سەرەکی » دۆسێ » ئەگەر هەیە سائیرون و فەتح هاوپەیمانییەكی گەورە پێكبهێنن

«چاكسازی و بنیاتنان هەڵدەوەشێنەوە»

ئەگەر هەیە سائیرون و فەتح هاوپەیمانییەكی گەورە پێكبهێنن

دەنگۆی ئەوە هەیە هەردوو هاوپەیمانی سائیرون و فەتح كە گەمەكەری سەرەكی پێكهێنانی حكومەتی عیراق بوون لە تشرینی یەكەمی 2018 و دواتر لە تەواوكردنی پاشماوەی كابینە وەزارییەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، یەكبگرن و گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێكبهێنن، ئەمەش لەكاتێكدایە كە هەندێك لایەنی سەرەكی وەك هاوپەیمانی نەسر و رەوتی حیكمە لە هاوپەیمانی چاكسازی، رێڕەوی ئۆپۆزسیۆنبونیان گرتۆتەبەر و چاوەڕوانیش دەكرێت هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە (بنیاتنان)، هەمان رێڕەو بگرێتەبەر.
ئەمەش بە بۆچوونی شرۆڤەكاران، دوو هاوپەیمانییە گەورەكەی (چاكسازی و بنیاتنان) لەرزۆك دەكات و لێكترازان و جیابوونەوە لە ریزەكانیاندا دروست دەكات.
هاوپەیمانی سائیرون كە لەلایەن موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدرەوە پشتیوانی دەكرێت، ڕاستی بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ فەتح بەسەركردایەتی هادی عامری و بانگەشەكردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییەكانی چاكسازی و بنیاتنان، ئاشكرا دەكات.
عەباس علێوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە:”لێكنزكبوونەوەی نێوان سائیرون و فەتح بۆ تێپەڕاندنی كابینە وەزارییەكە بوو، لەئێستاشدا كابینە وەزارییەكە تێپەڕێنرا، ئامانجیش لە هاوپەیمانییەكان، دژایەتیكردنی ئەوانی تر نییە، گرنگ ئەوەیە هەموان خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بكەن”.
سەبارەت بە ڕاگەیاندنەكەی ڕەوتی حیكمە و بوونی بە ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ بوونی هەمان خواست لای هاوپەیمانی نەسر كە دوو پێكهاتەی سەرەكی هاوپەیمانی چاكسازین لەگەڵ سائیرون، علێوی پێیوایە:”وەرگرتنی هەڵوێستی یەكلاكەرەوە لەم حاڵەتەدا لەدەست سەركردە سیاسییەكاندایە، گەر سەركردە سیاسییەكان لەنێوان خۆیاندا كۆببنەوە و بڕیاربدەن لەسەر ئەوەی بە ڕاستی دەزانن بۆ قۆناغی داهاتوو، ئەوا ئێمە وەك فراكسیۆنە سیاسییەكان لەگەڵ بڕیاری ئەواندا دەبین”.
پەرلەمانتارەكەی سائیرون، ئاماژەی بە بوونی كۆبوونەوە و دانوستانی بەردەوام كردووە لەنێوان هاوپەیمانییەكەیان لەگەڵ ڕەوتی حكیمە و هاوپەیمانی نەسر و لەو بارەیەوە دەڵێت:”ڕەوتی حیكمە لە كۆبوونەوەكاندا ڕایگەیاندبوو كە خواستی لە بوون بە ئۆپۆزسیۆنە، ئەمەش لەلایەن ئێمەوە ڕێزی لێدەگیرێت وەك تەواوی ڕاوبۆچوون و خواستەكانی تر، بەڵام سەبارەت بەوەی كە ئەم ئاراستانە ببنە مایەی لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییە گەورەكان، ئەوا لەئێستادا سەركردەكان لە پێكگەیشتن و دانوستانی بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی شێوازێكی نوێ‌ بۆ هاوپەیمانییەكان، یان پێداچوونەوە بە هاوپەیمانییەكان و داڕشتنەوەیان، هەموو ئەمانەش لە دەستی سەركردە سیاسییەكاندایە و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن”.
لەبارەی هەڵوێستی هاوپەیمانی سائیرونیش بەرانبەر بە لایەنە سیاسییەكان و ئەگەرەكانی داهاتوو، علێوی دەڵێت:”ئەوان بە یەك چاو تەماشای هەموو لایەنەكان دەكەن، بەو مەرجەی ئامانجی كارەكانیان خزمەتكردن بێت بە بەرژەوەندی گشتی، و نزیك بێت لە لێپرسینەوە لە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی كارنامە حكومییەكەی، بڕیاری كۆتاییش سەبارەت بە داڕشتنەوەی هاوپەیمانی چاكسازی یان نزیكبوونەوە لە فەتح، هەموو ئەمانە لەدەستی سەركردە سیاسییەكاندایە و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن”.
ئاماژەی بەو كۆبوونەوە و دانوستانە بەردەوامانەش كردووە كە لەنێوان سەركردە سیاسییەكاندا سازدەكرێن بۆ خۆكۆكردنەوە و بڕیاردان لەسەر داڕشتنەوەی هاوپەمانییەكان و پێداویستییەكانی قۆناغەكانی داهاتوو.
لەم چەند ڕۆژەی دواییدا دەنگۆی ئەوە بڵاوبۆوە كە گوایە هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیرون ڕێكەوتوون لەسەر پێكهێنانی هاوپەیمانییەكەی دووقۆڵی و بانگەشەكردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو هاوپەیمانی چاكسازی و بنیاتنان، چونكە بوونیان هیچ بیانوویەكی نەماوە، بە تایبەت دوای پێكهێنانی حكومەت كە سەرۆكەكەی بەپێی دەستور لەلایەن گەورەترین فراكسیۆنی سیاسییەوە دیاریی دەكرێت.
لە 18ی حوزەیرانی 219، جاسم خەمات، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی حیكمە كە لەلایەن عەممار حەكیمەوە سەرۆكایەتی دەكرێت رایگەیاندبوو، رێكەوتنی هەردوو هاوپەیمانی سائیرون و فەتح بۆ پێكهێنانی حكومەت لەڕێی كۆبوونەوە دووقۆڵییەكانیان «كەلێنێكی گەورەی» لەنێوان هەردوو هاوپەیمانی چاكسازی و بنیاتناندا دروستكرد.
رەوتی حیكمە لە 16ی حوزەیرانی 2019 رایگەیاندبوو، دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی سیاسی دەستوری، فادی شەممەری سەركردەی رەوتەكەش لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»چاودێری دەكەن و ئەدای حكومەت راستدەكەنەوە، بێ‌ دەنگ نابن بەرانبەر بە هەڵەكان و بەوپەڕی راستگۆییەوە كەلێن و گەندەڵییەكان دیاریی دەكەن، پشتیوانیش لەو هەنگاوە چاكسازییانە دەكەن كە پاڵپشتی دەبن بۆ هاووڵاتی، نەك بۆ دەوڵەتی بەرپرس و دەوڵەتی پشێوی و پاشاگەردانی».
ئەمەش لەكاتێكدابوو كە هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی گرتنەبەری رێبازی (ئۆپۆزسیۆنی راستكردنەوە»راگەیاند، پێشبینیش دەكرێت پەرلەمانتاران و فراكسیۆنی سیاسی تر بچنە پاڵ ئۆپۆزسیۆن، لەو رووەوە حەسەن فدعەم پەرلەمانتاری رەوتی حیكمە لە میانی بەشداریی لە بەرنامەیەكی تەلەفیزیۆنی لە 17ی حوزەیرانی 2019 رایگەیاندبوو»ئەگەر هەیە گرتنەبەری رێڕەوی ئۆپۆزسیۆن بوون لەلایەن رەوتەكەیەوە، لە كۆتاییدا ببێتە مایەی كێشانەوەی متمانە لە حكومەت، هەرچەندە ئامانجی سەرەكی رەوتەكەیان لەئێستادا چاككردنی حكومەتی و راستكردنەوەی رێڕەو و ئەدای كابینەكەیە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...