سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ״داعش و نازییەکان هەڕەشەن بۆ سەر ئەڵمانیا״

״داعش و نازییەکان هەڕەشەن بۆ سەر ئەڵمانیا״

لەکاتی هێرش و پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر ناوچەکانی هەر یەک لە سوریا و عیراق، لە ساڵی 2016 بەدواوە نزیکەی 1050 ئیسلامیی توندڕەو لە میللەتە جیاجیاکانی دانیشتووی ناو ئەڵمانیا خۆیان گەیاندە سوریا و لەوێشەوە بۆ عیراق و چوونە سەنگەرەکانی داعش. لەو ژمارەیە نزیکەی 200 داعشیان لە شەڕەکاندا کوژران یان بێسەروشوێن بوون. هەروەها دەیان داعشی ئەڵمانی لە زیندانەکانی حکومەتی عیراقیدان و چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی دۆسێکانیان دەکەن. حکومەت داوا دەکات دادگایەکی نێودەوڵەتییان بۆ پێکبهێنرێت تا بەیاسایەکی دەولی سزای خۆیان وەربگرن. سەدانی تریش لەزیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتدان لە سوریا کە کورد رابەرایەتی دەکات، ئەو داعشانەی لەزیندانی رۆژئاوادان ئەوانیش جارێ دادگایی نەکراون و چاوەڕوانی بڕیاری وڵاتانن.
لە کۆی داعشە ئەڵمانییەکان، ئەوانەی لە ساڵانی رابردوودا چووبوونە بەرەی تیرۆر، نزیکەی 300 کەسیان لێگەڕاوەتەوە ناو ئەڵمانیا و ئەگەر دادگاکان دیکۆمێنتی سەلمێنراویان لەبەردەست بێت، ئەوا ناوەناوە ژمارەیەکیان لێ دادگایی دەکەن و سزای خۆیان وەردەگرن.

بەقاچاغ گەڕاونەتەوە
لەم چەند رۆژەدا وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیارێکی ئەمینداری گشتیی پارتی دیموکراتی ئازادی لیبراڵیدا ئاشکرایکرد: نزیکەی 160 کەس لەو داعشانەی کە لە ساڵانی رابردوودا ئەڵمانیایان بەجێهێشتبوو بەبێ ئاگاداری و دوور لە چاوی دەزگا ئەمنییەکان، بەڕێگەی قاچاغ لە سنوورەکانەوە گەڕاونەتەوە ناو ئەڵمانیا و شوێن و جێگەیان نادیارە و خۆیان لە پۆلیس شاردۆتەوە.

چۆن دەبێت حکومەت خەمسارد بێت؟
هەمان سەرچاوە دەڵێت: لەکۆی 1050 ئەڵمان کە وڵاتەکەیان بەرەو هەر یەک لە سوریا و عیراق جێهێشتبوو، ژمارەیەکی زۆریان کوژراون یان دەستگیرکراون. لەم بارەیەوە ئەو بەرپرسە رەخنەی لە دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا گرتووە بەوەی حکومەت بەباشی چاودێریی هاتوچۆی ئەندامانی داعشیان نەکردووە. هەروەها رەخنەی ئەوەشی گرت کە حکومەتی ئەڵمانیا هیچ پرۆژەیەکی نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئەڵمانانەی پێشتر چوونەتە ریزەکانی داعش و ناوە ناوە ژمارەیەکیان دەخاتە بەردەم دادگا و چارەسەری ریشەیی نەدۆزیوەتەوە، چونکە هێشتنەوەی ئەو کەیسە بە هەڵواسراوی و خۆ لێ خافڵ کردن، دەبێتە هۆی زۆربوونیان و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگە.

ئیسلامی رادیکالی و نازییەت سەرچاوەن
بەپێی توێژینەوەی شارەزایانی بواری تیرۆر و توندوتیژی لەناو کۆمەڵگە: ئەوە ساغبۆتەوە کە توندڕەویی لەو وڵاتەدا لە منداڵدانی ئیسلامی رادیکاڵ و نازییەتەوە لەدایکبووە و هەردووکیان هەڕەشەی جددین بۆ سەر کۆمەڵگە. لە تازەترین لێدوانی هۆرست زیهۆڤەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بەپشت بەستن بەزانیاریی دەزگای پاراستنی دەستوور، دەڵێت: لەوەتەی شەڕی جیهانیی دووەم تەواوبووە، هیچ کاتێک وەک ئەمساڵ مەترسیی راستڕەوەکان هەڕەشە نەبووە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی وڵاتمان، کوشتن و تیرۆر و رفاندن و ترساندنی بەرپرسە سیاسییەکان و چالاکوانە مەدەنییەکان، بۆتە جێی سەرنجی میدیا و رای گشتی و حکومەت هەڵوەستەی جددی لەسەر دەکات.

داعشیزم هەر ماوە
هەروەها وێڕای ئەوەی ئێستا داعشیش لە سوریا و عیراق نەماون و شکستیان هێناوە، بەڵام رەوتی توندڕەوی ئیسلامی و داعشیزم هەر هەیە و زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماژە بە بوونی 26 هەزار و 560 توندڕەوی مەترسیدار دەکەن، ئەوانەی بەتوندوتیژی و کوشتوبڕ دەیانەوێت خۆیان بسەپێنن. هەروەها دەرکەوتووە کە سەرچاوەی ئەو بیرە توندڕەوییە وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبین، کە دەیانەوێت لەڕێی دروستکردنی مزگەوت و خوێندنگەی ئایینی و کۆمەڵە و رێکخراوە دینییەکانەوە، هەژموونی خۆیان پەرە پێبدەن و توندوتیژی لە ئەوروپا بەگشتی و لە ئەڵمانیا بەتایبەتیی بڵاوبکەنەوە.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

نازییە نوێکان هەڕەشەی کوشتن لە سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا دەکەن

نازییە نوێکان هەڕەشەی کوشتن لە سیاسەتمەدارانی ئەڵمانیا دەکەن ئاماداکردنی:بورهان ئەمین ...