سەرەکی » وەرزش » رۆژێك بۆ میدیای وه‌رزشیی كوردی!

رۆژێك بۆ میدیای وه‌رزشیی كوردی!

زاگرۆس نانه‌كه‌لی

رۆژێك بۆ میدیای وه‌رزشی كوردی هه‌نگاوێكه‌ بۆ پێناسه‌یه‌كی سه‌ره‌تای میدیای وه‌رزشی كوردی،مافێكی ره‌وای خودی میدیاكارانی وه‌رزشی كوردییه‌ رۆژێك بۆ یادی میدیای وه‌رزشی كوردی دابنێن،چونكه‌ ناكرێت یادی (35) ساڵی میدیای وه‌رزشی كوردی بكرێته‌وه‌، رۆژێكمان نه‌بێت بۆ ئه‌م بۆنه‌ مێژوویی و نه‌زانداراوه‌.
رۆژی12/7/2019 یادی (14) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كه‌م رێكخراوی میدیای وه‌رزشی كوردی بوو،كه‌ دامه‌زراندن وله‌دایكبوونی (كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی كوردستان) بوو،كه‌ رێك له‌ رێكه‌وتی 12/7/2006 دامه‌زرا،به‌ڵام ئه‌م یاده‌ نه‌كه‌س دركی پێكردو و نه‌كه‌س پێیزانی، كێ ده‌ڵێ ئه‌و په‌نده‌ كوردییه‌یان ره‌چاو نه‌كردووه‌ (له‌ دووچوان مه‌چوو)،ماڵ وێرانی و كاره‌ساته‌كه‌ لێره‌ له‌نگه‌ر ده‌گرێت،ئه‌وه‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ زیاتر له‌ (40) ملیۆنه‌ مرۆڤه‌و (35) ساڵه‌ ته‌مه‌نی له‌دایكبوونی ئه‌م رۆژه‌یه‌، كه‌چی ئێمه‌ (خه‌وتوانی یارانی ئه‌شكه‌وت) له‌ئێمه‌ به‌ ئاگاترن، نه‌بووه‌ وناكرێت گه‌لێكی زیندوو ئاگای له‌ مێژوو وخودی خۆی نه‌بێت،رۆژنامه‌یه‌كی وه‌رزشی كوردی به‌ر له‌ (35) ساڵ بۆ یه‌كه‌مجار له‌دایك ده‌بێت و نامانه‌وێت زانیاریمان له‌سه‌ر هه‌بێت، كه‌واته‌ نامانه‌وێت كه‌سی ئه‌كادیمی و زانستی و پڕۆفیشناڵ بین،حه‌ز به‌ ئه‌وه‌ی خۆمان پێمان راسته‌ ده‌كه‌ین و یاخود پێمان ده‌ڵێن وابكه‌ و واده‌كه‌ی ونامانه‌وێت خۆمان سه‌ره‌تایه‌كی باش بۆ میدیا ومیدیاكارانی وه‌رزشی هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستان دابنێن و بیكه‌ین به‌ یاسا و په‌یڕه‌و پڕۆگرامی بۆ دابنێین و بۆ خۆمان و نه‌وه‌ی داهاتوو سوودی لێوه‌ربگرن.
به‌ر له‌وه‌ی رۆژێك بكه‌ین به‌ یادی میدیای وه‌رزشی كوردی،سێ مێژووی میدیای وه‌رزشی یان (مێژووی رۆژنامه‌گه‌ری وه‌رزشی كوردی) مان له‌به‌ر ده‌سته‌ تا یه‌كێكی مێژووی وئه‌كادیمی و راست هه‌ڵبژێرین بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ رۆژێكی فه‌ڕمی میدیای وه‌رزشی كوردی،یه‌كه‌م 2/6/1921 كاتێك رۆژنامه‌ی پێشكه‌وتن یه‌كه‌م بابه‌تی وه‌رزشی بڵاوكرده‌وه‌ به‌ناوی (ئه‌سپ تاودان)، مێژووی دووه‌م 30/7/1985 واته‌ (35) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر رۆژنامه‌ی (كاروانی وه‌رزش) یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی وه‌رزشی وردی له‌هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان له‌دایكبوو،مێژووی سێیه‌م 17/6/1994 یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی وه‌رزشی كوردی ئازاد له‌ دوای راپه‌ڕین به‌ناوی (پاشكۆی مۆندیال) ی كوردستانی نوێ له‌دایكبوو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م یاده‌ زیاتر ده‌بێته‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری وه‌رزشی كوردی،به‌ڵام زیاتر من گشتگیرم كردووه‌ و كردوومه‌ به‌ (رۆژی میدیای وه‌رزشی كوردی) كه‌ هه‌رسێ به‌شه‌كه‌ی (بیندراو، بیستراو، نووسراو) ده‌گرێته‌وه‌.
بۆیه‌ گرنگه‌ و به‌ڵكو پێوویسته‌ ئێمه‌ش وه‌كو گه‌لانی جیهان تایبه‌ت به‌ میدیای وه‌رزشی (2) بۆنه‌مان هه‌بێت، یه‌كه‌م رۆژی میدیاكارانی وه‌رزشی كه‌ رۆژی 12/7/2006 ده‌كات، كاتێك كۆمه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی له‌دایكبوو، بۆنه‌ی دووه‌م رۆژی میدیای وه‌رزشی كوردییه‌، ئه‌ویش سێ مێژووم خستۆته‌ به‌ردیدی پسپۆڕان و میدیاكارانی وه‌رزشی كوردی،هه‌روه‌ها رۆژێكی جیهانی گشتگیر هه‌یه‌ به‌ناوی (رۆژی میدیاكارانی وه‌رزشی جیهانی) ئه‌مه‌ش له‌ساڵی 1994 رێكخراوی (ئیپس –AIPS) واته‌ كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی، بڕیاری لێدا،كه‌ رۆژی 2/7/1994 بووه‌و رۆژی میدیاكارانی وه‌رزشی جیهانیه‌، یاخود رۆژی رۆژنامه‌نووسانی وه‌رزشی جیهانی.
بۆیه‌ ده‌كرێ میدیاكارانی وه‌رزشی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان له‌رێگای ده‌زگاكانی راگه‌یاندن له‌ كوردستان به‌گشتی وله‌ كۆنفرانس وپانێڵ وسیمیناره‌كاندا جه‌خت بكه‌نه‌وه‌،سه‌ره‌تا به‌یاسایه‌ك له‌ په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ میدیاكارانی وه‌رزشی كوردستان ده‌ربچێت،سه‌ره‌تا داوا بكرێت كۆمه‌ڵه‌ یان رێكخراو یان هه‌رناوێك دابندرێت بۆ ئه‌وه‌ی میدیاكارانی وه‌رزشی هه‌ر چوارپارچه‌ی كوردستان له‌خۆی كۆبكاته‌وه‌ و ئینجا ئه‌و بتوانێت ماف وداواكارییه‌كانیان بۆ وه‌ربگرێت، دوای پێكهێنانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ و به‌ده‌ست هێنانی مافه‌كان، میدیاكارانی وه‌رزشی كوردستان كۆببنه‌وه‌ و هه‌ردوو بۆنه‌كه‌ دیاری بكه‌ن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی سه‌ركه‌وتووی بۆ كراو گواردیۆلاش تووڕه‌یه‌

لیرۆی سانی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی‌ مانچسته‌ر سیتی نه‌شته‌رگه‌ریه‌كی سه‌ركه‌وتووی بۆ كراو ...