سەرەکی » دۆسێ » مادە هۆشبەرەكان بەشێوەیەکی ترسناك لە عیراقدا بڵاودەبنەوە

مەرجەعیەتی ئاینی هۆشداریی دەدات

مادە هۆشبەرەكان بەشێوەیەکی ترسناك لە عیراقدا بڵاودەبنەوە

ماددە هۆشبەرەكان بەشێوەیەكی بێ‌ پێشینە و ترسناك لە عیراقدا بڵاودەبنەوە، چاودێرانیش پێیانوایە دیاردەكە هۆكاریی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لە پشتەوەیە.
نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی لە عیراق لە 5ی تەمموزی 2019 رایگەیاندبوو، بەشێك لە لێپرسراو و كاربەدەستانی وڵات لە پاراستنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەكان تێوەگلاون، ئەمەش بووەتە هۆی لەیاسا دەرچوون و زیاتر تەشەنەكردنی دیاردەكە.
عەبدولمەهدی كەربەلائی نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عیراق، لە وتاری نوێژی هەینی رابردوو رایگەیاندبوو» دیاردەی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر هەڕەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر كۆمەڵگە».
بە گوتەی نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی لە عیراق» بەشێك لە بازرگانانی ماددەی هۆشبەرەكان، بەهۆی بوونی پەیوەندییان لەگەڵ كاربەدەستانی وڵات، لە یاسا هەڵهاتوون، بەشێك لە كاربەدەستانیش لە پاراستنی بازرگانانی ماددەی ھۆشبەرەكان تێوەگلاون».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەممار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی داوای دەستگیركردن و بەسزا گەیاندنی ئەو لێپرسراو و كاربەدەستانەی كردووە، كە نوێنەری ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی باسی كردوون.
عەممار حەكیم رایگەیاندبوو» ئەركی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانە رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ماددەی هۆشبەرەكان بكەن».
لەگەڵ بڵابوونەوەی بێ‌ پێشینە و ترسناكی ماددە هۆشبەرەكان لە ناوچەكانی باشووری عیراق، سەركردەی (رەوتی سەدر) كە بنكە فراوانترین بزوتنەوەی سیاسییە لە عیراق، هۆشداری لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو ماددانە دەدات و دیاردەكە بە ئابڕووبەر وەسف دەكات.
موزەفەر ئیسماعیل، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون، كە لەیەن موقتەدا سەدر رابەری ڕەوتی سەدرەوە سەرپەرشتی دەكرێت، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو “موقتەدا سەدر تویتەكەی ئەم ماوەیەی دوایی ڕوون و ئاشكرا بوو، كاتێك باسی لەو دەرد و پەتایانە كرد، كە لەنێو كۆمەڵگەی عیراقیدا بڵاوبوونەتەوە، بە تایبەتیش بڵابوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق و بە تایبەتیش پارێزگاكانی باشوور».
بە گوتەی پەرلەمانتارەكەی سائیرون، “پارێزگای بەسرە بەشێوەیەكی نەشیاو ماددە هۆشبەرەكانی تێدا بڵاوبۆتەوە، بە تایبەتیش ماددەی كریستاڵ، هەر بۆیە فەریق بەشیر فلەیح، فەرماندەی پۆلیسی بەسڕە نەخۆشخانەیەكی لە ناوچەی مەعقەل لە سەنتەری پارێزگای بەسڕە كردەوە، بۆ مەبەستی چارەسەركردنی ئەوانەی لەسەر ماددە هۆشبەرەكان ئالودە بوون».
ئەو پەرلەمانتارە باس لە مەترسییەكانی ئەو ماددانە دەكات و دەڵێت“ئەو ماددانە لەسەدا سەد مەترسیدارن و لەنێو كوڕان و كچاندا لە بەشێك لە زانكۆ و ئامادەییەكان و بە هەمان شێوە لە كافتریاكان بڵاوبوونەتەوە».
لەبارەی هۆكاری بڵاوبوونەوەی ئەو ماددانەوە، موزەفەر ئیسماعیل پێیوایە “هۆكاری بڵابوونەوەی بۆ ئەو بازرگانانە دەگەڕێتەوە، كە دەیانەوێت بەهەر شێوەیەك بێت پارەیان دەستبكەوێت، بەبێ‌ گوێدانە ئەوەی ئەم ماددانە كۆمەڵگە بەتەواوەتی بەرەو لادانی عەقڵی و لادانی ئاكاری دەبەن” ماددە هۆشبەرەكانیشی بە نەخۆشییەكی هاوشێوەی نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتدا لەقەڵەمدەدات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی سائیرون، ئاماژەی بە هۆكارەكانی تری بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دەكات لە پارێزگاكانی باشووری عیراق و باسی لە بڵابوونەوەی بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان دەكات كە بە گوتەی ئەو»حكومەتی فیدراڵ هیچ چارەسەرێكی نییە و بڕیاری دروست و یەكلاكەرەوە دەرناكات، تا كۆمەڵگە لەو پەتا كوشندەیە بپارێزێت».
لەگەڵ ئەوەی عیراق لە دوای ساڵی 2003 بووە رێڕەوێكی سەرەكی بۆ بەقاچاخبردنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئێران و ئەفغانستان و پاكستانەوە بۆ وڵاتانی كەنداو، لەئێستادا خەریكە ببێتە وڵاتێك بۆ بەكارهێنانی ئەو ماددانە كە نەهامەتی و ماڵوێرانی كۆمەڵایەتییان لێدەكەوێتەوە.
فازڵ غەراوی، ئەندامی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو»عیراق بۆتە بازاڕێكی گەشەسەندوو بۆ فرۆشتن و بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان، دوای ئەوەی پێشتر تەنیا رێڕەوێك بوو بۆ تێپەڕبوونی».
هەر لەو بارەیەوە ئەفسەرێك لە بەڕێوەبەرایەتی بنبڕكردنی ماددە هۆشبەرەكان كە نەیویستبوو ناوی خۆی ئاشكرا بكات، بە (الخلیج ئۆنڵاین)ی راگەیاندبوو»ناوچەكانی باشووری عیراق لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێوەیەكی بەربڵاو فرۆشتن و بەكارهێنانی هەموو جۆرە ماددە هۆشبەرەكانیان بەخۆوەبینیوە».
غەرۆاوی دەڵێت»لە نێوان ساڵانی 2017و 2018، بەشێوەیەكی بەرچاو رێژەی بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان و بەبازاڕكردن و فرۆشتنی زیادی كردووە، بە تایبەتیش لەنێو توێژی لاوانی هەردوو رەگەز»، هۆكاریی ئەمەشی بۆ «لایەنی ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی» گێڕاوەتەوە كە كاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر بەرزبوونەوەی رێژەكە هەبووە.
بەكارهێنانی ماددە هۆشبەرەكان كاریگەریی لەسەر داهاتی خێزانەكانی عیراق هەیە و ئابورییان شەكەت دەكات، بە تایبەت لە دوای هەمەڕەنگی و زۆری جۆری ماددە هۆشبەرەكان، دوای ئەوەی پێشتر تەنیا خۆیان لە «ئەفیۆن و حەشیش»دا دەبینییەوە و كە نرخەكانیان جیاوازن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...