سەرەکی » راپۆرت » ״سبەینێ پەرلەمان متمانە دەبەخشێتە كابینەی نوێ״

״سبەینێ پەرلەمان متمانە دەبەخشێتە كابینەی نوێ״

بڕیارە سبەینێ چوارشەممە 10/7/2019، پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و متمانە ببەخشێتە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لە دوو رۆژی رابردوودا هەریەك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ناوی كاندیدەكانی خۆیان بۆ پۆستەكانی كابینەی نوێ پێشكەش بە مەسرور بارزانی سەرۆكی راسپێردراوی حكومەتی هەرێم كرد و دوێنێش لیستی پێكهاتەی كابینەی نوێ رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا.

سبەینێ پەرلەمان كۆدەبێتەوە

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە بانگهێشتنامەیەكدا رایگەیاندووە «بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەكانی پەرلەمان بكەین بۆ دانیشـتنی ژمارە 13ی ئاسایی، ساڵی یەكەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عیراق، لە سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی چوارشەممە 10/7/2019«.

بەرنامەی كار

هەر دوێنێ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمانی بڵاوكردەوە.
بەرنامەی كار بریتییە لە «متمانەدان بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، خوێندنەوەی ناوی وەزیرەكان لەلایەن راسپێردراوی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و متمانەدان پێیان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، سوێندخواردنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكانی كابینەی وەزاریی نۆیەمی هەرێمی كوردستان، خوێندنەوەی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كابینەی وەزاریی نۆیەم لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان-عیراق».

سیڤی كاندیدەكان رادەستی پەرلەمان كرا

لەلایەكی دیكەوە، دوێنێ 8/7/2019، نووسینگەی مەسرور بارزانی راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ناوی ئەندامانی پێكهاتەی كابینەی نوێی ئاشكرا كرد و سیڤی كاندیدەكان رادەستی پەرلەمانی كوردستان كرا.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە «رۆژی 8/7/2019، لە وادەی دیاریكراودا، بەڕێز مەسرور بارزانی راسپێردراوی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی پێكهاتەی كابینە پێشنیاركراوەكەی رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی لەپێش كۆتایی وادەی یاسایی دیاریكراودا دەنگدان لەسەر كاندیدەكان بكرێت، بە هیوای ئەوەی كۆی وەزیرە دیاریكراوەكان متمانەی پەرلەمان وەرگرن و هەرچی زووتر ئەم كابینەیە دەست بە خزمەتێكی شایستەی گەلە مەزن و خۆڕاگرەكەمان بكات».
لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە «دوای ناردنی ناوەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان، ناوی تەواوی پێكهاتەی كابینەی نۆیەم بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویست ئاشكرا دەكەین و دووپاتیدەكەینەوە كە ئەم ناوانە تەنیا كاندیدی پێشنیاركراون و پەرلەمانی كوردستان بڕیاری یەكلاكەرەوەیان لەسەر دەدات». ئەوەشخراوەتەڕوو «لە تەواوی پێكهاتەی كابینەی نۆیەم كە 19 وەزیر و 3 وەزیری هەرێمن، تەنیا ناوی وەزیری سامانە سروشتییەكان رەوانەی پەرلەمان نەكراوە و ئەم پۆستەش لە داهاتوویەكی نزیكدا پڕ دەكرێتەوە».

ناوی ئەندامانی كابینەی نۆیەم

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، پێكهاتەی كابینەی پێشنیاركراو پێكهاتووە لە:
-1مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی بۆ سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
-2قوباد جەلال حسامەدین تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
-3فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵڵا بۆ وەزیری داد.
-4شۆڕش ئیسماعیل عەبدوڵڵا بۆ وەزیری كاروباری پێشمەرگە.
-5رێبەر ئەحمەد خالید بۆ وەزیری ناوخۆ.
-6ئاوات جەناب نوری ساڵح بۆ وەزیری دارایی و ئابووری.
-7د.سامان حوسێن محەمەد بەرزنجی بۆ وەزیری تەندروستی.
-8ئالان حەمە سەعید ساڵح محەمەد بۆ وەزیری پەروەردە.
-9دانا عەبدولكەریم حەمە ساڵح عەبدولڕەحمان بۆ وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن.
-10ساسان عوسمان عەونی حەبیب بۆ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
-11د.ئارام محەمەد قادر ئەمین بۆ وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
-12د.دارا رەشید مەحمود بۆ وەزیری پلاندانان.
-13كوێستان محەمەد عەبدوڵڵا مەعروف بۆ وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی.
-14محەمەد سەعید عەلی بۆ وەزیری رۆشنبیری و لاوان.
-15عەبدوڵڵا مەحمود محەمەد سان ئەحمەد بۆ وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان.
-16بێگەرد دڵشاد شوكرڵڵا بۆ وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.
-17كەمال موسلیم سەعید قەرەنی بۆ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی.
-18ئانو جەوهەر عەبدولمەسیح عەبدوكا بۆ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن.
-19پشتیوان سادق عەبدوڵڵا بۆ وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی.
-20كەمال محەمەد ساڵح خەلیل بۆ وەزیری كارەبا.
-21خالید سەلام سەعید بۆ وەزیری هەرێم.
-22ئایدن مەعروف سەلیم بۆ وەزیری هەرێم.
-23ڤاڵا فەرید ئیبراهیم بۆ وەزیری هەرێم.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تەقەكردن لە کارمەندانی کونسوڵخانەی تورکیا کاردانەوەی لێکەوتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی خستەڕوو «دوێنێ لە رێستۆرانتێكی ...