سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » حاڵی دڵی دووشک

کورتەچیرۆک

حاڵی دڵی دووشک

مه‌حمود نه‌جمه‌دین

یه‌كسه‌ر ده‌ڵێ… پڕ به‌ده‌مت. بڕوا ناكه‌م له‌و ده‌م و لێوه‌ ته‌ڕ و ناسكه‌وه‌ شتێكی‌ ئاوها پیس بێته‌ ده‌رێ، نه‌خێر ئه‌وه‌نده‌ زمان پیس نییه‌، ئه‌وه‌ ئه‌ته‌كێتی‌ ئه‌و نییه‌، ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێ ببووره‌، یان هیچ هه‌ستێكم نییه‌. ده‌ی‌ گوو به‌ سه‌د شێوه‌ ده‌رخواردی‌ بنیاده‌م ده‌درێ. هه‌ندێ قسه‌ هه‌یه‌ وه‌ك تێزاب له‌ گه‌رووه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ و… ده‌ی‌ به‌جه‌هه‌نم قسه‌یه‌كه‌ و به‌حه‌وادا ده‌چێ، خۆ نامری؟ چۆن؟ هه‌روا ئاسان؟ وانییه‌ برا وانییه‌، تیری‌ سه‌نار له‌ خه‌نجه‌ری‌ ده‌بان تیژتره‌، من دیومه‌ چۆن دڵی كوناوده‌ر كردووه‌، سه‌د جاران به‌م دوو چاوه‌ی‌ خۆم دیومه‌ شه‌ق و په‌قی‌ كردووه‌… له‌ ژێر ئه‌و لێوه‌ ته‌نك و ته‌ڕ و ئاڵانه‌وه‌ ددان فواره‌ی‌ ژه‌هره‌، كه‌ ڕژا هه‌موو شتێك ده‌سووتێنێ، هه‌ر به‌ راستی‌ گووه‌كه‌ بخۆم هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ناخۆشه‌ كه‌… نانا وابیر مه‌كه‌ره‌وه‌. تۆ تاڵاوی‌ دنیات نۆشیوه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ناخۆشه‌ كه‌… ئه‌وه‌ چییه‌ تاوه‌كو بیكه‌یت به‌ بیانوو. دره‌نگه‌، خه‌ریكه‌ ده‌بێ به‌ نیوه‌ڕۆ، ئه‌وه‌نده‌ پاوپا مه‌كه‌، به‌و قسانه‌ خۆت فریو مه‌ده‌، ئه‌مڕۆ… به‌ڵێ وایه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ… ئیتر له‌وه‌ زیاتر دوای‌ ناخه‌م، كات نه‌ماوه‌، ته‌واو ده‌بێ پێی بڵێم، قابیله‌ چییه‌ قسه‌یه‌كه‌ و… ته‌نیا یه‌ك وشه‌یه‌ لێت بووه‌ به‌ كۆڵی‌ شێر، ناتوانی، زیڕه‌ت كردووه‌، خۆ گیانت ناكێشێ! بچۆ پێشێ و له‌به‌رده‌میدا… ئاخر كه‌ ده‌چمه‌ به‌رده‌می ئه‌ژنۆم… ئه‌ژنۆت بشكێ، زیڕه‌كردو. خۆزێ هه‌ر ئه‌ژنۆ بوایه‌، هێز له‌ هه‌ناومدا نه‌ماوه‌، نازانم بۆ ئاوام لێ به‌سه‌رهاتووه‌!؟ به‌س ده‌وری‌ چۆڵ بێت، ئه‌و چه‌تیوه‌ رشكنه‌ له‌ به‌یانییه‌وه‌ قۆڵی‌ له‌ قۆڵیدایه‌، ده‌ڵێی قیر و زفته‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ بڕۆنه‌وه‌ بۆ ماڵێ، ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ شتێك نه‌كه‌م حسابم فه‌وتاوه‌، ئیتر نایبینمه‌وه‌، مه‌گه‌ر به‌ سوتفه‌ له‌ شوێنێكدا… ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و سوتفه‌یه‌ نه‌بوو، كێ چوزانێ له‌وانه‌یه‌ هه‌ر نه‌یبینیته‌وه‌، تۆ له‌ شه‌وێوه‌ خۆت تاسولوس داوه‌، وشه‌یه‌كه‌ هه‌زار جارت جوویوه‌ته‌وه‌ ده‌ ئێستاش وابزانه‌… قسه‌یه‌كه‌ له‌ گه‌رووتدا په‌نگی‌ خواردۆته‌وه‌، داوه‌شێی، داڕزێی، خۆ ناتكوژێ، ئه‌وپه‌ڕه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێ نا. ئاخر منیش له‌و نایه‌ زیڕه‌م كردووه‌، نامه‌وێت هه‌ر وا به‌ ئاسانی‌ له‌ ده‌ستم ده‌ربچێ. به‌سه‌، بێده‌نگ به‌، ئه‌وه‌ هات، به‌ره‌و لای‌ تۆ دێت، له‌وانه‌یه‌ بێت له‌ ته‌نیشتته‌وه‌ دانیشێت، له‌وانه‌یه‌.. فرسه‌تی‌ وا باش هه‌ڵناكه‌وێت، له‌ كیسی خۆتی‌ مه‌ده‌ پێی بڵێ، یه‌ك كه‌ڕه‌ته‌ و رزگارت ده‌بێ. ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر رزگارم نه‌بوو، رمی‌ نووك تیژی‌… قه‌یچێكا، خۆ هه‌ر نه‌بێ رایده‌وه‌شێنی، رمه‌كه‌ ده‌چه‌قێنێ، شه‌وێ كه‌ له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه‌ی راكشا وێنه‌ی‌ تۆیه‌كی‌ تێكشكاو دێته‌ به‌ردیده‌ی‌، یه‌كسه‌ر ده‌سووتێ، ده‌بێ به‌پۆلو، به‌ خۆڵه‌مێش، گڕ له‌ جه‌رگ و دڵی‌ به‌رده‌بێ و وه‌ك ده‌غڵی‌ گه‌رمه‌سێر ده‌سووتێ، هه‌موو بیر و هۆشی‌ لای‌ تۆیه‌ و ته‌نیا تۆ ده‌توانی… نه‌خێر بڕوا ناكه‌م بۆچوونی‌ بگۆڕێ، سه‌د دڵی شكاندووه‌ و نه‌بزواوه‌، كه‌لله‌ره‌قه‌، گوتی‌ ره‌ش سووره‌ هه‌موو دنیا بڵێ ره‌ش سوور نییه‌، ئه‌و هه‌ر ده‌ڵێ ره‌ش سووره‌. ئێستا واز له‌ سوور و ره‌ش بهێنه‌، هه‌سته‌ و غیره‌ت بده‌ به‌رخۆت و بچۆ به‌رده‌می‌، تا كه‌ی‌ وه‌كو مانگا له‌سه‌ر ئه‌م ستووڵه‌ پانده‌بیته‌وه‌، وا خه‌ریكه‌ ده‌بێ به‌نیوه‌ڕۆ، تۆزێكی‌ تر ده‌ڕواته‌وه‌، نایبینیته‌وه‌. كه‌ رۆیشت ده‌بێ بخه‌وی‌ به‌ڵكو بێته‌ خه‌وت… ئه‌گه‌ر بێته‌ نێو خه‌ونه‌كانته‌وه‌. هه‌زار جار هاته‌ خه‌ونم و گوتی‌ تۆ… بۆی‌ روون نه‌كردمه‌وه‌ من چی. منی‌ به‌ هه‌ڵواسراوی‌ له‌ نێو خه‌ونه‌كاندا به‌جێهێشت. سه‌د جاران هاته‌ خه‌ونم و گوتی‌ تۆ.. تۆ ناوێری‌، زیڕه‌ی‌ مه‌رگت كردووه‌، ناتوانی هه‌ستیته‌ سه‌رپێ، ئه‌ژنۆت ده‌له‌رزێ، یاخوا داوه‌شێی له‌ شه‌وێوه‌ خه‌ریكی‌ خۆ تاسولووس دانی‌، یه‌كێ نه‌زانێ بۆ دیداری‌… به‌ڵێ بۆ دیداری‌ مریه‌م ده‌چم، ئه‌و مریه‌مه‌ی‌ هێنده‌ جوانه‌ شه‌وقی‌ له‌ مانگ بڕیوه‌، كاتێ خوسره‌وی‌ خاوه‌ر له‌ زوڵفی‌ زێڕینی‌ ده‌دات وای‌ وای‌ چه‌ند گه‌شه‌، شه‌وقی‌ روومه‌تی‌ تیشكی‌ خۆره‌ و به‌فری‌ لووتكه‌ی‌ چیخی‌ دێرێ ده‌توێنێته‌وه‌، زۆر جوانه‌، چاوی‌ ده‌ڵێی بۆڵمازووه‌، ئاو له‌سه‌ر زوڵفی‌ ده‌تكێ، چ خانومانێكه‌، ئاغاژنی‌ عه‌بده‌ به‌گییه‌، هێنده‌ش فیزنه‌ ئاسمان به‌ چاتۆڵ ده‌زانێ. بابه‌ ئه‌وه‌ چۆن به‌ من.. نه‌وه‌ڵڵا به‌ڵغه‌مم پێدا نادات، ده‌زانی كچی كێیه‌؟ بیرت له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌؟! كچی‌ عومده‌یه‌كه‌ به‌روپشت ئه‌تڵه‌سه‌. بلووری‌ بێگه‌رد، روومه‌تی‌ ئاڵی‌ خورشیدی‌ خاوه‌ره‌ و به‌فری‌ كه‌لیخان بوو به‌ ئاو و وه‌ك تێزاب به‌دڵدا لێژده‌بێته‌وه‌. ئه‌وه‌تانێ منیش ورده‌ ورده‌ ده‌توێمه‌وه‌، ئای‌ له‌و جوانییه‌. جا به‌ تۆچی قه‌له‌گووخۆره‌؟ شه‌وێ دنیات دابووه‌ ژێر پێوه‌، كه‌چی‌ ئێستا ناوێری‌… ناوێرم، نه‌وه‌ڵڵا ناوێرم، ده‌ترسێم خۆرێكی‌ گه‌شه‌، به‌تینه‌، ئاخر من چیم؟ كێم؟ كوڕی‌ بوداق به‌گ؟ یان سه‌لیم خانی‌ ئه‌فشار؟ كوڕی‌ ده‌رۆزه‌كه‌رێكی‌ فڕێدراو، ئه‌سپێ له‌ مشتما موناجات ده‌كات. سڵقی‌ رووتم.. ئه‌ی‌ ئه‌و چییه‌؟ كێیه‌؟ پاره‌مۆڵه‌؟! جا پاره‌ چییه‌؟ پاره‌ به‌ده‌ردی‌ دڵ راده‌گات؟ نه‌خێر ئه‌ویش وه‌كی‌ تۆ بنیاده‌مێكه‌ دڵی‌ هه‌یه‌، حه‌زی‌ هه‌یه‌، تینوو، برسی‌، شه‌و دره‌نگان ئه‌م دیو ده‌كات، ئه‌و دیو ده‌كات، خه‌وی‌ لێ ناكه‌وێت، ئاگرێك له‌سه‌ر سینه‌ی‌ كڵپه‌ ده‌سه‌نێ و… كه‌سێك نییه‌… تۆ ببه‌ ئه‌و كه‌سه‌، ببه‌ به‌ پیاوی‌ خه‌ونه‌كانی‌. ئه‌ویش… راسته‌ ئه‌ویش… به‌ڵام… به‌ڵام چی‌؟ چۆن چی‌! ئه‌و كچی‌ نه‌وزادی‌ بازرگانه‌، عومده‌یه‌، هه‌موو شتێكیان هه‌یه‌، به‌س ته‌یاره‌خانه‌ و كه‌شتییان نییه‌، هه‌موو شتێكیان هه‌یه‌، ئا ئه‌م زه‌وییه‌ی‌ بنی‌ پێم، ئه‌م زانكۆیه‌ش كاتی‌ خۆی‌ زه‌وی‌ و.. واز له‌ زه‌وی‌ و زار بهێنه‌، ئه‌وه‌ هه‌مووی‌ پاره‌ی‌ جووتانه‌ و ئاڵفانه‌یه‌، ئه‌ویش وه‌كی‌ تۆ بنیاده‌مێكه‌ به‌ رووت و قووتی‌ هاتوه‌ته‌ دنیاوه‌، ئه‌و ئێستا موڵكی تۆیه‌، تۆ ده‌بێ.. من ده‌بێ چی بكه‌م؟ تۆش سه‌یری‌ نایبینی به‌فیزه‌وه‌ پێ له‌سه‌ر زه‌وی‌ داده‌نێ، هه‌ر به‌شان ده‌ڕوات، ئێ بابه‌ ئیتر چۆن بوێرم.. منێك رووت و قووت، چوار ساڵه‌ به‌ قه‌مسه‌ڵه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ هیوای‌ برامه‌وه‌ زستان به‌ڕێ ده‌كه‌م، ئه‌ویش هه‌ر رۆژه‌ و جلێك، هه‌ر رۆژه‌ ئۆتۆمبیلێك… ئه‌وه‌نده‌ی‌ من بزانم وه‌ك ئه‌نیس لده‌وله‌ تاوه‌كو ئێستا چوارده‌ كوڕی‌ قۆز هه‌ر له‌ كوڕی‌ عومده‌وه‌ تا كوڕه‌ هه‌ژاری‌ داوه‌ته‌ ژێر پێوه‌، منیش نامه‌وێت هه‌روا به‌ ئاسانی‌ قسه‌یه‌ك بكه‌م و بكه‌ومه‌ بنی‌ پاپوجه‌كانییه‌وه‌، نامه‌وێت نووكی‌ تیژی‌ پاژنه‌ی‌ پاپوجه‌كانی‌ له‌دڵم بچه‌قێ. جا تۆ بۆی‌ مردووی‌، ئه‌وه‌ حاڵه‌… ناوێری‌ زار هه‌ڵبهێنی. ئاخر ناوێرم ده‌زانم.. باش ده‌زانم ئه‌نجامه‌كه‌ی‌. نه‌خێر وانییه‌، كێ چوزانێ، به‌م رۆژی‌ رووناكه‌ كوێرانه‌ تفه‌نگ مه‌نێ به‌ تاریكه‌شه‌وه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ یه‌كسه‌ر بڵێ… نه‌خێر دڵنیام یه‌كسه‌ر ناڵێ… ده‌وه‌ره‌، من زوڕنا بۆ كێ لێده‌ده‌م؟ ئه‌ی‌ كه‌وایه‌ بۆ وه‌كو مانگا دانیشتووی‌؟ هه‌سته‌ ملت بشكێنه‌ و بڕۆره‌وه‌ بۆ كاولبووه‌كه‌ی‌ خۆت، له‌ سبه‌ینێوه‌ بڕۆ به‌رده‌م دووكانی‌ حاجی‌ عه‌لی‌ ئاردفرۆش و له‌ جێگاكه‌ی‌ باوكت ده‌ست بكه‌ به‌ حه‌ماڵی‌، باوكیشت گوناهه‌، با پشوویه‌ك بدات. نه‌خێر ناڕۆم، جارێ بابزانم ئه‌و به‌ ته‌مای‌ چییه‌، كه‌ی‌ ئه‌و رۆیشته‌وه‌ منیش … بۆ ته‌كسیت پێیه‌، كوڕه‌ داڕزێی هه‌سته‌، هه‌سته‌ ده‌ی‌ قسه‌یه‌كه‌ بیكه‌ و بڕایه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ سه‌رسارد مه‌به‌، ده‌ڵێ نه‌خێر، با بڵێ، جارێكی‌ دیكه‌ و جارێكی‌ دیكه‌… ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێ بڵێره‌وه‌ تا مێشكی‌ ده‌خۆی‌، به‌و شێوه‌یه‌ شل ده‌بێ و ئیتر دوایی چاری‌ ناچاره‌ دێته‌ ژێر بار. نه‌خێر ئه‌وه‌ كه‌ی‌ حاڵه‌ خۆم سووك و ریسوا بكه‌م ئه‌مه‌ چییه‌… ده‌ی‌ ئه‌وه‌ش حاڵ نییه‌، خۆر دایڕزاندی‌، دڕدۆنگی‌ خه‌ریكه‌ گیانت ده‌كێشێ، سه‌رانسه‌ر ئه‌م زانكۆ گه‌وره‌یه‌… بووی‌ به‌ مه‌زاقه‌ی‌ خه‌ڵكی. قه‌یناكه‌، ئه‌وه‌ كێشه‌ نییه‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ په‌له‌ نه‌كه‌م، له‌سه‌رخۆ بۆی‌ ده‌چم، ده‌بێ زۆر زیره‌كانه‌ بۆی‌ بچم و دیلبازانه‌ بیخه‌مه‌ داوه‌كه‌وه‌. كام داو!؟ نه‌گبه‌ت تۆ ئاگات له‌ حاڵی خۆته‌، وه‌ك سه‌گ ده‌له‌رزی‌، چوار جارانه‌ ئاخێزێك ده‌كه‌یت و ناوێری بچیته‌ به‌رده‌می و… باشه‌ بۆ زیڕه‌ت كردووه‌. ئێ چاوه‌كانی‌… جوان جوان دیاره‌. به‌و دوو چاوه‌ كاڵه‌وه‌ بانگت ده‌كات و تۆ ناوێری‌، زات ناكه‌یت. ئاخر تۆ وه‌كو من نازانی ئه‌وه‌ مه‌رجانه‌ی‌ جادووه‌، ئه‌و چاوانه‌ هه‌زار فه‌ند و فێڵیان تێدایه‌، به‌ چاوێك بانگم ده‌كات و به‌ چاوێك هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات. دڵ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ نییه‌، فێڵی نییه‌، دڵ كه‌ تاوتێی گرت و كه‌وته‌ جۆش ده‌سووتێ و چاو له‌ رێیه‌ كه‌سێك بێت و.. ئاخر ئایه‌ من ئه‌و كه‌سه‌م؟ ئه‌مه‌ جه‌وهه‌ری‌ بابه‌ته‌كه‌یه‌. كوڕه‌ عه‌مرت نه‌مێنێ و داوه‌شێی جه‌وهه‌ری‌ بابه‌ته‌كه‌ هاهاها. لێت بووه‌ به‌ فه‌لسه‌فه‌، هه‌سته‌ ریسوا هه‌سته‌، ئه‌و به‌سته‌زمانه‌ خۆ نایه‌ت به‌ده‌می‌ خۆی‌ بڵێ… راسته‌ خۆی‌ نایه‌ت و… ده‌بێ من… منیش ئه‌وه‌ ده‌زانم، له‌ قورئانیشدا هاتووه‌ له‌ تۆ حه‌ره‌كه‌ت و له‌ من به‌ره‌كه‌ت. نه‌خێر وانییه‌ له‌ خۆته‌وه‌ به‌ ناوی‌ خواوه‌ گوو مه‌خۆ، حاشا ئه‌گه‌ر له‌ قورئاندا قسه‌ی‌ واكرابێ. ده‌ی‌ باشه‌ ئیتر تۆ له‌ به‌زمی‌ خۆت ناكه‌ویت، من چوزانم بیستوومه‌ و… ئه‌وه‌ هاته‌وه‌، به‌ره‌و ئێره‌وه‌ دێت، ئه‌وه‌؟ نا ئه‌و نییه‌. كوێربی باشه‌، وا زه‌ینت شێواوه‌ نایناسیته‌وه‌. ئای‌ خه‌جاڵه‌ت خۆم، ئه‌و دڵ و رۆحه‌ی‌ خۆم ناناسمه‌وه‌. ئه‌و شۆخه‌ په‌ریزاده‌یه‌ ناناسمه‌وه‌! وای‌ وای‌ ده‌ڵێی سوه‌یلی‌ سه‌ردار خه‌لیله‌، ئای‌ له‌و باڵایه‌، له‌و سمت و ساتانه‌ی‌… وای‌ له‌ مه‌كره‌گێلاخه‌ی‌ به‌ قوربانی‌ مه‌كر و نازت بم، بڕوانه‌ چیم لێ به‌سه‌رهاتووه‌!؟ خوایه‌… خوا چیت لێ بكات، ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌خۆته‌وه‌ هه‌یه‌، بینایی چاوان له‌ عه‌رشه‌وه‌ داده‌به‌زێ‌ و ده‌چێ ده‌ستی‌ ده‌گرێ و… داوه‌شێی هه‌سته‌ و بچۆ قسه‌ی‌ دڵت بكه‌، چاوه‌ڕێی ئه‌و بێت و… وه‌ڵڵا ئه‌وه‌ بۆ ته‌مه‌رخانیش نه‌لواوه‌. به‌ڵكه‌ ئه‌مه‌ خوایه‌ بۆ من… بعۆكی‌ ریسوا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌ به‌خت بوویتایه‌ كوڕی‌ شه‌ریفی‌ حه‌ماڵ نه‌ده‌بووی. به‌ڵام ئه‌وه‌تانێ تازه‌ به‌ تازه‌ ده‌رگای‌ به‌ختت كراوه‌ته‌وه‌، خه‌ریكی‌ به‌ده‌ستی‌ خۆت به‌خت و بنه‌ت ره‌ش ده‌كه‌یت. خوا به‌ كێی داوه‌ كچی‌ نه‌وزادی‌ بازرگان! كوڕه‌ حه‌زی‌ چی‌ حه‌یوانی‌ كه‌ر، ئاخر ئه‌و هه‌زار فێڵی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ داوه‌ و بۆی‌ ناومه‌ته‌وه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ تێی كه‌وتم قاقا پێم پێ ده‌كه‌نێ، عه‌شاماتم له‌سه‌ر خڕ ده‌كاته‌وه‌. ئێ كه‌وایه‌ تڕۆی‌ بكه‌، وێڵی بكه‌. نه‌خێر شتی‌ واناكه‌م. ئه‌ی‌ چی‌ ده‌كه‌یت؟ تا كه‌ی‌ وه‌ك مانگا له‌سه‌ر ئه‌و ستووڵه‌ ده‌كه‌ویت. تا ئه‌و كاته‌ی‌ نه‌رمی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، تۆ حه‌قت به‌سه‌ر ئه‌وه‌وه‌ نه‌بێ خۆم ده‌زانم چی ده‌كه‌م، جارێ په‌له‌م نییه‌، هه‌ر به‌ چاو نه‌رمی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌، له‌ خشته‌ی‌ ده‌به‌مه‌م، شه‌رت بێ وه‌ها مه‌ستی‌ بكه‌م به‌پێی خۆی‌ هه‌ستێ و بێت پڕ به‌ ئاسمان هاوار بكات و بڵێ… پڕ به‌ ئاسمان هاوار ده‌كات و ده‌ڵێ یه‌ك ته‌نه‌كه‌ گووت خوارد. هه‌ی‌ گه‌مژه‌، خه‌رامانی‌ چینه‌، ناسكه‌نانه‌، شا له‌و جوانییه‌، له‌و باڵایه‌، سێوی‌ روومه‌تی‌، سێوه‌ لاسووره‌كانی‌… شۆخێكی‌ تاقانه‌ به‌ده‌می‌ خۆی‌ دێت و ده‌ڵێ… ئه‌ی‌ بۆ نا له‌ فیلمه‌كه‌ی‌… باسی‌ فیلم بۆ من مه‌كه‌، فیلم هه‌مووی‌ قسه‌ی‌ قۆڕه‌، هه‌ر ئه‌و خاتوونه‌ی‌ له‌و فیلمه‌ سه‌قه‌ته‌دا به‌ دووی‌ كه‌یوان كه‌وت، ماڵیان ئه‌وه‌تانێ له‌ گه‌ڕه‌كی‌ ئێمه‌، كوڕێكی‌ داماو به‌دڵ و به‌گیان خۆشده‌وێت كه‌چی‌ ئه‌و شێتی كردووه‌، چاك ده‌زانم و له‌خۆمه‌وه‌ قسه‌ ناكه‌م، ئه‌و داماوه‌ی‌ زه‌لیل كردووه‌ و حه‌زیشی‌ چووه‌ته‌ سه‌ر پیاوێك دوو ژنی‌ دیكه‌ی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام كابرا وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌وه‌نده‌ی‌ گه‌ڵای‌ دره‌خت پاره‌ی‌ هه‌یه‌. رێك وایه‌ پاره‌ وه‌كو گه‌ڵای‌ دره‌خت وایه‌، پاییزێكی‌ شووم دێت و هه‌ڵیده‌وه‌رێنێ، كه‌ هه‌ژاری‌ هات بۆ خۆشت نازانی چۆن ریسوا ده‌بی و ئه‌و كاغه‌زانه‌ی‌ دنیات پێ كڕیوه‌ هه‌مووی‌ ده‌وه‌رێ‌ و ره‌شه‌بای‌ زه‌مانه‌ هه‌مووی‌ تووڕ ده‌دات و… ئیتر قسه‌ی‌ فیلم یه‌ك تووری‌ قوڕاوی‌ ناهێنێ. وانییه‌، زۆرجار وایه‌… بێده‌نگ به‌، هات خۆت گورج بكه‌ره‌وه‌، فرسه‌تی‌ لێ بێنه‌. ئه‌وه‌تا به‌ره‌و ئێره‌وه‌ دێت، هات ئه‌ڕوه‌ڵڵا هات، ئه‌و چه‌تیوه‌ پیسه‌شی له‌گه‌ڵدا نییه‌، له‌وه‌ ئه‌چێ رۆیشتبێته‌وه‌. تۆ كارت به‌و چه‌تیوه‌ی‌ هاوڕێیه‌وه‌ نه‌بێ، رۆیشتووه‌ته‌وه‌ یان نا، ئه‌وه‌ كێشه‌ نییه‌، فرسه‌تی لێ بێنه‌ و… ئه‌وه‌تانێ له‌به‌رانبه‌رت دانیشتووه‌، به‌ ته‌نیایه‌، هه‌ر خۆیه‌تی‌، له‌وانه‌یه‌… له‌وانه‌ و مه‌وانه‌ نییه‌ هه‌ر رێك له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ ته‌نیا هاتووه‌ و به‌رانبه‌رت دانیشتووه‌ تاوه‌كو تۆ غیره‌ت بتگرێ و هه‌ستی‌ بچی… چییه‌ ناشێ به‌ ته‌مابی ئه‌و بێت و… هه‌سته‌ خوێری‌ هه‌سته‌ ده‌ی‌ قسه‌یه‌كه‌ وه‌كو پیاو پێی بڵێ، به‌س وه‌كو دیل نه‌كڕوزێیته‌وه‌، نه‌كه‌ویته‌ ئه‌رجوو و خاك و پا بۆی‌ نه‌نووشتێیته‌وه‌.. پیاوانه‌ و به‌ ویقار قسه‌ی‌ دڵت بكه‌ و… باشه‌ مه‌یكه‌ به‌هه‌را، سه‌رم لێ مه‌شێوێنه‌، ده‌چم، تۆزێكی تر… ترحێو، ده‌گ عه‌مرت نه‌مێنێ باشه‌. بابه‌ ئه‌وه‌ فێڵه‌، به‌ ئه‌نقه‌ست هاتووه‌ تاوكو… كوڕه‌ فێڵی چی‌ داماوه‌ شێت بوو به‌ ده‌سته‌وه‌، ده‌ هه‌سته‌ قسه‌یه‌كه‌ و… ته‌واو وه‌ڕس بووم، من خۆم كه‌ر كردووه‌، به‌ دیار كێوه‌ دانیشتووم، قسه‌ بۆ كێ ده‌كه‌م. باشه‌ تۆ ئه‌زانی چی‌، یه‌ك تۆز… با ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ كچ و كوڕه‌ ئه‌ها به‌ره‌و ئێره‌وه‌ دێن، با ئه‌وانه‌ بڕۆن، نه‌كا قسه‌یه‌ك بكات و هه‌ر نه‌بێ… ئه‌وانه‌ دوورن، تا ئه‌وان دێن تۆ پێی ده‌ڵێیت و وه‌ڵامه‌كه‌ش وه‌رده‌گری‌. ده‌ی‌ سوور سوور ده‌زانم وه‌ڵامه‌كه‌… ئیتر بۆ بچم. قه‌یچێكا كێ به‌وه‌ مردووه‌؟ ئێ ده‌هه‌سته‌ دڵم ته‌قی. گه‌ماڵ باوك، پانبوویته‌ته‌وه‌، تۆزێكی‌ تر ده‌بێ به‌چۆڵی‌ قوڵفه‌ و كه‌سی تێدا نامێنێ، هه‌مووی‌ ده‌ڕواته‌وه‌، ته‌نیا پاسه‌وانه‌كه‌ ده‌مێنێ… ده‌گ داڕزێی، گه‌رووت پڕ بێ له‌ گوو باشه‌، قسه‌یه‌كه‌… حه‌ك له‌و غیره‌ته‌ به‌ تۆوه‌یه‌، ئه‌وه‌ رۆیشت، هه‌سته‌ دوای‌ كه‌وه‌، به‌ڵكه‌ ئه‌مه‌ خوایه‌… تڕحێو تۆ… من چی‌؟ من بڵێم چی؟ كوا؟ چی لێهات؟ بۆ كوێ چوو؟ ون بوو. خۆ ئێستا له‌وبه‌ره‌وه‌.. ئه‌ستێره‌ی‌ كاروانكوژه‌، كۆتره‌ شینكه‌ دای‌ له‌ شه‌قه‌ی‌ باڵ. ئه‌ی‌ بۆ گوێم له‌ شه‌قه‌ی‌ باڵی نه‌بوو؟ ئه‌وه‌ نییه‌، نه‌خێر ئه‌وه‌ شه‌قه‌ی‌ دڵه‌، دڵ بوو به‌… ئه‌و دڵه‌ با ببێ به‌ كه‌باب، له‌ت و كوت بێ… ته‌واو به‌ڕێی خۆیه‌وه‌ رۆیشت و… به‌ڵێ رۆیشت، باشتر. به‌ڵێ منیش ده‌ڵێم باشتر ئه‌وه‌ خواردنی‌ تۆ نییه‌ كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی‌ شه‌ریفی‌ سواڵكه‌ر بڕۆ تڕكه‌ن، تۆ چوزانی… كه‌باب و قوبڵی‌ خواردنی‌ تۆ نییه‌. نه‌خێر من و… ئه‌وه‌تانێ هاته‌وه‌، ده‌ركه‌وته‌وه‌، ئه‌ستێره‌ی‌ سیویل ده‌ركه‌وته‌وه‌. ئه‌وه‌ چییه‌؟! چی رووئه‌د؟! ئۆتۆمبیلێكی‌ ره‌شی‌ قه‌ترانی‌ نه‌خێر ره‌ش نییه‌، سه‌وزی‌ قه‌زوانییه‌ واهات و سه‌ناری برد، تیرێكی‌ له‌سه‌ر ئه‌م دڵه‌م چه‌قاند و رۆیشت. به‌ڵێ بردی‌، كرایه‌ باخه‌ڵی و رۆیشت، تۆش هه‌ر بۆ ئه‌وه‌باشی‌ ئه‌و دڵه‌ت له‌ت له‌ت بكه‌ن، بیكه‌ن به‌ كه‌باب هه‌ی‌ زیڕه‌كردو، بڕۆ بمره‌ و… ده‌مرم و هه‌ناسه‌ ده‌ده‌م، تا قیامه‌ت تیری‌ سه‌نار وه‌ك رمی‌ رۆم له‌ سه‌ر دڵم چه‌قیوه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چیرۆكی عیراقی داڕوخاو

مه‌حمود نه‌جمه‌دین له‌نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی عیراقی دوای پرۆسه‌ی ئازادی و سه‌ره‌تای ...