سەرەکی » دۆسێ » گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

ماوەی 12 ساڵە لە هەموو بوارەکاندا : سیاسی، ئابووری، تەکنەلۆژی ، فەرهەنگی ، کۆمەڵایەتیی. بە بەردەوامی چاودێری رەوشی چین دەکەم. لە ساڵی 2010 شدا کتێبێکم لە ژێرناونیشانی « چین زلهێزی نوێی جیهان « نووسی. ئەوکاتە هێشتا چین چوارەم هێزی ئابووری جیهان بوو، لێ من هەر زوو بۆنی ئەوەم کردبوو کە پاش چەند ساڵێکی تر، ئەم وڵاتە دەبێتە زلهێزێکی ئابووریی گەورەی جیهان، ئەمڕۆ چین دووەم زلهێزی ئابووریی جیهانە.
ساڵی 2015 بۆ یەکەم جار سەردانی ئەم وڵاتە مەزنەم کرد، لە نزیکەوە کۆمەڵێک شتی گرنگم بۆ روونبۆوە، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەبوو، زانیم کە بۆچوونەکانم لەبارەی ئەم وڵاتەوە راست دەرچووە و بەم زووانەش دەبێتە زلهێزێکی گەورەی جیهان و یاریزانێکی گەورەی مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتی.
هیچ کاتێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هێزێکی بەو شێوە خێرام لە پێشکەوتن و گۆڕانکاریدا نەبینیووە، چین وڵاتێکە بە بەردەوامی لە کاروانی پێشکەوتندایە، هەربۆیە دەبێت زوو زوو داتاکانت ئەبدەیت بکەیتەوە، چونکە هەر مانگە و داتاکان دەگۆڕێن، دیارە بەرەو پێشەوە دەڕۆن بە پێچەوانەی لای خۆمانەوە. بە بڕوای من، ئەگەر بتەوێت شارەزای تەواوی چین بیت، دەبێت ساڵانە سەردانی بکەیت، بۆئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو گۆڕانکاریانە بیت کە بەسەر ئەم وڵاتەدا دێت.
ئەمساڵیش دووبارە دەرفەتی گەشتێکم بۆ چین بۆ رەخسا، ئەمەش دەرفەتێکی زۆر باشبوو بۆم، تا لە نزیکەوە ئاگاداری گۆڕانکارییەکانم بم.
هەوڵدەدەم لەم وتارەدا، باسی ئەم گەشتەی دواییم بکەم، کە نزیکەی 22 رۆژی خایاند و یەکێکیشە لە گەشتە درێژەکانی ژیانم بۆ وڵاتێکی بیانی، ئەم ماوە زۆرەش کۆمەڵێک زانیاریی زۆرم دەستکەوت، هەوڵ دەدەم بە کورتی بۆ خوێنەرانی ئازیزی باسبکەم.

وچانێک لە دەوحە
هەر لە دێر زەمانەوە گەشت بۆ چین یەکێک بووە لە گەشتە دوورەکان و سەرکێشەکان، بۆیە زۆرکەم گەشتیاری بیانی سەردانی ئەم وڵاتە دوورەیان کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە سەردانی چین، یەکێک بووە لە قۆناغە گرنگ و پڕ بایەخەکانی گەشتیارە بیانییەکان، هەر لە مارکۆ پۆلۆوە بیگرە تاوەکو ئیبن بەطوطە، هەموویان سەرسامی خۆیان بەم وڵاتە مەزنە دەربڕیووە. راستە ئێستا گەشتکردن بۆ چین لە رێگەی فڕۆکەوە زۆر ئاسان بووە، بەڵام هێشتا هەر دوورە، بۆ گەشتکردن بۆ چین لە کوردستانەوە، دەبێت رۆژێکی بەتەواوەتی بۆ دابنێیت.
من نیوەڕۆی رۆژی 17/6 لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر بەرێکەوتم، پاشان سەعات 9.30 شەو بە کاتی هەولێر سواری فڕۆکە بووم بۆ دۆحە، سەعات 12ی شەو گەیشتمە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دۆحە. پاشان سەعات 1.55 بەیانی سواری فڕۆکەیەکی تر بووم ، بۆ رۆژی 18/6 سەعات 14.55 گەیشتمە پەکینی پایتەتەختی چین.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دۆحە مایەی سەرنج بوو، چونکە فڕۆکەخانەیەکی ئێجگار گەورەبوو، پڕیبوو لە گەشتیار، راستییەکەی سەرم لەوە سووڕما، لە کاتێکدا قەتەر وڵاتێکی بچووکە، ئەم هەموو گەشتیارە بیانییە چی دەکەن لەم فڕۆکەخانەیە؟! پاشان کە گەڕامەوە گەڕام و زانیاریم وەرگرت، ئەم فڕۆکەخانەیە یەکێکە لە فڕۆکەخانە گەورەکانی جیهان، ساڵی پار سەرو 35 ملیۆن گەشتیاری هاتونەتە ئەم فڕۆکەخانەیە و سەرو دوو ملیۆن گەشتی فڕۆکەی تێدا بەڕێوەچووە، واش بڕیارە ساڵی 2020 ژمارەی گەشتیاران لە ساڵێکدا بگاتە 50 ملیۆن. کۆی هەموو خەرجی گشتیی ئەم فڕۆکەخانەیە 10 ملیار دۆلاری تێچووەو لە ساڵی 2014 یەکەم قۆناغی تەواو بووە، ساڵی 2020 تەواوی پرۆژەکە تەواودەبێت.
لە کاتێکدا لە کوردستان و بەملیارەها دۆلار بەهەدەر چووە، بەڵام نەمانتوانیووە فڕۆکەخانەیەکی هاوشێوەی قەتەر دروستبکەین. دیارە فڕۆکەخانە تەنها باڵەخانە و شوێنی نیشتنەوە نییە، بگرە پێویستی بە دروستکردنی پەیوەندیی جیهانی هەیەو دەبێت رێگە خۆشبکەیت بۆ هاتنی سەدان کۆمپانیای فڕۆکەوانی لە جیهاندا. ئێمە لە کوردستاندا دوو فڕۆکەخانەمان هەیە، کاتێک سەردانی وڵاتانی دەرەوە دەکەیت و فڕۆکەخانەی وڵاتان دەبینیت، بەزەییت بەوانەی لای خۆماندا دێتەوە.

رۆژنامەنووسیانی ئەوروپا و ئاسیا میوانیی چین بووین
گەشتەکەی ئەمجارەمان بریتی بوو لە خولێکی تایبەت لەبارەی چینەوە کە لەلایەن سەنتەری بڵاوکراوەی نێودەوڵەتی چینەوە بوو
(Training Cnter of China International Publishing Group . CIPG)
ئەمەش سەنتەرێکی حکومییە لەلایەن حکومەتی چینەوە پشتگیریی دەکرێت، کاری بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤار و بڵاوکردنەوەیە لە بارەی فیکرو فەرهەنگی چینەوە بە زمانە زیندووەکانی جیهان لە پێش هەموویانەوە بە زمانی ئینگلیزی. پاشتر باسی ئەم سەنتەرە دەکەم.
بەشداربووانی خولەکە بریتی بوون لە کۆمەڵێک رۆژنامەنووس و میدیاکار، کە لە وڵاتانی « لوبنان، فەلەستین، عیراق، ئۆزبەکستان، فیلیپین، ئەفغانستان، تورکیا» هاتبوون. خولەکەش لە دوو بەش پێکهاتبوو، بەشی یەکەمیان بریتی بوو لە کۆمەڵێک کۆرس و وانەی تایبەت کە لە لایەن کۆمەڵێک پسپۆری چینەوە دەوترایەوە، تێیدا باسی لایەنی « ئیداری ، حزبی،حکومی، ئابووری ، کۆمەڵایەتی، ئابووریی، تەکنەلۆژی، دیپلۆماتی و میدیایی» چینیان دەکرد.
لەم کۆرسانەشدا بە راستی زانیاری زۆر وردی تێدابوو لەبارەی چینەوە، زیاتر وەکو ناساندنێکی گشتی چین وابوو بۆ بەشداربووانی خوولەکە. لە پاش تەواوبوونی وانەکان، ئینجا سەردانی مەیدانی بۆ کۆمەڵێک دەزگا و مۆزەخانە و کارگە و کۆمپانیای چین دەستی پێکرد، کە لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و میدیایی ئابووری چیندا، رۆڵی خۆیان هەیە.
خوولەکە زیاتر لە پەکینی پایتەخت بوو، بەڵام پاشانیش سەردانی کۆمەڵێک شاری زۆر جوانی چینمان کرد و لە نزیکەوە بەسروشتە دڵڕفێنەکەی چین زیاتر ئاشنا بووم.

ژنێکی عیراقی گەورەترین فڕۆکەخانە بۆ چینییەکان دروست دەکات
فڕۆکەخانەی داشین، کە دووەم فڕۆکەخانەی گەورەی جیهانە، 45 کم لە پەکینی پایتەختەوە دوورە، لە ساڵی 2014 وە دەستکراوە بە دروستکردنی و نزیکەی 700 هەزار مەتر چوارگۆشە رووبەری گشتییەتی، بۆ ئەمساڵ نزیکەی 45 ملیۆن گەشتیار لەم فڕۆکەخانەیەوە گەشتیان کردووە، وابریارە ساڵی 2020 ئەم پرۆژەیە تەواو ببێت و ساڵانە 120 بۆ200 ملیۆن گەشتیار بتوانن گەشتی لێوە بکەن.
بینینی فڕۆکەخانەی پەکین یان داشین، یەکێک بوو لەو شتە نوێیانەی کە لەم گەشتەدا بینیم، چونکە پێشتر فڕۆکەخانەی پەکین بەو جۆرە گەورە نەبوو، کاتێک گەیشتینە ئەم فڕۆکەخانەیە، وام هەست دەکرد، لە ئەستێرەیەکی تردا دەژیم، فڕۆکەخانە ئێجگار گەورە بوو، لە هەمانکاتیشدا هەر زۆر قەرەباڵخ بوو، راستە من پێشتر فڕۆکەخانە گەورەکانی ئەوروپام بینیبوو، بەڵام ئەمەی پەکین شتێکی زۆر تایبەت بوو. خەرجی گشتی ئەم پرۆژەیە 14 ملیار دۆلاری تێچووە، لە ئێستاشدا یەکێکە لەو پرۆژانەی کە چین شانازی پێوە دەکات لە جیهاندا. لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە کە ئەم فڕۆکەخانەیە دیزاینی لە لایەن ژنە ئەندازیاری ناسراوی عیراقی زوها حەدیدییەوە بووە و ئەم شتە نایابەی بۆ چین دروستکردووە، لە کاتێکدا فڕۆکەخانەکانی عیراقیش، خەڵکی بەزەیی پێدا دێتەوە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، بۆچی ئەو ژنە عیراقییە لە چین دەرفەتی هەبووە، شتی وا دروست بکات، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆی نەیبووە؟ ئەمەش زیاتر پەیوەندیی بە حکومڕانی ئەم وڵاتەوە هەیە.

سەردانی پکین یان بیجین
لە فڕۆکەخانە لە لایەن هاورێیانی چینییەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکردین و پاشان راوەستیان تاوەکو تەواوی بەشداربووانی خولەکە بێن و پاشان بە پاسێکی تایبەت بەرەو پکین بەرێکەوتین و بۆ ئێوارە گەیشتینە هۆتێلەکەمان. لە راستیدا، سەردانی پکین تام و جێژێکی تایبەتی هەیە، شارێکی ئێجگار گەورەیە، هەموو شتەکانی گەورە و بەرزن، باڵەخانەکانی لە 10 قات کەمتری نییە، لێرەدا زیاتر مەبەستم شوقەیە، کاتێک ئەو باڵەخانە بەرزانە دەبینیت سەیرم لێدەهات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەو باڵەخانە بەرزانەش نەبن، چۆن دەتوانرێت جێگەی ئەم هەموو حەشاماتە بکرێتەوە؟

پایتەختە دێرینەکە
پکین یان بیجین یەکێکە لە شارە کۆنەکانی چین و ماوەی 600 ساڵە بۆتە پایتەختی چین. شارێک قورساییەکی زۆری مێژوویی سیاسیی و فیکری و ئابووری کۆماری چینی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. کاتێک دەچیتە پکین دوو وێنەی دژ بەیەکت لا دروست دەبێت، لە لایەکەوە شارێکی مێژووویی کە کۆمەڵێک ئاسەواری مێژوووی چینی لە ناخیدا هەڵگرتووە، لە لایەکی ترەوە پکین شارێکی مۆدێرنی گەورەیە.

شاری مۆزەخانەکان
پکین شارێکی مێژووویی کە خاوەنی چەندین کۆشك و تەلاری پادشاو ئیمپراتۆرەکانی چینە، لە هەمان کاتیشدا نزیکەی 100 مۆزەخانەی جیاوازی تێدایە. لەبەرئەوە تەنها بۆ سەردانی مۆزەخانەکانی ئەم شارە پێویستیت بە چەندین رۆژ دەبێت تاوەکو بتوانێت بەخێرایی سەیری هەموویان بکەین.
لە شوێنەوارە گرنگەکانی کۆشکە زۆرەکانی ئیمپراتۆری چین، مۆزەخانەی نیشتمانی، لە هەمووشی گرنگتر مەیدانی تیانەمینە.
تیانەمین وشەیەکی کۆنی چینییە مانای « ئاشتی خودایی» دەگەیەنێت، ئێرە مەیدانە سەرەکییەکەی شارە، تێیدا زۆربەی باڵەخانە گرنگەکانی حکومەتی تێدایە، لە کۆشكی کۆماری، کۆشكی سەرۆکایەتی حکومەت و کۆشكی ئەنجومەنی گەل «پەرلەمان». جگە لەوەش مەیدانەکە بە گوڵ و گوڵزار رازاوەتەوە، بۆتە دڵی شارەکە، لەبەرئەوە گەر سەردانی پکین بکەیت، هەر دەبێت سەردانی مەیدانی تیانەمین بکەیت.

شارە مۆدێرنەکە
لە هەناوی ئەم شارە کۆنەدا، شارێکی نوێی و مۆدێرن لە دایک بووە، کە خاوەنی مۆدێرنترین شێوازی گواستنەوەو گەیاندن و نیشتەجێبوون و رێگاوبانە. راستییەکەی رێگاوبانەکانی ئەم شارە مایەی سەرنجە، زۆربەی شەقامەکانی گەورەو پانن، شەقامی ئاساییان 100 مەتر دەبێت، جگە لەوەش پاکوخاوێنی باڵی بەسەر هەموو کوچە و کۆڵانەکانی ئەم شارە گەورەدایەدا کێشاوە. پکین شارێکی ئێجگار قەرەباڵخە ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە نزیکەی24 ملیۆن کەس.
پکین خاوەنی سیستەمێکی ئاودێریی و رێگاوبان و تەندورستی و فەرهەنگی ئێجگار مۆدێرنە. ماوەی دوو هەفتە لەو شارەدا بووین، تەنها بۆ چرکەیەکیش نە ئاو نە کارەبا نەبڕا، ئەمەش بۆ ئێمەیەکی رۆژهەڵاتی کە گیرۆدەی کێشە‌ی کەم ئاویی و کارەباین، مایەی سەرنج وسەرسامی بوو.
هەروەها خەڵکی شآرەکەش رەوشی ژیانیان باشە، زۆربەی جلوبەرگی جوان و تازەو پاکوتەمیزیان لەبەربوو، زۆر کەم سواڵکەر و هەژارمان دەبینی.
لە شاری پکیندا 89 نەخۆشخانەی گەورە هەیە، هەروەها 100 زانکۆی هەمەجۆری تێدایە، زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبیلی تێدایە و دەگاتە 6 ملیۆن، هەروەها 80 هەزار تاکسی و 1200 پاسی گەورەی گواستنەوە هەیە. جگە لەوەش خاوەنی مۆدێرنترین سیستەمی میترۆیە. جێگەی ئاماژەیە هەتاوەکو ساڵی 1980 بۆ خەڵکی ئاسایی نەبووە سواری میترۆ بێت لە کاتێکدا لە ساڵی 1960 ەوە هێڵی میترۆ لە پکین هەبووە، بەڵام تەنها بۆ مەبەستی سەربازی و ئەمنی بەکارهاتووە، لە ساڵی 1990 ەوە هێڵەکە مۆدێرن کراوەو خەڵكی ئاساییش توانیویەتی بەکاریبهێنێت. لە ئیستادا هێڵی میترۆی پکین خاوەنی 20 لینییە «هێڵ» نزیکەی 40 کم چوارگۆشە دەبێت. رۆژانە 12 ملیۆن کەس سواری میترۆ دەبن. لەبەرئەوە کاتێک دەچیتە ناو وێستگەی میترۆکانەوە، رووبەروی حەشاماتێکی گەورە دەبیتەوە، کە پێشتر ئەو دیمەنەت لە شوێنی تر نەبینیووە.

شاری هونەر و سینەما
هەمیشە پکین تەنها پایتەختێکی سیاسی نەبووە، بەڵکە پایتەختی هونەر و ئەدەبەیش بووە، لەم شارەدا نزیکەی 200 سینەما هەیە، بە پێی پلانێکی حکومەت بێت، بۆ ساڵی 2020 ژمارەی سینەماکان دەگاتە 300 هۆڵی سینەما. هەروەها 72 شآنۆی تێدایە. ئۆپێرای چینیش زۆر ناودارو تایبەتە، هەمیشە مایەی سەرنجی بیانییەکان بووە، چونکە ئۆپێرای چینی سیمای تایبەتی خۆی هەیە و لە ئۆپێرای ئوروپی جیاوازە. لە رووی کتێبخانەشەوە یەک هەزار کتێبخانەی گشتی و تایبەتی تێدایە ، جگە لە کتێبخانەتی نیشتمانی کە یەكێکە لە کتێبخانە گەورەکانی چین، پکین بەسەر 16 گەڕەکی گەورەدا دابەشبووە، هەر گەڕەکەش کتێبخانەیەکی گەورەی حکومی تێدایە.
جگە لەوەش پکین شوێنی سەرەکی زۆربەی دەزگا گەورە ئیعلامییەکانی چینە لە پێش هەموویانە تەلەڤزیۆنی سی سی تیڤی، رۆژنامەی گەل، ئاژانسی شینخوا و تەلەڤزیۆنی پکین.

ناساندنی چین
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێکرد، خوولەکە لە دوو بەش پێکهاتبوو ، بەشێکی تیۆریی و خوێندن، بەشەکەی تری سەردانی مەیدانی. لەو ماوەدایە چەندین وانەی تایبەتمان لە لایەن چەند پسپۆرێکی چینییەوە لە هەموو بوارەکاندا خوێند. هەر پسپۆرەو باسی لایەنەێکی تایبەتی چینی بۆ کردین. یەکەمین کۆڕمان لە لایەن بەڕیز « شی زێهوا» بوو، مامۆستای زانکۆ بوو کوڕێکی گەنج بوو، ئەو باسی سیستەمی ئیداریی و حزبی چینی بۆ کردین.
چین لە لایەن پارتی کۆمۆنیستی چینەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەویش حاکمە. ئەم پارتە 8 ملیۆن ئەندامی چالاکی هەیە و نزیکەی 89 ئەندامی ئاسایی هەیە. پارتی کۆمۆنیست هەر پێنج ساڵ جارێک کۆنگرەی حزبی دەبەستێت، لەو کۆنگرەیەدا ئەندامانی لیژنەی ناوەندی و سەرۆکی نوێی حزب و کۆمار هەڵدەبژێرێت، ئەندامانی لیژنەی ناوەندی ژمارەیان دەگاتە 300 ئەندام. لەو ژمارەیەش تەنها 7 کەس بۆ مەکتەبی سیاسی هەڵدەبژێرێت، واتە چین لە لایەن 7 کەسەوە بەڕێوەدەبرێت.
گەرچی حکومەتیش لە لایەن حزبەوە دیاری دەکرێت، پەرلەمانیش هەموو ساڵێک کۆنگرەی خۆی دەبەستێت و کار و سیاسەتەکانی حکومەت دەخاتە ژێر چاودێرییەوە.

سەرۆک پێگەی تایبەتی هەیە
ئەوەی ئەمجارە بۆم دەرکەوت پێگە و هەیبەتی سەرۆکە لە لایەن چینییەکان، لە چین سەرۆکی وڵات خاوەنی دەسەڵات و پێگەیەکی ئێجگار تایبەتە، بۆ نموونە هیچ کاتێک سەرۆک دیداری رۆژنامەوانی ناکات، هەروەها سەرۆکایەتی کۆماریش هیچ لێدوانی رۆژنامەوانی نادات، بگرە هەر وتەبێژی نییە. ئەوەی پەیوەندی بە کاروباری ناوخۆوە هەبێت ئەوا وەزارەتەکانی قسە دەکەن، ئەوەشی پەیوەندیی بە سیاسەتی دەرەکی هەبێت، وەزارەتی دەرەوە قسە دەکات.
وانەی دووەمان لە لایەن بەرێز « یفای سەن « بوو، ئەویش کورێکی گەنج بوو، پسپۆرێکی بواری سیاسی چین بوو،. ئەو زیاتر باسی سیاسەتی کرانەوەی بۆ کردین کە لە ساڵی 1980 وە پەیڕەو دەکرێت، ئەوەش لە رێگەی سیاسەتی کرانەوەو ریفۆرم کە لە لایەن سەرۆک دێنگ خیاو پینگ پێڕەوکرا. دیارە ئەم چل ساڵەی پێشوو، چین لەسایەی سیاسەتی کرانەوە و ریفۆرمدا، هەنگاوی گەورەی لە بواری پێشكەوتندا ناوە، کە ئەمەش بۆتە مایە‌ی سەرسامیی جیهان.
وانەی سێیەمان کە بە لای منەوە زۆر نوێ بوو، لە لایەن بەڕێز «یوانگ وایگانگ» پێشكەشكرا. ئەم کەسایەتییە بەڕێوبەری گشتی بوو لە وەزارەتی رۆشنبیریی چین، کەسێکی هەتا بڵێیت زیرەک و شارەزا بوو. ئەو باسی دیپلۆماسیی جەماوەریی بۆ کردین، لە ئێستادا جۆرە دیپلۆماسییەکی تر هەیە پێی دەڵێن دیپلۆماسیی جەماوەری یان گەل، کە تێیدا پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەت مەرج نییە تەنها لە لایەن وەزیر و سەرۆکەکانەوە بێت، بگرە ئەمە هەوڵدانێکە بۆ نزیکترکردنەوەی هاووڵاتییانی دوو دەوڵەت لە یەکتریی، بۆئەمەش پشت بە کۆمەڵێک دەزگا و میکانیزمی نوێ دەبەسترێت.
خاڵێک یان زانیارییەک کە بە لای منەوە نوێ بوو، سەردانی باراک ئۆباما بۆ کینیا بوو. کاتێک ساڵی 2015 باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سەردانی وڵاتی کینیا دەکات، لە نەیروبی پایتەختی کینیا وتارێک پێشكەش دەکات، دیارە کینیا وڵاتێکی دواکەوتووە، بەشێکی زۆری خەڵكی کینیا هەژارن و تەلەڤزیۆنیان نییە، هەربۆیە سەفارەتی ئەمریکا لە کینیا، بە چەند رۆژێک پێش هاتنی ئۆباما، نزیکەی 100 هەزار رادیۆی بچووک بەسەر خەڵکی گوند و شارۆچکە و شارەکانی کینیا دابەش دەکەن، تاوەکو گوێیان لە وتارەکەی سەرۆک ئۆباما بێت.

لێدوان و وتەبێژی فەرمی حکومی
لەم وانەیەدا بەرێز «یوانگ وایگانگ» باسی تەوەرەێکی تری گرنگی کرد، کە هەم نوێ بوو هەمیش گرنگ بوو، ئەویش مەسەلەی وتەبێژ و لێدوانی فەرمی بوو. راستییەکەی لای ئێمە هێندە گرنگی بەم لایەنە نەدراوە، ئایا دەبێت وتەبێژی فەرمی حکومی چۆن بێت وە دەبێت چی بڵێت بە رۆژنامەنووسان. لە چین زۆر بە گرنگییەوە سەیری ئەم مەسەلەیە دەکرێت، دیارە نەک لە چین بگرە لە تەواوی جیهاندا.
ئەو باسی وتەبێژەکانی حکومەتی ئەمریکای کرد، کە بەشێکی زۆریان لەسایەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا پێشتر رۆژنامەنووس بوون لە تەلەڤزیۆنی « فۆکس نیوز» کە دەزگایەکی ئیعلامی سەر بەڕاسترەوەکانی ئەمریکایە.
لە چین لە 70 شوێندا پرێس کۆنفرانس دەبەسترێت کە ئەوانەش بەسەر وەزارەتەکان و پارێزگاکان و سەرۆک شارەوانییەکانی چین دا دابەشبوون، گرنگترینیان پرێس کۆنفرانسەکانی وەزارەتی « دەرەوە، بەرگری، ناوخۆ» ن. دیارە چ سەرۆکایەتی کۆمار و چ سەرۆک وەزیران، پرێس کۆنفرانس یان وتەبێژیان نییە. ئەمەش زانیارییەکی نوێ بوو بۆ من. لە ساڵی 2018 دا، 4897 پرێس کۆنفرانس لە لایەن دەزگا فەرمییەکانی چینەوە کراوە.
ئەوکەسەی کە دەبێتە وتەبێژی فەرمی، دەبێت کۆمەڵێک مەرجی گرنگی تێدابێت، یەکێک لەو مەرجانەی کە لە وتەبێژیدا گرنگە ئەوەیە، دەبێت ئەو کەسە پێش هەمووشتێک خۆی رۆژنامەنووس بێت یان ئاگاداری رەوشی رۆژنامەگەری بێت.
هەروەها شێوازی قسەکردن و دانیشتن، مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان ، هەموو ئەمانە دەبێت بە وردی لێکبدرێتەوە و کاری لەگەڵ بکرێت.
130 ملیۆن گەشتیاری چینی لە جیهاندا
دیارە لە ماوەی پێشوودا بەهۆی باشبوونی رەوشی ئابووری چین، وایکردووە کە ژمارەیەکی زۆری چینییەکان بتوانن سەردانی دەرەوەی چین بکەن، لە ئێستادا چین یەکەمین وڵاتی جیهانە لە رووی ژمارەی گەشتیارانەوە. لە ساڵی 2018 نزیکەی 130 ملیۆن چینی گەشتیان بۆ وڵاتانی دەرەوەی چین کردووەو 115 ملیار دۆلاریان خەرج کردووە. هەربۆیە لە ئێستادا هەموو وڵاتانی جیهان چاویان لە گەشتیاری چینییە و هەوڵ دەدەن بۆلای خۆیان رابکێشێن.
باشترین وڵاتەکانیش بەلای چینییەکانەوە: تایلاند، سەنگاپوورە، کۆریای باشوور، ئەمریکا، فیلیپین، مالیزیا. واتە وڵاتانی ئاسیایی بووە.

لەناوبردنی هەژاری
سیاسەتی لەناوبردنی هەژاری یەکێکی ترە لە سیاسەتە سەرکەوتووەکانی چین، هەرئەمەش وایکردووە کە تەنانەت خۆرئاواییەکانیش، سەرسامی خۆیان لەم باریەوە دەرببڕن، بۆ نموونە ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیا بە میدیاکانی راگەیاند: هەرچەندە لە زۆر رووەوە، بۆچوونی جیاوازم لەگەڵ سەرکردەکانی چین هەیە، بەڵام بە راستی چین لە سیاسەتی لەناوبردنی هەژاریدا سەرکەوتووبووە، کە ئەمەش مایەی رێز و ستایشە.
چین لەپاش گرتنەبەری سیاسەتی ریفۆرم و کرانەوە لە پاش ساڵی 1980 ەوە لەمبارەیەوە هەنگاوی جددی ناوە.
د. «خو لپینگ « خانمە توێژەرێکی کۆمەڵایەتی بوو، کۆمەڵێک زانیاریی زۆر گرنگی لەمبارەیەوە لە وانەیەکدا بۆ باسکردین. ئەو بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک داتای گرنگ، ئەو باسەی پێشکەش كردین.
لە ساڵی 1981 دا، ژمارەی هەژاران لە چین 868 ملیۆن کەس بووە و لەجیهاندا خراپترین ئاستی هەبووەو لە کیشوەری ئەفریقاش زۆرتربووە و %83 ی دانیشتوانی چین هەژار بوون. بەڵام ساڵی 2015 رێژەی هەژاری بۆ %0.7 دابەزیوە، دیارە بەپێی پێوەرە جیهانییەکە کە دەڵێت : یەک دۆلار لە رۆژێکدا، مانای هەژارییە.
لە ساڵی 1986 حکومەتی چین دەزگای « نەهێشتنی هەژاری لە چین « دروست دەکات، ئامانج لێی لەناوبردنی هەژارییە لە چین ئەوەش بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک سیاسەتی حەکیمانە لەم بوارەدا.
ساڵی 1990 رێژەکە بۆ %66کەم دەبێتەوە، لە کاتێکدا بیابانی ئەفریقا %54بووە، واتە هێشتا رەوشی ژیان لە ئەفریقا باشتربووە تاوەکو چین، بەڵام لەم 25 ساڵەی پێشوودا بەهۆی باشبوونی رەوشی ئابووریی و گرتنەبەری کۆمەڵێک سیاسەتی حەکیمانە، رێژەکە تەواو دادەبەزێت. ساڵی 2015 رێژەی هەژاری %0.7 بووە، کەچی لە ئەفریقا بۆ %66 بەرزبۆتەوە، لە کیشوەری ئاسیا 16% بووە. ساڵی 1980 رێژەی بەدخۆراکی %23 بووە، واتە %23ی دانیشتوانی چین بەدەست بەدخۆراکییەوە ناڵاندوویانە، ساڵی 2014 بۆ %0.10 دابەزیوە.
مردنی منداڵان لە ساڵی 1991 رێژەیەکی زۆربووە گەیشتۆتە %61، بەڵام ساڵی 2018 رێژەکە بۆ %2 دابەزیوە. لە رووی خوێندنیشەوە دەبێت هەموو منداڵێک تا پۆلی 10 بە ناچاریی بخوێنێت.

باشكردنی رەوشی ژیان لە چین
یەکێک لەو سەرنجانەی کە هەموو بێگانەیەک لە چین هەستی پێدەکات ئەوەیە، رەوشی ژیانی خەڵكی چین زۆر باشە، هەموویان جلوبەرگی جوان و تازەیان لەبەرە، خاوەنی ئۆتۆمبێلی نوێن، برسی نین و تێرن، زۆر بەدەگمەن سواڵکەرێکم لەسەر شەقامەکان دەبینی. هەموویان دوایین مۆدێلی تەلەفونیان پێیە. ئەمەش لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی چین نزیکەی 1.4 یەک ملیارو 400 ملیۆن کەسە.
هەموو ئەمانە هێمای ئاسایین کە دەتوانیت لە رێگەیانەوە زۆر شتی شاراوەی ئەم کۆمەڵگەیە بخوێنیتەوە. لە ئێستادا %100 دانیشتوانی چین بە گوندە دوورە دەستەکانیشەوە، لە ماڵەوە تەلەفزیۆنیان هەیە. %100 تەواوی شارو گوندەکانی کارەبایان هەیە. لە 75 % گوندەکانی ئاوی پاکیان هەیە. لە %97 گوندەکان نەخۆشخانەی تێدایە، بە پێی پلانێکی سێ ساڵەی حکومەت، هەتا کۆتایی ساڵی 2020 دەبێت هەموو گوندەکان ئاوی پاک و نەخۆشخانە و کارەبایان هەبێت.

پلانی 2020 بۆ نەهێشتنی هەژاری لە چین
یەکێک لە کارە گرنگەکانی سەرۆک شی جین پینگ، دانانی پلانی 2020 بۆ نەهێشتنی هەژارییە لە چین، ئامانج لەم پلانە ئەوەیە کە ساڵی 2020 کە دەکاتە یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی پارتی کۆمۆنیست، هەژاری لە چین نەمێنێت، لە ئێستاشدا خەریکە ئەم پلانە بەرەو کۆتایی دەچێت و ئامانجەکەی دەپێکێت.

رەوشی میدیا لە چین
دیارە لە چین گرنگی زۆر بە میدیا دەدرێت، بەتایبەتی لەلایەن پارتی کۆمۆنیست و حکومەتەوە. من لە دوورەوە کەمێک زانیاریم لە بارەی رەوشی میدیای چین هەبوو، بەڵام ئەمجارە لە رێگە دوو وانە و سەردانی چەند دەزگایەکی میدیایی، زانیاری زیاترم وەرگرت. بەڕێز «وانگ شینواهی» کە بێژەر بوو لە دەزگای چینی نێودەوڵەتی، دەزگایەکی میدیایی گەورەی چینە و بە چەندین زمانی بیانی هەواڵەکانی بڵاودەکاتەوە، من خۆشـم زۆر سوودم لەم دەزگایە وەرگرتووە، سیمینارێکی باشی ئامادەکرد، هەر لەبارەی میدیاوە، خاتوو « لیئا جون جوان» کە جێگری بەڕێوبەری رادیۆی نێودەوڵەتی چین بوو، ئەویش سیمینارێکی تایبەتیی لەمبارەیەوە پێشکەشكردین، زانیاری زۆرمان لێوەرگرت.
یەک ملیۆن کەس لە بواری میدیا کار دەکەن
وەکو پشێتریش ئاماژەم پێکرد، چین گرنگی زۆر بە میدیا دەدات، هەر ئەمەش وایکردووە کە بەشێکی زۆری خەڵكی بەتایبەتی گەنجان، شانسی هەلی کاریان لەم بوارەدا دەستبکەوێت، لە ئێستادا نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە بواری میدیادا کار دەکەن. 167 هەزار محرر هەیە، 30.812 بێژەری رادیۆ و تەلەفزیۆن هەیە. 284 هەزار رۆژنامەنووسی پیشەیی هەیە، 40 هەزار کارمەندی تەلەفزیۆن هەیە، 30 هەزار کارمەندی رادیۆ هەیە.

دوو ملیار دۆلار داهاتی ریکلامە
بەشێکی زۆری رادیۆ و تیڤییەکانی چین وەکو هەموو جیهان، پشت بە ریکلامی کۆمپانیاکان دەبەستن ، مانگانە ریکلامی کۆمپانیاکان بۆ رادیۆ و تیڤییەکان دەگاتە نزیکەی دوو ملیار دۆلار.

هەزار رۆژنامە
لە ئێستادا چینیش وەکو هەموو وڵاتانی جیهان بەدەست کێشەی رۆژنامەی کاغەزیی دەناڵێنێت،بەڵام، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی یەک هەزار رۆژنامەی کاغەزیی هەرماوە.

رادیۆ و تیڤی
لە چین 134 رادیۆ هەیە، هەروەها 144 کەناڵی تیڤی هەیە، 2338 دەزگای ئیعلامی هەیە، 40 کەناڵی پەروەردەیی هەیە، هەروەها 63 بەرنامەی هەواڵی لە تەلەڤزیۆنەکان هەیە، جگەلەوەش 743 وێب سایتی هەواڵی هەیە.

ئینتەرنێت
چینیش وەکو هەموو وڵاتانی تری جیهان زۆر درەنگ توانی دەستی بە تۆڕی ئینتەرنێت بکەوێت. لەمبارەیەوە بەڕێز وانگ شینواهی زانیاری زۆری پێداین. بۆیەکەمجار لە چین سالی 1987 پرۆفیسۆر کیۆن کە مامۆستایەکی بەشی ئەلکتیرۆنی بووە، یەکەمین نامەی ئیمایل دەنێرێت. هەر ئەو زانایە ساڵی 1990 تۆڕی ئینتەرنێت لە چین دادەمەزرێنێت، بەڵام یەکەمجار تەنها بۆ حکومەت و حزب و دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بووە. پاش نۆ ساڵ ئینجا ئینتەرنێت خراوەتە بەردەستی هاووڵاتییان.
ساڵی 1997 یەکەم کۆمپانیای چینی لە بواری ئینتەرنێت دادەمەزرێت، ساڵی 1998 یەکەمین وێب سایتی چینی لەژێر ناونیشانی China .com دادەمەزرێت .
زۆرترین ژمارەی بەکارهێنەری تەلەفون و ئینتەرنێت لە جیهاندا
لە ئێستادا چین گەورەترین وڵاتی بەکارهێنەری ئینتەرنێتە لە جیهاندا، نزیکەی 802 ملیۆن چینی خزمەتگوازری ئینتەرنێت بەکاردەهێنن.48 ملیۆن وێب سایتی هەمەجۆر هەیە. %76ی ئەوانەی کە ئینتەرنێت بەکاردەهێنن گەنج و منداڵن و تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 39 ساڵە. لە %52 یان پیاون، %47 ژنن. 674 ملیۆن چینی ، هەواڵەکان و زانیاری لە ئینتەرنێت وەردەگرن. نزیکەی 1.17 ملیار کەس مۆبایل بەکاردەهێنن، واتە لە %81 دانیشتووانی چین تەلەفۆنی مۆبایل بەکاردەهێنن. لەلایەکی ترەوە ئێستا ئینتەرنێت بۆتە سەرچاوەیەکی سەرەکی زانیاری بۆ بەشێکی زۆری گەلی چینی، هەروەها دەتوانم بڵێم جێگەی تەلەفزیۆنیشی گرتۆتەوە، نزیکەی 648 ملیۆن چینی لە رێگەی ئینتەرنێتەوە سەیری ڤیدیۆ دەکەن.

چین و نیو میدیاNwe Media
راستە چین لە پاش ئەمریکا دەستی بە دروستکردنی سایت و کۆمپانیای ئەلکترۆنی کردووە، بەڵام ئێستا چینیش هەنگاوی جدی ناوە لەم بوارەدا، بەتایبەتی لەم چەند ساڵەی پێشوودا چین کۆمەڵێک کۆمپانیای ئەلکترۆنی زەبەلاحی دامەزراندووە کە هاوشێوەی ئەوانەی ئەمریکان. بۆ نموونە تۆڕی وایبۆ Weibo. هەمان ئەرکی تۆڕی تویتەر دەکات، ئەم تۆڕە ساڵی 2009 دامەزراوەو لە 140 دەوڵەتی جیهان بەکاردێت و ئەویش وەکو تویتەر ناوبانگی هەیە و نزیکەی 446 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەکاری دەهێنن. هەروەها کۆمەڵێک تۆڕی ئینتەرنێتی تر وەکو وی چات ، بای دوو.
چین یەکێکە لەو وڵاتانەی هەر زوو زانی کە ئەمریکا لە رێگەی ئەم تۆڕە ئینتەرنێتانەوە، دەتوانێت زانیاری زۆری لە بارەی وڵاتان و خەڵكی جیهان دەستبکەوێت، هەربۆیە زوو دەستیکرد بە دروستکردنی کۆمپانیای تایبەت بە خۆی. پارادۆکس لەوەدایە، ئێستا ئەمریکا چین بەوە تۆمەتبار دەکات، کە لە رێگەی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەوە، سیخوڕیی بەسەر جیهان دەکات! واتە بۆ ئەمریکا حەڵاڵە بۆ خەڵکی تر حەرامە.

وی چات شادەماری ژیانی چینییەکان Wechat
چین لەچاو ئەمریکا لە دروستکردنی تۆڕی ئینتەرنێتی و کۆمپنایای بواری ئینتەرنێت دواکەوت، بەڵام پاشان توانی بە کاروانی پێشکەوتنەکە بگات و ئەسپی خۆی لەم بوارەدا تاوبدات. لە ساڵی 2011 کۆمپانیای Wechat وی چات دادەمەزرێت، کە ئەمەش وەکو ئەڵتەرناتیڤێکی فەیسبووک وایە. لە رێگەی ئەم کۆمپانیاوە، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی دروست دەبێت و هەمان ئەرکی فەیسبووکی ئەمریکی دەگێڕێت، لەهەمانکاتیشدا لە رێگەی وی چاتەوە دەتوانیت تەلەفۆن بکەیت و نامەو فۆتۆ و ڤیدیۆ بنێریت. لە هەمووشی گرنگتر لە ئێستادا لە چین ئەم وی چاتە جێگەی پارەشی گرتۆتەوە، دەچیتە هەر بازاڕ، یان بەنزینخانە ، ریستۆرانت، یان هەر شوێنێکی تر، لە جیاتی پارەی کاغەز، تەلەفونەکەت دەدەیت بە کاشێرەکە و ئەویش کۆدەکە دەردەهێنێت و لە رێگەی وی چاتەوە، پارە دەدەن، کە ئەمەش وەکو کارتی بانکی وایە. لە راستیدا وی چات بۆتە بەشێکی ژیانی سەرەکی چینییەکان.
جێگەی ئاماژەیە وی چات لە ئێستادا لە 187 وڵاتی جیهاندا هەیە و سەرو یەک ملیار کەس بەکاری دەهێنن و بە 26 زمانی جیهانی ، خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکات، لە چینیش نزیکەی 890 ملیۆن کەس بەکاری دەهێنن.

جێگرتنەوەی گۆگڵ
ماوەی چەند ساڵێکە چین کەوتۆتە جەنگێکی سەختەوە لەگەڵ ئەمریکا ئەوەش بەهۆی کۆمپانیای گۆگڵەوە، چین لە ساڵی 2006 کۆمپانیای Bai du. Ten ceni باید دوو و تێن و جێنی دروستکردووە، کە ئەویش هەمان ئەرکی سایتی گووگل دەکات، هەربۆیە کۆمپانیای گۆگڵ چین بەوە تاوانبار دەکات، کە تەکنەلۆژیای ئەویان دزیووە. جێگەی ئاماژەیە لە چین سایتی گۆگڵ و فەیسبووک و شەریکەکانیان، رێگەی پێ نادرێت کار بکات. ئەمەش جەنگێکی تری نێوان ئەمریکا و چینە لە بواری ئەلکترۆنیاتدا.

چینی و جیهانی دەرەوە و گلۆبالیزم
ئەمە ناونیشانی یەکێک لە سیمینارەکان بوو کە لە لایەن خاتوو «رێن لین»پێشکەشكرا، کە پسپۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی بوو. لە راستیدا ئەم خانمە شارەزاییەکی ئیێجگار باشی لە سیاسەتی دەرەکی چین و رووداوە جیهانییەکان هەبوو. مامۆستا بوو لە ئەنستیتوتی چین بۆ سیاسەت و ئابووری نێودەوڵەتی.
ئەو پێی وابوو سەرەتای تێکەڵبوون و کرانەوەی چین بە رووی جیهان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1970، ئەوکاتەی دووبارە چین کورسی هەمیشەییی خۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەرگرتەوەو بووەوە بە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمەش سەرەتای تێکەڵبوونی چین بووە لەگەڵ جیهان.
پاشان دووبارە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا، قۆناغێکی گرنگی تری سیاسەتی چینە بەرامبەر بە جیهان. بەتایبەتی لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا، ئەم پەیوەندییە بەرەو باشی رۆیشت و ئەمەش سەرەتای کراونەوەی چین بوو بەرامبەر بە جیهان بەگشتی و خۆرئاوا بەتایبەتی.

کۆنگرەی 11 پارتی کۆمۆنیست
یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی تری سیاسەتی دەرەکی چین پەیوەندیی بە کۆنگرەی 11 ساڵی 1978 ی پارتی کۆمۆنیست هەیە، لەم کۆنگرەیەدا بڕیاردرا کە بەرنامەی ریفۆرم و کرانەوە بەرەو رووی جیهان پەسەندبکرێت کە لەلایەن سەرۆک دێنک خیاو پینگەوە دانرابوو، ئیتر لێرەوە دەرگا داخراوە گەورەکانی چین بە ڕووی جیهان کرایەوە.

چوار قۆناغی سیاسەتی دەرەکی چین
خاتوو رێن لین پێی وابوو سیاسەتی دەرەکی چین بە چوار قۆناغدا تێدەپەڕێت. کە ئەوانیش بریتین لەمانەی خوارەوە.

قۆناغی یەکەم ساڵانی حەفتا و هەشتاکان
کۆتایی ساڵانی حەفتا و هەشتاکان بە سەرەتا و دەستپێکی قۆناغێکی نوێی سیاسەتی دەرەکی چین دادەنرێت، چونکە لێرەوە دووبارە چین تێکەڵی لەگەڵ رێکخراوە جیهانییەکان پەیداکرد و هەوڵیدا ببێتە ئەندام تێیدا. هەروەها لە رووی ئابووریشەوە دەستیکرد بە کرانەوەو رێگەی دا بە کۆمپانیا بیانییەکان، تاوەکو سەرمایەگوزاریی لە چیندا بکەن.
ئەو پێی وابوو هیچ کاتێک ناتوانیت پەیوەندیی بازرگانی لە نێوان دوو دەوڵەتدا بەهێزبێت لەکاتێکدا پەیوەندیی دیپلۆماسییان پێکەوە نەبێت یان پەیوەندیی سیاسیان خراپ بێت. لەساڵانی هەشتاکاندا، چین دەستیکردووە بەباشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیهان، ئەمەش رێگەی بۆ بەهێزکردنی بازرگانی دەرەکی خۆشكردووە.

قۆناغی دووەم سەرەتای ساڵانی 1990 تا 2000


لەم دە ساڵەدا چین توانی فێری ئەوەبێت کە چۆن مامەڵەی بارزگانی لەگەڵ جیهاندا بکات و هەوڵیدا ببێتە ئەندامێکی چالاکی بازرگانی جیهانی و بۆئەمەش هەوڵێکی زۆریدا تاوەکو ببێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتیWTO، هەروەها بەشداری لە رێکخراوی ئاپێک کرد، APEC» کە هەموو دەوڵەتانی سەر زەریای پاسیڤیک دەگرێتەوە» چین لە نێوان ساڵانی 1991 بۆ 1997 بەشدارییەکی ئەکتیڤی لە بازرگانی جیهانی کردووە. لە ساڵی 1998 لەکاتی تەنگەژە گەورەکەی وڵاتانی ئاسیا، رۆڵێکی زۆر باشی گێڕاوە.

قۆناغی سێهەم ساڵانی 2000
ساڵی 2000 چین دەبێتە ئەندامی رێکخراوی بازرگانی جیهانی WTO ، ئەو خاتوونە پێی وابوو، لە ساڵی 2000 ەوە چین دەبێتە یاریزانێکی گەورە و چالاکی بازرگانی جیهانی و تێکەڵی گلۆبالیزم بەتەواوەتی دەبێت، بەتایبەتی لە رووی سیستەمی ئابووری و بارزگانی جیهانییەوە.

قۆناغی چوارەم: چین و گلۆبالیزم
لە پاش ساڵانی 2000 ەوە چین چ لە رووی ئابووری و سیاسیسەوە دەبێتە یاریزانێکی جیهانی و بەشداری کۆمەڵێک رێکخراوی جیهانی دەکات و هەندێکیشیان خۆی دامەزرێنەری بووە لەوانە: رێکخراوی شەنگهای، بریکسBRICS « دەوڵەتانی چین، هیند، روسیا، باشووری ئەفریقا، بەرزایل» هەروەها دەبێتە ئەندامی گروپی 20 ،» بیست دەوڵەتە پیشەشازییە گەورەکەی جیهان.
ئەو پێی وابوو زۆر گرنگە لە جیهان تێبگەین لە هەمانکاتیشدا بەشداربین لە گلۆبالیزم، بەڵام گرنگتر ئەوەیە، کە بزانیت چۆن بەرژەوەندیی دەوڵەتەکەی خۆت لەناو گلۆبالیزمدا دەپارێزیت.
راستییەکەی ئەم خاتوونە زۆر شارەزایی سیاسەتی نێودەوڵەتی و گلۆبالیزم بوو، سوودی زۆرمان لە سیمینارە تایبەتییەکەی وەرگرت.

سەردانی دیواری چین
دیواری چین یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی چین و بە یەکێکیش لە حەوت شتە سەرسوڕهێنەرەکەی جیهانیش دادەنرێت، لەبەرئەوە ئەگەر سەردانی چین بکەیت و نەچیتە دیوارەکە، ئەوا وەکو ئەوە وایە کە سەردانی چینت نەکرد بێت. ئەم دیوارە نزیکەی 70 کم لە پکینی پایتەختەوە دوورە، ئامانجی سەرەکیش لە دروستکردنی ، پاراستنی شاری پکین بووە لە هێرشی داگیرکەری مەغۆلی. رۆژی 24/6 سەردانی ئەم دیوارە مەزنەمان کرد و بەدڵنیایەوە، یەکێک بوو لە ساتە خۆشەکانی گەشتەکەمان.

سەردانی شاری کۆنی پکین
رۆژی 25/6 سەردانی یەکێک لە خانوە کۆنەکانی شاری پکینمان کرد، لە راستیدا لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەهۆی گەشەسەندنی ئابووریەوە، بەشێکی زۆری ئاسەوارو خانووی دێرینی شاری پکین رووخان، بەڵام دواتر حکومەتی چین هەوڵیدا، لە رێگەی بەرنامەیەکی تایبتەوە، هەندێک ناوچەی پکین لە هێرشی مۆدێرنە بپارێزێت. سەردانی خانوویەکی کۆنمان کرد، کە خاوەنەکەی ژنە ئەرستۆکراتییەکی چینی بووە، خانوویەکی زۆر جوان و گەورە بوو. پاشان سەردانی شاری کۆنمان کرد، کە نموونەی بیناسازی چینی پێوە دیارە.

سەردانی مۆزەخانەی نیشتمانی چین
رۆژی 26/6 سەردانی مۆزەخانەی نیشتمانیی چینمان کرد، بە راستی ئەم مۆزەخانەیە یەکێکە لەسیما گرنگەکانی شاری پکین و پێویستە سەردانی بکەیت، چونکە بەشێکی زۆری مێژوویی چینی لە خۆگرتووە. باڵەخانەکەی ئەم مۆزەخانەیە لە ساڵی 1988 دروستکراوە، ساڵی 2002 دووبارە نۆژەنکراوەتەوە، باڵەخانەکەی نموونەی باڵەخانە مۆدێرنەکان بوو، کاتێک چوومە ژوورەوە لە زۆر شتدا لە مۆزەخانەی لۆڤەری پاریس دەچوو. پاشان پرسیم ئاخۆ کێ دیزانی ئەم باڵەخانەیەی کردووە، زانیم کە لە لایەن کۆمپانییایەکی فەرەنسییەوە دیزان و کاری ئەندازیاریی بۆ کراوە.
رۆژێکی تر چووینە مۆزەخانەی مێژوویی تەکنەلۆژیا لە چین، بە راستی ئەم مۆزەخانەیەش شتی سەیرو سەمەرەی تێدابوو، هەموو ئەو داهێنانەی کە چین لە مێژوودا کردوویەتی، دایاننابوو لەوانە: « داهێنانی کاغەز، حبر، ئاودێری، بیناسازی» بورجێکی تێدا بوو، شتێکی جوان بوو لە لام کە ساڵی 1042 دروستکراوە، لە هەندێک شوێنی چینیش ئەو جۆرە بورجانە ماون، کە زیاتر وەکو پەرستگایەک وان.
رۆژێکی تریش سەردانی پەرستگایەکی کۆنفۆشیمان کرد، بە راستی ئەوەش شتێکی نوێ بوو بۆم، جێگەی ئاماژەیە لە ئێستادا حکومەتی چین گرنگی زۆر بە ئایینی کۆنفۆشیزم دەدات، نەک لە چین بگرە لە جیهانیش هەوڵی بڵاوکردنەوەی دەدات. ئەوەی مایەی سەرنجم بوو لەو پەرستگایە، رەنگی شین بوو، بەشێکی زۆری پەرستگاکە، بەتایبەتی زەخرەفەکانی ناوەوەی بە رەنگی شین رازێنراونەتەوە.

سەردانی سەنتەری . CIPG
سەنتەری Training Cnter of China International Publishing Group لە ساڵی 1950 دروستبووە. هەر ئەم سەنتەرەش ئێمەیان دەعوەت کردبوو. ئەم سەنتەرە یەکەمجار لەژێرناوێکی تردا دروستبووە، ئاماج لێی بڵاوکردنەوەی گۆڤار و کتێب و فەرهەنگی چینیی بووە لە ساڵانی پەنچاکاندا، کاری سەرەکی ئەم سەنتەرە، چاپکردن و بڵاوکردنەوەی کتێب و گۆڤار بووە بە زمانی ئینگلیز لە بارەی چینەوە، بەتایبەتی کتێبەکانی سەرۆک ماو. هەروەها مانگانەش گۆڤارێکی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردۆتەوە.
کارێکی تری ئەم سەنتەرە پێگەیاندنی وەرگێڕی بەتوانا بووە بۆ حکومەت و حزب، کاتێک سەردانی سەنتەرەکەمان کرد، وێنەی چەند وەرگێڕێک لە پەنا سەرۆکەکانی چیندا هەبوو، کە لەم سەنتەرەوە پەروەردە کرابوون.
لە ماوەی 60 ساڵی پێشوودا ئەم سەنتەرە 70 گۆڤاری بە زمانەکانی « ئینگلیز، فەرەنسی، ئەڵمانی، روسی ئیسپانی، ژاپۆنی، کۆری، عەرەبی، فارسی ، تورکی « دەرکردووە. لە ئێستاشدا نزیکەی 400 وەرگێر کار لەم سەنتەرە دەکەن و بە زمانەکانی « ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیسپانی، ژاپۆنی، عەرەبی، روسی و کۆریی» بابەت و گۆڤار بڵاودەکەنەوە، مانگانەش گۆڤارێک بە زمانی ئینگلیزی بەناوی « چینا تودەی» بڵاودەکەنەوە. هەروەها سایتێکی ئەلکترۆنیشیان هەیە، بە چەندین زمانی بیانی بابەت بڵاودەکەنەوە، بەش بەحاڵی خۆم، زۆر سوودم لەم وێب سایتە وەرگرتووە.

سەردانی هەرێمی شاندۆنگ
لە رۆژی 30/6 بە شەمەندەفەرێکی خێرا کە یەکێکە لە داهێنانە نوێکانی چین و لە سەعاتێکدا 250 کم دەبڕێت، بەرەو هەرێمی شاندۆنگ بەرێکەوتین. ئەم هەرێمە یەکێکە لە هەرێمە جوانەکانی چین و دەکەوێتە باشووری پکین و کەنارەکانی رۆژهەڵاتی چینەوە. کۆی گشتی دانیشتوانی دەگاتە نزیکە 99.470.000 کەس. سەرەتاش سەردانی شاری جینانی پایتەختمان کرد، کە بە راستی شارێکی ئێجگار جوان بوو، لە چیندا بە شاری کانییەکان دەناسرێت و نزیکەی 700 کانی تێدایە. بە گشتی ئەم هەرێمە هەرێمێکی سەوز وجوانە و دەکەوێتە سەر رووباری زەرد.
شاری جینان پایتەختی هەرێمەکەیە، کاتێک گەیشتینە هەرێمەکە، لە لایەن هاوەڵانمان لە شارەوانی شارەکەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین و ئێوارەخوانێکی بەتامیان بۆ ئامادەکردین. بەراستی ئەو بەرپرسانەی کە لەوێندەر بینیمان هەموویان کەسانی بەرێز، خاکی، میواندۆست، زۆر رێزیان لێگرتین.
ماوەی هەفتەیەک لەم دەڤەرە ماینەوەو شاندێکی هەرێمەکەمان لەگەڵ بوون، هەموو شتێکیان بۆ ئامادە کردبووین هەر لە پاس و هۆتێل و شوێنی حەوانەوەو خواردن. هەروەها میدیاکانی هەرێمەکە بە گرنگییەوە باسی سەردانەکەمانیان کرد و دیداری رۆژنامەوانیان لەگەڵدا سازکردین. لێرەش سەردانی کۆمەڵێک شوێنمان کردم، کە مایەی سەرنج و تێڕامانم بوون، بە تایبەتی پارکە جوان و دێرینەکی شاری جینان، کارگەی سینۆ تروک، سەردانی شاری زیبۆ و بەندەری جینداو.

بۆقەکان نابێت بقیڕێنن
سەرەتا سەردانی پارکی گەورەی شارمان کرد، پارکێکی مێژوویی بوو، تەمەنی بۆ 1400 ساڵ دەگەڕایەوە، کۆی گشتی رووبەری پارکەکە 70 کم چوارگۆشە بوو، دەریاچەیەکی گەورەی تێدا بوو، کە سەدان جۆر ماسی جوانی تێدابوو، رەنگی هەندێکیان سوور و پەمەیی بوو، کەسیش بۆی نەبوو راویان بکات. جگە لەوەش ناوچەیەکی تێدابوو کە گوڵی لۆکسی تێدابوو، ئەوە یەکەمجار بوو گوڵی لۆکس لە نزیکەوە ببینم.
لە هەمووی سەیرتر لەم پارەکەدا بۆقەکان هیچ دەنگیان نەدەهات، دەیناگووت ئەم بۆقانەیان بردۆتە شوێنی تریش، هەر دەنگیان نەبووە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ ئەفسانەیەک، گوایە جارێکیان ئیمپراتۆری چین سەردانی ئەم پارکەی کردووەو زۆر بەدڵی بووە، شەو لەوێندەر ماوەتەوە، بەڵام شەو بۆقەکان بە قیرە قیڕ، زۆر بێزاریان کردووە لەبەرئەوە فەرمانی بۆ بۆقەکان دەرکردووە، کە نابێت دەنگیان بێت و بقیڕێنن، چونکە ئیمپراتۆر دەیەوێت پشووبدات.
خاڵێکی تری سەرنجراکێش ئەوە بوو، لەم پارەکە و دەوروبەری نزیکە 700 کانی هەبوون، وەکو خۆێ هێڵراوەتەوەو بە هەموو شێوەیەکیش ماسیگرتن قەدەغە بوو. بەراستی سەردانی ئەم پارکەش، ساتێکی خۆشبوو.

سەردانی کارگەری دروستکردنی لۆری و پاسی سینۆتروک
هەر لەو شارە سەردانی کارگەی سینۆتروکمان کرد، کە لۆری و گەڵابە و پاس و مەکینەی گەورە دروست دەکات و یەکێکە لە کارگە گەورەکانی چین و لەهەمانکاتیشدا بە یەکێک لە سیما بەهێزەکانی پیشەشازی قوورسی چین دادەنرێت. ئەم کارەگەیەش رۆژانە 100 لۆری دروست دەکات و بەرهەمی ساڵانەشی دەگاتە 36300 لۆری. ئەم کارەگەیە بۆ 94 دەوڵەتە بەرهەمەکانی دەنێرێت . سیستمی کارکردنی مایەی سەرنجم بوو. لەم کارگەیەدا 44 وێستگەی کارکردن هەیە، کە کۆمەڵێک کرێکار کاری تێدەکەن، دەبێت لە ماوەی پێنچ دەقیقەدا، کرێکارەکان ئەو بەشەی لۆرییەکە تەواو بکەن، کە پێیان دەسپێرێت.
جێگەی ئاماژەیە ئەم کارگەیە بەشێکی تەکنەلۆژیاکەی لە کۆمپانیای مانی ئەڵمانی دەکڕێت و پرۆژەیەکی هاوبەشە و نزیکەی 30 هەزار کرێکاریش کار لەم کارەگەیەدا دەکەن.

سەردانی کۆمپانیای وایچای
کۆمپانیای واچای، ئەویش یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی چین کە زیاتر مەکینەی گەورە دروست دەکات، سەرەتا ئەم کارگەیە بۆ دروستکردنی ئامێری سەربازی بووە، لە ئێستادا جگە لە ئامێری سەربازی، مەکینەی گەورە بۆ کارگەکان، موەلیدە ، یەخت و پاپۆڕیش دروست دەکات. نزیکەی 80 هەزار کرێکار لەم کارگەیەدا کار دەکەن. ئەمەش یەکێکە لەسیما گەورەکانی پیشەشازی قورسی چینی.

سەردانی کێڵگەیەکی مۆدێرنی کشتوکاڵی
چین لە ئێستادا دەیەوێت لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئاگاداربێت و دەستڕەنگینی خۆی بنوێنێت. دیارە چین مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ کشتوکاڵ دا هەیە، لە ئێستاشدا دەیەوێت لە زانست و تەکنەلۆژیای کشتوکاڵ ئاگادار بێت و بەتایبەتی لەرووی بەکار‌هێنانی « جینات»ەوە. هەرلەم دەڤەرەدا سەردانی کۆمپانیایەکی گەورەمان کرد، کە لە بواری تەکنەلۆژیای کشتوکاڵیدا بەهێزە، سەردانی کێڵگەی شاگوانگ-مان کرد، کە کێڵگەیەکی گەورە بوو، رووبەری گشتی دەگەیشتە 10 کم چوار گۆشە. لەم کێڵگە مۆدێرنەدا، نزیکەی 1000 جۆر درەخت و رووەکی تێدابوو. کە لە نزیکەی 170 وڵاتە هاتبوون. لەم کێڵگەیەدا کەشوهەوایەکی تایبەتیان بۆ رووەکەکان دروستکرد بوو ، بۆئەوەی بمێننەوە و بژین. یەکێک لەو رووەکانەی کە مایەی سەرنجم بوو، درەختێک بوو کە هی باشووری ئەفریقا بوو، درەختەکە لە سەرەوە چەند لقێکی بچووکی هەبوو، بەڵام لە ناوەڕاستدا ، وا دەردەکەوت کە بەرمیلێکی گەورەبێت، پاشان وتیان ئەم درەختە لە سەحرای باشووری ئەفرقیا دەژی، زیاتر بۆ کۆکردنەوەی ئاو بەکاردێت، چونکە دەتوانێت ئاوێکی زۆر لەناخیدا کۆبکاتەوە.

لە کۆلارە دروستکردنەوە بۆ های تێک
سەردانی شاری واینفانگمان کرد، دانیشتوانی ئەم شارە نزیکەی 1.200.000 کەس دەبێت و لە چیندا بە شاری دروستکردنی « کۆلارە» دەناسرێت و مێژووییەکی ئێجگار دێرینی لە دروستکردنی کۆلارەدا هەیە، کاتێکیش سەردانی چەند کارگەیەکی کۆلارە دروستکردنمان کرد، بینیمان بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی و تەقلیدی کۆلارە دروست دەکەن و پاشان بۆ بازاڕەکانی چین و جیهان و کوردستانیشی دەنێرن.
پاشان سەردانی کۆمپانیای « گۆرتێک» مان کرد، کە یەکێکە لە کۆمپانیا پێشکەوتووەکانی چین لە بواری های تێکدا. ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی 2001 دروستبووە. نزیکەی 400 جۆر بەرهەمی ئەلەکترۆنی دروست دەکات، هەر لەفڕۆکەی بچووک و بێفڕۆکەوانەوە، بۆ یاری ئەلەکترۆنی و تەلەفونی دەستی، ئەم کۆمپانیایە، یەکێکە لە سیما نوێکانی چین لە بواری های تێکدا» تەکنەلۆژیا نوێ» دا. ساڵی 2018 داهاتی ئەم کۆمپانییایە گەیشتۆتە 3.438 ملیار دۆلار، لەئێستادا شانبەشانی کۆمپانیا خۆرئاواییەکان، لە بازاڕەکانی جیهاندا کێبركی دەکات.

هۆڵیودی چین
چین نایەوێت تەنها لە بواری پیشەشازیی و ئابووریی و تەکنەلۆژی و کشتوکاڵیدا پێشبکەوێت، بگرە بە پێی پڕۆژەیەکی گەورەی دەوڵەت، دەیەوێت کەلتووری چینی لە جیهاندا بڵاوبکەنەوە، یەکێک لەو پرۆژانەش لە رێگەی فیلم و درامای چینەوە دەبێت. لە دوا رۆژاکانی گەشتەکەماندا، سەردانی oriental movie metropolis مان کرد، کە ئەمەش شارێکی بەرهەمهێنانی فیلمسازییە کە 25 کم لە بەندەری qingdao. جینداو دوورە.
ئەم شارە لە ساڵی 2018 لەلایەن کۆمەڵێک کۆمپانیای تایبەتەوە دروستکراوە. کۆی گشتی رووبەری ئەم شارە 10 کم چوارگۆشە دەبێت و 40 هۆڵی گەورەی بەرهەمهێنانی فیلمی تێدایە، جگە لەوەش کۆمەڵێک هۆتێل و شوێنی حەوانەی تێدایە بۆ ئەکتەرەکان. لەهەمانکاتیشدا مۆزەخانەیەکی ئێجگار گەورەی فیلمی تێدایە، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، 25 فیلمیان بەرهەمهێناوە، کە جگە لە ئەکتەری چینی، ئەکتەری ئەمریکیش تێدا بەشداربوون. کۆمپانیا چینییەکان لەم شارەدا نزیکەی 50 ملیار یوانیان خەرجکردووە.
بەراستی سەردانی ئەم شارەش زۆر سەرسامی کردم، چونکە لەم شارەدا هەندێک تەکنەلۆژیای نوێی فیلمم بینی، کە پێشتر نەمبینیبوو.

بەندەری جینداو
دوایین وێستگەی گەشتەکەمان بەندەری جینداو بوو، کاتێک گەیشتینە ئەم شارە لەلایەن چەند ئەندامێکی شارەوانی شارەکەوە پێشوازیییەکی گەرمیان لێکردین و ئێوارە خوانێکی زۆر باشیان بۆ ئامادەکردین. ئەم شارەش یەکێکە لە شارە گەشەسەندو و نوێکانی چین، کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی چینی تێدایە لەوانە « کۆمپانیای Haier. Hinsense هایەر و هینسنس» کە لە بواری شـمەکی ئەلەکتیرۆنیدا کار دەکات و لە جیهاندا ناوبانگێکی زۆر باشیان هەیە، هەروەها باشترین جۆری بیرە لە چین، لەم شارەدا دروستدەکرێت و لەلایەن کۆمپنیایەک کە ناوی « tsingtao « بەراستی بیرەیەکی زۆر خۆشیش بوو، تامی ئەوانەی ئەڵمانیای دەدا.
ئەم بەندەرە لە ساڵی 1892 ەوە دروستکراوە، بەڵام لەم سی ساڵەی دواییدا گەشەیەکی ئێجگار گەورەی بەخۆوە بینیووە، نزیکەی 137 کۆمپانیای جیهان کە ناویان لە 500 باشترین کۆمپانیای جیهانە، لەم شارەدا سەرمایەگوزاریی دەکەن.
کاتێک سەردانی بەندەرەکەمان کرد، لەلایەن کارمەندانی بەندەرەکە بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان لێکردین، زۆر خەڵکێكی بەڕێز بوون و نیوەڕۆ لە ریستۆرانتی بەندەرەکە لەگەڵ کرێکارەکان نانمان خوارد. بەراستی بەندەرەکە پێشكەوتنێکی گەورەی پێوە دیار بوو، تەواوی داگرتن و بارکردن لە رێگەی سیستمێکی پێشكەوتویی ئەلەکترۆنییەوە دەکرا. ساڵی پار نزیکەی 227 هەزار تۆن لەم بەندەرە دەرچووەو هێنراوە، هەروەها نزیکەی 200 هەزار گەشتیاریش لەم بەندەرە وە گەشتیان کردووە.

دوا قسە
نێوان گەشتی یەکەم و دووەمم بۆ ئەو وڵاتە چوار ساڵ بوو، بەڵام بە راستی لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا کاروانی پێشکەوتنی چین لە هەموو روویەکەوە بەردەوامە. لایەنی پیشەشازیی و ئابووری، کشتوکاڵی، تەکنەلۆژی و فەرهەنگی. ئەوەی ئەمجارە زیاتر بۆم دەرکەوت ئەوەیە، بە راستی راگرتن یان وەستاندنی شەمەندەفەری پێشکەوتنی چینی ، بەهیچ هێز و لایەنێکی دەرەکی ناکرێت، هەروەها ئەگەر بێت و لەناوخۆش پشێویی زۆر گەورە دروست ببێت، وەکو ئەوەی لە ناوچەکەی ئێمە بەناوی بەهاری عەرەبییەوە دروستیان کرد، هێشتا چین لە کاروانی پێشکەوتن ناوەستێت و بەردەوامە، چونکە لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا، بە تەواوەتی ژێرخانێکی زۆرباشی پیشەشازیی و ئابووریی و کشتوکاڵی و تەکنەلۆژییان دروستکردووە، کە بۆ هەتا هەتایە دەمێنێت.
خاڵێکی سەرەنجڕاکێشی تر لەم گەشتەدا ئەوەبوو، ئێستا حکومەتی چینی، گرنگی زیاتر بە سەوزایی و ژینگەپارێزی دەدات، لەهەموو شوێنەکاندا، درەخت و گوڵ چێنراوە، هەروەها ناهێڵن هیچ زەوییەکی بۆش هەبێت، یەکسەر فریزێکی دەستکردی بەسەردا دەدەن، بۆئەوەی خۆڵ بڵاونەبێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەسەر ئەم کێشەیەدا سەرکەوتوو نەبوون.
خاڵێکی گرنگی تر لەم گەشتەدا بۆم دەرکەوت ، وتاری سیاسی چین و چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ جەنگی ساردی ئەمریکا بوو، بەراستیی لە هیچ شوێنێکی چیندا لە شەقام و بازاڕ و کۆمپانیاکان، هیچ دروشمێک یان قسەیەکی ناشیرین لە دژی ئەمریکا نەنووسراوە، بگرە بە پێچەوانەوە دەچوویتە هەر شوێنێک ، ماکدۆناڵد یان KFC دەبینی.
چین بە مێشكێکی ساردەوە مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا دەکات، دوور لە دروشـمی گەورەو بێ مانا و راسیزمانە، هەر لە ژێرەوە بەهێمنی زۆر بەباشی جەنگی خۆی لەگەڵ ئەمریکا دەکات.
هیوادارم کاروانی پێشكەوتنی چین بەردەوام بێت، چونکە پێم وایە سوودی بۆ جیهان دەبێت، بە لایەنی کەمەوە، نزیکەی یەک ملیار و چوارسەد ملیۆن مرۆڤ، بەباشی دەژین و برسی و هەژار نین و ئاوارەی وڵاتان نین.
هیواداریشم هەموو کوردێک هەلی ئەوەی بۆ بڕەخسێت کە سەردانی چین بکات، چونکە بە راستی وڵاتێکی شایستەی ئەوەیە سەردانی بکەیت و لە نزیکەوە ئاگاداری پێشكەوتن و گەشەسەندنی بیت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*