سەرەکی » وەرزش » یادی 35 ساڵه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشیی كوردی

یادی 35 ساڵه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشیی كوردی

زاگرۆس نانه‌كه‌لی

سبه‌ی سێ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 30/7/2019 رۆژنامه‌گه‌ری وه‌رزشی كوردی پێ ده‌نێته‌ 35 ساڵه‌ی ته‌مه‌نییه‌وه‌، رۆژنامه‌ی (كاروانی وه‌رزش) رۆژی 30/7/1985 بۆیه‌كه‌م جار وه‌كو رۆژنامه‌یه‌كی وه‌رزشیی كوردی بڵاوكرایه‌وه‌،ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ وه‌ك مێژوو بۆیه‌كه‌م جار له‌ هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان به‌زمانی كوردی بڵاوكرایه‌وه‌،پێشتر له‌ رۆژنامه‌كانی پێشكه‌وتن و ئه‌وانی تر بابه‌تی وه‌رزشی و لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزشی هه‌بووه‌،به‌ڵام وه‌كو رۆژنامه‌یه‌كی وه‌رزشی به‌ر له‌ كاروانی وه‌رزش هیچ رۆژنامه‌یه‌ك نه‌بووه‌.
راسته‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ زیاتر له‌ خزمه‌تی سیاسه‌تی ئه‌وكاتی رژێمی به‌عسدا بوو، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نووس وچه‌ند رۆژنامه‌نووسێكی وه‌رزشیی كارییان تیاداكرد و خۆیان داڵده‌ دابوو و بژێوی ژیانیان له‌م رۆژنامه‌یه‌ په‌یدا ده‌كرد،هه‌روه‌ها چه‌ندین بابه‌تی مێژووی وه‌رزشی كوردی كه‌ ئه‌وكات له‌ فه‌وتان و نه‌مان رزگاربوو،هه‌روه‌ها هه‌واڵی وه‌رزشی تیپه‌كانی شاره‌كانی باشووری كوردستان و یاریزانانی دێرینی كورد و یارییه‌ فۆلكلۆرییه‌ كوردییه‌كان وبابه‌تی ستوونی ره‌خنه‌یی و بابه‌تی ته‌ندروستی وه‌رزشی و بابه‌تی جۆراوجۆری وه‌رزشی تیا بڵاوده‌كرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش خزمه‌تێكی گه‌وه‌ری رۆنامه‌گه‌ری وه‌رزشی كوردی و وه‌رزشكارانی كوردستانی كرد،بۆیه‌ ئه‌رێنی ونه‌رێنی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ زیاتر بۆ پسپۆڕان وخوێنه‌رانی وه‌رزشی و میدیاكارانی وه‌رزشی و وه‌رزشكاران جێدێڵین.

یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشی كوردی
مێژووی رۆژنامه‌ی گه‌ری كوردی له‌ خانه‌واده‌ی به‌درخانییه‌كانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، كاتێك 22/4/1898 یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی به‌ناوی (كوردستان) له‌ قاهیره‌ی پایته‌ختی میسرر بڵاوكرایه‌وه‌.
به‌ڵام گه‌ڕان به‌دوای یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشی كوردیدا،یاخود یه‌كه‌م هه‌واڵی وه‌رزشی كوردی،یان یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشی ئازاد،ده‌كرێت كارێكی وورد و به‌ سه‌لیقه‌ی بۆ بكین،چونكه‌ پێوویسته‌ میدیاكارانی وه‌رزشی كوردی رۆژێكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت بۆ یادی رۆژنامه‌گه‌ری وه‌رزشی كوردی،هه‌روه‌ها ده‌بێت رۆژێك هه‌بێت بۆ رۆژی میدیاكارانی وه‌رزش كوردستان.
پێشووتر له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌ك باسكراوه‌ كه‌ رۆژی میدیاكارانی وه‌رزشی له‌ 12/7/2006 ده‌ست پێده‌كات،كاتێك بۆیه‌كه‌مجار له‌ كوردستان رێكخراوێكی میدیاكارانی وه‌رزشی دامه‌زرا به‌ناوی (كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان)،دوو هه‌فته‌ش له‌مه‌وبه‌ر یادی (14) ساڵه‌ی رۆژی میدیاكارانی وه‌رزشی كوردستان بوو كه‌ له‌ 12/7/2009 بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌س ئاگاداری نه‌بوو.
گه‌ر ویستمان ئه‌وه‌ بێت چۆن رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری یاخود رۆژی میدیای وه‌رزشی كوردی دابمه‌زرێنین، ئه‌وا ده‌بێت وه‌كو سه‌ره‌تایه‌ك روو له‌ مێژووی نووسینی وه‌رزشی كوردی بكه‌ین،چونكه‌ میدیای وه‌رزشی نووسراو پێش بیسترا و بیندرا و چه‌سپاو سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و ئه‌و به‌ كۆنترین هه‌ژمار ده‌كرێت،كه‌واته‌ روو له‌ نووسینه‌كانی وه‌رزشی ده‌كه‌ین له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ كۆنه‌كانی كوردی،بۆ دامه‌زراندن و دیاركردنی رۆژی میدیای وه‌رزشی كوردی،ده‌بێت كار له‌سه‌ر سێ مێژوو بكه‌ین و پرسیاره‌ گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ئه‌كادیمی وهزری و لۆژیكانه‌ لای خوێنه‌ر و میدیاكارانی وه‌رزشی و رۆژنامه‌نووس ومێژوو نووسه‌كان جێ بهێڵین.
یه‌كه‌م» رۆژی 2-6-1921 له‌رۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن یه‌كه‌م بابه‌تی وه‌رزشی نووسراو بڵاوكرایه‌وه‌ به‌ناونیشانی (ئه‌سپ تاودان) كه‌ زۆر له‌ بۆچوونه‌كان ده‌ڵێن خودی (مێجه‌ر سۆن) نووسویه‌تی.
دووه‌م» رۆژی 30-7-1985 بۆیه‌كه‌م جار رۆژنامه‌ی (كاروانی وه‌رزش) له‌دایكبووه‌،هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عس بوو،به‌ڵام وه‌ك مێژوو ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ به‌ ڕسمی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشی كوردییه‌.
سێیه‌م» رۆژی 17-6-1994 یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشی كوردی ئازاد له‌دایكبوو،كه‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ نووسه‌ر وخوێنه‌ر و هه‌موو ستافه‌كه‌ی له‌ دوای راپه‌ڕین بوو،به‌رۆژنامه‌یه‌كی وه‌رزشی كوردی ئازاد ناوزه‌ند ده‌كرێت وبیرۆكه‌ی ئه‌م رۆژنامه‌ وه‌رزشییه‌ به‌نده‌ بوو.
پرسیاره‌كه‌ لێره‌ ده‌ست پێده‌كات،گه‌ر باس له‌یه‌كه‌م نووسینی وه‌رزشی بكرێت،ئه‌وا ده‌بێت رۆژی 2-6-1921 بكرێت به‌م رۆژه‌،گه‌ر یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشی كوردی به‌فه‌ڕمی دامه‌زرابێت،ئه‌وا ده‌بێت 30-7-1985 بكرێت به‌م یاده‌،گه‌ر یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشی كوردی ئازاد بێت،ئه‌وا 17-6-1994 ده‌بێت به‌م یاده‌،بۆیه‌ هه‌ر چۆن له‌سه‌ره‌تاش باسم كرد پرسیاره‌كه‌ بۆ خودی میدیاكارانی وه‌رزشی و رۆژنامه‌نووسان ومێژوونووسان وئه‌كادیمی وپسپۆڕانی بواری مێژووی رۆژنامه‌گه‌ری جێدێڵم.
چۆنیه‌تی ده‌رچوونی كاروانی وه‌رزش
ده‌رچوونی كاروانی وه‌رزش چیرۆكی راسته‌قینه‌ی خۆی هه‌یه‌،گرنگ راستی چیرۆكه‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی وه‌رزشی كوردی بزانین، راسته‌ كاروانی وه‌رزش له‌سه‌رده‌می رژێم ده‌رچوو،به‌ڵام وه‌ك مێژوو زۆربه‌ی زۆری دید و بۆچوونه‌كان به‌ یه‌كه‌م سه‌رچاوه‌ و یه‌كه‌م هه‌نگاوی رۆژنامه‌گه‌ری وه‌رزشی كوردی هه‌ژماری ده‌كه‌ن،بۆیه‌ نووسه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌م و سپۆڕانی ئێستای رۆژنامه‌گه‌ری كوردی باس له‌ ده‌رچووی (كاروانی وه‌رزش) ده‌كه‌ن.

نازم دڵبه‌ند / شاعیر و نووسه‌ر ورۆژنامه‌نووس
نازم دڵبه‌ندی شاعیر و نووسه‌ر ورۆژنامه‌نووسی دیاری گه‌له‌كه‌مان،باس له‌ چۆنیه‌تی ده‌رچوونی كاروانی وه‌رزش ده‌كات و ده‌ڵێت: پاشكۆی گۆڤاری كاروان بوو به‌ناوی (كاروانی وه‌رزش)،كاتی خۆی له‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتی رۆشنبیری و لاوان له‌ هه‌ولێر،گۆڤارێك ده‌رده‌چوو به‌ناوی گۆڤاری كاروان،سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی (حسێن عارف) بوو،ئه‌و كات ده‌ركردنی گۆڤار و رۆژنامه‌ئاوا ئاسان نه‌بوو، بێگومان هۆكاری زۆربوو ئێستا باس ناكرێت،براده‌رانی وه‌رزش ولاوان قسه‌یان له‌گه‌ڵ (محه‌مه‌دئه‌مین شه‌مبی) ئه‌مینداری گشتی رۆشنبیری و لاوان كرد،ئه‌و كات هه‌وڵی زۆرماندا تا كه‌لێنێكی یاساییمان دۆزیه‌وه‌ تا پاشكۆیه‌كی وه‌رزشی بكه‌ین به‌پاشكۆی گۆڤاری كاروان تا ئه‌م رۆژنامه‌ وه‌رزشییه‌ ده‌ربكه‌ین،سه‌رئه‌نجام توانیمان قایلیان بكه‌ین و رۆژنامه‌یه‌كی وه‌رزشی هه‌موو رۆژانی چوارشه‌ممه‌ ده‌ربكه‌ین به‌ناوی (كاروانی وه‌رزش).
ئه‌و كات ئه‌وانه‌ی ئه‌م رۆژنامه‌وه‌رزشییه‌یان به‌رێوه‌ ده‌برد ئه‌مانه‌بوون (سه‌عید یه‌حیا،نازم دڵبه‌ند،ئه‌سعه‌د عه‌دۆ) وه‌ك ستافی یه‌كه‌می رۆژنامه‌ی كاروانی وه‌رزش بووین،له‌چاپخانه‌ی رۆشنبیری هه‌ولێر چاپكرا

نه‌وزاد عه‌لی و كاروانی وه‌رزش
نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د نووسه‌ری دیار رۆژنامه‌گه‌ری كوردی سه‌باره‌ت به‌بیرۆكه‌ی ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی كاورانی وه‌رزش ده‌ڵێ: ئه‌مینداریه‌تی گشتی رۆشنبیری ولاوان له‌گه‌ڵ وه‌رزشكارانی كوردستان ئه‌م بیرۆكه‌یان پێشكه‌شكرد و پرۆژه‌كه‌یان جێ به‌جێكرا،چونكه‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتی رۆشنبیری و لاوان ئه‌م پرۆژه‌یان له‌لایه‌ن وه‌رزشكارانی شاره‌كانی باشووری كوردستانه‌وه‌ پێشكه‌شكرا و ئه‌وانیش قایل بوون، رۆژی سێشه‌ممه‌ 30/7/1985 یه‌كه‌م ژماره‌ی كاروانی وه‌رزش ده‌رچوو.
نه‌وزاد سه‌باره‌ت به‌كاركردنی خۆی له‌م رۆژنامه‌ وه‌رزشیه‌ ده‌ڵێ: من كه‌چوومه‌ كاروانی وه‌رزش هه‌شت نۆ ژماره‌ی لێده‌رچووبوو،پێویستیان به‌ نووسه‌ر و هه‌ڵه‌بڕ هه‌بوو، پاشكۆی گۆڤاری كاروان بوو،سه‌ره‌تا كێشه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌بوو ئایا له‌گه‌ڵ گۆڤاری كاروان بێت یان جیابكرێته‌وه‌، دواجار بڕیاردرا جیا بكرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر سه‌ر به‌ گۆڤاری كاروان بوو،رۆژنامه‌یه‌كی قه‌باره‌ گه‌وره‌ و هه‌فته‌ی جارێك ده‌رده‌چوو، هه‌ندێك جار رۆژنامه‌ی كاروانی وه‌رزش چوار لاپه‌ڕه‌بوو هه‌ندێك جاریش هه‌شت لاپه‌ڕه‌بوو،لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌م وكۆتایی ره‌نگاو ره‌نگ بوو،به‌ڵام ته‌نها یه‌ك ره‌نگ به‌كار ده‌هات،لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می رۆژنامه‌كه‌ سیاسی بوو.

پرۆفیسۆر دكتۆر هیمداد حسێن
پرۆفیسۆر دكتۆر هیمداد حسێن سه‌باره‌ت به‌ كاركردن و ده‌رچوونی رۆژنامه‌ی كاروانی وه‌رزش به‌م شێوه‌ باس ده‌كات:ئ ه‌و رۆژنامه‌یه‌ هه‌فتانه‌ بڵاوده‌كرایه‌وه‌،ئه‌وه‌ی له‌ بیرم مابێ،شاعیره‌كان كه‌ریم ده‌شتی و خوالێخۆشبوو فه‌رید زامدار و سه‌عدوڵڵا په‌رۆش و نه‌وزاد ره‌فعه‌ت له‌وێ كاریان ده‌كرد، لایه‌نی هونه‌ری و دیزاین خوالێخۆشبوو یاسین عاصم و محه‌مه‌د زاده‌ و عوسمان پیرداود به‌ڕێوه‌یان ده‌برد، منیش پێداچوونه‌وه‌ی زمانی هه‌ڵه‌چنیم بۆ ده‌كرد و دواتریش له‌ لاپه‌ڕه‌ی كۆتاییدا گۆشه‌یه‌كم ده‌نووسی و ره‌خنه‌ی وه‌رزشی ولێكۆڵینه‌وه‌ی وه‌رزشی و بابه‌تی جۆرواجۆرم ده‌نووسی و گرنگ ئه‌وه‌ بوو ئه‌مه‌ ئه‌زموونێكی تازه‌بوو بۆ هه‌موومان.

ئه‌وانه‌ی له‌ كاروانی وه‌رزش-دا بابه‌تیان هه‌بووه‌
رۆژنامه‌ی كاروانی وه‌رزش 30-7-1985 ژماره‌ یه‌كی بڵاوبووه‌ته‌وه‌ ، تا ساڵی 1990 به‌رده‌وام بووه‌، دواتر وه‌ستا، لێره‌دا ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ هاتووه‌ كه‌بابه‌تیان بڵاوكردۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی تێكڕای ژماره‌ ده‌رچووه‌كانی رۆژنامه‌ی كاروانی وه‌رزش له‌وانه‌یه‌ ناوی هه‌ندێك كه‌س نه‌هاتبێت كه‌ ئه‌مه‌ش خه‌تای ئێمه‌ی تێدا نییه‌.
*ناوه‌كان: صدیقی گچكه‌، عیماد قادر ،شه‌پۆڵ، محه‌مه‌د تاهیر حسێن، بازۆ، و.ن. عه‌بدوڵڵا، نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د، ستار عه‌بدوڵڵا به‌رزنجی، هۆشیار عه‌بدولڕه‌حمان ، بۆتان جه‌لال، عومه‌ر ئیبراهیم عه‌زیز، هێژا،عه‌بدوڵڵا ئه‌ژی، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا جاسم، خالید صاڵح حه‌سه‌ن،سه‌لام قه‌ڵادزێی،نازم دڵبه‌ند، محه‌مه‌د خدر مه‌ولود، سیڤه‌ر، عه‌بدولحه‌كیم مسته‌فا ره‌سوڵ، فریاد محه‌مه‌د رواندزی، ئه‌سعه‌د عه‌دۆ،حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د جاف، حه‌مه‌ سه‌عید، محه‌مه‌د مه‌لا ئه‌سعه‌د،سامان عه‌لی قادر، مه‌حمود خه‌سرۆ كاوانی، جه‌لال صدیق ساڵح، سه‌ڵاح حه‌سه‌ن عه‌بدولكه‌ریم، سین ته‌نها ستوون به‌و ناوه‌ خوازراوه‌ هه‌بوو، مه‌حمود عه‌زیز، عه‌بدوڵڵا گه‌ڵاڵی، یاسین عه‌زیز، فه‌رهاد صدیق محه‌مه‌د، مه‌غدید حاجی، عه‌بدولخالیق سه‌رسام، نیازی حه‌مه‌عه‌زیز، بێشوار مسته‌فا، حه‌سه‌ن عوسمان عه‌بدوڵڵا، ئه‌كره‌م عه‌بدولجه‌بار محه‌مه‌د، نسكۆ ته‌نها ستوون به‌و ناوه‌ خوازراوه‌ هه‌بوو، جه‌عفه‌ر حامید حه‌مه‌ده‌مین، یاسین عاصم، بورهان سه‌عید، شێرزاد ئه‌حمه‌د خدر، نه‌به‌ز محه‌مه‌د عه‌لی، نۆژه‌ن، شه‌هاب عوسمان،حه‌مه‌ بچكۆل، بێژه‌ن، ره‌وه‌ند محه‌مه‌د، نوره‌دین ئه‌نوه‌ر، عه‌بدولستار جه‌باری، بابی بێریڤان، محه‌مه‌د ساڵه‌یی-كاریكاتێرست، كاوه‌، سامان، خالید جووتیار، محه‌مه‌د تاهیر حسێن، مزه‌فه‌ر سلێمان، حه‌مزه‌ عه‌لی ساڵح، حسێن محه‌مه‌د هروری، ئازاد، غه‌یاسه‌دین عه‌لی نه‌قشبه‌ندی، حه‌سه‌ن عوسمان عه‌بدوڵڵا، رۆسته‌م باجه‌لان-شیعری وه‌رزشی، نازم حه‌سه‌ن، هیوا قادر، هه‌ڤاڵ جه‌میل، مسته‌فا زه‌نگه‌نه‌، عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف، صدیق سه‌عید محه‌مه‌دئه‌مین، وشیار سه‌ید ئه‌حمه‌د، حه‌مه‌ عه‌باس، حه‌مه‌ سه‌عید حه‌مه‌ كه‌ریم، نه‌جات عه‌بدوڵڵا، یاسین، فه‌رید ئه‌حمه‌د، ئه‌حمه‌د سه‌پان، رێبوار محه‌مه‌د یوسف قه‌ڵادزێی، مه‌حمود خه‌سرۆ كاوانی، سه‌گڤان یوسفی، بێشوار مسته‌فا عه‌بدوڵڵا، عیماد مه‌حمود عه‌لی، موحسین ئاواره‌، فه‌رید زامدار، فه‌رید محه‌مه‌دئه‌مین، به‌رزۆ عه‌لی هه‌ژار، ئه‌حمه‌د شادی، عه‌بدولصه‌مه‌د ئیسلام ته‌ها، بڵند عه‌لی نه‌قشبه‌ندی، مه‌ولود قادر بێخاڵی، عومه‌ر مه‌رگه‌یی، ئیسماعیل ئه‌نوه‌ر به‌رزنجی، سه‌ردار ئه‌سعه‌د په‌ری-شیعری وه‌رزشی منداڵان، حه‌مه‌ جاف، فه‌ره‌یدون حه‌سه‌ن محه‌مه‌د، سیروان، خه‌سرۆ ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د، هیمداد حسێن به‌كر، نازم حسێن، فازڵ عه‌لی، شاهین نه‌جمه‌دین، مه‌زۆ له‌شكری، خه‌لیل یابه‌ كه‌ریم، ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا جاسم، دڵشاد مه‌ریوانی، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن باقر، محه‌مه‌د هاشم خه‌لیل، محه‌مه‌د عه‌زیز فه‌تاح، چیا، شێرزاد قادر، هه‌ڵۆ، سه‌عد شكاك، سه‌ردار میران، نه‌ریمان محه‌مه‌د قادر). هه‌روه‌ها چه‌ند خاتوونێك بابه‌تیان بڵاوبۆته‌وه‌ به‌م ناوانه‌ (ناسكه‌ محه‌مه‌د دزه‌یی، بێری محه‌مه‌دی، زیلان،دایكی ره‌گه‌ز، زبێده‌ محه‌مه‌د، گلار حه‌بیب محێدین، به‌هات شه‌تره‌نج، ده‌ریا باجه‌لان-شیعری وه‌رزشی منداڵان، سامیه‌ محه‌مه‌د، سۆلاڤـ محه‌مه‌د عه‌لی، رووبار ئه‌حمه‌د جاف.

دوا په‌یڤ
بخوێنه‌وه‌،جوان گوێ بگره‌،گه‌ڕال ئاسا بگه‌ڕێ به‌دوای سه‌رچاوه‌كان،واز له‌ ركابه‌ری بێ سوود بێنه‌،واز له‌ لووت به‌رزی خۆ به‌زلزان بێنه‌،نیشتیمان و وه‌رزش و میدیای وه‌رزشت خۆش بوێت،پیرۆزه‌ (35) ساڵه‌ی رۆژی میدیای وه‌رزشی كوردی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*