سەرەکی » مانشێت » سەرۆك كۆمار: بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا

سەرۆك كۆمار: بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا

سەرۆك كۆمار جەختی لە پێویستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی دۆستانە و هاریكاریی نێوان عیراق و ئەمریكا كردەوە، بەجۆرێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی هەردوو وڵات و بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا بكات.
دوێنێ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، لە بەغدا پێشوازییكرد لە جێمس جێفری نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سوریا و ماسیۆ تولەر باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عیراق.
لە دیدارێكدا، سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەگرنگیی گفتوگۆی جددی كرد لەنێوان گشت لایەنەكاندا، لەپێناوی چارەسەركردنی پرسە هەڵپەسێردراوەكان و كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان، بەجۆرێك كە یارمەتیدەر بێت لە چەسپاندنی بنەماكانی ئاشتی لە جیهاندا.
تیشكیشی خستەسەر سیاسەتی هاوسەنگی عیراق لەگەڵ هەموواندا بۆ نزیككردنەوەی دید و بۆچوونەكان لە نێوان وڵاتانی ناوچەكەدا، لەپێناوی كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان، هەروەها جەختی لە گرنگی دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو كردەوە بۆ دۆخی سوریا و نەهێشتنی نەهامەتییەكانی گەلی سوریا و هاریكاریكردنیان لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. هاوكات جەختی لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عیراق كردەوە.
لەلای خۆیەوە، جێمس جێفری ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عیراق لەگشت بوارەكاندا دەربڕی و خواستی ئەمریكاشی دووپاتكردەوە بۆ فراوانكردنی هاریكاری و هەماهەنگی هاوبەش لە بارەی دۆسێ و كێشە هەنووكەییەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهاندا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

״گفتوگۆ لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر ...