سەرەکی » دۆسێ » خۆپیشاندان لە پارێزگاكانی عیراق دەستپێدەكاتەوە

بۆ خزمەتگوزاریی و فەراهەمكردنی هەلی كارە

خۆپیشاندان لە پارێزگاكانی عیراق دەستپێدەكاتەوە

لەپێناو داواكردنی خزمەتگوزاری و ئاشكراكردنی گەندەڵكاران، وابڕیارە سبینێ‌ هەینی لە 14 پارێزگای عیراقدا خۆپیشاندانی ملیۆنی دەستپێدەكات، وتەبێژی ڕێكخستنی خۆپیشاندانەكانیش دەڵێت»خۆپیشاندان بەردەوام دەبێت، تا ئەو كاتەی داواكاریەكانیان جێبەجێ‌ دەكرێت».
خەلیل ناجی، وتەبێژ ڕێكخەرانی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی هەینی، بە میدیا عیراقییەكانی ڕایگەیاندووە» بەمەبەستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و رەخساندنی هەلی كار بۆ دەرچووان، خۆپیشاندان دەستپێدەكەن».
بە گوتەی ناجی»خۆپیشاندانەكە بە بەشداریی چەندان ملیۆن هاووڵاتی لە 14 پارێزگای عیراق بەڕێوەدەچێت و خۆپیشاندانێكی شارستانی دەبێت و تەنیا داوای جێبەجێ‌ كردنی داواكرییەكان دەكرێت».
خەلیل ناجی دەڵێت»بڕیارە خۆپیشادانەكان بەردەوامبن، تا ئەوكاتەی داواكاریی خۆپیشاندەران جێبەجێ دەكرێت، هەروەها داوای ئاشكراكردنی ئەو كەسانەش دەكرێت كە گەندەڵكارن و پارە و سمانی گشتی ئەم وڵاتەیان بەهەدەرداوە».
دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان لەكاتێكدا كە ساڵی رابردوو لە مانگی تەمموزدا
خۆپیشاندان پارێزگاكانی عیراقی گرتەوە و لە خۆپیشاندانەكاندا توندوتیژی و رووبەڕبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا ڕوویدا.
لە 14ی تەمموزی 2018، دانیشتوانی شاری حیللە (سەنتەری پارێزگای بابل)، وەك ناڕەزایی بەرانبەر بە كەمبوونەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و فەراهەمنەكردنی هەلی كار و دامەزراندن لە فەرمانگە حكومییەكان، خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرینیان سازكرد.
ماڵپەڕە هەواڵییەكانی عیراقیش، باسیان لەوەكرد كە خۆپیشاندەران لە حیللە، لەسەر شەقامە گشتییەكان تایەیان سوتاندووە و هێزە ئەمنییەكانیش هەوڵەكانیان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران دەستپێكردووە.
وەك ناڕەزایی بەرانبەر بە گەندەڵی ئیداری و خراپبوونی دۆخی ئابوری، شارەكانی نەجەف و بەسرە و ناسریە و عەممارە و حیللە خۆپیشاندانی بەرینیان بەخۆوە بینی، ئەمەش وایكرد دسەڵاتە خۆجێییەكان قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە هەندێك ناوچەدا بسەپێنن، بەو هۆیەشەوە پێكداهەڵپژان لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروستبوو كە دەیان كەس لە هەردوولا برینداربوون و ژمارەیەكیش لە خۆپیشاندەران لە شاری بەسرەی باشوور كوژران.
لەو دەمەدا وەزارەتی تەندروستی عیراق، بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی خۆپیشاندانەكانی یەك ڕۆژی لە پارێزگاكانی عیراق رایگەیاند و ئاماژەی بە كوژران و برینداربوونی 47 كەس كردبوو.
لە 21ی تەمموزی 2018، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو”ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی شارەكانی باشوور روویان لە زیادبوون كردووە و دوو كەس كوژراون كە یەكێكیان خەڵكی دیوانیەیە و ئەوی تر خەڵكی نەجەفە، وێڕای برینداربوونی 45 كەسی تر كە زۆربەیان لە هێزە ئەمنییەكانن».
بە گوتەی بەدر”زۆربەی بریندارەكان چارەسەری پێویستییان بۆ كراوە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە”.
شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق، لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2018 ،خۆپیشاندانی بەرینیان بەخۆوەبینی كە تێیاندا داوای فەراهەمكردنی خزمەتگوزارییەكانی وەك كارەبا و ئاوی شیاو بۆ خواردنەوە و فەراهەمكردنی هەلی كار و بنبڕكردنی گەندەڵی كردبوو.
هەر لەو ماوەیەدا، موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر،لە تویتێكیدا كە لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لەسەر تۆڕی (تویتەر) بڵاویكردبۆوە ، داوای لە كوتلە و لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 12ی ئایاری 2018 كردبوو، وتوێژەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو رابگرن، تا ئەو كاتەی داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ‌ دەكرێن.
سەدر لە تویتەكەیدا نوسیبووی”پێویستە كوتلە سیاسییە براوەكانی هەڵبژاردنەكان، وتوێژە سیاسییەكانیان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكان و توێژەكانی تر رابگرن، تا ئەو كاتەی داواكارییە رەواكانی خۆپیشاندەران بە تەواوەتی جێبەجێ‌ دەكرێن”.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان وەك ئاژانسی (فرانس پرێس) لەو دەمەدا باسی كردبوو، رێژەی بێكاری لەنێوان عیراقییەكاندا دەگاتە 10,8%، ئەوانەش كە تەمەنییان لە خوار 24 ساڵانەوەیە لە دانیشتوانی عیراق، رێژەی 60%ی بێكاران پێكدەهێنن، بەو واتایەی كە رێژەكانی بێكاری دوو هێندەیە لە نێوان لاواندا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق ڕایگەیاندبوو، بەهۆی خۆپیشاندانەوە 336 كەس دەستگیركران و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ئازاد كران.
فازڵ غەراوی، ئەندامی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق لە بەیاننامەیەكدا لە مانگی تەمموزی 2018 رایگەیاندبوو»بەپێی دوایین ئاماری دەستەكەیان، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە پارێزگاكانی نەجەف و موسەننا و میسان لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا 336 كەس دەستگیر كران و دواتر ئازادكران».
ئەو بەرپرسەی كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عیراق ڕایگەیاندبوو» گروپەكانی دەستەكەیان پێیان ڕاگەیاندووە، لەم دواییەدا 86 دەستگیركراوی تر لە پارێزگای نەجەف بەپێی مادەكانی 24 و 447ی یاسای سزادان ئازاد كران».
وەك غەراوی باسی كردبوو»70 زیندانی پارێزگای موسەننا ئازادكراون، بەڵام 4 دەستگیركراویان، چارەنووسیان نادیارە و دادگا هیچ بڕیارێكی لەسەر لەبارەیانەوە دەرنەكردووە».
لە پارێزگای میسانیش بە گوتەی غەراوی»180 دەستگیركراو ئازاد كران، بەڵام 3 دەستگیركراویان لە بنكەی پۆلیسی سەدر دەستبەسەرن».
هەموو ئەمانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێكرا، بریتین لە چەند رووداوێكی جیاجیای خۆپیشاندانی مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو كە لە شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقدا رویاندا.
لە مانگی تەمموز و ئابی ساڵی رابردوو،خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەرفراوان لە پارێزگاكانی باشووری عیراق بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكارییەوە سازكران و لە ئەنجامی پێكداهەڵپژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانیش، ژمارەیەك كوژران و ژمارەیەكی تر برینداربوون، لە زۆربەی شارەكان و بە تایبەتیش لە بەسرە، خۆپیشاندەران، وێڕای سوتاندنی بارەگای حزبی و حكومییەكان، كونسوڵخانەی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشیان لە شارەكەدا سوتاند.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*