سەرەکی » وەرزش » ئیگان بێرنال تۆر دۆ فرانسی برده‌وه‌

ئیگان بێرنال تۆر دۆ فرانسی برده‌وه‌

ئیگان بێرنال بووه‌ یه‌كه‌م كۆڵۆمبی له‌ مێژووی 110 ساڵه‌ی پاڵه‌وانێتی پاسكیلسواری تۆر دۆ فرانس نازناوی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بباته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی‌ له‌ قۆناغی كۆتایی پارێزگاری له‌ درێسی زه‌رد كرد.
بێرنالی 22 ساڵ بووه‌ بچوكترین پاسكیلسوار له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهان تۆر دۆ فرانس ده‌باته‌وه‌، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش نازناوی ژماره‌ 7ی له‌ دواین 8 ساڵ به‌ تیپی ئینۆس به‌خشی كه‌ پێشتر ناوی سكای بوو.
قۆناغی كۆتایی تۆر دۆ فرانس كه‌ له‌ شانزلیزیه‌ی فه‌ره‌نسا كۆتایی هات قۆناغێكی نمایشكاری بوو كه‌ پێش ئه‌م قۆناغه‌ سه‌رجه‌م ركابه‌ریه‌كان یه‌كلایی ببوونه‌وه‌و كالیپ ئیوانیش بووه‌ پاڵه‌وانی قۆناغی كۆتایی.
بێرنال به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ قۆناغێكی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ بباته‌وه‌ توانی ببێته‌ پاڵه‌وانی تۆر دۆ فرانس، بۆ ئه‌مه‌ش سوودی له‌ خراپی دۆخی كه‌ش و هه‌وا وه‌رگرت له‌ قۆناغی 19 و 20 كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ بووه‌ خاوه‌نی درێسی زه‌رد.
له‌ قۆناغی 19 كاتێك بێرنال هێرشی برد و به‌جیاوازی 2 ده‌قیقه‌ پێش ئه‌لافیلیپ كه‌وت به‌هۆی بارینی ته‌رزه‌ی زۆر و گیرانی رێگان بڕیاردرا به‌ر له‌ 38 كیلۆمه‌تر له‌ كۆتایی پێشبڕكێكه‌ كۆتایی بێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا جولیان ئه‌لافیلیپ ده‌یتوانی له‌دواین به‌رزایی ئه‌و جیاوازیه‌ كه‌مبكاته‌وه‌و پارێزگاری له‌ درێسی زه‌رد بكات.
له‌ قۆناغی 20یش كه‌ چاوه‌ڕێ ده‌كرا یه‌كێك له‌ قورسترین قۆناغه‌كان بێت هه‌مووان چاویان له‌سه‌ر ئه‌لافیلیپ بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ درێسی زه‌رد وه‌ربگرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ناله‌باری كه‌ش و هه‌وا ماوه‌ی‌ پێشبڕكێكه‌ به‌ 59 كیلۆمه‌تر كه‌مكرایه‌وه‌، ئه‌مه‌ش یارمه‌تی بێرنالی دا پارێزگاری له‌ درێسی زه‌رد بكات و ببێته‌ پاڵه‌وان.
بێرنال به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ماوه‌ی‌ پێشبڕكێكه‌ به‌ 82 سه‌عات و 57 ده‌قیقه‌ بڕی و به‌جیاوازی ده‌قیقه‌یه‌ك و 11 سانیه‌ پێش گیران تۆماسی هاوڕێی له‌ تیپی ئینیۆس كه‌وت كه‌ ساڵی رابردوو نازناوه‌كه‌ی‌ بردبۆوه‌.
پیته‌ر ساگانی سلۆڤاكیش توانی بۆ حه‌وته‌م ساڵ له‌سه‌ریه‌ك ببێته‌ خاوه‌نی درێسی سه‌وزی تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ خاڵ كه‌ توانی 316 خاڵ كۆبكاته‌وه‌و به‌جیاوازیه‌كی زۆر پێش كالیپ ئیوان بكه‌وێت كه‌ 248 خاڵی كۆكرده‌وه‌.
فه‌ره‌نسیه‌كانیش كه‌ هیوای ئه‌وه‌یان ده‌خواست نازناوه‌كه‌ ببه‌نه‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ زۆرینه‌ی‌ قۆناغه‌كان درێسی زه‌ردیان لابوو ته‌نها بوونه‌ خاوه‌نی درێسی پۆلكا دۆت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر به‌رزاییه‌كاندا ئه‌ویش له‌ رێگه‌ی‌ رۆمان باردێ.
درێسی سپی تایبه‌ت به‌ لاوانیش كه‌ بۆ ئه‌و پاسكیلسوارانه‌یه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 26 ساڵ كه‌متره‌ بۆ بێرنال بوو كه‌ توانی 2 درێس بباته‌وه‌.
له‌سه‌ر ئاستی تیپیش تیپی موڤیستار توانی پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*