سەرەکی » مانشێت » تەلەڤزیۆنی کوردی

تەلەڤزیۆنی کوردی

سەرکەوت عەلی حەبیب

(8)

ئەمڕۆ گۆرانی دیاردەیەکی گیانی بە گیانیانەی ژیانی رۆژانەمانە و مەسەلەیەکی شارستانیە و دەبێت لە رێگەی هونەرەوە بە تایبەتی (گۆرانی) روویەکی جوانی ژیان و گوزەرانی نەتەوەکەمان پیشان بدەین و کاتی ئەوە هاتووە بژار و دەستکاری تێکستی گۆرانییەکان بکەین (بە تایبەتی ئەو گۆرانییانەی لە تەلەڤزیۆن و رادیۆ پەخش و بڵاودەبێتەوە) چونکە زۆر لە تێکستەکان کاریگەری خراپیان دەبێت لە رووی گەیاندن و بەرپرسیارێتی و لە هەمان کاتدا پێوەرە بۆ ئاستی رۆشنبیریشمان، لە مێژە دەڵێن : ئەگەر دەتەوێ ئاستی رۆشنبیری نەتەوەیەک بزانیت گوێ بۆ مۆسیقا و گۆرانییەکەی شل بکە.
(تۆمابوا) ی کوردناس دەڵێت: گۆرانی کوردی گەلێک چەشنی هەیە، ئەو گۆرانییەی بە شەو دەوترێت بابەتی رۆژ نییە، ئەوەی منداڵ دەیڵێت لە گۆرانی گەورە جودایە، گەورە گۆرانی منداڵ ناڵێت، بە کورتی گۆرانی کوردی کات و شوێن و جۆری جیاوازە و دەگۆڕدرێن.
کەسێکی کوردناس دەربارەی گۆرانی کوردی وا دەڵێت و خۆشمان بە تایبەتی تەلەڤزیۆنی کوردی (مێش میوانمان نییە و خەمساردین) بەرانبەر گۆرانی کوردی چونکە (گۆرانی پیاوانەیە و منداڵ دەیڵێت، گۆرانی ژنانەیە و پیاوان دەیڵێن و منداڵانەیە منداڵ نایڵێت).
جگە لەمە ناکرێت هەندێک گۆرانی کە تێکستەکەی دەشێ بۆ کۆڕ و مەجلیسێک لە نێو ماڵ و چوا دیواردا گەر بگووترێت ئاسایی بێت بەڵام تۆ لە تەلەڤزیۆنەوە پەخش و بڵاوی بکەیتەوە، سەرنج بدەن
مشتێک نموونەی خەروارێکە، تا هەنووکە ئەم گۆرانییانە لە تەلەڤزیۆنی کوردییەوە بڵاودەبێتەوە، پێویستە : یان ئەوەتا ئەم گۆرانییانە ئەرشیڤ بکرێت کە قۆناغێکە لە قۆناغەکانی مێژووی گۆرانی کوردی یان ئەگەر بڵاودەکرێتەوە دەستکاری تێکستەکانی بکرێت، سەرنج بدەن :

ـــ دەست بەردە لە كابرای پیر.
ـــ لەمن و لە گولەی مێردت كاممانت زۆر خۆش دەوێ.
ــ بێوەژنە دەردی لە من.
ـــ سێ مانگەی زستان دایكت نەخۆش بێت
ـــ. لەسەر ماچێكت شەڕە خەنجەرە.
ـــ دایكەكەت بمرێ، باوكت بێ ئیمان.
ـــ تۆ قولە رەشی قەیناكا.
ـــ. جوانی جوانی بە ملیۆنێ هەرزانی.
ــ تەلەبی لە خودا ئەکەم چارەت لە گولەی نەنووسێ.
ــ ئەگەر بۆ خۆت رازی بیت وەی گولەی دەرمان خوارد ئەکەم.
ــ رەبی بابانت شێوێ ئەتۆ لە گولەی خەساری.
ــ لانک لانک لانکۆڵێ لانک لە دار هەنارێ
ئەک رۆڵە سەر دڵ خڕبی
باب مردووبی
شەو درەنگە بۆ جێژوانێ.
ــ سپی سادە بەلاشە
سور و سپی قوماشە
ئەسمەر بێ خاڵ لە رووت بێ
وەکو تۆپی قوماشـــــــــە.

(ئایا ئەم گۆرانییانە : هەستی بەرانبەر ــ بەتایبەتی بینەر و بیسەران ــ بریندار ناکات؟
ئاستی رۆشنبیری دەرناخات؟
سەنگەر گرتن و هەوڵدان بۆ کوشتن و مافی خەڵک خواردن نییە.؟!
روویەکی ناشیرینی ژیانی نەتەوەکەمان، لە رووی هونەرەوە (گۆرانی) پیشانی دنیا نادەین؟.)
مەبەستەکە ئەوەیە، تەلەڤزیۆنی کوردی بابەتێک پەخش و بڵاودەکاتەوە کە بۆ تەلەڤزیۆن نابێت چونکە لە زۆر (بەستە) ی شایی و گۆرانی میللی، حەزکردن روو لە ژنی شوکرد و خاوەن هاوسەر و مێرد دەکات وەک هەموو جارێک (شایەر ــ دیارە شایەر شایەنی رێزلێنانە چونکە ئەرشیڤێک و بەرهەمێکی زۆری ئەدەب و هونەری گۆرانی لایە و هونەرمەندێکی میللی یە و بژیۆی لەسەر گۆرانی وتنە و گۆرانی وتن بووە بە پیشەی رۆژانەی)، شایەر دەڵێت : (مێردە گولەی بمرێ) یا ناوێرم بێنم ناوی، یا گۆرانی (لانکۆڵێ)، ئەمە پیشاندانی رووی ناشیرینی کۆمەڵی ئێمە و ژنی ئێمە نییە بۆ دەرفەتی ژوانێک و منداڵیش ناخەوێ، شایەر بۆ خەڵک دەڵێت و خەڵکیش لە کوێدا پێی خۆش بێ و چی پێ خۆش بێ شایەر لەوێدا بۆی دەڵێ، بەڵام ئەم بابەتە بۆ تەلەڤزیۆنێک نابێت نەک لۆکاڵ چ جای سەتەلایت.
ئێمە رەخنە و گلەییەکەمان لە تەلەڤزیۆنە چونکە ئەوەتا سەرنج بدەن : پێشکەشکەر : بۆیە گەعدە خۆشە گۆرانیت بەسەردا هەڵدەدەن، ئەمە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە تەلەڤزیۆنێک لە رێگەی پێشکەشکەرێک کە سەرە واو لە سکیدا نییە و هیچ شارەزاییەکی دەربارەی هونەری گۆرانی کوردی نییە، شایەرێکی هێناوە (کە وەک لە پێشەوە باسمان کە شایەر شایەنی رێزە) کە کاری ئەو گۆرانی وتنە بەرانبەر بڕێک پارە، بۆیە هەر بەو هەوایەی گۆرانی بێژی خەڵکە، خەڵکیش لە کوێدا پێی خۆش بێ و چی پێ خۆش بێ لەوێدا بۆی دەڵێت کەزۆر جار هەست ناکات لە نێو تەلەڤزیۆنێکدایە و بە هەوای شایی و بۆنەکان روو لە ژنی شوکردوو دەکات و ئەوەی دەیڵێت نایڵێتەوە و چەپڵە و جۆش و خرۆشی پێشکەشکەریش زیاتر گەرمی دەکات، تۆ بڕوانە کەسێک، خێرەومەندێک لەم تەلەڤزیۆنەدا نییە بڵێت ئەم بابەتە بۆ تەلەڤزیۆن بە تایبەتیش (پەخشی سەتەلایت) ناگونجێ و رێگەپێدراو نییە.
ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێت، ئەمە جگە لە هەڵەی زمان و نەشارەزایی لە زمانی کوردیدا و هێنان و بردنی وشە بەدڵی خۆی
سەرنج بدەن پێشکەشکەری بەرنامەیەک چی دەڵێت !
میوانەكەم زۆر تایبەتە
گۆرانی بێژێكی تایبەت، میوانەكانم
بەختیان ھەیە، ئەم گۆرانی بێژە تایبەتە بۆ یەكەم جار لە پرۆگرامەكەی منەوە، پاش گەڕانەوەی بۆ وڵات میوانداری ئەكرێت.
كەسێك نییە، بڵێت دادەگیان : میوانی تایبەت، گۆرانی بێژی تایبەت، مانای چی؟
ئاخ خوێندەواری فریامان كەوە.
كورد دەڵێت : میوانی ئازیز، خۆشەویست، ناوەخت، دوورە وڵات…..
هەروەها پێشکەشکەرێک هیچ زانیارییەکی لەسەر گۆرانی کوردی (بەستە و مەقام) نییە کەچی بەرنامەی دیدار لەگەڵ گۆرانی بێژان پێشکەش دەکات :
پێشکەشکەر : بە گۆرانی بێژ دەڵێت مقامێکمان بۆ بڵێ
گۆرانی بێژ : ناوی مقامەکان دەزانیت؟
پێشکەشکەر : ناویان نازانم.
دەبێت هەر بۆ تەلەڤزیۆنی کوردی بگرین کاتێک پێشکەشکەرێک لە تەلەڤزیۆنێکەوە کە پەخشی سەتەلایت بێت و هیچ زانیارییەکی لەسەر بەرنامەیەک نەبێت کە خۆی پێشکەشی دەکات، دیارە بینەری بەرنامەکە دە هێندەی دڵسۆزانی ئەو تەلەڤزیۆنە خەم دای دەگرێت و خەم دەخوات بۆ داماوی و کۆڵەواری و نەشارەزایی پێشکەشکەرانی ئێمە لە چاو پێشکەشکەرانی تەلەڤزیۆنی دنیا بە تایبەتی دەوروبەر و دراوسێ، ئایا چ پاساوێک هەیە بۆ ئەمە، وا دیارە ئێمە زۆرمان ماوە تا لە ئاست تەلەڤزیۆنی دنیادا بین بۆیە کە لە سەرکردەیەکی کورد دەپرسن چۆن لە تەلەڤزیۆنی کوردی دەڕوانیت لە چاو تەلەڤزیۆنی دنیادا، لە وەڵام دا دەڵێت : جیاوازییەکە وەک ئۆتۆمۆبیلی باغە و
ئۆتۆمۆبیلی راستییە.
لەگەڵ ئەپەڕی رێزم بۆ دڵسۆزان و خەمخۆرانی تەلەڤزیۆنی کوردی، دیارە مەبەستەکە هەر ئەو پەندەیە کە دەڵێت :
دۆست ئەوەیە دەمگرێنێ، دوژمنیش ئەوەیە پێم پێ دەکەنێ

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*