سەرەکی » وەرزش » نێیمار مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر كاروانی وه‌رزشیی خۆی دروست ده‌كات

نێیمار مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر كاروانی وه‌رزشیی خۆی دروست ده‌كات

نێیمار دا سیلڤای ئه‌ستێره‌ی دیاری تۆپی پێ به‌رده‌وامه‌ له‌ گوشار دروستكردن له‌سه‌ر یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاسانكاری بۆ بكه‌ن تا بگه‌ڕێته‌وه‌ ریزی یانه‌ی‌ بارسێلۆنا، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌م پرۆسەیە‌ زۆر قورسه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ بارسێلۆنا به‌م دواییه‌ ئه‌نتوان گریزمانی فه‌ره‌نسی گواسته‌وه‌ ریزه‌كانی و پاره‌یه‌كی ئه‌وتۆی له‌به‌رده‌ست نییه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ نێیمار.
بارسێلۆنا سه‌رقاڵه‌ به‌ دۆخی دارایی خۆی، سنووری مووچه‌ له‌ یانه‌كه‌ زۆر به‌رز بۆته‌وه‌و گه‌یشتۆته‌وه‌ به‌ یانه‌ی‌ مان سیتی كه‌ زۆترین مووچه‌ به‌ یاریزانان ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی پێشێلیكردنی یاسای یاری خاوێنیان له‌سه‌ر دروست ده‌كات.
بارسێلۆنا له‌ كاتی گواستنه‌وه‌ی‌ گریزمان كێشه‌ی ئه‌وه‌ی‌ بۆ دروست بوو كه‌ نه‌یده‌توانی 120 ملیۆن یۆرۆ كۆبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاره‌ی مه‌رجی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆنده‌كه‌ بدات و له‌كاتی راگه‌یاندنی بۆنده‌كه‌ش بارتۆمیۆی سه‌رۆكی ئه‌و یانه‌یه‌ راشكاوانه‌ رایگه‌یاند

35 ملیۆن یۆرۆی قه‌رز كرده‌وه‌، رۆژنامه‌كانی نزیك له‌و یانه‌یه‌ش دوپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ کە بارسێلۆنا ته‌نها 20 ملیۆن یۆرۆی له‌به‌رده‌ستدا ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ یاریزانی پێبكڕێت.
لەبەر ئەوە گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ نێیمار بۆ بارسێلۆنا له‌ ئه‌سته‌م نزیك ده‌بێته‌وه‌ ته‌نها له‌یه‌ك دۆخدا نه‌بێت ئه‌ویش ده‌ستبه‌رداربوونه‌ له‌ تواناكانی عوسمان دیمبلی و فیلیپ كۆتینیۆ به‌رامبه‌ر به‌ پاره‌یه‌كی زۆر كه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئێستادا ئەمەش كارێكی ئاسان نابێت.
نێیمار سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هیچ هیوایه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی‌ له‌ ریزی پاریس سان جێرمان نه‌هێڵێت، ئه‌وه‌تا ئه‌و یاریزانه‌ دوای هه‌فته‌یه‌ك دواكه‌وتن له‌ په‌یوه‌ندی كردن به‌ یانه‌كه‌یه‌وه‌ هانده‌رانیشی توڕه‌ كرد كاتێك له‌ دیدارێكدا راشكاوانه‌ رایگه‌یاند خۆشترین یادگاری له‌ ژیانی وه‌رزشی ریمۆننتاداكه‌ی‌ بارسێلۆنایه‌ به‌رامبه‌ر به‌ پاریس سان جێرمان.
ئه‌م لێدوانه‌ فه‌ره‌نسیه‌كانی به‌ جۆرێك له‌ خۆی توڕه‌ كرد كه‌ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی به‌ناوبانگ هێرشی كرده‌ سه‌ری و لێدوانه‌كه‌ی‌ نێیماری به‌ سوكایه‌تی كردن به‌ مێژووی یانه‌ پاریسیه‌كه‌ له‌ قه‌ڵه‌مدا.
فرانس فوتبۆڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ ئه‌و لێدوانه‌ی‌ نێیماره‌ رۆیشتنه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پلانه‌ی‌ كه‌ خۆی دایناوه‌ تا یانه‌كه‌ی‌ ناچاربكات ده‌ستبه‌رداری بن و دوپاتیشی كردۆته‌وه‌ به‌م لێدوانه‌ ناو و ناوبانگی ئه‌ستێره‌ به‌رازیلیه‌كه‌ له‌ فه‌ره‌نسا زیانی زۆری پێده‌گات.
نێیمار بۆ ئه‌وه‌ چووه‌ پاریس سان جێرمان تا ببێته‌ روخساری خولی فه‌ره‌نسا و یانه‌ی‌ پاریس سان جێرمان، له‌ پاڵیشدا ئاستی یانه‌كه‌ به‌رز بكاته‌وه‌و خه‌ونه‌ له‌ مێژینه‌كه‌یان به‌دی بهێنن ئه‌ویش بردنه‌وه‌ی‌ جامی چامپیۆنس لیگه‌، به‌ڵام هه‌رزوو په‌یوه‌ندی ئه‌و یاریزانه‌ له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنه‌كان و هانده‌ران تێكچوو تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لیۆناردۆی هاونیشتمانیشی تێكبچێت كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌كه‌یه‌تی و به‌هۆی ئه‌وەوە‌ سه‌رزه‌نشتی نێیماری كردوه‌.
لیۆناردۆ راشكاوانه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ نابێت هیچ یاریزانێك خۆی به‌ گه‌وره‌تر له‌ یانه‌كه‌ی‌ دابنێت و پێویسته‌ ئه‌ستێره‌كان كۆنتڕۆڵی ره‌فتاره‌كانیان بكه‌ن، بەڵام نێیمار هیچ گوێی پێنه‌داوه‌و به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ رۆیشتن له‌ یانه‌كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ بیر له‌ ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ بكاته‌وه لەو یانەیە.
ئه‌و هه‌وڵدانه‌ شێتانه‌یه‌ی نێیمار ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ به‌ قورسی باجەکە‌ی‌ بدات به‌تایبه‌ت كه‌ یانه‌كه‌ی‌ به‌ جۆرێك لێی توڕه‌یه‌ ئاماده‌ نییه‌ لێی ببوورێت و تۆخیلی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ش به‌ مامه‌ڵه‌ تونده‌كه‌ی‌ ناسراوه‌و رێگه‌ نادات له‌ تیپه‌كه‌ی یاریزانێك هه‌بێت ئاره‌زوی یاریكردن نه‌كات، بۆیه‌ دۆخی نێیمار له‌ یانه‌كه‌ی‌ زۆر قورس ده‌بێت ئه‌گه‌ر واز له‌ كه‌لله‌ره‌قیه‌كه‌ی‌ نه‌هێنێت به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا یاریزانانی هاوڕێشی ئاماده‌ نین به‌رگری لێ بكه‌ن.
پاریس رێگر نییه‌ له‌ رۆیشتنی نێیمار به‌ڵام له‌م میركاتۆیه‌ زۆر قورسه‌ یانه‌یه‌ك بدۆزیته‌وه‌ زیاتر له‌ 200 ملیۆن دۆلار بدات به‌ یاریزانێك و ئەوەش بۆ سەرجەم یانەکان قورسەو جگە لەوەش به‌هۆی پێكانه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئەو یانانە سڵ لە کڕینی دەکەنەوە، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش نێیمار بارسێلۆنای كردوه‌ به‌ بژارده‌ی یه‌كه‌م و كۆتایی.
ئه‌وه‌ی‌ ئێستا رووده‌دات دوپاتی ده‌كاته‌وه‌ نێیمار هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی كرد كاتێك بارسێلۆنای به‌ره‌و فه‌ره‌نسا جێهێشت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی روویداوه‌ پێویسته‌ له‌بیر بكرێت و ئه‌و یاریزانه‌ به‌رپرسیاریه‌تی بڕیاره‌كانی هه‌ڵبگرێت و پیشه‌گه‌رانه‌ ره‌فتار بكات، ئه‌گینا ره‌نگه‌ له‌ داهاتوویه‌كی زۆر نزیكدا چیرۆكی ئاوابوونی پێشوه‌ختی خۆری نێیمار دا سیلڤا به‌رگوێمان بكه‌وێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*