ئەویش چەند مانگێك دەبوو كە ئەوێی بەجێهێشتبوو.
كە گواستمانەوە بۆ سلێمانی، كاك بوار زوو پێ‌ ئاگادار بوو، ڕۆژێك گوتی: لە پرۆژەیەكی گەورەی ڕۆشنبیریدا شوێنێك هەیە بۆ تۆ زۆر گونجاوە و مانگانەیەكی باشیشی هەیە، ئیدی پێشنیاری ئەوەی كرد كە بچم، ئەمنیش زۆرم پێ‌ چاك بوو. سیڤیم پێشكەش كردن، بەرز كرایەوە و و ڕازی بوون بە دانانم، هەر ئەوە مابوو كە بچم گرێبەستەكە ئیمزا بكەم و دەستبەكار ببم. لەو بەینەدا بوو كە مامۆستا تەلەفۆنی بۆ كردم و داوای كرد كە لەسەر (بووكە بە بارانێ‌) و مەراسیمەكەی، بابەتێك ئامادە بكەم و گوندێكیش دیاری بكەم كە مەراسیمەكەی بە فیلمی دیكۆمینتاری تێدا ئەنجام بدەین، ئەمنیش گوتم مامۆستا، ئێستا ماڵم لە ڕانیە و بیتوێنێ‌ نەماوە و هاتوومەتە سلێمانی وا خەریكی ماڵ تاقەتكردنین، كە وامگوت، زۆری پێ‌ خۆش بوو، گوتی دە سبەی و دووی، لە دەرفەتێكدا سەردانم بكە ئیشم پێتە. ڕۆژی دواتر چووم و دانیشتین، باسی ئەوەی كرد كە بەشی چاپ و لێكۆلێنەوە بێ‌ بەرپرسە و دەمەوێ‌ بێی ئەو بەشەم بۆ وەربگری، ڕاستی تا ئەو ساتە نەمزانیبوو كە مامۆستا ڕێبوار حەمە تۆفیق لەوێ‌ نەماوە، لەو لەحزەیە دابیرم بۆ لای ئیشەكەی كاك بوار چوو، كەمێك تێمابووم، هەرچەندە جیاوازی هەقدەست و مانگانەكەیان زۆر بوو، وە من لە بارێكی دارایی زۆر خراپ و دژواردا بووم و زۆریش قەرزدار بووم، ئەو بڕەی كە لە ئنستیتیووت دەیاندا بە بەرپرسی ئەو بەشە، بە قەد نیوەی ئەوەی پرۆژە ڕۆشنبیرییەكە نەدەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەكسەر بڕیارم دا كە ئیشەكەی لای مامۆستا هەڵبژێرم و دڵم نەهات دڵێ‌ مامۆستا بشكێنم و بە تەنیا جێی بهێڵم، ڕازی بووم، دواتریش مەسەلەكەم لە كاك بوار گەیاند و بە گاڵتەوە پێم گوت: پێنجسەد هەزار دیناری مامۆستا، بە ملوێنێك دۆلار نادەم! ئەویش كە دەیزانی چۆن بیردەكەمەوە و تا چ ڕادەیەك مامۆستام خۆشدەوێ‌، پێكەنی و دەنگی نەكرد.
سەبارەت بە ئیشی ئیداری و بەرپرسیاریەتییەوە، لە تەواوی ژیانمدا حەزم لە ئیدارات نەكردووە، هەمیشە حەزم كردووە كە كارمەندێكی ئاسایی و بێ‌ بەرپرسیاریەت بم، هەڵبسوڕێم و بە دەست و توانای خۆم چیم پێ‌ دەكرێ‌، بیكەم، بۆیە هەر لە یەكەم دانیشتنم لەگەڵ مامۆستا لەسەر ئەو ئیشە، پێمگوت كە من هیچ حەزم لە وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیاریەتی نییە، توانا و سەلیقەی من زیاتر نووسین و كاری ئەدەبی و پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی لایەنی نووسین و ئەدەبییە، دەترسم لە ئاست ئەو ویستەدا نەبم كە تۆ هەتە و دڵت پێێ‌ خۆشە! ئەویش گوتی: «نا، دڵنیام باش فێردەبی و و خۆیشم لە نزیكەوە هاوكاریت دەكەم»
كارەكەم وەرگرت و دەستبەكار بووم، ئیشی ئەو بەشە، وەرگرتنی دەستنووس و بابەتی فۆلكلۆر و كەلەپوور، پێداچوونەوە و سەرنجدان لەسەریان، دروستكردنی پەیوەندیی لە نێوان نووسەران، هونەرمەندان، فۆلكلۆریست و كەسانی شارەزا لە بواری كەلەپوور، ئوستاز و مامۆستایانی زانكۆ و، ئنستیتیووتدا بوو. ماوەی ساڵێك و شەش مانگ وەك بەرپرسی ئەو بەشە كارم كرد، لەو ماوەیەدا بە ئەوپەڕی دڵسۆزی و لە خۆبوردنەوە پێداچووەنەوەم بۆ ژمارەیەكی زۆر لەو دەستنووسانە كرد كە چ پێشتر لەو بەشە مابوونەوە و چ دواتر كە هاتنە دەستمان و، سەرنج و ڕاپۆرتم لەسەر نووسین، تەنانەت ڕۆژانی پشوویشم لە ماڵەوە تەرخان كرد بۆ ئەو دەستنووسانەی كە دەبوو زوو ڕایی بكرێن و كۆتاییان پێ‌ بهێنرێت.
تا شوباتی 2018 وەک بەرسی ئەو بەشە بەردەوام بووم، ئیدی بە ڕەزایەتی هەردوو لامان، ئەوێم بەجێهێشت و هەمان كاری پێشووم، كە هاوكاری و نوێنەرایەتیی ئنستیتیووت بوو لە دەڤەری بیتوێن. پێ‌ سپاردمەوە. پاشان، ئەو كارەشم، كە نوێنەرایەتیی ئنستیتیووت بوو لە سنووری بیتوێن، لە كۆتایی ساڵی 2018 بە یەكجاری واز لێهێناو نەمتوانی گرێبەستیان لەگەڵ نوێكەمەوە، چونكە نەدەكرا لە یەك كاتدا نیشتەجێی شاری سلێمانی بم و لە شوێنێكی دوورەدەستی وەك بیتوێن و پشدەریش نوێنەریان بم، لێرەوە پەیوەندیمان تەنیا وەك پەیوەندییەكی دۆستانە و باب كوڕانە مایەوە…
—————————
سەرنج و لێکدانەوە:
ئەم بابەتە، لە بنەڕەتدا وەک بەشێک لە بیرەوەرییەکانم ئامادە کردووە و زۆر درێژترە لەوەی کە لێرەدا خراوەتەڕوو. ئەوەی ئێرە بۆ ڕۆژنامە کورت و ئامادەکراوە.
(١) ڕێكەوتی نووسین و دەربڕینی ئەو شیعرە كەفوكوڵ و هەست و خۆشەویستییئامێزە، بۆ سەرەتای هەشتاكانی سەدەی بیست دەگەڕێتەوە، ئەو کاتە بێ ناونیشان بوو، هەروایش وەک خۆی هێشتمەوە.
(٢) ئاویەر: ئابیەر، شوێنێكی كوێستانی و گەشتیاریی دڵفڕێنی شاری سنەیە. لێرەدا مەبەست ئاماژەدانە بە زێد و مەوتەنی لەدایكبوونی مامۆستا خالقی، كە شاری سنەیە.
(٣) ئەم دێڕە شیعرە، دێڕە شیعرێكی (گۆران)ی شاعیرە، بە كەمێك دەستكاری و گونجاندنی، كە لەگەڵ كۆتایی شیعرەكە بێتەوە، دەقی شیعرەكە بەم شێوەیە:
هەرچەند دەكەم ئەو خەیاڵەی پێێ‌ مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی هەڵەبەستم
(٤) هاواری دڵ: لە دیدارێكی 90 دەقیقەییدا، كە (محەمەد كەمانگر) لە ڕادیۆی كوردی كرماشان، دەگەڵ مامۆستا خالقیدا سازیدا و بە 3 ئەڵقە لە بەرنامەی (دەنگی هونەر) پەخش كرا، خالقی لەوێدا بۆ پێناسەی گۆرانی، فەرموویانە: «گۆرانی هاواری دڵە» لێرەدا بە كینایە بۆ جیهانی گۆرانی و مۆسیقا بەكارهاتۆتەوە. هەر لەبەر ئەوەش بووە، كە بوار نوورەدین ناوی لە كتێبەكەی ناوە (هاواری دڵ) و، لە پێشەكیی كتێبی ناوبراویشدا ئاماژەی پێكردووە، بڕوانە: بوار نوورەدین، هاواری دڵ، چ5، سلێمانی، چ:شڤان، 2007، ل22.
(٥) ژاراوێ‌: ژاراوە، گوندێكە لەسەر ڕێگای گشتیی قەڵادزێ‌- سلێمانی و سەر بە قەزای قەڵادزێیە، لە ساڵی 2001 كراوە بە ناحیە.
(٦) گربداغ: گردبداغ، گردبوداق، جاران گوندێك بوو لە خۆرهەڵاتی قەڵادزێ‌ بە نزیكەی 1 كلم، ئێستا گەڕەكێكیەتی.
(٧) حەسەن: ناوی یەکەم و ناسنامەیی بەندە، نوسەری ئەم بابەتەیە.
(٨) حەسار: جاران گوندێك بوو هەر بە تەنیشت گوندی گربداغەوە بە چەند سەد مەترێك و ئێستا ئەویش گەڕەكێكە لە قەزای قەڵادزێ‌.
(٩) گشتە: گیایەكی خۆڕسكی بەهارییە، لە شوێنی تەڕ و شێدار بە تایبەتیش لە لێواری جۆگە ئاواندا شین دەبێ‌، نزیكەی نیو مەتر گەورە دەبێ‌، لە سەری سەرەوەی كرۆكێك هەیە كە وەك ڕیشی گوڵەدان وایە و بە گەڵاكانی داپۆشراوە، دوای ئەوەی بەرگەكەی لـێ‌ دادەماڵرێت، دەخورێت، بە هەستی منداڵی من، تامێكی زۆر خۆشی هەبوو.
(١٠) بەری مام قاسمە: گەڕەکی مام قاسمە. یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی شاری قەڵادزێ. پێشتر لە بابەتێکدا بە ناوی (مێژووی سینەما لە قەڵادزێ) کە لە ژمارە (٧٨٤٦)ی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) ٢٤/٤/٢٠١٩ کە تایبەت بوو بە ساڵیادی ٤٥ ساڵەی کارەساتی بۆردومانی شاری قەڵادزێ، بڵاوکرایەوە، بە درێژی لە سەر ئەو گەڕەکە نووسراوە.
(١١) سینەما پشدەر: لە ژمارە (٧٨٤٦)ی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ) لە ٢٤/٤/٢٠١٩، کە تایبەت بوو بە ساڵیادی ٤٥ ساڵەی کارەساتی قەسفی شاری قەڵادزێ، بابەتێکی تێرو تەسەلم لەسەر ئەو سینەمایە، بڵاوکردۆتەوە.
(١٢) بۆ شایەدی قسەكەم، لە دیدارە 3 ئەڵقەییەكەیدا، كاك محەمەدی كەمانگر، پرسیاری ئەوەی لـێ‌ دەكا كە ئێوە بۆچی وێنەتان نیە؟ یان زۆر كەم و دەگمەن دەست دەكەوێ‌ و؟ ئینجا ئاماژە بە نامەی گوێگرێك دەكا، كە لەگەڵ نامەكەیدا وێنەیەكی خالقیشی بۆ ڕادیۆكە ناردبوو، وەك توانج و تەشەریش نووسیبووی: دیارە ئێوە وێنەی خالقیتان دەست ناكەوێ‌! ئەوە ئەو وێنەیەم بۆ ناردن بۆ ئەوەی لەبەری بگرنەوە!…
(١٣) ڕۆژنامەی (هاوكاری) و گۆڤاری (بەیان)، دوو لەو بڵاوكراوانە بوون كە (دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوكردنەوەی كوردی) لە بەغدا، دەریدەكردن و ساڵی 2003 لەگەڵ ڕوخانی ڕژێمی سەددام، لە كار كەوتن.
(١٤) ساڵی 1984، كاتێك یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و حكومەتی عێراقی كەوتنە گفتوگۆ، مامۆستا خالقی، كە تا ئەو كاتە هەر لە ئێران بوو، بە مەبەستی دەربازبوون و ڕۆیشتن بۆ ئەوروپا، بە دزییەوە خۆی گەیاندبووە سەركردایەتیی یەكێتیی لە سەرگەڵوو و بەرگەڵوو، كاك بواریش بە دەرفەتی زانیبوو، خۆی گەیاندبووێ‌، تا لە نزیكیشەوە كتێبەكەی، كە هێشتا دەستنووسێكی تا ڕادەیەك سەرەتایی بوو، پیشان بدات و لە هەڵە و ناتەواوییەكانیش هاوكاری بكات، بوار شەوێكیش لە (بەرگەڵوو – گوندێکە سەر بە ناحیەی سورداش، قەزای دوکان) مابووەوە و چەند وێنەیەكی لەگەڵدا گرتبوو، بێگومان بارودۆخەكە زۆر ناجێگر و ناتەواو بووە، بۆیە كارەكەی بۆ مەیسەر نەبووە. ئەوەش بۆ خۆی چیرۆكێكی درێژە و هیوادارام كاك بوار، ڕۆژێك لە ڕۆژان بینووسێتەوە.
(١٥) بارەگای ئنستیتیووتی كەلەپووری كورد لە سلێمانی، سەرەتا لە ساڵی 2003 تا 2010 لە گردی عەلی ناجی، گەڕەكی 103 – كۆڵانی 52 لە خانووی ژمارە 22دا بوو، كە خانوویەكی گەورەی نیشتەجێبوون بوو، ئەهلی بوو. دواتر ساڵی 2010 ئۆفیسێكی تایبەت بە خۆیان بۆ بینا كرا كە لە ژێرزەمێنێكی گەورە و چوار قات پێكهاتووە، لە گەڕەكی ڕاپەڕین 102، شەقامی پیرەمەگروون 11، نێوان پاركی ئازادی و گەڕەكی عەقاری و، پاییزی ئەو ساڵە گواستیانەوە بۆ شوێنە تازەكەیان.
(١٦) م. زیاد: زیاد محەمەد ئەمین، 1938 ناحیەی بنگرد/ قەزای دوكان – 21/3/2017 قەزای ڕانیە. مامۆستاو ڕووناكبیر و فۆلكلۆریست، خاوەنی 9 كتێبی فۆلكلۆرییە كە ئنستیتیووتی كەلەپووری كورد بۆی چاپكردوون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...