سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » پێشنیاره‌كان بۆ كابینه‌ی نۆ

پۆلەتیک

پێشنیاره‌كان بۆ كابینه‌ی نۆ

له‌دوای چه‌ندین مانگ چاوه‌ڕوانی و دانوستانی نێوان پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، دواجار له‌م هه‌فته‌یه‌دا كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ متمانه‌ی پێده‌به‌خشرێت و بۆ ساڵانی ئاینده‌ و تا واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستان، حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
له‌گۆشه‌ی پۆله‌تیكه‌وه‌، زنجیره‌ وتارێك به‌ ئاڕاسته‌ی حوكمڕانییه‌كی باش له‌م كابینه‌یه‌دا ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیره‌كانی ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌كرێن، به‌ئامانجی سوودگه‌یاندن به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی.
زۆربه‌ی رۆژنامه‌نووسه‌ پرۆفێشناڵه‌كان له‌ دنیادا كۆكن له‌سه‌رئه‌وه‌ی كه‌ بوونی حكومه‌ت و پارتی سیاسیی باش و په‌رله‌مان ئه‌كتیڤ و سیاسیی پاك … هتد له‌ گرنگترین فاكته‌ره‌كانی به‌ره‌وپێشبردنی وڵات و بوونی په‌یوه‌ندیی سیاسیی به‌هێز و باش و دروست له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ هاوتای بوونی ستراتیژییه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و تۆكمه‌، بنه‌مای به‌هێزكردنی ئابووری وڵاتن.
بۆیه‌ له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كاندا، هاوشانی حكومه‌ت و چاودێری په‌رله‌مان، رۆژنامه‌نووسان و دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كانیش رۆڵی گرنگی چاودێریی ده‌بینن و له‌ جیهانی ئێستای به‌ ته‌كنۆلۆژی ته‌نراو و مۆدێرن، میدیا نه‌ك ته‌نیا رۆڵی چاودێر و ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م، به‌ڵكو به‌ره‌و تابوری پێنجه‌م هه‌نگاوی ناوه‌ و كاریگه‌ریی زۆری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی و سه‌رجه‌م جومگه‌كانی وڵات دروستكردووه‌.
له‌ زۆرێك له‌ وڵاتاندا، رۆژنامه‌وانان و دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كان به‌تایبه‌تیش له‌ وڵاتانی تازه‌ گه‌شه‌كردوو یان وڵاته‌ هه‌ژار و گه‌شه‌ نه‌كردووه‌كان، رۆڵ و كاریگه‌ریی نه‌رێنییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر كۆی پڕۆسه‌ی حوكمڕانی له‌و وڵاتانه‌دا، هه‌ربۆیه‌ بوونی په‌یوه‌ندیی رۆژنامه‌وانان و حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌ سه‌ربازیی و پارته‌ سیاسییه‌كان و كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كان، تاڕاده‌یه‌كی زۆر سانسۆر كراوه‌ و ته‌نانه‌ت گه‌یشتۆته‌ ئاستێك متمانه‌ له‌ نێوان رۆژنامه‌وانان و ئه‌و دامه‌زراوانه‌دا نه‌ماوه‌ و یانیش زۆر كه‌م بووه‌، به‌تایبه‌تیش له‌كاتی بوونی ئاریشه‌ و ته‌نگژه‌ی سیاسیی و ئابووری و مرۆییدا.
به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، له‌ وڵاتانی وه‌كو به‌ریتانیا و ئه‌مریكا به‌نموونه‌، لێكۆڵینه‌وه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان له‌ زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌كاندا سوودی زۆر به‌لێكۆڵینه‌وه‌كانی پۆلیس ده‌گه‌یه‌نن و له‌ كاتی بوونی ته‌نگژه‌ی ئه‌منیدا و بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ته‌ندروستی گشتیی، هه‌میشه‌ میدیا هاوكاری جددی بووه‌ بۆ دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان، هه‌روه‌ك چۆن له‌ كاتی بوونی قه‌یرانی ئابووری له‌ ئه‌مریكا و به‌شێك له‌ وڵاتانی رۆژئاوا به‌تایبه‌تیش له‌ یۆنان، له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا میدیا رۆڵی گرنگی گێڕا له‌ ئیداره‌دانی قه‌یرانه‌كاندا و ته‌نانه‌ت رۆڵی هه‌بوو له‌ دانانی ستراتیژییه‌تی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كاندا.
لێره‌وه‌ به‌و ده‌ره‌نجامه‌ ده‌گه‌ین كه‌ ئێمه‌ی رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌رێمی كوردستان، گرنگه‌ سه‌ره‌ڕای تێبینی و راپۆرته‌كانمان له‌سه‌ر پرسه‌كانی گه‌نده‌ڵی و نادادوه‌ری و سیسته‌می حوكمڕانی و كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كان و پارته‌ سیاسییه‌كان …. هتد، گرنگه‌ هه‌میشه‌ پڕۆژه‌ی ستراتیژی بخه‌ینه‌ڕوو بۆ حكومه‌ت، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێك له‌ رۆژنامه‌نوسان پێیانوایه‌ له‌ رابردوو و ئێستادا سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان، گرنگییان به‌ پڕۆژه‌و رای رۆژنامه‌وانان نه‌داوه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌م بۆچوونه‌ هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ رۆژنامه‌نووس راوێژكار نییه‌ له‌ حكومه‌تدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێ پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌ین به‌ وتارێك، به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و راپۆرت و ریپۆرتاژێك، گۆڕانكاری دروست بكه‌ین و كاریگه‌ریی دروست بكه‌ین له‌سه‌ر كه‌سێتییه‌ سیاسییه‌كان و حكومه‌ت، به‌ڵام ستراتیژی تر هه‌یه‌، له‌وانه‌، كه‌مپه‌ینه‌ میدیاییه‌كان، كه‌ ده‌توانرێت كاریگه‌ریی جددی و ئه‌رێنی له‌سه‌ر حكومه‌ت هه‌بێت، كه‌ ئه‌م رێگه‌یه‌ هه‌م له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌گشتی ستافی حكومه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا ده‌بێت.
له‌ وتاره‌كانی داهاتوودا كه‌ تایبه‌ت ده‌بن به‌ پێشنیاری ستراتیژی بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیره‌كان و سه‌رۆكی ده‌سته‌كان، هاوكات په‌یوه‌ستكراو ده‌بن به‌ رۆژنامه‌وانان و دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كان له‌ كوردستاندا، به‌ئامانجی دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی و سوودبه‌خش له‌ نێوان رۆژنامه‌وانان و حكومه‌تدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرنگیدانی زیاتر به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و كاركردنی زیاتر ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یامه‌ میدیاییه‌كان، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات حكومه‌ت به‌ گرنگییه‌وه‌ كار له‌سه‌ر ئه‌و زانیارییانه‌ بكات كه‌ له‌میدیادا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كه‌ركوك له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كاندا

د. ئاراز رەمەزان په‌یام و ستراتیژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشتر ...