سەرەکی » دۆسێ » بۆ جاری دووەم مالیكی بە سكرتێری حزب هەڵبژێردرایەوە

حزبی دەعوە كۆنگرەی بەست

بۆ جاری دووەم مالیكی بە سكرتێری حزب هەڵبژێردرایەوە

بە ئامادەبوونی زیاتر لە (350) ئەندام، حزبی دەعوەی ئیسلامی دەستیكرد بە كارەكانی كۆنگرەی حزبەكەی لە كەربەلا.
سەرلەبەیانی 12ی حوزەیرانی 2019، لە شاری كەربەلا، حزبی دەعوەی ئیسلامی كۆنگرەی حزبەكەی دەستپێكرد و لە سەرەتای كۆنگرەكەشدا، نوری مالیكی ئەمینداری گشتی حزبی دەعوە وتارێكی پێشكەشكرد.
مالیكی لە وتارەكەیدا، ئاماژەی بە كاروانی حزبەكە و قوربانیدان و دەستكەوتەكانی كرد، وێڕای هەندێك نسكۆ و قەیران كە بە بە گوتەی ئەو”پێویستە لە كۆنگرەكەدا رێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەركردنیان دابنرێت”.
مالیكی دەڵێت”یەكگرتنی بانگخوازەكان و گەڕانەوەی دابڕاوەكان پێویستن بو پێكهێنانەوەی ڕێكخستنەكانی سەر بە كاروانی دەعوە، وێڕای ئەمانەش دەبێت كۆنگرە ببێتە بەردەبازێكی ڕاستەقینە بۆ پرۆسەی بنیاتنانەوەی حزب و چاكسازی و نوێبوونەوەی هەرەمەكانی”.
بەشداربوانی كۆنگرەكە بەسەر یانزە لیژنەی كاردا دابەشكران، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ڕاپۆرتی نوسینگەكانی حزبەكە و لیژنەكانی پێشووی.
كارەكانی یەكەم رۆژی كۆنگرەكەی حزبی دەعوە، هەندێك كاروباری تایبەت بە هەڵبژاردنی سەركردە نوێیەكان و ئەنجومەنی شورای حزبەكەی لەخۆگرت.
لە رۆژی دووەمی كۆنگرەكەی حزبی دەعوەی ئیسلامی لە كەربەلا، نوری مالیكی بۆ جاری دووەم، بە سكرتێری گشتی حزبەكە هەڵبژێردرا.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان»حزبی دەعوە لە كۆنگرەكەیدا لە شاری كەربەلا، نوری مالیكی بە سكرتێری گشتی هەڵبژاردەوە».
كارەكانی كۆنگرەی حزبی دەعوەی ئیسلامی لە رۆژی هەینی 12ی حوزەیرانی 2019 لە پارێزگای كەربەلا دەستپێكرد.
لە ساڵی 1957 ئەندامانی دامەزرێنەری حزبی دەعوەی ئیسلامی كۆبوونەوە و هەوێنی یەكەمی حزبەكەیان دروستكرد كە سەرەتا لەشێوەی دەستەیەكی 8 كەسیدا بوو، محەمەد باقر سەدر رۆڵی سەرەكی لە لیژنەی سەركردایەتی حزبەكەدا هەبوو كە لەپێناو خولقاندنی حاڵەتێكی هاوسەنگی فیكری لەگەڵ كۆمۆنیستی و سكۆلاریزم و نەتەوەیی عەرەبی و هزرە ماتریالیزمییەكانی پێكهات، محەمەد حسێن فەزلوڵڵاش كاریگەریی گەورەی لەسەر هزر و عەقڵانی و دینداری حزبەكە هەبوو.
لە سیاسەتی عیراقیدا حزبەكە دەركەوت و هەڵەتێكی چەكداریی لە دژی حكومەتی عیراقی و حزبی بەعسی فەرمانڕەوا دەستپێكرد كە ئاكامەكەی كەوتنەوەی قوربانییەكی زۆر بوو لە مەدەنییە بێتاوانەكان.
لەگەڵ سەركەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و هاتنەپێشەوەی روحوڵڵا خومەینی بۆسەر دەسەڵات لە ئێران، حزبی دەعوە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ سەكردەكانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیدا دروستكرد، بەڵام یەك خاڵی ناكۆكی لەنێوانیاندا هەبوو، بەو پێیەی روحوڵڵا خومەینی بڕوای بە «ولایە الفقیە» كە دەبێت زانایانی ئاینی دەستباڵابن لە دەوڵەتدا، بەڵام حزبی دەعوە بڕوای وابوو كە دەبێت دەسەڵات لەدەستی نەتەوەدا بێت.

لە ساڵی 1969، حكومەتی عیراقی و حزبی بەعسی فەرمانڕەوا، هەستی بە مەترسی زیادبوونی هەژموونی حزبی دەعوە كرد، بۆیە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هێرشی میدیایی بۆسەر مەرجەعیەتی ئاینی دەستپێكرد، حزبی دەعوە هەستی كرد كە دەكرێتە ئامانج لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، بۆیە بڕیاریدا وەڵامی هەبێت و خۆپیشاندانی سیاسی فراوان سازبكات و داوای روخانی حكومەت و حزبی بەعس بكات، و داوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی بكات.
پارێزگاكانی نەجەف و بەسرە و كوفە، خۆپیشاندانی رێكخراوییان لەلایەن حزبەكەوە بەخۆوەبینی، ئەمەش وایكرد حكومەتی عیراقی رێوشوێنی توند بۆ جڵەوكردنی حزبی دەعوە بگرێتەبەر، بۆیە هەڵمەتێكی دەستگیركردنی لە ریزەكانی حزبی دەعوەی ئیسلامیدا دەستپێكرد.
لە ساڵی 1974 دادگای شۆڕش، فەرمانی بۆ لەسێدارەدانی ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبەكە دەركرد، ئەمەش گورزێكی گورچكبڕ بوو بەر حزبەكە كەوت كە بەشێوەیەكی كاتی بووە مایەی پچڕانی پەیوەندی نێوان ئەندامەكانی.
لە ساڵی 1975 حكومەتی عیراق،یەكێك لە رێوڕەسمە ئاینیەكانی شیعەی قەدەغەكرد كە ئەمیش رێڕۆیشتن بوو بۆ نەجەف و كەربەلا كە پێی دەگوترا «مراد الرأس».
لە ساڵی 1977 حزبی دەعوە وەك رووبەڕووبونەوەیەك بۆ حكومەتی عیراقی، ئەو رێوڕەسمە ئاینییە شیعییەی رێكخست، لەو ساڵەدا واتا لە 1977 راپەڕینێكی گەورە بەرپاكرا كە لەلایەن حزبی دەعوەوە پێی دەگوترێت «ڕاپەڕینی سەفەری بوێرانە»، لەو راپەڕینەدا ژمارەیەك لە سەركردەكانی حزبی بەعس كوژران.
لەدوای دەستپێكردنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، حزبی دەعوە پشتیوانی خۆی بۆ شۆڕشەكە راگەیاند، حكومەتی عیراقیش لە 31ی ئاداری 1980، بڕیارێكی بۆ لەسێدارەدانی هەموو ئەوانە دەركرد كە سەر بە حزبی دەعوەی ئیسلامین، لە پێشڕەوی ئەوانەی لەڕێی ئەو بڕیارەوە لەسێدارەدران، (محەمەد باقر سەدر و بنت الهدی)ی خوشكی بوو لە 8ی نیسانی 1980.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*