سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » دان بەخۆداگرتن، یان یاریکردن بە ئاگر؟

دان بەخۆداگرتن، یان یاریکردن بە ئاگر؟

رۆژنامە عەرەبییەكان بەهەردوو بەشی ئەلیكترۆنی‌و كاغەزەوە بابەتیان لەسەر سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكانی ناوچەی كەنداو نووسیوە. بەبۆچوونی هەندێك لە نووسەران، ئێران ناترسێت‌و بۆتە هێزێكی ئیقلیمی ئەوتۆ كە لەتوانایدایە بەهەمان شێوە وەڵامی زلهێزەكان بداتەوە، هەندێكیش پێیانوایە كە ئێران یاری بەئاگر دەكات‌و بە دەست بەسەرداگرتنی كەشتییە بارهەڵگرە بەریتانییەكە، لەڕووی یاساییەوە هەڵەی كرد، هەروەها بەشێكی دیكە دەڵێن: پێشوازییكردنی عەرەبستانی سعودی لە هێزەكانی ئەمریكا، پەیامێكە بەوەی هەر رەفتارێكی دوژمنكارانە لەلایەن ئێرانەوە، ئەوا بەرەوڕووی هێزی سەربازیی دەكاتەوە.

هەڵەكانی عیراق دووبارە ناكاتەوە
عەبدولباری عەتوان سەرنووسەری رۆژنامەی ئەلیكترۆنی (رای الیوم)ی لەندەنی، ئاماژە بەوە دەكات: گەورەترین هەڵەی وڵاتانی خۆرئاوا كە شمشێری دوژمنكارانە بەڕووی ئێراندا بەرزدەكەنەوە، بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان، خراپ هەڵسەنگاندنی هێزی ئێران‌و هاوپەیمانەكانی‌و گریمانەی كاردانەوەكانیانە لە بەرامبەر سووكایەتیكردنی سیاسی‌و سەربازی.
روونیشیكردۆتەوە: پێش هەفتەیەك لە بەردەوامبوونی بەریتانیا لە دەست بەسەرداگرتنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی ئێران، سوپای پاسداران بە تەواوی رێنمایی‌و هۆشدارییەكانی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی بەجێگەیاندووە. دەشڵێت: سەركردایەتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت پەیامێكی روون بگەیەنێتەوە وڵاتانی خۆرئاوا، بەوەی بەبێ ترس تاكو كۆتایی لەگەڵیان دەڕوات. تەنانەت ئەگەر كێشەكە ببێتە جەنگێكی گشتگیریش، گرنگ ئەوەیە كە هەڵەكانی عیراق دووبارە ناكاتەوە‌و بۆ چەند ساڵێك ئابڵۆقەی ئابووری بخرێتە سەری، كە بە لەناوچوونی رژێمەكەی عیراق‌و وێرانكردنی ئەو وڵاتە كۆتاییهات.

گورز بە گورز
ئیبراهیم مەتەڕ لەڕۆژنامەی (ویفاق)ی ئێرانی كە بەزمانی عەرەبی دەردەچێت، دەڵێت: لەدوای گرفتی كەشتی Grace 1، دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی ئێرانی بەفیعلی كۆتایی دێت‌و لەگەڵ دەست بەسەرداگرتنی كەشتیی Stena Imperoی بەریتانی، هاوكێشەیەكی نوێ دەست پێدەكات، كەشتی بە كەشتی، گورز بە گورز. هەر ئەوەش نا، بەڵكو ئەگەر سەروەریمان پێشێل بكەن، دەستپێشخەر دەبین.
ئەو نووسەرە روونیكردۆتەوە: گرنگترین ئەو پەیامانەی كە تاران لەدوای دەست بەسەرداگرتنی كەشتییە بەریتانییەكە دەینێرێت، چەسپاندنی مامەڵەی كارتی (وەك خۆی) لە بەرنگاربوونەوەی واشنتۆن‌و هاوپەیمانەكانی‌و پاشان هەنگاونان بەرەو تێگەیاندنی ئەمریكییەكان بەوەی ئێران لایەنێكی بەهێزە‌و ناتوانرێت لەتەنگژەدا یاری لەگەڵ بكرێت‌و لە ئەگەری هەر بیركردنەوەیەك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر تاران، لەتوانایدایە وەڵامی توند بداتەوە.

پێكەی ئێران بەهێز دەكات
هەر لەو بارەیەوە، ئەیاد ئەبو شەقرا لە رۆژنامەی (الشرق الاوسط)ی لەندەنیدا نووسیویەتی: ئێران ناترسێت، بەپێچەوانەوە بەئاڕاستەی ئاڵۆزكردن هەنگاودەنێت كە نەیارەكانی نایانەوێت. دەشڵێت: هەر هەنگاوێكی لەو جۆرەی ئێران بەبێ وەڵامدانەوەی خۆرئاوا، پێگەی ناوخۆی دەسەڵاتدارانی تاران بەهێز‌و پتەو دەكات‌و عیزەتی نەتەوەیی بەسەر نەهامەتیی ئابووریدا زاڵ دەكات.
ئاماژە بەوەش دەكات: دژواركردنی دۆخەكە پێگەی ئێران وەكو یاریزانێكی ئیقلیمی بەهێز دەكات‌و دەیكاتە ژمارەیەكی قورس‌و لەهەر ریزبەندییەكی ئایندەدا بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتانی وەكو روسیا‌و چین دەتوانن گرەوی لەسەر بكەن.

یاری بە ئاگر دەكات
لە بەرامبەر ئەو بۆچوونەشدا، نورا مەتیری لەڕۆژنامەی (البیان)ی ئیماراتی نووسیویەتی: جەنگی كەشییە نەوتهەڵگرەكان تازە نییە‌و لەماوەی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا ئەو جەنگە روویداوە. دەشڵێت: هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان خێر‌و شەڕ، لەنێوان سەقامگیری‌و ناسەقامگیری. روونیشیكردۆتەوە: ئێران یاریی بە ئاگر دەكات‌و سەبری ئەمریكا تاقیدەكاتەوە، ئەوەی دواییان هەموو پەتی یارییەكەی بەدەستەوەیە‌و هەردووكیشیان چاوەڕێی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریكا دەكەن. دەشڵێت: سەركەوتنی ئەمریكا لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتیی دەریایی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی دەریاوانی لە تەنگەی هورمزدا‌و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ ئامادەیی هەمیشەیی‌و پرۆسەكانی سەرپەرشتیكردن‌و چاودێریی جوڵەی كەشتییەكان لە كەنداو، بەدڵنیاییەوە دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم سوپای پاسداراندا بۆ ئەنجامدانی هەر گەمەیەك.

بەریتانیا پاساوی هەیە
هەر لەو چوارچێوەیەدا، فاروق یوسف لە پێگە (میدڵ ئێست ئۆنلاین)دا نووسیویەتی: پێویست بوو لەسەر ئێران بەدوای چارەسەێكی دیكەدا بگەڕێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكەی لەگەڵ بەریتانیا، بەڵام ئەو لە شوێنێكی هەڵەدا نمایشی هێز دەكات. دەشڵێت: هەڵسوكەوتی بەریتانیا یاسایی بوو، نەوتهەڵگرە دەست بەسەركراوەكەی ئێران لە (جبل طارق) دەچوو بەرەو سوریا، ئەوەی یاسای بایكۆت رێگەی پێنادات، كە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا پەسەندیان كردووە‌و بەریتانیاش تائێستا یەكێكە لە ئەندامەكانی.
بەبۆچوونی ئەو نووسەرە: بەریتانیا پاساوی هەیە بۆ پشتیوانیكردنی هەڵوێستەكەی‌، بەڵام ئێران دەیەوێت لەڕێگەی لۆژیكی جەنگەوە تەنگژەكانی چارەسەر بكات، ئەوەش پێگەكەی لاواز دەكات‌و وا دەكات كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەڕێگەی بەكارهێنانی هێزەوە بەرژەوەندییەكانی خۆی لە كەنداو بپارێزێت. پێشیوایە كە ئەو چارەسەرە، گرانە‌و مەترسیدارە.

هێشتنەوەی گوشارەكان
یەكێكی دیكە لەو نووسەرانە، (جەمیل زیابی)یە، كە لە رۆژنامەی عوكازی سعودیدا نووسیویەتی: ئامانجی رەزامەندیی سعودیە بە پێشوازیكردن لەهێزەكانی ئەمریكا، بەرزكردنەوەی كاری هاوبەشە لە بەرگریكردن لە ئارامیی‌و سەقامگیریی ناوچەكە، بەئامانجی هێشتنەوەی گوشارەكان لەسەر ئێران‌و رێگریكردن لە ئاڵۆزتركردنی ناوچەكە. دەشڵێت: بوونی هێزەكانی ئەمریكا، ناردنی پەیامێكی زۆر توندە بۆ تاران، بەوەی هەر هەوڵێك بۆ قۆستنەوەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە، رووبەڕووی هێزی سەربازیی پێویستی دەكاتەوە.

سەرچاوە: سایتی BBC

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرژەوەندییەكان لە گەروی هورمز وڵاتان كۆدەكاتەوە

دوای پەلاماردانی كەشتییەكی نەوتهەڵگری سعودیە ‌و كەشتییەكی بارهەڵگری ئیماراتی ‌و ...