سەرەکی » دۆسێ » رادەستكردنی سیستمی (S 400)ی بۆ توركیا دەستپێكرد

ئەمریكای نیگەران كردووە

رادەستكردنی سیستمی (S 400)ی بۆ توركیا دەستپێكرد

روسیا دەست بە رادەستكردنی سیستمی بەرگری (ئێس 400) دەكات بە توركیا و لەو بارەیەوە، میدیاكانی هەردوو وڵات بڵاویانكردەوە، مۆسكۆ رەوانەكردنی سیستمە بەرگرییەكەی بۆ توركیا دەستپێكرد.
بەپێی كەناڵی (خەبەر تورك)، چاوەڕوان دەكرێت یەكەم وەجبەی سیستمی موشەكی (ئێس 400)ی روسی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، هاوكات میدیاكانی روسیاش جەختییان لەسەر راستی هەواڵەكە كردبووەوە و رایانگەیاندبوو، گواستنەوەی وەجبەی یەكەمی سیستمی موشەكی (ئێس 400) بۆ توركیا دەستیپێكردووە و وەجبەی تریش ڕادەستی ئەنقەرە دەكرێت.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوەدێت كە ئەمریكا چەندان جار هۆشداری توندی دابووە حكومەتی توركیا و داوای لێكردبوو، دەستبەرداری كڕینی ئەو سیستمە روسییە ببێت، بەو پێیەی ئەو سیستمەكە زیان بە سیستمەكانی بەرگری ئاسمانی هاوپەیمانی ئەتڵەسی (ناتۆ) دەگەیەنێت كە توركیا یەكێكە لە ئەندامەكانی هاوپەیمانییەكە.
لە 22ی حوزەیرانی 2019، سەرۆكی توركیا ڕایگەیاندبوو، وڵاتەكەی پاشەكشە ناكات لە كڕینی سیستمی موشەكی (ئێس 400)ی روسی و لە مانگی داهاتووەوە دەست بە وەرگرتنی دەكات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی دادو و گەشەپێدانی پەرلەمانی توركیا رایگەیاندبوو، لە مانگی داهاتووەوە دەستدەكەن بە وەرگرتنی سیستمی موشەكی (ئێس 400) و توركیا ناچێتە ژێر گوشارەكان، و پاشەكشە ناكات لە كڕینی سیستمی (ئێس 400).
بە گوتەی ئەردۆغان» پرسی ئێس 400 تەواو پەیوەندی بە مافی سەروەرییەوە هەیە ، هەموو رێڕەوێك بۆ دابینكردنی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەیان دەگرنەبەر».
بەر لەوە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا، رایگەیاندبوو، توركیا تاووتوێی وادەی رادەستكردنی سیستمی (ئێس 400) دەكات لەگەڵ روسیا و پەشیمان نابێتەوە».

ئەمریكا و ناتۆ نیگەرانن
لەبەرانبەردا ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی 2019، پرۆژە یاسایەكی بۆ رێگرتن لە پێدانی فڕۆكەی جۆری (ئێف 35)ی بە توركیا پەسەند كرد.
پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن بەهۆی هەندێك دۆسێوە لەوانە سیاسەتەكانی ئەمریكا لە سوریا و ژمارەیەك سكاڵا لەدژی تورك و ئەمریكاییەكان كە لە هەردوو وڵات دەستگیركرابوون، ساردبوونەوەی بەخۆوەبینی، وێڕای كڕینی سیستمی بەرگی روسی لەلایەن توركیاوە كە هێندەی تر ئەو پەیوەندیەكانی نێوانیانی ئاڵۆزكرد.
یاساكەی ئەمریكا دوایین هەوڵ بوو لەلایەن ئەندامانی كۆنگرێسەوە بۆ گوشارخستنە سەر توركیا كە هاوپەیمانی ئەمریكایە لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)، تا پاشەكشە بكات لە كڕینی سیستمە موشەكییەكەی روسیا.
پلانی كڕینی سیستمی (ئێس 400) ناگونجێت لەگەڵ سیستمی هاپەیمانی باكوری ئەتڵەسی كە بووەتە مایەی نیگەرانی لای ئەندامانی هاوپەیمانێتییەكە.
كریس ڤان هوڵن سیناتۆری دیموكراتی كە پشتیوانی لە پرۆژە یاساكە كردووە، دەڵێت “كڕینی ئەو سیستمە لەلایەن توركیاوە، دەبێتەهۆی ئەوەی روسەكان بەئاسانی هەڵسەنگاندن بۆ تواناكانی (ئێف 35) بكەن و خاڵە لاوازەكانی بقۆزنەوە، ئەمەش مایەی قبوڵ كردن نییە».
پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران و پیران بە تەواوی لەسەر پرۆژە یاساكە رێكبكەون و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئیمزای لەسەر بكات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك توركیا لە میانی سەردانەكەی ئەم دواییەی چین لەگەڵ ژمارەیەك لێپرسراوی باڵای ئەو وڵاتەدا كۆبووەوە و لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە دەركردنی فڕۆكەوانەكانی توركیادا لە بەرنامەی مەشقكردن لەسەر فڕۆكەی (ئێف 35) كردبوو لەلایەن ئەمریكاوە.
سەرۆك توركیا رایگەیاندبوو، دوورخستنەوەی توركیا لەو بەرنامەیە، كارێكی نەشیاوە و ئەنقەرە بە تێچووی ملیارێك و چوارسەد ملیۆن دۆلار فڕۆكەی جەنگی (ئێف 35)ی لە ئەمریكا كڕیوە، بەڵام ڕادەست نەكردنی ئەو فڕۆكانە بە توركیا، وەك ئەوەیە واشنتۆن دزی لە ئەنقەرە كردووە».
بە گوتەی ئەردۆغان»ئەگەر كڕیارێك لە وادەی خۆیدا پارەی خۆی بدات، چۆن دەكرێت بەرهەمەكەی رادەست نەكرێت؟ ئەمە خۆی لە خۆیدا پێیدەگوترێت دزی».
ئەو لێدوانانەی سەرۆكی توركیا لە كاتێكدابوو كە گرێبەستی كڕینی سیستمی بەرگریی موشەكی (ئێس 400)ی روسی لەلایەن توركیاوە، پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ئەنقەرەی ئاڵۆز كرد.
لە مانگی حوزەیرانی رابروو، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن)، مۆڵەتی تا 31ی تەمموزی بۆ توركیا دیاریی كرد، تا واز لە گرێبەستی سیستمی بەرگری (ئێس 400)ی روسی بهێنێت.
ئەم هەڵوێستەی پنتاگۆن لەڕێی چەند لێدوانێكەوە بوو كە لەلایەن ئاژانسی (فرانس پرێس)ەوە ئاماژەی پێكرابوو.
پێشتر سێرگی چیمیزۆڤ، سەرۆكی دامەزراوەی (رۆستیخ)ی حكومی روسی رایگەیاندبوو، پرۆسەی رادەستكردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی روسی (ئێس 400) بە توركیا، لەماوەی دوو مانگدا دەستپێدەكات.
چیمیزۆڤ لە میانی دیمانەیەكی لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (ئێن تی ڤی) و لە پەراوێزی كۆڕبەندی (سان پترسپبۆرگ)ی ئابوری نێودەوڵەتی ڕایگەیاندبوو”هەموو كاروبارەكان بە باشی بەڕێوەدەچن، بۆیە پێموایە لەماوەی دوو مانگدا دەستبكرێت بە رادەستكردنی سیستمی (ئێس 400)، پێشتر وەجبەیەكمان بەرهەمهێنا و ئامرازەكانیشی بەرهەمهێنران، وێڕای تەواوكردنی مەشق و ڕاهێنانەكان».
لەو بارەیەوە بەرپرسانی ئەمریكا رایانگەیاندبوو»ویلایەتە یەكگرتووەكان بڕیاریداوە هیچ فڕۆكەوانێكی تورك وەرنەگرێت بۆ مەشقكردن لەسەر فڕۆكەی جەنگی جۆری (ئێف-35)»، ئەمەش وەك ئاماژەیەكی ڕوون بۆ ئەو ناكۆكیانەی لەسەر پلانەكانی ئەنقەرە هەن سەبارەت بە كڕینی سیستمی موشەكی ئاسمانی روسی.

یەكەم وەجبەی گەیشتە ئەنقەرە
وەزارەتی بەرگری توركیا لە 12ی حوزەیرانی 2019 لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندبوو”یەكەم وەجبەی سیستمی بەرگری (ئێس 400)ی ڕوسی گەیشتە فڕۆكەخانەی سەربازی ئەنقەەرە، وەرگرتنی ئەم وەجبەیەش لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی پێشووتری نێوان توركیا و ڕوسیادا بووە بۆ كڕینی سیستمی بەرگری (ئێس 400)”.
بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگری توركیا”وەجبەكانی تری سیستمی بەرگری موشەكی (ئێس 400)ی ڕوسی لەچەند ڕۆژی داهاتوودا دەگاتە وڵات”.
وەرگرتنی سیستمی بەرگری موشەكی(ئێس 400)ی ڕوسی لەلایەن توركیاوە، هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا كە پێشتر ڕایگەیاندبوو، ئەگەر توركیا سیستمی (ئێس 400)ی ڕوسی بكڕێت، ئەمریكا ڕادەستكردنی فڕۆكەكانی (F 35) بە وڵاتەكە ڕادەگرێت، چونكە بە وتەی بەرپرسانی ئەمریكا، ئەو سیستمە ڕوسییە زیان بە نهێنی تواناكانی هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی (ناتۆ) دەگەیەنێت كە توركیا بۆخۆی یەكێكە لە ئەندامەكانی هاوپەیمانییەكە.
بڕیارە بەسێ بەش سیستمی بەرگری (ئێس 400)ی رووسی بگاتە توركیا و دوای ئەوەی لە 19ی حوزەیراندا یەكەم وەجبەی گەیشتە ئەنقەرە.
سیستمی بەرگری (ئێس 400)ی روسی یەكەم وەجبەی لێ گەیشتە توركیا و بڕیارە بەشی دووەمیش بەهەمان شێوە لەرێگەی فڕۆكەوە بگاتە توركیا، بەڵام بەشی سێیەم لەڕێگەی دەریاوە دەگاتە ئەنقەرە و لە 120 موشەك پێكدێت.
پێشتر لەروسیا 80 سەربازی توركی مەشقی تایبەتیان پێكراوە، بۆئەوەی كار بەسیستمی بەرگری موشەكی (ئێس400) بكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هەناردەی نەوتی ئێران كەمی كردووە

سەرچاوەیەكی كەرتی نەوت رایگەیاندووە، بەهۆی سزا سەپێنراوەكانی ئەمریكاوە رێژەی هەناردەی ...