سەرەکی » ئاراستە » وه‌رزی دروێنه‌ و ره‌نجی جووتیاران

وه‌رزی دروێنه‌ و ره‌نجی جووتیاران

رەوا محەمەد

ورده‌ ورده‌ ساڵی كشتوكاڵی به‌ره‌و كۆتایی و به‌ره‌و كاتی‌ دروێنه‌ ده‌چێت و ئیدی جوتیاران چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ن كه‌ به‌روبومه‌كانیان بچننه‌وه‌. ئه‌گه‌ر چی وه‌رزێكی باراناوی و ته‌ڕ له‌م ساڵدا هه‌بووه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت به‌رهه‌می جوتیاران به‌به‌راورد به‌ساڵانیتر زۆر بێت، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك مه‌ترسی له‌لای‌ خوتیاران هه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌می ئه‌م ساڵیان ڕووبه‌ڕووی‌ كێشه‌ ببێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی‌ خۆیان چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن وه‌ها ده‌رنه‌چێت.
ترسی جوتیاران له‌وه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نجی ئه‌م ساڵیشیان وه‌ك ته‌واوی‌ ساڵه‌كانیتر بڕوات و به‌هه‌ده‌ر بچێت و هه‌وڵ و ماندووبوونیان هیچی لێ به‌رهه‌م نه‌یه‌ت و لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار و تایبه‌تمه‌ند به‌م بواره‌ ئاوڕیان لێنه‌داته‌وه‌ بۆ كڕینی به‌رهه‌مه‌كه‌یان و له‌ بازاڕیشدا به‌ پاره‌یه‌كی كه‌م لێیان وه‌ربگیرێت.
كاتێك له‌گه‌ڵ هه‌ر جوتیارێك قسه‌ ده‌كه‌یت و ده‌ته‌وێت ده‌رگای‌ بێتاقه‌تی و ناڕه‌زایه‌تیت بۆ بكاته‌وه‌ ئه‌وا به‌بێ وه‌ستان و دوو دڵی چه‌ند بوارێك دیاری ده‌كات كه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی ناڕه‌حه‌تی و خه‌می جوتیاران و كه‌سیش نییه‌ گوێیان بۆ بگرێت. له‌وانه‌ :
یه‌كه‌م : ساغكردنه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌می جوتیاران
ئه‌گه‌رچی جوتیاران له‌ ئه‌مساڵ دا خاوه‌ن به‌رهه‌می زۆرن به‌ڵام (هیوا ئیبراهیم) ده‌ڵێت : چه‌ندێك به‌رهه‌می زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌نده‌یش گرنگ ئه‌وه‌یه‌ چۆن ساغ ده‌كرێته‌وه‌ بۆمان؟ جوتیاران تا ئاستێكی زۆر له‌ خه‌می ئه‌وه‌دان كه‌ بۆ ساغكردنه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌می ئه‌مساڵیان جێگایه‌كیان نه‌بێت به‌رهه‌مه‌كانیانی تێدا ساغ بكه‌نه‌وه‌ و به‌پێی ماندووبوون و چاوه‌ڕوانی‌ خۆیان بێت و چی حكومه‌تی‌ هه‌رێم و چی حكومه‌تی‌ عێراقیش به‌رهه‌مه‌كانیان وه‌رنه‌گرێت . ئه‌گه‌ریش ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ وه‌رنه‌گیرێن ئه‌وا جوتیاران هیچ جێگایه‌كیتر شك نابه‌ن كه‌ به‌رهه‌مه‌كانیانی تێدا بفرۆشن . وه‌ك جوتیاران خۆیان ده‌ڵێن ئه‌وان ته‌نها حكومه‌ت شك ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یان وه‌ربگرێت به‌ڵام ئه‌وا ئه‌وانیش ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌پێی پێویست به‌رهه‌می گه‌نمی ئه‌مساڵی جوتیاران وه‌رده‌گرن و ناتوانن ته‌واوی‌ به‌رهه‌می ناوخۆیی وه‌ربگرن.
دووه‌م : كرێی ده‌ڕاسه‌ و هۆیه‌كانی‌ دروێنه‌و جوت و كێڵان
كرێی دروێنه‌ و كێڵاندنی‌ زه‌وی به‌ پاره‌یه‌كی زۆر بووه‌ته‌ خه‌می جوتیاران و یاسای پێویستیش به‌م بوارانه‌ نییه‌. (ڕۆسته‌م والی) ده‌ڵێت : جوتیاران پێیانوایه‌ زۆرجار پاره‌ی‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یان ده‌ده‌ن به‌ كرێی ده‌ڕاسه‌ و كرێی تراكتۆر له‌ كێڵاندن و جوتكردنی‌ زه‌وییه‌كانیاندا و هیچ بۆ خۆیان نامێنێته‌وه‌ و له‌ كۆتاییدا زه‌ره‌ریش ده‌كه‌ن. من كه‌ جوتیارم تاكو ئێستا خاوه‌ن تراكتۆر و ده‌ڕاسه‌ داوای‌ چه‌ندێك بكات ناچارم بیده‌مێ . تاكو ئێستا هیچ یاسا و بڕیارێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڕێژه‌یه‌كی وه‌ستاو دابنرێت كه‌ بۆ هه‌ر كاتژمێرێك كێڵاندنی‌ زه‌وی و كاتژمێرێك دروێنه‌ به‌ ده‌ڕاسه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی سابت دابنرێت و ئیدی هه‌ر خاوه‌ن تراكتۆر و ده‌ڕاسه‌یه‌ك به‌ ویستی خۆی‌ نرخ به‌سه‌ر جوتیاردا نه‌سه‌پێنێت.
جوتیاران ده‌ڵێن له‌ نه‌بوونی یاسایه‌كی حكومیدا بۆ ڕێكخستنی كرێی كێڵاندن و دروێنه‌، هاوكات وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش پرۆژه‌یه‌كی ئه‌وتۆی‌ نییه‌ كه‌ له‌ لایه‌ك سیستمی كرێدان ڕێكبخات و هاوسه‌نگی بپارێزێت، له‌ لایه‌كیتریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر جوتیاران زه‌ره‌ریان كرد حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئه‌و زیانه‌یان بۆ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌ و باری‌ سه‌ر شانی جوتیاران قورس نه‌كات.
سێیه‌م : قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ جوتیاران
له‌ ساڵانی ڕابردوودا به‌هۆی‌ وشكه‌ ساڵی و نه‌بوونی به‌رهه‌می پێویسته‌وه‌ بۆ جوتیاران، جوتیاران توشی زه‌ره‌ری زۆربوون و به‌رهه‌مه‌كانیان فه‌وتا، به‌ڵام كه‌س به‌ته‌نگ جوتیارانه‌وه‌ نه‌بووه‌ تاكو قه‌ره‌بووی زیانه‌كه‌یان بۆ بكاته‌وه‌. (عه‌لی ڕۆسته‌م) ده‌ڵێت : هه‌میشه‌ جوتیاران گله‌یی ئه‌وه‌یان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هه‌یه‌ كه‌ سه‌ره‌ڕای زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆر كه‌ به‌ر جوتیاران كه‌وتووه‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به‌هۆی وشكه‌ساڵی و خراپی به‌روبوومه‌وه‌ به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ئاوڕێكی جدییان له‌ جوتیاران نه‌داوه‌ته‌وه‌ و بێباك بوون له‌و زه‌ره‌ره‌ی‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌یاندا كردوویانه‌ و تاڕاده‌یه‌ك ساردیكردوونه‌ته‌وه‌ له‌ كاره‌كه‌یان و زۆر به‌ته‌نگ كاره‌كه‌یانه‌وه‌ ناچن.
ئه‌گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێم و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له‌ ساڵانی ڕابردوودا خه‌مێكیان له‌ جوتیاران بخواردایه‌ و هه‌موو ئه‌و زه‌ره‌رو زیانه‌ی‌ پێانگه‌یشتبوو قه‌ره‌بوویان بكردایه‌ته‌وه‌ بۆیان، ئه‌وا هه‌م هه‌نده‌رێكی باش ده‌بوو بۆ به‌رده‌وامی‌ ئه‌و جوتیارانه‌ له‌كاره‌كه‌یان و هه‌م به‌رهه‌می ناوخۆیی زیاتریشیان ده‌خسته‌ بازاڕه‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌.
چواره‌م : هاورده‌كردنی‌ به‌رهه‌می ده‌ره‌كی
هێنانی‌ به‌رهه‌می ده‌ره‌كی و بیانی له‌ سنوره‌كانه‌وه‌ بۆ ناوخۆی كوردستان، دێوه‌زمه‌یه‌كه‌ به‌سه‌ر جوتیارانی كوردستانه‌وه‌. (سه‌عید حه‌مه‌ئه‌مین) ده‌ڵێت : به‌ڕاستی جێگه‌ی‌ پرسیاره‌ بۆچی ئێمه‌ به‌رهه‌می ناوخۆمان ساغ ناكه‌ینه‌وه‌ و سودی لێوه‌رناگرین به‌ڵام ده‌چین به‌رهه‌می ده‌ره‌كی له‌ سنوره‌كانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كه‌ین به‌ بڕێكی زیاتر پاره‌ و تێچووی‌ زیاتر له‌ بازاڕدا ساغی ده‌كه‌ینه‌وه‌ . به‌ڕاستی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ ده‌ره‌كیانه‌ دێوه‌ زمه‌یه‌كه‌ بۆ جوتیاری كورد و تاقه‌ت و وزه‌ی‌ له‌ گیانی جوتیارانی كوردستان بڕیوه‌ و كه‌س تاقه‌تی كشتوكاڵی نه‌ماوه‌ ئه‌وه‌شی تاقه‌تی هه‌یه‌ ناچارییه‌ و له‌ لادێدا ئیشێكیتر نییه‌ بیكات ناچار خه‌ریكی ئیشی كشتوكاڵییه‌ و له‌ دانیشتن باشتره‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

لە رێی كوردستانی «نوێ»وە بەهەمووان رادەگەیشت

دێدەوانی یەعقوب / كۆیە ڕەنگە ئەگەر هەر كەس كە وێنەی ...