سەرەکی » دۆسێ » فالح فەیاز باسی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكات

״رەوشی ناوخۆی عیراق لە كۆنترڵ دەردەچێت״

فالح فەیاز باسی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریكا و ئێران دەكات

فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی عیراق دەڵێت، بایكۆتی سیاسی و ئابوری كە لەلایەن سعودیە و بەحرێن و ئیمارات و میسرەوە لە دژی قەتەر بەكاردەهێنرێت، كاریگەریی روونی لەسەر سەقامگیری ناوچەی كەنداو دروستكردووە، رەتیشكردەوە پەیوەندی عیراق لەگەڵ وڵاتاندا مانای ملكەچبوون بێت بۆ حكومەتەكان، بە تایبەت سەبارەت بەو پارێزبەندییانەی بەرانبەر بە حەشدی شەعبی هەن.
فەیاز لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی (الجزیرە) كە لە 5ی تەمموزی 2019 پەخشكرا، رایگەیاندووە»بەغدا لە یەكەم رۆژی راگەیاندنی بایكۆتكردنی قەتەر دژایەتی خۆی بۆ ئەو هەنگاوە رایگەیاند، هەڵوێستی عیراق لەگەڵ دیالۆگ و لێكگەیشتن و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بووە لەنێوان برایان، بە تایبەت كە بایكۆتەكە كاریگەریی زۆری لەسەر سەقامگیری ناوچەی كەنداو دروستكردووە».
سەبارەت بە دوورەپەرێزی وڵاتانی ئیقلیمی وەك (سعودیە و ئیمارات) و نێودەوڵەتی وەك (ئەمریكا)، كە حەشدی شەعبی هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێرانی دەبینن و داوای تەواو هەڵوەشاندنەوەی دەكەن، فەیاز دەڵێت»پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا، مانای ئەوە ناگەیەنێت كە لە هەمان دید و روانگەی حكومەتەكانیانەوە كاربكات، چونكە بڕیاری ناوخۆیی و دیدی تایبەت، شێوەی هێزە چەكدارەكان و شێوازی كاركردنی دیاریی دەكەن».
بە گوتەی فەیاز»ناوچەكە تائێستاش لە كوڵاندایە، و گەلی عیراق پێیوایە حەشد رزگاركەر و خاڵی بەهێزە عیراقە، بە تایبەت كە چەكدارەكانی شارەزاییەكی تایبەت و گەورویان لە شەڕی دژ بە تیرۆر پەیداكردووە و ناكرێت بەفیڕۆبدرێن».
سەبارەت بە هەڵوێستی عیراق بەرانبەر بە ململانێی ئێرانی ئەمریكایی، فالح فەیاز پێیوایە:»عیراق بە راشكاوانە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان قسەی كردووە كە تواناكانی بۆ راگرتنی كاروبارەكانی ناوخۆیی لەگەڵ دروستبوونی هەر رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی هەمەلایەنەی نێوان ئەمریكا و ئێران لە ناوچەی كەنداودا لاواز دەبێت، ئەو رووبەڕووبوونەوەیەش كارەسات بار دەبێت، چونكە زۆرێك لە كاروبارەكان لەژێر كۆنترۆڵدا نامێنن».
بە گوتەی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی:»بەپێی پێداویستی و پابەندبوونی دیپلۆماسی و یاسایی، حكومەتی عیراق توانای پاراستنی پسپۆڕە سەربازییە ئەمریكاییەكانی هەیە كە لەنێو خاكی عیراقن، بەڵام تەقینەوەی ململانێكان هەموو ئەگەرەكان بە كراوەیی دەهێڵنەوە، گۆڕانكاریی بەسەر تواناكانی حكومەتی عیراقدا دێت لەڕووی كۆنترۆڵكردنی كاروبارەكانی ناوخۆی، ئەمەش بە رەچاوكردنی ئەو پەیوەندییە تایبەتەكەی كە عیراق و ئێران بەیەكەوە دەبەستێتەوە».
بە بۆچوونی فالح فەیاز»تەنگژەكانی ناوچەی كەنداو لەنێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكان، هەڕەشە لەسەر ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی و ئیقلیمی دروستدەكات، گەیشتنیشی بە رووبەڕووبونەوەی سەربازی گشتگیر، كارەسات بەسەر ناوچەكەدا دەهێنێت و كەسی لێبەدەر نابێت، و ناكرێت پێشبینی بەرەنجامی رووداوەكانی بكرێت، چونكە هەموو ئەگەرەكان كراوەدەبن».
هەروەها دەڵێت:»بەغدا پەیامی لەنێوان هەردوو لایەنی ململانێكەدا ئاڵوگۆڕكردووە، بەڵام نێوەندگیری لەنێوانیاندا نەكردووە، تائێستاش هەوڵەكانی چارەسەركردنی تەنگژەكە بەردەوامە لەگەڵ لایەنەكانی تری وەك روسیا و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتە عەرەبییەكان»، بەپێویستیشی زانی تەنگژەكە بەشێوازی دیپلۆماسی شارەسەر بكرێت»دڵنیاكردنەوەكانی ئەمریكاش هیچ مانایەكیان نییە لە سایەی بەردەوامبوون و توندكردنی سزا ئابورییە سەپێنراوەكانی سەر ئێران».
فەیاز دەڵێت»هەموو سیناریۆكان ئەگەری روودانیان دەبێت، گەر كاروبارەكان بگەنە ئاستی سفركردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێرانی، رووداوی بەئامانجگرتنی نەوتهەڵگرەكانیش لەم ماوەیەی دواییدا لە كەنداو، پەیام و دەستەواژەن بۆ ئەوەی كە چی روودەدات گەر رووبەڕووبوونەوەی هەمەلایەنە لەنێوان هەردوو لایەنی تەنگژەكەدا رووبدات، هەردوو لایەنەكەش هەست بە مەترسی گەیشتن بەو قۆناغە دەكەن، وێڕای خواستی هەندێك لایەنی ئەمریكایی لە بەرپاكردنی جەنگ».
راوێژكاریی ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عیراق، ئاماژە بە بوونی «دید و بۆچوونێكی عەرەبی دەكات كە داوای پێویستی چارەسەرەسەركردنی تەنگژەكە دەكات لەنێوتن ئێران لەلایەك و سعودیە و ئیمارات لەلایەكی تر، لەڕێی دیالۆگەوە»، ڕەتیشكردەوە گەڕانەوەی عیراق بۆ ژینگە عەرەبییەكەی لە دەروازەی هەڵگیرسانی جەنگێكی نوێوە بێت لە ناوچەكەدا «ئەمەش لەلایەن عیراقەوە لە لوتكەی ئەم دواییەی مەككەدا تەئكیدی لەسەركرایەوە».
لەگەڵ قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و هەڵكشانی تەنگژەكان لە ناوچەكەدا، ئەگەری رووبەڕووبونەوەی گشتگیر لەنێوان هەردوو لایەنی ململانێكەدا بەدوورنازانرێت، بە بۆچوونی زۆرێك لە شرۆڤەكارانیش لەحاڵەتی تەقینەوەی رەوشەكەدا، تەواوی ناوچەكە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی پێكدادانەكان و لەو نێوەندەشدا عیراق زۆرترین زیانی بەردەكەوێت و زەرەرمەندترین دەبێت.
هەرچەندە فەرمانە دیوانییەكەی ئەم دواییەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، بۆ لكاندنی هێزەكانی حەشدی شەعبی بە سیستمی ئەمنی وڵات و یەكخستنیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، هەنگاوێكی شایستە و شیاو بوو لەم قۆناغەدا، بەڵام پێناچێت هەندێك لەو هێزانە لەحاڵەتی روودانی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، كۆنترۆڵ بكرێن و هەڵوێستی بێلایەنبوونی خۆیان وەك عیراقی بپارێزن، مەبەست لە قسەكانی فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە دیمانەكەیدا لەگەڵ كەناڵی (الجزیرە)، دەچێتە هەمان بۆتە و لە هەمان چوارچێوەدا شیكاریی بۆ رووداوەكان دەكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەشداریی ژن لە ئیدارە و سیاسەتدا

ئەمەل جەلال سەرەتا دەبێت لەوە تیبگەین كە نە سیاسەت بە ...