سەرەکی » ئابووری » بەرهەمی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی لە كوردستان زیادی کردووە

بەرهەمی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی لە كوردستان زیادی کردووە

یەکەی ئابووری

كەرتی كشتوكاڵی هەرێم لەماوەی ئەمساڵدا بەهۆی بارانێكی زۆر و هەندێك هۆكاری وەك گەڕانەوەی خەڵك بۆ كاری كشتوكاڵ‌و هاتنی كۆمپانیاكان بۆ ناو ئەو كەرتە، تا رادەیەك بوژانەوەی بینیوە.
هاوكات لەگەڵ بووژانەوەی سێكتەری ئابووریی كوردستان پاش تێپەڕاندنی قەیرانەكانی چەند ساڵی رابردوو، ئەم كەرتە داتوانێ بگات بە ئاستێك كە هەندێك لە بەرهەمەكانی كشتوكاڵ‌و ئاژەڵداری پێداویستی ناوخۆیی پڕ بكاتەوە. هەروەها، چارەسەركردنی كێشەی پارەی گەنمی جووتیارانیش لە یاسای بودجەی فیدراڵی ئەمساڵدا تۆماركراوە.
لەگەڵ ئەمەشدا، هێشتا هەندێ ئاستەنگ لەبەردەم كەرتی كشتوكاڵ ماون، كە گرنگترینیان كەمیی بودجەو تەرخانكردنی زەوی كشتوكاڵی بۆ مەبەستەكانی دیكەو بەردەوامبوون لە هاوردەكردنی بەروبوومی بیانی لە كاتی گەیشتنی بەروبوومی هاوشێوەی ناوخۆییە.

زیادكردنی رووبەری چێنراو بە برنج
غازی فایەق بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە وەكالەت، بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG)ی راگەیاندوە، بەرهەمی گەنم‌و جۆ لە ماوەی ئەمساڵدا بەهۆی بارانی زۆرەوە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بە شێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوەو دەبێتە هاندەرێك بۆ زیادكردنی رووبەری چاندراو بە برنج.
وتیشی: «بەهۆی قەیرانی داراییەوە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان روویان كردۆتە كەرتی كشتوكاڵی‌و لەگەڵ بوونی چەندین كۆمپانیای تایبەت بە كشتوكاڵ، هۆكاری سەرەكین بۆ زیادبوونی بەرهەمی كشتوكاڵی‌و ئاژەڵداری».

پێداویستیی بازاڕی ناوخۆیی پڕ دەكاتەوە
غازی فایەق كە هاوكات بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان‌و بەدواداچوونی وەزارەتی كشتوكاڵە، دەربارەی تەمویلكردنی پڕۆژەكانی كشتوكاڵ ئاماژەی بەوەدا، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێشخستن‌و بەردەوامبوونی پڕۆژەكانی كەرتی كشتوكاڵ بڕی زیاتر لە 30 ملیارو 520 ملیۆن دیناری بۆ ساڵی 2018 بۆ پڕۆژەكانی پاڵپشتی كشتوكاڵی تەرخانكرد.
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان‌و بەدواداچوون، لەبارەی زۆربوونی بەرهەمی كشتوكاڵ لەساڵی 2019 وتی: «بەرهەمی گەنم لە ماوەی ئەمساڵدا پێداویستیی بازاڕی ناوخۆیی پڕ دەكاتەوەو یەكێك لەو بەرهەمە سەرەكییانەیە كە دەتوانرێت هەناردە بكرێت‌و لە سەوزاییەكانیش تەماتە، خەیارو پەتاتە بەتایبەتی لە وەرزی بەهەمهێناندا پێداویستی ناوخۆ پڕ دەكەنەوەو بڕە زیادەكەشی دەتوانرێت هەناردە بكرێت. لە مێوەكانیش هەنار و ترێ‌و لەئاژەڵداریش هەنگوێن، هێلكەو پەلەوەر پێداویستی ناوخۆیی پڕ دەكەنەوە».

90 خولی راهێنان بۆ 369 فەرمانبەر
وەزارەتی كشتوكاڵ لەپلانی ستراتیژیی خۆیدا گرنگییەكی تایبەتی بە توێژینەوەو رێنمایی جووتیاران بۆ بەكارهێنانی شێوازی نوێ وەك بەكارهێنانی بنەتۆی نوێ دراوە.
بەڕێوەبەری گشتی دیوان بەوەكالەت سەبارەت بەم پرسە وتی: «پەیڕەوكردنی ئامێری كشتوكاڵی بۆ كێڵان‌و دروێنە، هاندانی جووتیاران بۆ شیكردنەوەی خاكەكەیان بەمەبەستی رێكخستنی كرداری پەینكردن بۆ ئەوەی كەمترین بڕ لە پەین بەكاربێت بۆ كەمكردنەوەی زیانە تەندروستی‌و ژینگەیەكان، گرنگیدان بە بەكارهێنانی پەینی ئۆرگانی، بەكارهێنانی شێوازی نوێی ئاودان‌و دروستكردنی خانووی پلاستیكی‌و ساردخانە‌و بەبازاڕكردن، قەڵاچۆكردنی نەخۆشی‌و دەردەكان لە تەواوی قۆناغەكانی بەرهەمهێنان، گرنگیدان بە پڕۆژەكانی سامانی ئاژەڵ‌و ئەنجامدانی هەڵمەتەكانی كوتان‌و قەڵاچۆكردنی نەخۆشی ئاژەڵی بەشێكن لە پلانی ستراتیژیی وەزارەتی كشتوكاڵ.
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان‌و بەدواداچوونی وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری جووتیاران‌و ئاستی یارمەتیدانیان ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاو لەساڵانی (2014 – 2017) توانیویەتی 90 خولی راهێنان بۆ 369 فەرمانبەری وەزارەت لە وڵاتانی دەرەوە لەوانە: توركیا، لوبنان، ژاپۆن، ئەمریكا، مەغریب، میسر، فەرەنسا‌و ئوردن بكاتەوە.

باج بەسەر بەروبوومی هاوردە
وەزارەتی كشتوكاڵ بەپێی یاسای پاراستن‌و پێشخستنی بەرهەمی خۆماڵی ژمارە چواری ساڵی 2008 بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و مافی بەكاربەر لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ باج بەسەر بەروبومی هاوردە دادەنێت.
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان بەدواداچوون وتی: «لەكاتی جێبەجێكردنی سەپاندنی باج بە بەردەوامی چاودێری نرخ‌و بڕ و جۆری بەرهەم دەكرێت بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەنێوان پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و نرخی بازاڕ هەبێت، بە شێوەیەك كە جووتیار و بەكاربەر بتوانن سوود لە جێبەجێكردنی یاساكە وەربگرن».

هەڵبژاردنی جووتیاری نموونەیی
وەزارەتی كشتوكاڵ ساڵانە جووتیاری نمونەیی لەناو ئەو جووتیارانە هەڵدەبژێرێت كە رۆلێكی سەرەكیان لە زیادكردنی بەرهەمی رووەكی یان ئاژەڵی هەبووە.
وەزارەتی كشتوكاڵ هەروەها هانی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان دەدات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ بەتایبەتی لە پڕۆژەكانی پیشەسازیی خۆراك و بەخێوكردنی مانگاو شیرداری و پڕۆژەكانی خانووی پلاستیكی و دروستكردنی بەنداو بكەن.
بەڕێوەبەری گشتی دیوان بە وەكالەت بە ئاماژەپێدان بەو بوارانەی سەرەوە وتی: «وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ ئەم مەبەستە پلانی دروستكردنی 13 بەنداوی ستراتیژی ئامادەكردووە بۆ ئەوەی كە لەلایەن وەبەرهێنەران دروست بكرێن، وێرای پڕۆژەكانی ساردخانە و سەربڕخانەكانی پەلەوەر و ئاژەڵ و چەندین پڕۆژەی دیكەی جۆراو جۆری وەبەرهێنان».

رێژەی باران بارین
فازل ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو 585,2 ملم بارانی زیاتر باریوە.
زۆرترین تێكرای دابارین لە مێرگەسور لە پارێزگای هەولێر بە رێژەی 2307,9 ملم تۆمار كراوە، لە دوای ئەویش لە دینارتە لە پارێزگای دهوك 2104 ملم باریوە.
لەسەر ئاستی شارە گەورەكانی هەرێم، زۆرترین دابارین لە ماوەی ئەمساڵ بە رێژەی 1312,6 ملم لە سلێمانیە تۆمار كراوە و دوای ئەویش لە دهۆك 1199,3 و لە هەولێریش بە 894,3 باریوە.
لەكاتێكدا لە ساڵی 2018 لە سلێمانی 836,6 ملم باران باریوەو لە دهۆك 518,7 ملم و لە هەولێر 435,1 ملم باریوە.
لە ساڵی (2018 – 2019) نزیكەی 140 روژ باران باریوە، لە كاتێكدا لە ساڵی (2017 – 2018) تەنیا 60 رۆژ باران باریوە.
زیادبوونی رێژەی باران لە ماوەی ئەمساڵدا راستەوخۆ كاریگەری بۆ سەر زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی، ئاوی سەر زەوی و بەنداوەكان هەبووە، بەهۆیەوە بواری كشتوكاڵ لە وەرزی هاوین فراوانتر دەبێت. زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی و تەقینەوەی كانیاوەكان دەرفەتێك بۆ جووتیاران دەرەخسێنێ بۆ چاندنی بەروبوومەكانیان.

پڕۆژەی 13 بەنداوی دیكەی‌ گەورە ئامادەن
بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی‌و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پێشبینی دابارین لە ساڵانی داهاتوو وتی: «بەگوێرەی داتاكانی كەشناسی هەر 30 ساڵ جارێك خولێكی ئاو و هەوا روودەدات كە تیایدا باران بارین ریژەی پێوانەیی تۆمار دەكات، بۆیە پێشبینی دەكرێت لەساڵانی داهاتوودا بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی».
بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی كشتوكاڵیش رایگەیاند، ئەمساڵ هەرسێ بەنداوی دوكان، دهۆك و دەربەندیخان پڕ ئاو بوون كە ماوەیەكی زۆر بوو ئەم بەنداوانە پڕ نەبوون.
پێنج رووباری سەرەكی لە ناو هەرێمی كوردستان هەن كە بریتین لە (خاپوور، زێی گەورە، زێی بچووك، سیروان و ئاوە سپی).
غازی فایەق سەبارەت بە توانای گڵدانەوەی ئاو لە بەنداوەكانی مامناوەندی و بچووك لە هەرێمی كوردستان وتی: «وێڕای تەواوبوونی 13 بەنداوی دیكەی بچووك و مامناوەندی بە توانای گلدانەوەی 49,9 ملیۆن مەتر سێجا ئاو و بوونی 17 بەنداوی تر كە لەژێر جێبەجێكردندان كە تێكڕای توانای گڵدانەوەی ئاویان دەگاتە 274,5 ملیۆن مەتر سێجا. هەموو ئەم (30) بەنداوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بودجەی بۆ تەرخانكراوە.
هەروەها پڕۆژەی 13 بەنداوی دیكەی‌ گەورە ئامادەن بۆ وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەی وەبەرهێنان یا قەرزی درێژخایەن یان بەشێوازی هاوبەشیی كەرتی گشتی ‌و تایبەت جێبەجێی بكەن.

سەرچاوە: ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

زیاتر لە ملیارێك دینار بۆ كەسوكاری شەهیدانی سلێمانی خەرجكراوە

ئا: سامان فەریق لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019دا نزیكەی ...