سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » له‌ هه‌ڵبژاردنی ئۆكرانیادا ״خزمه‌تكاری گه‌ل״ سه‌ركه‌وتنی بەدەستهێنا

به‌ڵێنیان داوه‌ گه‌نده‌ڵی بنەبڕ بكه‌ن

له‌ هه‌ڵبژاردنی ئۆكرانیادا ״خزمه‌تكاری گه‌ل״ سه‌ركه‌وتنی بەدەستهێنا

رۆژی 21/7/2019، دانیشتووانی ئۆكرانیا بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان چوونه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و له‌پڕۆسەیەکی‌ دیموكراسییدا بۆ ده‌ستنیشانكردنی په‌رله‌مانێكی 424 كورسی‌، پارته‌كه‌ی «ڤلادیمیر زیلینسكی» سه‌رۆك كۆماری نوێی ئه‌و وڵاته‌ زۆربه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كرد.

گه‌نجه‌كان بردیانه‌وه‌
به‌پێی راپۆرتێكی پێگه‌ی شپیگل ئۆنلاین: حزبی «خزمه‌تكاری گه‌ل» بوو بە یه‌كه‌م پارتی سه‌ركه‌وتووی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ و تیایدا %44ی كۆی ده‌نگی هاووڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا و 250 كورسی بۆ خۆی مسۆگەر کرد. به‌م جۆره‌ له‌ دوای پێنج ساڵ له‌ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی پێشوو «ڤیكتۆر یانوكۆفیچ» له‌ژێر زه‌بری خۆپیشانده‌رانی داكۆكیكار له‌ یه‌كێتیی ئه‌وروپا و 28 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و وڵاته‌دا، ئه‌مجاره‌ پارته‌ ئۆپۆزسیۆنەکانی نزیك له‌ روسیا و سێبه‌ره‌كانیان، له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تمەدارە گه‌نجه‌كان شكستیان هێنا و ته‌نها %11,5 ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ست هێنا.

له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ گه‌نده‌ڵییه‌
له‌ ده‌یه‌ی رابردوودا، ئۆكرانییه‌كان به‌ده‌ست ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵی به‌رپرسان و به‌فیڕۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات و شه‌ڕ و شۆڕه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌یان گرفتی تره‌وه‌ كێشه‌یان هه‌بووه‌، برسێتی و نه‌بوونی و نائارامی باری سیاسی ته‌نگی به‌خه‌ڵك هه‌ڵچنیبوو، ده‌ستێوه‌ردانی روسیا له‌ كاروباری ناو‌خۆی ئۆكرانیای دراوسێ ببووه‌ مۆته‌كه‌یه‌ك به‌سه‌ر ژیانی سیاسی هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگه ‌و بارێكی قورسی خستبووه ‌سه‌ر شانی خه‌ڵك، لەئه‌نجامی ئه‌م دۆخەدا ‌توانرا به‌دوو شۆڕشی جه‌ماوه‌ری له‌ 2004 و 2014 دا كۆتایی به‌زوڵم بهێنن و ده‌روازه‌یه‌كی تازه‌ بۆ خۆیان بكه‌نه‌وه‌.ئێستا به‌سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پارته ‌و سه‌رۆكه‌كه‌ی، قۆناغێكی تازه‌ له‌ژیانی ئۆكرانییه‌كان ده‌ست پێده‌كات.

هونه‌رمه‌ندێك بۆته‌ سه‌رۆك
«ڤلادیمیر زیلینسكی» ئه‌كته‌ری كۆمیدی و به‌رهه‌مهێنه‌ری ته‌له‌فزیۆنی له‌ هه‌ڵبژاردنی چه‌ند مانگی رابردووی ئه‌و وڵاته‌دا به‌ بەدەستهێنانی رێژه‌ی %73، سه‌ركه‌وت و بووه‌ سه‌رۆكی ئۆكرانیا. ئێستا پارته‌ تازه‌كه‌ی «پارتی خزمه‌ت» ئه‌و پارته‌ی كه‌ ناوه‌كه‌ی له‌ درامایه‌كی ته‌نز ئامێزدا هاتووه‌ و كاتی خۆی زیلینسكی له‌و درامایه‌دا رۆڵی سه‌ره‌كی بینیوه‌. ئه‌و پارته‌ له‌هه‌ر 13 هه‌رێمه‌كه‌ و له‌ 125 بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن، له‌هه‌موویان زیاتری هێناوه‌ و ئێستا ده‌توانێت به‌ ئیئتیلافێك له‌گه‌ڵ پارتێكی تردا، حكومه‌ت پێكبهێنێ و بۆ یه‌كه‌مین جار له‌مێژووی وڵاته‌كه‌دا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری بگرێتە دەست.

ده‌ستوور هه‌موار ده‌كاته‌وه‌
به‌پێی پێگه‌ی كه‌ناڵی تیڤی »تاگشه‌و» بێت، له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و له‌وكاته‌وەی كه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ 41 ساڵه‌ بووه‌ سه‌رۆك، په‌یمانی به‌ گه‌له‌كه‌ی داوه‌ كه‌ ژیان و گوزه‌رانیان بگۆڕێت، برسێتی و نه‌بوونی نه‌هێڵێ و به‌ بازوویه‌كی پۆڵایینه‌وه‌ رووبه‌ڕووی گه‌نده‌ڵكاران ببێته‌وه‌. گه‌ل یه‌كده‌خات، له‌گه‌ڵ هاوڕێ سیاسییه‌ گه‌نجه‌كاندا قۆناغێكی تازه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یان ده‌هێننه‌ كایه‌وه‌، كه‌ هه‌مووان له‌ژێر سێبه‌ری حكومه‌تێكی تۆكمەدا‌ بحه‌سێنه‌وه‌. به‌ڵێنیداوه‌‌ ده‌ستووری وڵاته‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك هه‌موار بكاته‌وه‌، كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیدا بێت، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ سێ له‌سه‌ر چواری ده‌نگی په‌رله‌مانتاران هه‌یه‌ تابتوانن ده‌ستوور هه‌موار بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نێك یان چه‌ند لایه‌نێك گرێ بدات. پێشوه‌ختیش رایگەیاندبوو كه‌ نایه‌وێت هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ پارته‌ نزیكه‌كانی روسیا و ڤلادمیر پوتین و نەیارانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا و پارته‌كه‌ی «لیمۆتینۆشینكۆ»ی سه‌رۆ‌ك وه‌زیرانی پێشوو بكات، كه‌ رێژەی %8یان هێناوه‌.

به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات؟
میدیای ئه‌ڵمانی کە رووماڵی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی كرد، كه‌ناڵه‌ جیاجیاكان دەربارەی پڕۆسەکە دووان. رۆژنامه‌ی»تاگس شپیگل» نووسیویه‌تی: له‌دوای نه‌هامه‌تی و شه‌ڕ و شۆڕ و بێ وه‌زعییه‌كی زۆری خه‌ڵكی ئۆكرانیا، ئێستا چاره‌نووسی وڵات كه‌وتۆته‌ ده‌ستی ئه‌و پارته‌ و سه‌رۆكه‌كه‌ی، جارێ دیار نییه‌ كه‌ ئایا له‌ به‌ڵێنه‌كانیاندا راستگۆن یان نا؟، چه‌ند مانگی داهاتوو سه‌ره‌داوه‌كان ده‌رده‌كه‌ون.

ئه‌وروپا پشتیگری ده‌كات
رۆژنامه‌ی »فرانكفۆرته‌ ئه‌لگیماینه‌ زایتۆنگ»یش نووسیویه‌تی: ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ و هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵات نه‌ك ته‌نها بۆ ئۆكرانییه‌كان گرنگه‌، به‌ڵكو بۆ هه‌موو ئه‌وروپاش گرنگە، چونكه‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا پشتیوانی سیسته‌می تازه‌یان ده‌كرد تا له‌ژێر هه‌ژموونی روسیا بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ و ببێته‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست و سه‌روه‌ریی خۆی.

دوو دۆسێ
«بادیشه‌ زایتۆنگ» له‌ نووسینێكیدا ده‌ڵێت: دوو دۆسێ‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا ئه‌و سه‌رۆک و پارته ‌تازه‌یه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا سه‌ركه‌وتوو ده‌بن یان نا؟ یه‌كه‌میان بنەبڕكردنی گه‌نده‌ڵییه‌ كه‌ ماوه‌ی رابردوو هه‌موو بواره‌كانی گرتبۆوه‌. دووه‌میشیان رێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ ڤلادمیر پوتین كه‌ ئیدی نه‌هێڵێت ده‌ست له‌كاروباری وڵاته‌كه‌ی وه‌ربدات.
رۆژنامه‌ی »سود دۆیچه‌زایتۆنگ»یش به‌هه‌مان شێوه‌ پێیوایه‌ كه‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نه‌هێشتنی، چه‌ند ساڵێك ده‌خایه‌نێ و به‌ چه‌ند مانگێك سه‌رناگرێت، ئه‌مه‌ش كۆده‌نگی و پشتیوانی زۆرینه‌ی په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌وێت. جارێ زووه‌ تا سه‌ركه‌وتنی ئه‌و سه‌رۆكه‌ رابگه‌یه‌نین.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*