سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » نەخشەی سیاسی عیراق لە نێوان سائیرون و فەتح-دا

نەخشەی سیاسی عیراق لە نێوان سائیرون و فەتح-دا

هەریەك لە هاوپەیمانییەكانی سائیرون و فەتح داڕێژەری نەخشەی سیاسی ئێستای عیراقن، لەحاڵەتی پێكهێنانی هاوپەیمانی نوێ‌ نێوانیان، بە تەواوەتی شەربەكە بەسەر ئەوانی تردا قڵپدەكەنەوە و رێگەنادەن ئۆپۆزسیۆنی تازە پیاكەوتوو گەمەكەیان لێتێكبدات.
موقتە سەدر رابەری رەوتی سەدر كە ئاراستەكەری سیاسەتەكانی سائیرونە، لەگەڵ هادی عامری ئەمینداری گشتی رێكخراوی بەدر و سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، دوو كاراكتەری سەرەكی پێكهێنانی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بوون و هەرلەلایەن ئەمانەوە پاشماوەی كابینە وەزارییەكە تەواوكرا.
سائیرون خاوەنی 54 كورسی پەرلەمانە و هاوپەیمانی فەتح-یش 47 كورسی پەرلەمانی هەیە، بە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی تر و پشتكردنە (چاكسازی و بنیاتنان)، هەردوو هاوپەیمانییەكە دەتوانن لەگەڵ هەندێك كوتلەی تردا گەورەترین هاوپەیمانی دروستبكەن و بەر بەو بزاوتنە بگرن كە لەئێستادا بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە تاودەداتە بەرخۆی و كار بۆ روخاندنی حكومەت دەكات.
حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆك وەزیرانی پێشوو كە ئەندازیاری هێنانەكایەی (ئۆپۆزسیۆنی دەستوری)یە، عەممار حەكیم-ی سەرۆكی رەوتی حكیمەی نیشتمانی كردۆتە سەری نێزە و شەڕە قورسەكەی ئۆپۆزسیۆنبوونی پێكدەدات.
عەبادی خۆی بۆ ماوەی دووەمی سەرۆكایەتی حكومەت ئامادەكردبوو، بەڵام لەگەڵ دەستەبەرنەكردنی رێژەی پێویست لە هەڵبژاردن و (المجرب لا یجرب)ی مەرجەعیەتی ئاینی، نەیتوانی گرەوەكە بباتەوە، بۆیە دەیەوێت لەڕێی گەمەیەكی تر و بەشێوەیەكی تر كار بۆ خستنی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بكات.
عەبادی لەڕێی رەوتی حكیمە و دەوڵەتی یاساوە چانسی خۆی بۆ سەندنەوەی متمانە لە حكومەت تاقیدەكاتەوە، بەڵام هەموو دەستەواژەكان روولەوەن ئەو خواستە بەر تاشەبەردەكانی سائیرون و فەتح بكەوێت كە بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ عەبدولمەهدین و تا دواڕادە پشتیوانی لێدەكەن.
گۆڕانكاریی لە نەخشەی سیاسی ئێستای عیراق، بەبێ‌ خواستی سەدر و عامری بەجێنایەت، لەگەڵ یەكگرتنی ئەم دوانەش كە خاڵە هاوبەشەكانیان بەسەر خاڵە ناكۆكەكاندا زاڵدەكەن، پارسەنگی سیاسەتەكان بەلای خۆیاندا دەشكێننەوە و بوار بە هاوبەشەكانیان نادەن بڕیاری سیاسیان بكەوێتەدەست.
سائیرون و فەتح هاوكێشەكان دیاریی دەكەن و هەر لەڕێی ئەمانەوە بەر بەهەوڵەكانی حزبی دەعوە دەگیرێت كە دەیەوێت جڵەوی حوكمڕانی و سەرۆكایەتی حكومەتی عیراقی بكەوێتەوە ژێردەست.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

نۆبەی باڵێوزخانەی بەحرەینە

هەوڵەكان بۆ خۆلادان لە تەنگژە ئیقلیمییەكان و دەربازبوون لەم گۆڵمەزەی ...