سەرەکی » وتار » د.عیزه‌دین مسته‌فا » ئه‌م كابرایه‌

ئه‌م كونجه‌ش

ئه‌م كابرایه‌

له‌ شیعره‌ كاریكاتۆری یه‌كانی گۆراندا هاتووه‌ – كه‌ خۆی شیعری (گه‌پ)ی پێ ده‌ووتن.
ئه‌م كابرایه‌
بێ حه‌یایه‌
بێ ئیمان و بت خوایه‌
ئه‌مه‌م هاته‌وه‌ بیر كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ كه‌ناڵه‌ (زۆر بێ و بۆر بێ)کاندا برایه‌كم دی كه‌ خۆی به‌ نووسه‌رێكی گه‌وره‌ ده‌زانێ – باسی پیاوێكی گه‌وره‌ی كوردی ده‌كرد – هه‌ر زوو زوو ده‌یووت (ئه‌م كابرایه‌) – به‌ڵێ ڕقم هه‌ستا – ڕاسته‌ یا ئه‌بێ (كابرا) له‌(كاكه‌برا)وه‌ په‌یدابووبێ – به‌ڵام ئه‌وه‌ی من بیستوومه‌ كه‌ هه‌ر به‌ یه‌كێكی بچووك و له‌لاوه‌ هاتوو ده‌ڵێن (كابرا) – یا به‌ یه‌كێكی نه‌ناسراو وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێن ( كابرایه‌ك له‌ قه‌راغ شار بامێ و ته‌ماته‌ ده‌فرۆشێ) – به‌ڵام من نه‌مبیستووه‌ به‌ پیاوێكی گه‌وره‌ و ناسراو بووترێ (ئه‌م كابرایه‌) – خۆ كوردی فراوانه‌ و ده‌توانین ئه‌م (پیاوه‌) یان (ئه‌م كه‌سه‌) یا (ئه‌م ناوداره‌) به‌كاربێنین و نه‌ڵێین (ئه‌م كابرایه‌) هه‌ر باش بوو نه‌یده‌ووت (ئه‌م هه‌تیوه‌).
به‌دوواداچوونێ:
له‌گه‌ڵ وه‌ڵامدانه‌وه‌ یا به‌دوواداچوون نیم. به‌ڵام كه‌ هه‌ندێ كه‌س (كونجه‌) كانیان به‌دڵه‌ – با كه‌میش بن. ئه‌وا هه‌ندێ به‌دووداچوون به‌ باش ئه‌زانم. كابرایه‌ك – ئه‌مجاره‌ (كابرایه‌ك)- ناویشی نابه‌م شتێكی نووسیبوو. به‌ برایانی (كوردستانی نوێ)م ووت – له‌سه‌ری ده‌نووسم – پێیان خۆشنه‌بوو. به‌ڵام با لا به‌ لا چه‌ند قسه‌ بكه‌م.
كابرا نووسیبووی: (گاڵته‌جاره‌كه‌ی مه‌هداوی). ئه‌مه‌ قسه‌ی به‌عسی یه‌كانه‌.
مه‌هداوی – تێكۆشه‌ر و ئازا بوو. دادگای وا پێشتر له‌ سووریه‌ نه‌بێ – دادگاكه‌ی (عه‌فیف بزری) سه‌رۆكی بوو. دادگای وام نه‌دیووه‌.
تاوانباركراو – ئه‌گه‌ر پارێزه‌ری نه‌بووبێ. دادگا پارێزه‌ری بۆ ئه‌هێنا. كه‌ به‌ ڕاستی پارێزه‌ریان ده‌كرد. دادگاكه‌ یه‌كسه‌ر به‌ (رادیۆ) ده‌گه‌یشته‌ هه‌موو خه‌ڵك (ئه‌و كاته‌ – ته‌له‌فزیۆن نه‌بوو). كه‌سێكی وه‌ك سه‌عید قه‌زاز قسه‌ی زۆری به‌ عه‌بدولكه‌ریم قاسم ووت: به‌ڵام هه‌موو قسه‌كانی گه‌یشتنه‌ خه‌ڵك. پاشان (كابرا) – هێرشێكی زۆری كردۆته‌ سه‌ر شه‌هید عه‌بدولكه‌ریم قاسم كه‌ گوایه‌ – كوردی كوشتووه‌.
بۆ ئه‌مه‌ش:
عیراق تا ئێستا سه‌ركرده‌ی ده‌ست و داوێن پاكی وه‌ك عه‌بدولكه‌ریم قاسمی نه‌دیووه‌. كه‌ شه‌هید كرا (17) دیناری له‌ بانقی تیجاریدا هه‌بوو – (12) دیناریش له‌ گیرفانیدا بوو. هه‌رچی هێرشی سه‌ر كورده‌ – ئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌بیرمانه‌. (عه‌شایه‌ر) به‌ سه‌رۆكایه‌تی دوو سه‌رۆك عه‌شیره‌تی ناسراو، له‌ ده‌ربه‌ندی بازیان كۆبوونه‌وه‌. بۆ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا – كه‌ ئیسلاحی زراعیی كردبوو له‌ چوار ساڵدا – ده‌ره‌به‌گی له‌ عیراقدا نه‌هێشت و زه‌ویی به‌سه‌ر فه‌للاحدا دابه‌ش كرد. دیاره‌ به‌ ده‌ره‌به‌گی كوردیشه‌وه‌.
ئه‌و گردبوونه‌وه‌یه‌ی (عه‌شایه‌ر) له‌ ده‌ربه‌ندی بازیان بۆ ڕوخاندنی عه‌بدولكه‌ریم قاسم بوو – به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌و توند و بێ ره‌حمانه‌ لێیدان. به‌ڵام كه‌ خه‌ڵك كۆبوبونه‌وه‌ مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د و مام جه‌لال له‌ ده‌ستی ئه‌وانی سه‌ند و (مه‌لا مسته‌فای به‌رزانی) یش له‌ ده‌ستی ئه‌وانی سه‌ند و له‌ جیاتی به‌رگری له‌ ده‌ره‌به‌گ – بوو به‌ شۆڕشی ئه‌یلوول. ئه‌مه‌ ڕاست گوتنی مێژووه‌. تكایه‌ ئه‌م قسانه‌م بڵاو بكرێته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*