سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا هێزی زیاتر رەوانەی عیراق دەكات

لە عەین ئەسەد جێگیركرا

ئەمریكا هێزی زیاتر رەوانەی عیراق دەكات

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگەی ئەنبار، گەیشتنی كاروانێكی سەربازی ئەمریكا بۆ بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگەكە ڕادەگەیەنێت.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە 6ی تەمموزی 2019 بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندووە”هێزی سەربازی ئەمریكایی زیاتر گەیشتە بنكەی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنبار، سەربازەكان لەڕێی ئاسمانەوە گەیشتنە بنكەكە و گالیسكە سەربازییەكانیشیان لەڕێی دوو مەرزەوە گەیشتن كە یەكێكیان لە ترێبیلەوە بوو».
بە گوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنییە”نزیكەی 100 گالیسكەی سەربازی گەیشتنە عەین ئەسەد و مەبەستیش لەم هێزانە، بۆ مەشق و پشتیوانی سەربازییە بۆ ناوچە بیابانییەكان كە ڕەوشی ئەمنی تێیاندا فشەڵە”.
بنكەی عەین ئەسەد، 108 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای ڕومادیەوە دوورە، و بەر لە ساڵی 2003 بە قادسیە ناودەبرا و لە ساڵی 1980وە كاركردن تێیدا دەستیپێكرد و لە ساڵی 1987دا لەڕێی گروپێك لە كۆمپانیا یوگسلاڤییەكان تەواوكرا كە تێچووەكەی گەیشتە 280 ملیۆن دۆلار تا 5000 سەربازی تێدا جێگەبكرێتەوە، لەگەڵ بارەگای سەربازی پێویست بۆیان و شوێنی داڵدەدان و پەناگە بۆیان، وێڕای عەمباری تۆكمە و سەربازگە و پەناگەی پێویست بۆ فڕۆكەكان و یاریگا و شوێنی خزمەتگوزاریی.
لەكاتی جەنگدا لەگەڵ ئێران، بنكەی هێلیكۆپتەرەكان و فڕۆكەكانی مێگ ئێس 25 بوو.
لە ساڵی 1991 بە بۆمبی لێزەر لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە جەنگی كەنداودا رووبەڕووی بۆردومانێكی چڕبۆوە.
لە ساڵی 2003 هێزەكانی مارێنز دەستییان گرت بەسەر بنكەكەدا و تا ساڵی 2011 تێیدا مانەوە كە بە دووەم گەورەترین بنكەی ئاسمانی لە عیراقدا دادەنرێت و كۆپی سەربازی ناوچەی سەوزە.
لە كۆتایی ساڵی 2014، ئەمریكا 300 سەرباز و راهێنەر و راوێژكاری ناردە بنكەكە، وێڕای جێگیركردنی فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیدا.
ئەمریكا لە ساڵی 2011 لەگەڵ عیراق رێكەوتنی ستراتیژی ئیمزاكرد كە لێوەی زۆربەی هەرەزۆری هێزەكانی لە وڵاتدا پاشەكشەپێكرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی سێ‌ ساڵ بەسەر رێكەوتنەكە و سەرهەڵدانی رێكخراوی داعش و دەستگرتنی بەسەر ناوچەیەكی بەرینی وڵاتدا، ئەمریكا بەشێوەیەكی تر ژمارەی هێزە سەربازییەكانی لە عیراقدا زیاتر كرد، هۆكاریی ئەمەش بۆ ئەو هەڕەشە و مەترسییە ئەمنیانە دەگەڕێتەوە كە تائێستا لەسەر هەندێك لە پارێزگاكانی عیراق هەن.
لەم ماوەیەی دواییدا هەڕەشە و مەترسییەكانی رێكخراوی داعش لە چەند بەشێكی پارێزگاكانی نەینەوا و دیالە و ئەنبار و سەڵاحەدین سەریانهەڵدا، ئەمەش بە بۆچوونی چاودێران بیانوویەكی بەهێز دەداتە ئەمریكاییەكان تا جارێكی تر بوونی سەربازیی خۆیان لە عیراقدا تۆكمە بكەن.
ئەمەش لەكاتێكدایە هێزێكی زۆری سوپای عیراق لە 4ی تەمموزی 2019 هەڵمەتێكی فراوانی بۆ دەستگیركردن، یان كوشتنی چەكدارانی رێكخراوی داعش لە سنوری ئەنبار و نەینەوا دەستپێكردووە، بەهۆیەشەوە پێكدادانی توند لە ناوچەكەدا رویداوە.
لەو بارەیەوە وەزارەتی بەرگری عیراق لە بەیاننامەیەكیدا رایگەیاندبوو» تەرمی 18 چەكداری داعش لە شەڕەكاندا كەوتوونەتە دەست هێزەكانی عیراق، شەڕ و پێكدادانەكانیش سنورێكی فراوانیان لە باشوری خۆرئاوای ئەنبارەوە بۆ موسڵ گرتۆتەوە، جگە لە هێزی پیادە هێزی ئاسمانیش بەشداری تێدا دەكات».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...