سەرەکی » مانشێت » سەرۆکی حکومەت: هاووڵاتی میحوەری سەرەكی دەبێت ‌و ئامانجمان خزمەتكردنیانە بەبێ جیاوازیپەڕە 17

پەرلەمان متمانەی بەخشییە كابینەی نۆیەم

سەرۆکی حکومەت: هاووڵاتی میحوەری سەرەكی دەبێت ‌و ئامانجمان خزمەتكردنیانە بەبێ جیاوازی

دوێنێ 10/7، پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ متمانەی بەخشییە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەدانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستاندا، پاش متمانەدان بەسەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و خوێندنەوەی ناوی وەزیرەكان لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و متمانەدان پێیان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، سەرۆك‌و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزیرەكانی كابینەی وەزاریی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، سوێندی یاساییان خوارد. پاشان مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وتارێكی پێشكەشكرد.
مەسرور بارزانی، لەوتارەكەیدا، هێڵە گشتییەكانی كاركردنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو و رایگەیاند: خۆم بەخۆشحاڵ‌و بەختەوەر دەزانم كە لەگەڵ هاوكارانم لەبەردەم ئەم پەرلەمانە بەڕێزە، كە دەستكەوتی خەبات‌و قوربانیدانی گەلەكەمانە، متمانەمان پێبەخشراو سوێندی یاساییمان خواردو وتیشی: سوپاسی متمانەتان دەكەم بە خۆم و جێگری سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكانی هاوكارم، كە بێگومان بەهەموو توانایەكمان هەوڵدەدەین لەئاست ئەم متمانەیەدابین، كە پلان‌و ئامانجەكانمان بۆ خزمەتی هاووڵاتیان لەچوارچێوەی بەرنامەیەكی كار رێكخستووە، كە نەخشەڕێگای سەرەكی‌و گشتیمان دەبێت لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمداو هیوادارین ئەو بەڵێن‌و دروشمانەی وەك حزب‌و لایەنەكان لەكاتی بانگەشەدا بەهاووڵاتیانی خۆمانمان داوە، لەم كابینەیەدا بكرێنە كردارو جێبەجێبكرێن، وەك ئەم كابینەیەش ئەركی خزمەتی هاووڵاتیان لەپێش هەموو كارو ئەركەكانی دیكەی، دادەنێت‌و خۆی بەخزمەتكاری هاونیشتمانیان دەزانێت، بۆیە لای ئێمە هاووڵاتی میحوەری سەرەكی دەبێت‌و ئامانجی گەورەمان خزمەتكردنیانە بەبێ جیاوازی.
لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، ئاماژەی بەوەشكرد كە چاوەڕوانیی زۆر لەم كابینەیە دەكرێت، هەوڵدەدەین لەئاست ئەم چاوەڕوانییەدا بین‌و هیواداریشم هاووڵاتیان واقعبین بن‌و كۆسپ‌و كێشەو گرفتە كەڵەكەبووەكان بەرچاوبگرن، چونكە تێپەڕاندنی كۆسپ‌و تەگەرەكان بەشەوو رۆژێك ناكرێت‌و دەبێت هەموومان پشتیوان‌و هاوكاری یەكتر بین. وتیشی: دەمانەوێت لەسەرەتاوە لەگەڵ هاووڵاتیان راستگۆو شەفاف بین‌و واقعی دۆخەكە لەبەرچاوبگرین، بەڵێنی ئەوەش دەدەین ئەوەی لەتواناماندا بێت درێغی ناكەین‌و لەپێناوی چارەسەری بنەڕەتیی گرفتەكان‌و خزمەتی گەل‌و وڵاتمان، هەموو هەوڵ‌و توانایەكمان دەخەینەگەڕو روبەڕوی ئاستەنگ‌و بەربەستەكانی بەردەم خزمەتكردن بەهاووڵاتیان دەبینەوە، كە بەپێی هەموو راپرسییەكان، خواستی هاووڵاتیان روبەڕوبونەوەی گەندەڵییە، بۆیە خواستی یەكەممان لەم كابینەیەدا روبەڕوبونەوەی گەندەڵی‌و ئەنجامدانی چاكسازییە‌و بۆ لەمەودواش بەهیچ جۆرێك بەرامبەر بەگەندەڵكاران‌و سەرپێچیكاران نەرمیی نانوێنین‌و دەبێت خواستی هاووڵاتیان بەجێبگەیەنرێت.
لەدرێژەی قسەكانیدا، سەرۆكی حكومەت، باسی لەوەشكرد كە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم‌و تەواوی وەزیرەكانی، ئەوەی لەسەریانە جێبەجێكردنی ئەجێنداو بەرنامەی حكومەتە، وەزیرە بەڕێزەكان سەر بەهەر لایەنێك بن، پێویستە بزانن وەزارەتەكانیان موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانە، بۆیە نابێ بەرژەوەندییە تایبەتی‌و حزبییەكان باڵ بەسەر هیچ وەزارەت یان دامودەزگایەكی حكومیدا بكێشێت، لەبەرئەوەی ئەم حكومەتە كارو چالاكی‌و خزمەتگوزارییەكانی لەهەر بستێكی كوردستاندا دەبێت‌و حكومەتی هەمووانە.
هەروەها، ئاماژەی بەبەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا كردو وتی: عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەكردەوە نیازپاكیی خۆی بۆ چارەسەری كێشەكان پیشانداوە، كە جێگەی پێزانینە، بۆیە دەبێت هەردوولامان سوود لەو كەشە ئیجابییە وەرگرین‌و بەپێی دەستوور هەنگاوبنێین بۆ چارەسەری گشت كێشە هەڵواسراوەكان، لەوڕووەشەوەو بۆ دەرخستنی نیازپاكیمان لەماوەیەكی نزیكدا دوای جێگیربوونی كابینەی نوێ، سەردانی بەغدا دەكەین‌و هاوكارو هاوهەڵوێستی ئەو هێزانە دەبین، كە خوازیاری سەقامگیری‌و پێشكەوتنی عیراق‌و هەرێمی كوردستانن. هەروەك داوای هاوكاری‌و پشتگیری لەهاووڵاتیان كرد، تابتوانرێت بەرنامەی كاری حكومەت بۆ خزمەتی گەل‌و نیشتمان جێبەجێبكرێت، تا گەیشتن بەو قۆناغەی كە ئاواتی شەهیدانمان‌و هەموو تێكۆشەران‌و پێشمەرگە قارەمانەكان‌و هاووڵاتیانی خۆڕاگری كوردستانە.
لەكۆتایی وتارەكەیدا، سەرۆکی حکومەت، هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی خستەڕوو و رایگەیاند: ئەم بەرنامەیە لەسەر بنەمای رێككەوتنە سیاسییەكان‌و پوختەی بەرنامەی گشت لایەنە بەشداربووەكانی ناو كابینەی نۆیەم رێكخراوەو بۆچوون‌و پلانی تێكڕای بەشداربووانی ئەم كابینەیە لەخۆدەگرێت، كە جێبەجێكردنی ئەم بەرنامەیە بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشی سەرجەم لایەنە بەشداربووەكانی ناو ئەم كابینەیە دەبێت.
هەروەها هێڵە گشتییەكانی کابینەی نوێ بەسەر چەند بابەتێكدا پۆلێن كراون، كە گرنگترینیان: «ئاستی چاكسازیی. ئاستی خزمەتگوزاری. ئاستی پەیوەندیی نێوان حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی عیراق. ئازادی‌و دیموكراسی‌و پێكەوەژیان. پەیوەندییەكانی هەرێم لەسەر ئاستی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی. ئاستی ئابووری‌و دارایی لەگەڵ ئاستی كارگێڕی».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمڕۆ وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

״گفتوگۆ لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر ...