سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، عومه‌ر غه‌ریب‌ » ״پرسی كەركوك یەكلادەكرێتەوە״

״پرسی كەركوك یەكلادەكرێتەوە״

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە زاری وتەبێژەكانیانەوە تەئكید دەكەنەوە «بۆ پرسی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگار، گەیشتوونەتە رێكەوتن»، بەپێی زانیارییەكانیش «بڕیارە بەم نزیكانە پرسی كەركوك یەكلابكرێتەوە».

״یەكێتی و پارتی رێكەوتوون״
رۆژی 6/7/2019، دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی رەسمیی مەكتەبی سیاسی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی رێكەوتنی یەكێتی و پارتی لەبارەی كاندید بۆ پارێزگاری كەركوك، ئاماژەی بەوەدا «بەڵێ رێكەوتووین، لەكاتی خۆیدا هەردوولامان قسەی لەسەر دەكەین».

״ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان״
لە دوو رۆژی رابردووشدا، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن لەبارەی دۆخی كەركوكەوە وتی: گەیشتووینەتە رێكەوتن، لەم یەك دوو رۆژەدا ئەو پرسەش كۆتایی پێدێت و بۆ ئەو مەبەستە رێكەوتن كراوە، وتیشی: لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین، لیژنەی هاوبەش هەیە لەنێوان پارتی و یەكێتی لەگەڵ حكومەتی عیراق بۆ ئەو بابەتە، تائێستاش چەندین دانیشتن كراوە بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان، لەسەر هەندێك خاڵیش گەیشتوونەتە سیغەی كۆتایی و رەنگە لەم چەند رۆژەدا ئیمزا بكرێت.

پلانی ستراتیژیی و بەرنامەیەكی تۆكمە
لەلایەكی دیكەوە، چاودێرانی سیاسی لە كەركوك بە پێویستی دەزانن كورد بە پلانێكی ستراتیژیی و بەرنامەیەكی تۆكمەوە هەنگاو بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بنێت.
موعتەسەم شوانی چاودێری سیاسی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و دانانی پارێزگاری كەركوك، پێویستە هەنگاوی پراكتیكی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بنرێت، وتیشی: دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك بە هەنگاوی یەكەمی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك دادەنرێت، دوای ئەو هەنگاوەش پێویستە لایەنە كوردستانییەكان ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بكەن.

هەموو لایەنە كوردستانییەكان لەسەر خاڵە هاوبەشەكان كۆببنەوە
لەسەر هەمان پرس، محەمەد نەسرەدین چاودێری سیاسی بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پێویستە هەنگاوەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بەگەرموگوڕییەوە كاری بۆ بكرێت، وتیشی: لەپێناوی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوكدا پێویستە سەرەتا پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنرێت، پاشان ئەو پارێزگارە رۆڵی خۆی ببینێت و كار بۆ سڕینەوەی كارە نایاساییەكانی پارێزگارە بە وەكالەتەكەی كەركوك بكرێت، راشیگەیاند: پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەكان لەسەر خاڵە هاوبەشەكان كۆببنەوە.

یەكڕیزیی نێوماڵی كورد
هەروەها مەریوان نادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، یەكڕیزیی نێوماڵی كورد بەپێویست دەزانێت و وتیشی: بۆ ئەوەی كورد سەركەوتوو بێت لەهەر هەڵبژاردنێك كە لە داهاتوودا لە كەركوك دەكرێت، پێویستە سەرەتا ناوماڵی خۆی رێكبخاتەوە و پاشان بە هاوكاریی پێكهاتەكانی تر، هەنگاو بۆ باشكردنی دۆخی كەركوك بنرێت. وتیشی: پێویستە بەزوویی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنرێت و ئەو پارێزگارە دەستبەكار بێت و وەك هەنگاوی یەكەمی ئاساییكردنەوەكە پشتیوانی لەو پارێزگارە بكرێت و پاشان قۆناغ بەقۆناغ كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یەكێتی تەئكید لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك دەكاتەوە

رزگار عەلی: (كەركوك) بەشێكە لە رێكەوتنی یەكێتی و پارتی پەرلەمانتارانی ...